رەزا شوان: لێبووردنەکەی ئەردۆگان تەنیا دزەکان و مافیاکان دەگرێتەوە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

لە رۆژی دوو شەممە 13- ئەپریل- 2020 دوای تاوتوێکردن و مشومڕێکی زۆر لە نێوان ئەندام پەرلەمانەکانی پارتەکەی ئەردۆگان، پارتی ناداد و ناگەشەپێدان و پارتی بزووتنەوەی نەتەوپەرستی هاوپەیمانی، لەگەڵ پارتە ئۆپۆزسیۆنەکان، کە لە ئەندامانی پارتی دیموکراتی گەلان (هە دە پە) و لە ئەندامانی پارتی گەلی کۆماری (جە هە پە) لە دانیشتنی پەڕلەمانی تورکیادا، دەربارەی ئەو پرۆژە لێبووردنە گشتییە لە بەندکراوەکان، بە هۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە بەندیخانەکانی تورکیادا، ئەو پرۆژەیەش لە لایەن پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی رەگەزپەرستەوە پێشنیار کرابوو، سەرجەم پارتە ئۆپۆزسیوەنەکان ویستیان هەندێ لە بڕگەکانی ئەم لێبووردنە گشتییە دەستکاری بکرێت و بیگۆڕن، تا بێ جیاوازی هەموو بەندکراوە سیاسییەکان و خاوەن بیروڕا جیاوازەکان و هەموو رۆژنامەنووسەکانیش بگرێتەوە.. بەڵام لەم هەوڵەیاندا سەرنەکەوتن، چونکە پارتەکەی ئەردۆگان و پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی، زۆرترین کورسییان لە پەرلەماندا هەیە.. بۆیە بەبێ گوێدان بە رەخنە و بە پێشنیار و داواکانی پارتە ئۆپۆزسیۆنەکان.. بە زۆربەی دەنگەکانی ئەندامانی پەرلەمان 279 دەنگ بە بەڵێ، بەرانبەر بە 59 دەنگ بە نەخیر، بریار لەو پرۆژەیە لێبووردنە گشتییە درا و بوو بە یاسایەک.. ئەم یاسایەش لە رۆژی چوار شەممەوە 15- 4- 2020 چووە بواری جێبەجێ کردنەوە.
ئەم یاسا لێبووردنە گشتییەی تورکیا لە بەشێک لە بەندکراوەکان، رەخنە و ناڕەزاییەکی زۆری لێکەوتەوە، لە ئاستی ناوخۆی تورکیا و لە لایەن رێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی، وەکو: رێکخراوی لێبووردنی نێودەوڵەتی، رێکخراوی چاودێـری مافەکانی مـرۆڤی جیهانی (هیومان رایتش وۆچ) و گەلی لایەن و میدیای ئازاد و ئازیدخوازانەوە. چونکە ئەم یاسا لێبووردنەی تورکیای زیندانستان.. بەنداکراوە سیاسییەکان و خاوەن بیروڕای جـیاواز و ئازادیخوازان و رۆژنامەنووسان و مافپەروەران و نووسەران و پارێزەران و هونەرمەندان و مامۆستایان و قوتابیان و ئاکادیمییەکان و چالاکوانانی مافەکانی ژنان و منداڵان و مرۆڤ ناگرێتەوە.. ئەو کەسانەش ناگرێتەوە کە رۆژی لە رۆژان ئەو کفرەیان کردووە و بە حەزرەتی سوڵتان ئەردۆگانیان وتوون، پێت خوار داناوە، یا کـل بە بەری چاوتەوەیە، یا هەڵهەڵە و چاپڵەیان بۆ فیشاڵ و درۆ و دەلەسەکانی لێنەداون و شاباشیان نەکردوون.. بەندکراوە پیر و پەکەوتووەکانەش ناگرێتەوە، کە لە زیندانە پیس و تاریک و سامناکەکانی تورکیادا، تووشی نەخۆشی جەستەیی و دەروونی بوونە و پێویستیان بە بەزەیی و چارەسەرکردن و ئازادکردن هەیە.
یاسا لێبووردنەکەی ئەردۆگان، تەنیا بەندکراوە دزەکان و باندە مافیاکان و پیاوکوژان و قـوڵبڕان و قاچاغچییەکانی ماددە هۆشبەرەکان و هەموو ئەو بێڕەوشتانەش دەگرێتەوە کە دەسترێژی سێکسیان بۆ سەر کچان و ژنان و منداڵان کردوون، کە لە پارتی ناداد و ناگەشەپێدانی دەسەڵاتەوە نزیکن.
بێگومان چاوەڕوانی ئەوە دەکرا، کە ئەم لێبووردنە گشتییە لە بەندکراوان، بەندکراوانی کورد نەگرێتەوە، چونکە پرۆژەیەک لە لایەن پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی رەگەزپەست و رق رەشەوە پێشنیار کرابێت، کە تا سەر ئێسقان رقیان لە نەتەوەی کوردە، یاسایەک لە لایەن ئەردۆگانی دیکتاتۆرەوە واژۆ بکرێت، کە تا ناقڕگەی بە خوێنی بێتاوانای گەلی کوردمان سوورە.. دەبێت چاوەڕوانی ئەوەیان لێبکرایە کە لە کوردی بێتاوان ببوورن؟
لە یاسا لێبووردنەکەی ئەردۆگاندا، ئەوەی تێدایە کە ئەم یاسایە تیرۆریستان ناگرێتەوە. گەر ئەمە راستە و دادپەروەری و یاسا لە تورکیادا هەن و سەروەرن.. پێویستە لەسەر خودی ئەردۆگانی دیکتاتۆری ستەمکار جێبەجێ بکرێت. چونکە ئەردۆگان تاوانبارترین و خوێنڕێژترین و رەگەزپەرسترین و سیکۆپاترین و تیرۆریسترین کەسە لە جیهانـدا.. رەشەکوژی و کۆمەڵکوژیەکی زۆری لە گەلی کوردی بێتاوانمان کردووە و دەکات.
لە فەرهەنگی رەگەزپەرستی ئەردۆگاندا، هەموو کورێک تیرۆریستە، بەڵکو کوربوون بەلایەوە تاوانە.. بەلامەوە هەروەکوو چیرۆکی (گورگ و بەرخۆلە) کە وایە.. دڵنیام کە هەمووتان لە قوتابخانەدا ئەم چیرۆکەتان خوێندۆتەوە، یا داپیرە بۆی گێڕاونەتەوە، کە گورگێ بیانوو بە بەرخۆلەیەک دەگرێت، بەوە تاوانباری دەکات گوایە ئاوی جۆگەلەکەی لێ لێخن کردووە، بەرخۆلەکەش پێی دەڵێت: تۆ لە سەرووی منەوە ئاو دەخۆیتەوە، ئاوەکە لای تۆوە بۆ لای من دێت.. بە کورتی گورگەکە چەندین بیانوو و درۆودەلەسەی تر بۆ بەرخۆلە بێتاوانەکە هەڵدەبەستێت.. گورگەکە لە دواییـدا بە بەرخۆلەکەی وت: “پێویست ناکات باسی بێتاوانی خۆتم بۆ بکەیت.. ئێوە هەر لە بنەڕەتەوە تاوانبارن و دۆژمنی گورگن، بۆیە دەبێ بتخۆم.. کوردیش دەڵێ ” کە زۆر هـات.. قەواڵە بە تـاڵە.
وتەیەکی روسیشم بیردێتەوە، کە دەگەڕێتەوە بۆ سەردمی حوکمڕانی قەیسرییەکان لە روسیادا. دەربارەی ستەمکاری دەسەڵاتدار و گرتنی بێتاوانانە، دەڵێت:”ئێوە بیانگرن.. ئێمەش توومەتیان بۆ هەڵدەبەستین و تاونباریان دەکەین” ئەم قسەیە بە تەواوی پڕ بە پێستی رژێمی فاشستی تورکیایە، کە بە هەزاران کوردی بێتاوانیان گـرتوون و بە بیانوو و توومەت و بوختانی هەڵبەستراوی بێ بنەما و بێ بەڵگە و دوور لە راستییەو، بە تاوانی (جوداخوازی) و (ناپاکی گەورە) و (لایەنگـری پەکەکە) بە تیرۆریست تاوانبار کراون و بە ناڕەوا و نادادپەروەری و (یاسای دارستان) سزای زینـدانی تا هەتایەیان بە سەریاندا سەپاندوون.. یا لەژێر لێدان و ئەشکەنجەداندا، یا ژەهـریان بۆ کردوونەتە ناو خواردنەکانیانەوە، شەهیدیانیان کردوون. بەندکراوی واشمان هەن، زیاتر لە سێ ساڵە بەندکراون، تا ئێستا دادگایی نەکراون.. نازانن بۆ بەندکـران و بۆ لێیان ناپرسنەوە؟! هیچ لە خۆیان شک نابەن و هیچ تاوانێکیان نەکردووە.. تەنیا ئەوە نەبێت کە کوردن.
لە ئەمڕۆدا زیاتر لە 300 هەزار بەندکراوی سیاسی و خاوەن بیروڕا و ئایدۆلۆژیای جیاواز و ئازادیخواز و قەڵەمی بوێر و دلێر، لە بەندیخانەکانی تورکیای زیندانستان دان، هەریەکەیان بە تاوانێک تاوانبار کراون.. بە ناڕەوا و نادادپەروەرانەش سزادراون.
بۆیە رەوایی و دادپەروەری لەم یاسا لێبووردنە تازەیەی تورکیادا نییە.. راست نییە کە لێبووردنێکی گشتی بێێت، بەڵکو لێبووردنێکی تایبەتییە، بۆ دزەکان و بۆ پیاوکوژان و ژنکوژان و بۆ باندەکانی مافیای نزیک لە رژێـم.. بۆ بێڕەوشتانی دەسترێژکەر بۆ سەر ئافرەتان و منداڵان. یاسایەکە بۆنی بۆگەنی رەگەزپەرستی و جیاوازی نەتەوەیی لێدێت.
ئەم یاسا بە ناوە لێبووردنە گشتییەی ئەردۆگان، بە پێچەوانەی هەمـوو یاسا و رێـسا لێبووردنەکانی دەوڵەتانی ترەوەیە تەنانەت پێچەوانەی دەوڵەتە دیکتاتۆرییەکانیشەوەیە. لە وڵاتاندا کە لێبووردنی گشتی بۆ بەندکراوان دەربکەن، بە تایبەتی لێبووردنەکانیان لە پێش هەموویانەوە، ئازادکردنی بەندکراوە سیاسییەکان دەگرێتەوە.. لێبووردنەکانیان دز و مافیاکان و پیاوکوژان و ژنکوژان ناگرێتەوە.
بێگومان لێبووردنەکەی ئەردۆگان لێبووردنێکی مەبەست سیاسییە، نەک مرۆڤـایەتی و ویـژدانییە. هەرگیز ئەردۆگان، بڕیارێک دەرناکات و هیچ یاسایەکیش واژۆ ناکات، گەر مەبەست و بەرژەوەندییەکی تایبەتی خۆی لە پشتیانەوە نەبێت.. لە ئێستاوە دەیەوێت خۆی بۆ هەڵبژاردنەکانی داهاتوو تورکیا ئامادە بکات.. تا ببێت بە سەرۆکی خۆسەپێنی تا هەتایە و دەسەڵاتەکانی قایمتر بکات و پایە و پۆستە باڵاکانی دەوڵەت و حکومەتی تورکیا قورخ بکات، بۆ بنەمەڵەکەی و بۆ ئەو تەشیرێس و پێڵاودانەرانەی، کە لە خۆی و لە دەسەڵاتەکەیەوە نزیک کردوونەتەوە.. دەیەوێت بە دەستێکی ئاسنین زیاتر و زیاتر دەمکوت و سەرکوتی ئازادیخوازان و مافـزەوتکراوان و هـێزە ئۆپۆزسیۆنەکانی تورکیا بکات.. رەنگە ئەوەش نەزانێت، کە چارەنووسی هەموو دیکتاتۆر و ستەمکارەکان بە مەرگی رەش و بە رسوایی گۆڕبەگۆڕکراون و کۆتاییان هاتووە و کۆتاییان دێت.
لە ئەمڕۆدا، لە سایەی دەسەڵاتی ئەردۆگانی لەخۆبایی و بڕیارە تاکڕەوییەکانی بە هـۆی شکستییەکانی لە سیاسەتی ناوەوەی تورکیا و لە دەروەدا، رۆژ لە دوای رۆژ نەیارانی لە زۆربووندان و درزی گەورەتریش دەکەوێتە ریزی پارتەکەی.. گڵۆڵەی رژێمەکەی بەرەو لێژبوونەوە دەچێت.. تورکیا دووگیانە بە کودەتایەکی سەربازی چاوەڕوان کراو.
جامی ناڕەزایی و بێزاری خەڵکی تورکیادا، پڕبووە و لێیدەرژێ.. ژیان و گوزەرانی خەڵکئ زۆر سەخت بووە.. رێژەی بێکاری لە هەڵکشاندایە و لە سەدا زیاتر لە پانزەی تێپەڕاندووە، بێکاری کێشەیەکی گەورەی تورکیایە.. تادێت ئابووری تورکیا بەرەو تەپین و داڕمان دەچێ، لیرەی تورکیش بێ نرختر بووە و تادێت لە دابەزیندایە.. گەلێ کۆمپانیای بەرهەمهێنان لە کار وەستاون و خەریکە مایەپووچبن.. کەرتی گەشتیاریش کە بڕبڕەپشتی ئابووری تورکیایە ئیفلیج بووە.. نرخی خۆراک و شتومەکی پێویست و سووتەمەنی و وزە، سێ هێندەی جاران بەرز بوونەتەوە.. بڵاوبوونەوەی کۆرۆناش بە شێوەیەکی ترسناک لە تورکیادا، هێندەی تر ئابووری و بارودۆخی سیاسی شڵەژاندووە.
کەچی ئەردۆگان باکی نییە.. لەسەر ئەم بارودۆخە نالەبارەشەوە، بە هەزاران جاشی ئیسلامی بەکرێ گرتوون و رەوانەی شەڕی سوریا و لیبیای کردوون، جاشەکانی لێبیای مانگانە (دوو هەزار) دۆلاریان دەداتێ.. بەڵام خێزانی تورکی وا هەن، مانگی دوو سەد دۆلاریشیان دەست ناکەوێت.. بە کوێرەوەری و کوللـەمەرگی ژیان بەسەردەبەن.
ئەردۆغان، بۆ هێنانەدی خەونی سوڵتانی، پارەیەکی زۆری تورکیای بە فێڕۆداوە، بۆ بڵاوکردنەوەی ڤایرۆسی (ئیخوان ئەلشەیاتین) لە وڵاتانی عەربیدا، پارەیەکی زۆریشی لە یارمەتیدانی داعـشی تیرۆریستدا خەرج کرد.. هەر بە پارەش یارمەتی رێکخراوی حەماسی بەکرێگیراوی دەدا، بەڵام لەمەشدا شکستی هێنا و پیلانەکانی سەریان نەگرت. ئێستا کەوتۆتە زەڵکاوی سوریا و لیبیاوە.. نازانێت کە چون خۆی لێ دەرباز بکات و دوا تنۆکە ئارقە شەرمەزارییەکانی دەموچاوی بسڕێتەوە.. ئەردۆگان دەیەوێت لەسەر دوو گوریسیش یاری بکات.. خۆی بە دۆستی روسیا و ئەمریکا بزانێت، رەنگە وابە بزانێت کە هەردووکیانی خەڵەتاندوون.. بەڵام ئەمریکا و روسیاش دەزانن کە ئەردۆگان بایی چەندە و چەند نابەڵەد و گەمژە و کۆڵەوارە لە سیاسەتی نیودەوڵەتیدا. هێندە پەنای بۆ روسیا بردووە، رێز و شکۆداری نەماوە و بەساردی و سڕییەوە بەخێرهاتنی دەکەن و بەڕێی دەکەن.. دەزانن کە کابرایەکە بەر و پشتی بۆ نییە و درۆزنێکی قەولوبەولییە.
ئەردۆگان هەڕەشەی لە کوردیش کرد، وتی رۆژئاوای کوردستان دەکەمە گۆڕستانی کورد.. لەم خۆفشکردنەوەش شکستی هێنا.. چونکە بە زەبری هێز کورد لەبن نایات.
ئەمڕۆ لە ناو تورکیادا، ئەوانەی نکوڵییان لە بوونی ناسنامەی کورد دەکرد.. بە دەنگی بەرزەوە دان بەوەدا دەنێن، کە کێشەی کورد بۆتە کێشەیەکی نێودەوڵەتی و هەرگیز لە رێی لەشکرتاری و هـێزەوە چارەسەر ناکرێت و کێشەکە قووڵتر و گەورەتر دەبێتەوە.
لە بارەی دەرچوونی یاسای لێبووردنە گشتییەکەی ئەردۆگان، بۆ ئازاد کردنی بەشێک لە بەندکراوەکانی نزیک لە دەسەڵات لە زیندانە پاستیلەکانی تورکیادا.. حەزمان کرد کە را و رەخنەی چەند کەسانێک و رێکخراوێک، بە ئێوەی خوێنەرانی بەڕێز بگەیەنین:
پەرلەمانتاری کورد (عومەر فاروق جەرجیری ئۆغڵو) ئەندامی پارتی گەلانی دیموکرات (هە دە پە) لە دانیشتنەکەی رۆژی دووشەمەی رابردوودا، بۆ بڕیار دان لەسەر یاساکە، لە بەردەم پەرلەمانتارانی ناو هۆڵی پەرلەماندا، کە گوێیان لە را و پێشنیارەەکانی ئەوان نەگرت بۆ ئەوەی یاسای لێبوورنەکە، هەموو بەندکراوە سیاسییەکانیش بگرێتەوە، وتی: “ئێمە بە کاری خۆمان هەستاین و ئاگادارمان کردنەوە، لەمەوە دواش ئێوە بەرپرسن، لە مردن بە هـۆی کۆرۆناوە.. خوایە شایەت بە لەوەی کە کردمان”
پارێزەری ناسراوی تورک (ئۆگور بویراز)، لە مانگی ئاداری رابردوودا، دەربارەی پاکێجی لێبووردنی گشتی، وتی:”ئامانج لەم لێبووردنە، بە ویـژدانی نییە دەرهەق بە ستەملێکراوان.. بەڵکو رزگارکردنی تاوانبارانی نزیک لە دەسەڵاتە”
رێکخراوی لێبووردنی نێودەوڵەتی:”یاساکە، گەلێ لە بەندکراوەکانی بەلاوە ناوە، کە لە پێشترن بۆ ئەوەی ئازادبکرێن لێیان گەڕاون بۆ ئەوەی رووبەڕووی کارەسات ببنەوە” رێکخراوی (هیومان رایتش وۆچ) یش، ناڕەزایی خۆی دەربڕی و رەخنەیەکی زۆری لەم یاسایە گرتووە کە دادپەروەری تێدا نییە.
(مەحسوني قـارەمان) کە پارێزەرێکە، لە پارێزەرەکانی هاوسەرۆکی پێشووی پارتی دیموکراتی گەلان (سەڵاحەدین دەمیرتاش) کە لە ساڵی 2016 وە لە زیندانی شاری (ئەدەرنە) دایە.. باس لەوە دەکات گەرچی دادگا بڕیاری ئازادکردنی دا.. بەڵام تا ئێستا ئازاد نەکراوە.. لە مانگی یانزەی ساڵی رابردوو، تەندروستی دەمیرتاش تێکچوو و بوورایەوە و تووشی ئازاری سنگ و هەناسەتەنگی بوو.. لەسەر فشار و داوی پارێزەر (ئایگول دەمیرتاش) کە خوشکی سەلاحەدین دەمیرتاشە، بردیان بۆ نەخۆشخانە، لە ئێستا هەر لە بەندیخانەیە و تەندروستی باشە.. لە گەلی لایەنەوە داوا لە تورکیا کرا کە سەڵاحەدین دەمیرتاش بێتاوانە و ئازادی بکەن، بەڵام ترژێمی تورکیا هەموو داواکانی رەتکردەوە و ئازادیان نەکردووە.. پارێزەرەکانیشی داوایان کرد، بە هۆی نالەباریی تەندروستییەوە، دەمیرتاش ئازاد بکەن. بەڵام داواکەی ئەمانیش رەتکرایەوە.
پارێزەر (مەحـسونی قـارەمان) لە بارەی ئەم یاسایەی ئەردۆگانەوە، دەڵێ:”ئەم یاسا تازەیە، داددپەرەوەری تێدا نییە و نایاساییە”
سەڵاحەدین دەمیرتاش دەڵێ:” لە تورکیا، دادگا و دادپەروەری و یاسا و دادوەر نییە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت