شنە بەرزنجی: ئازارەکانی کۆرۆنا.

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

سەرەتا بۆ ڕێگری لە تەشەنەسەندنی کۆرۆنا پارێزگای سلێمانی پشوی دەوامی خوێندنگاکانی ڕاگرت، حکومەتی هەرێم پێی باش نەبو. بەڵام دواجار قبوڵیکرد و لەناچارشدا هەولێر و دهۆکیش پەیڕەویانکرد. بەشێک لە لێدوانە دژ بەیەکەکانی وەزارەتی تەندروستی و بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی سلێمانی لەسەر دەرخستنی پێچەوانەی ژمارەی توشبون بە کۆرۆنا، هەروەها دەزگای تەندروستی پێشمەرگە نەخۆشخانەی (ئاسا)ی تایبەت بە نەخۆشی کۆرۆنای بەهاوکاری ژمارەیەک دەوڵەمەند دروستکرد. دیسان حکومەتی هەرێم لەلایەک و بەڕێوەبەری تەندروستی سلێمانی لەلایەکیتر پێیان باش نەبو. ئازاری ئەم بەریەککەوتنانە لەسەر دۆخی دەرونی خەڵک زۆر لەمەترسی کۆرۆنا مەترسیدارتربو، ئەمە جگە لە بەشێک لە پەیجەوانەکانی ئەملاولا دژی یەکتر قسەیان لەسەر بابەتەکە دەکرد و سلێمانی و بەتایبەت دەربەندیخانیان بە زۆنی مەترسیدار وەسفدەکرد!.
لە تابلۆ گشتیەکەشدا ئازارەکە قورستردەبێت و لەدوای چەند جارێک درێژکردنەوەی قەدەغەی هاتوچۆ. حکومەت بەبێ گوێدانە باری دەرونی خەڵک، تەنها ماوەکە درێژدەکاتەوە، بەبێ لەبەرچاوگرتنی دۆخی ژیانی خەڵک، بەتایبەت ئەوانەی پاروی نانەکەیان لەسەر کاری ڕۆژانەیە ئاوڕی جدیان لێناداتەوە و پرسەکەیان داوەتە دەست چەند خێرخواز و ڕێکخراوێک. بەجۆرێکیتر حکومەت بەزانابون بەرپرسیارێتی ژیانی خەڵکی لەسەرخۆی لاداوە لەکاتێکدا نەوت دەفرۆشێت و هاوکاری لە ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی و ڕێکخراوە بەخشەرەکان و حکومەتی عیراقیش وەردەگرێت،، دەبو لانیکەم ئاوڕی لە هەژارەکان بدایەتەوە و بۆ دوومانگ موچە و بژێوی بۆ دابین بکردنایە بەڵام هیچمان نەبینی.
لوتکەی ناعەدالەتیەکەش ئەوەیە ھێشتا لێدوانی زلھێزەکان لەسەر ئەم ڤایرۆسە تەمومژاویە و گومان لە بازرگانیکردن بە کۆرۆنا و یەکلاکردنەوەی ململانێی زلھێزەکانە، ئاخۆ ئەم ھەرێمە خێر لە خۆ نەدیوە وەك چۆن کاتی خۆی سودمەندانی کۆلێرا بەشێك لە زیندان و بەشێکیش بە گوماناوی مایەوە لە کاتێکدا پەتایەکی ناوچەیی و ماوەیەکی کورتە، لەم نێوەندەدا دەبێت پشکی ھەرێم لەم بازرگانی کردنە بە کۆرۆنا بەرکێ بکەوێت و کێ سودمەند دەبێت؟، دڵنیام ڕۆژێک دێت ماسکی بەشێک لە پاڵەوان و جەنگاوەرانی ئەم گۆرەپانە ئاشکرا دەبێت، بە ئەزمونکردنمان لەگەڵ ئەم دەسەڵاتە ڕەنگە ئەم جۆرەکارانەیان بەلاوە ئاسایی بێت کە لەسەرەوە باسمانکردوە.
کەواتە ئێمەی کورد وەک دەڵێن (هەر خوا بۆخۆی لە زۆر شت دەمان پارێزێت)، گەرنا حزب و حکومەتی ئێمە بۆخۆیان سود لەهەموو بابەتێک وەردەگرن بۆ زیاتر پڕکردنی قاسەکانیان و میللەتیش ئاودەیبات یا ئاگر دەیسوتێنێت مێشێک میوانیان نیە!!، لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا گەر نیەتی حکومەت لە قەدەغەی هاتوچۆ سەد لەسەد بۆ خۆپارێزی لە کۆرۆنابێت بەڵام بە دابینکردنی تێرکردنی سکی هەژارەکانەوە ئەوا دەستخۆشیان لێدەکەم، ئەما حکومەت بەو بێ دەربەستیە دەبینم و لەولاش گوێبیستی بازرگانیکردن بە کەیسی کۆرۆناوە دەبم لەلایەن بەشێک لە بەرپرسانەوە ئەمە ئازارەکە سەختتردەکات بەجۆرێک تا کۆتایی تەمەن لە دەرونمدا وەک برینێکی ساڕێژنەبو دەمێنێتەوە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت