نەوزادى موهەندیس: ململانێکانى ئەمریکا و چین جیهان بەرەو کوێ دەبەن؟

کلیک بکەرە سەر وێنەی نوسەر دەگەیت بە ئەرشیڤەکەی

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ڕێک 100 ساڵ لەمەوبەر و لەساڵى 1920 و لەمیانەى کۆنگرەى ئاشتى پاریسى دواى کۆتایى هاتنى جەنگى جیهانى یەکەم بەسەرکەوتنى هاوپەیمانان لە بەریتانیاى مەزن و فەڕەنسا و ئیتالیا و ئەمریکا و هەندێک وڵاتى تر و دۆڕاندنى ئەڵمانیا و ئیمپراتۆریەتى عوسمانى و نەمسا و مەجەڕ و… هتد. ئا لەو کات و ساتەدا بەهێواشى هێزى ئەمریکا لەڕێگەى سەرۆک و لسنەوە ئامادەى کۆنگرەکە بوو بەبێ ئەوەى ڕۆڵێکى گەورەى هەبوبێت لە جەنگەکەدا و لەڕێگەى بەیاننامە 14 خاڵیەکەیەوە، کە باسى لە چارەنوسى گەلان دەکرد و دەستپێشخەرى و ڕاوبۆچونەکانیەوە لەناو کۆنگرەکەدا، هەموان هەستیان بەهێز و تواناى داهاتووى ئەمریکا کرد و بەوپەڕى ویستى خۆیان هێواش هێواش جێگە و مەقامى ڕابەرایەتى دونیاییان بۆ چۆڵکرد بەتایبەتى لەلایەن هەردوو وڵاتى باڵادەست و سەرکەوتووى جەنگەکەوە کە بریتیبوون لە بەریتانیا و فەڕەنسا کە بۆماوەى زیاتر لە 150 ساڵ بوو بەتایبەتى بەریتانیاى مەزن تاکە زلهێز و تاکە وڵاتى گەورە و باڵادەستى ئەو سەردەمە بوو.
ئەمریکا دواى جەنگە کە و دواتریش لەماوەى نێوان هەردوو جەنگى جیهانى یەکەم و دووەمدا بەتەواوەتى هێز و توانا سیاسى و ئابورى و سەربازیەکانى خۆى پیشان هەمواندا و ئەوەبوو لەجەنگى دووەمدا ڕۆڵى بەرچاوى گێڕا و دواتریش بوە سەرقافڵە و پێشەنگ و ڕابەرى دونیا و بلۆکى سەرمایەدارى و لە ڕێگەى پڕۆژەى مارشاڵەوە کەوتە ئاوەدانکردنەوەى هەموو ئەوروپاى وێرانبووى دواى جەنگەکە بە پێشکەشکردنى بڕى 50 ملیۆن دۆلارى ئەوکاتە و دواتریش پێکەوەنانى هاوپەیمانى ناتۆ بەسەرۆکایەتى خۆى کە تاکو ئێستاو ماوەى 70 ساڵە بەردەوامە و بەو هێز و سەرکردایەتیەوە لەوپەڕى ڕۆژئاواى دونیاوە توانى هەژموونى خۆى بەسەر هەموو دونیادا بسەپێنێت و بکەوێتە بەربەرکانیەکى توندیش لەگەڵ بلۆکى سۆسیالیستى و یەکێتى سۆڤیەتى جاران کە ڕابەرایەتى دونیاى ئیشتراکیەتى دەکرد و توانى لەو جەنگەشەدا لەماوەى 40ساڵدا سەرکەوتنى گەورە وەدەستبێنێت و لەساڵى 1991دا یەکێتى سۆڤیەتى هەڵوەشاندەوە و بلۆکى سۆسیالیستى تێکوپێکدا و خۆى بوە تاک جەمسەر و تاکە بڕیار بەدەستى هەموو دونیا و نەزمێکى نوێى جیهانى هێنایە ئاراوە و پلانى بەجیهانبوونى دونیاشى پێشکش هەموان کرد. ئیدى دونیاى لە دوو جەمسەریەوە کردە یەک جەمسەرى و لەماوەى 29 ساڵى ڕابووردودا ئەمریکا خاوەن هێز و نفوز و دەسەڵاتى یەکلاکەرەوە بوە لەهەموو دونیادا و لەئێستاشدا کە 100 ساڵى تەواو بەسەر ئەو مێژوەدا تێپەڕ دەبێت، خەریکە ئەمریکا ئەو هێز و پێزەى پێشووى نامێنێت و وەکو سروشتى گۆڕانکاریەکان هێواش هێواش ڕووبەڕووى ڕکابەرێکى بەهێزى سیاسى و ئابورى و ئەمنى و تەکنەلۆژى نوێ دەبێتەوە کە بریتیە لە وڵاتى (چین) کە جارێکى تریش ڕێکەوت خۆى دووپات دەکاتەوە و ڕەنگە ئەو هێزە سۆسیالیستەى پێش 29 ساڵ لەلایەن ئەمریکاوە بنکۆڵکراو لێکهەڵوەشێنرایەوە، جارێکى تر لە بەرگ و ڕەنگ و توانا و هێزێکى ترى گەورەتردا بێتەوە بەرامبەر هەژموونى ئەمریکاى سەرمایەدارى و ئیدى ململانێ مێژووییەکە جارێکى تر دەستپێبکاتەوە بەڵام بە هێزێکى گەورەترەوە. هەرچەندە ململانێى چین لەگەڵ ئەمریکادا دەگەڕێتەوە بۆ کۆتاییەکانى سەدەى بیستەم.و هەر لەو کاتەوە بەدیاریکراویش لە هەشتاکانى سەدەى ڕابووردوەوە ئەمریکا هەستى کردوە بەوەى کە ڕووبەڕووى ئەو هێزە تازە پێگەیشتوەى چین دەبێتەوە و لەمیانى ( کۆڕێکدا) کە چوار ڕۆژى خایاندوە بەناونیشانى( ئەمریکا لەساڵى 2020 لە کوێدایە ) پلان و بەرنامە و ڕاوبۆچونى شارەزایانى وەرگرتوە و وەک درککردنێک بەو مەترسیە هاتوەى لە پێشیدایە.

لێرەدا پرسیار ئەوەیە ،ئەرێ ململانێى ئەمریکا و چین لەسەر چیە ؟ و بۆچیە؟
ئاشکرایە ئەمریکا تاکو ئێستاو ڕەنگە بۆ 30 ساڵى تریش باڵادەستى یەکەم و تاکە زلهێزى خاوەن بڕیار بێت لەدونیادا لەڕووى سیاسى و ئابورى و ئەمنى و تەکنەلۆژیاشەوە، بەڵام هەر لەو 30 ساڵەى ئایندەدا لەبەرامبەردا هێزى سیاسى و ئابورى و ئەمنى و تەکنەلۆژیاى چینیش گەشە و پێشکەوتنى گەورە وەدەستدێنێت و دەبێتە ڕکابەرى سەرەکى ئەمریکا لەهەموو دونیادا و جارێکى تریش جەنگێک گەر گەرمیش نەبێت وەکو جەنگە گەرمەکانى یەکەم و دووەمى سەدەى بیستەم بەڵام زۆر ساردیش نابێت وەکو جەنگە ساردەکەى نیوەى دووەمى سەدەى بیست. بۆیە ئەم جەنگە جەنگێکى تەقلیدى نابێت کە هەریەکەیان هەوڵى داگیرکردنى وڵاتى ئەویتر بدات یان سنورەکانى ببەزێنێت بە هێزى سەربازى، بەڵکو جەنگەکە لەسەر گرتنە دەستى دەسەڵات و پێگەى ڕابەرایتیکردنى دونیایە لەلایەن چینەوە و بەرگرى و مقاوەمەتى سەرسەختانەى ئەمریکاشە بۆ مانەوەى لە پێگەى ڕابەرایەتیکردنى دونیادا. جا ئەم ململانێیە لەسەر هەموو ئاستە کانى سیاسى و ئابورى و بازرگانى و گومرکى و سەربازى و تەکنەلۆژیا دەگرێتەوە، چونکە ئایندە بۆ ئەو هێز و وڵاتەیە کە هێزى گەورەى ئابورى و تەکنەلۆژیاى هەبێت، بۆیە ئەمریکا لەم ساڵەوە((2020)) کە ناونراوە ساڵى یەکلاکەرەوە خۆى ئامادەکردوە کە بەجدى ڕووبەڕووى چین و هەژموونى لەدونیادا بوەستێتەوە و پێى قبوڵناکرێت کە پێگەى ڕابەرایەتى دونیا هەروا بە ئاسانى بۆ چین چۆڵ بکات.
ململانێکانى ئەمریکا و چین هەموو ئاستەکانى ژیان دەگرێتەوە و بە ئاشکراش لەم چەند ساڵەى ڕابووردوودا لەڕووى بازاڕ و بازرگانى و تەعریفەى گومرگى و تەکنەلۆژیا نوێ و زیرەکەکانەوە و گەمەى نرخەکانى نەوت ڕووبەڕووى یەکتر بونەوە و بە ملیارەها دۆلار زیانیان بەیەک گەیاند . ئەمریکا وەک سروشتى خۆى زۆر جاران پەنا دەباتە بەر هێزى سەربازى و هەڕەشە و تۆقاندن، بەڵام چینیەکانیش وەک سروشتى خۆیان بەبێ دەنگى و بەبێ هاشوهوشى ڕاگەیاندن لەڕێگەى پەرەپێدانى پیشەسازى و کەلتورى خۆیان بۆ هەموو دونیا و بەنرخێکى هەرزان و بە کوالێتیەکى تاڕادەیەک باش کە دەست هەموان بکەوێت کەوتۆتە دژایەتى ئەمریکا و خەریکە بازاڕەکانى دونیا بۆخۆى قۆرخ دەکات. لەئێستادا بڵاوبونەوەى کۆڕۆناش هەموو ئەو ململانێیانەى توند و خێراتر کرد و سەرکەوتن و باڵادەستى چینیەکانى سەلماند و دەستەوستانى ئەمریکاشى پیشانى هەمواو دونیادا.
لەکۆتاییدا ئەم ململانێیەى ئەمریکا و چین هەردەبێت بەدانیشتن و گفتوگۆ تەواو ببێت کە هەرچەندە سەختە بگەنە ڕێکەوتنى کۆنکرێتى، بەڵام بەدڵنیایى دەبێتە سەرەتایەک بۆ پاشەکشەى ئەمریکا و سەپاندنى هەژموونى چین لەدونیادا ئەگەر تەنها لەنێوان خۆشیاندا نەبێت ئەوا ڕەنگە چەند جەمسەرێکى بەهێزى تریش دەردەکەون لە دونیادا وەکو ڕوسیا و ئەڵمانیا و بەڕازیل لە ئەمریکاى لاتیندا. هەربۆیە دونیاى دواى کۆرۆنا و ئەم قۆناغە دونیایەکى پڕ ململانێى توند و درێژ دەبێت،هەروەکو دۆناڵد ترامپ دەڵێت (ئایندە سەختترە) و لەبەرامبەریشدا سەرۆکى چین دەڵێت ( دونیاى دواى کۆرۆنا جیاواز دەبێت ). بۆیە لەدونیاى ئێستادا سەرکردایەتیەکى تەواو نیە بەڵکو دەوترێت دونیاى ئێستا بێ سەرکردەیە، هەربۆیە ململانێکانى ئەمریکا و چین لە ئایندەدا توندتر دەبن لەسەر پێگەى سەرکردایەتیکردنى دونیا و نفوز و دەسەڵات و هەژموونیان بەسەر دونیادا.
جا کوردیش بیەوێت یان نا لەچەقى ناوچەى ململانێکاندایە لەڕۆژهەڵاتى ناوەڕاستدا و گەرەکە بەووردى هاوکێشەى هێز و گۆڕانکاریەکان بخوێنێتەوە و بەرژەوەندیەکانى خۆى لەگەڵیاندا بگونجێنێت لەپێناو دەستەبەرکردنى مافەکانى لە ئایندەدا. بزانێت کام لاى ململانێکە هەڵدەبژێرێت لەسەر بنەماى هەڵسەنگاندنێکى وورد و زانستى نەک سۆز و فریودان بەبەڵێنە درۆکانى سەدان ساڵەى ڕابووردوو.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت