حەمەئازاد بەرزنجی: سروشت جوانە بە مرۆڤەوە، کوردستانیش بە کوڕان و کچانیەوە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

بەهۆی ئەم ڤایرۆسی کۆرۆنایەوە، لە ماڵەوە قۆرەنتێن و قەتیس بوین، و ڕێنماییە تەندروستیەکان و فەرمان لەسەر فەرمانمان بۆ دەردەچێت. بۆ زیاترکڕبون و لەماڵەوە مانەوەو مەڵاسدان و نەهاتنەدەرەوە و هاتوچۆ نەکردن وجوڵە نەکردن. زیاتر ئەم توندکردنەوەی قەدەغەکردنی هاتوچۆیەی ئەم دواییەی هەرێمی کوردستانیش، کە بۆ زیاتر پاراستنی ژیانمانە لە مەرگی موفاجاتی خۆمان و کەسوکارمان، زیاتر تاک و شاری لە یەک کرد. پێویستیشە هەمومان پابەند بین پێوەی.
بەڵام ئەوی بەچاوی خۆمان و نزیک لەماڵەکانمان و ئەوی لە میدیاکانەوە دەیانبینین وێنە و هەستێکی ترسناکی ناو شارەکانن . شار خامۆشە، کش و ماتە، شار شاری تارمایی و دێوەزمەکانە، شار بەتەنها هەرخۆی لە شەقامەکاندا خۆی نمایش دەکات، شار هەر خۆی و هەر بەتاقی تەنیا جادەو کۆڵانەکان تەی دەکات. بێ ترپەیە، بێ سرپەیە، پەڕ و پوش و پەپولەیش، بنیشنەوە گوێت لە دەنگی پێیان هەیە. گوێت لە دەنگی شەقەی باڵی پەروانەیە. سروشت لەم بەهارەدا وەک بوکێکی بێ ئاگا جوانتر لەجاران خۆی ڕازاندۆتەوە، بۆزاوایەکی قۆرەنتینکراو، بۆ کوردێکی لە چوارچێوەی چوار دیوارا ئاخنراو. سروشت دڵگیرە، ناو شار دڵگیرتر، دەرو دەشت و شاخ و کێوان و لێرەوار زۆر ڕەنگینتر، مەل و باڵندەو بولبولان بەخومار تر، کانی و قەڵبەز، تاڤگەی بەرز، زۆر بەهاژەو زیاد بەخوڕ تر. ( گۆران ) وتەنی، لە ئاسمانەوە هەزران ئەستێرە دەبینین و بۆمان دەجریوێن، چ دیمەنێکە لە ناو باخچەکانی بەهار و ئەمساڵ پڕگوڵترن وچاوەڕێمانن بچین بۆ چنینیان، شەونمی بەیانیان، لەسەر گەڵای درەختان چەند جوانن کە بەڕوماندا دەپژێن. ئەی لە جوانی شەبەنگی بەرە بەیان وزەردەی دەم کەلی ئیواران . ئەی جوانی پەلکەزێڕینەی دوای شەستە بارانی بەهاران، ئەمانە و ئەوانی دی و چەندان و چەندان دیمەنی ناسک و نیانتر. بەڵام ئەم جوانیانەی سروشت وئەم تەبیعەتە، هەرگیزاو هەرگیز هیچ نرخێکی نییە، هیچ جوانیەک، ڕوناکییەکی تیا نیە، بێ بونی بزەی ئازیزێ، بێ خەندەی مرۆڤێ. ئەگەر جوانی سروشت، مرۆڤ نەیبینێ و لە هزریدا وێنای نەکات و نەی ئاخنێ و دوایی دەرینەبڕێتەوە و بە خامە نەیپرژێنێتە سەر ڕوپەڕی ، پەڕاوان، چ شتێکی دی، یان کێی دی هەیە هەست بەجوانییەکان بکات و بۆمان وەسف بکات. هەرچەندە دەوترێ تێکدەری یەکەمی سروشت هەر مرۆڤە. بەڵام هەر لە چاوی مرۆڤەوە هەست بەجوانیەکان دەکرێ و دەردەبڕرێت. ڕاستە هەزاران هەزار ڕوەک و گیاندارانی دیکە هەن بەڵام تائێستا کوا باسێکی جوانی سروشتمان لە یەکێکی دیەوە بیست. ئەم جارە سروشت خۆی سەلماندی بێ بونی مرۆڤ سروشت، بونی نییە ، زۆر کپە، بێ هەستە ، بێ دەنگە. تەنانەت بێ بونی مرۆڤ ، کەس نیە باسێکی جوانی و خۆشیەکانی بەهەشتی خوایشمان بکات.
دەشت و دەر جوان، شار لەوان جوانتر، بەڵام بێ سرپەی دڵێ، سروەی هەناسەی، شارنشینێ، گوندنشێنێ، کوردی پەرانگەندەێێ، ئاوارەێ، سروشت بە جەستەیەکی بێ ڕۆح دەبینرێ. ئەم شاری کوردانە، ئەم مەڵبەندی ڕۆشنبیری وتێکۆشان وهونەریی کوردستانە، هەڵمەتەکەی جارانی نەماوەو شاری بێ جوڵەو خامۆشستانە، شاری دێوەزمان و تارماییستانە، کوردستان بە جوڵەی کوردانیەوە جوانە، گەر جوڵەی تاکێکی ئەمی تیانەبێ دێوەستان و تاریکستانە. شارەکەشم سلێمانی بە ژن و پیاوو بەکوڕ و کچیەوە جوانە . گەر شار بێ پیادە بێ جارێکی تر کوا ( عەلی عارف ئاغایەکی ) تر لە کوێ ژنێ نەک پیاوێ ببینێ و بەکێ بڵێ : (گوڵ و خونچەی بەهارانیش لە تۆ نەشمیلەتر نابێ **** نەمامی عەرعەری کۆرپەیش لە تۆ خنجیلەتر نابێ ،،،، درۆیە تۆ لە ئینسان بی ئەمە عەقڵم قبوڵ ناکا * پەریش حەدی نییە وابێ ئەبەد حۆریش بەتۆ نابێ ). بەڵام لەگەڵ ئەمانەشدا لەماڵ بمێننەوە بۆ ئەوەی جارێکی دی بە دیداری یەکدی شاد ببینەوە .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت