رەزا شـوان: رۆژی جیهانی کتێب و مافەکانی نووسەر. 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

رۆژی (23/ ئەپریل)ی هەموو ساڵێک، بە (رۆژی جیهانی کتێب و مافەکانی نووسەر) لە جیهاندا ناسراوە.. رێکخراوی (یۆنسکۆ) ی جیهانی و هەموو دەوڵەتانی جیهان، بەم بۆنە گرنگەوە، ئاهەنگی گەورە و شایستە دەگێڕن.. کتێبخانە گشتییەکانیش پێشانگای تایبەتی بۆ تازەترین کتێبە چاپکراوەکان دەکەنەوە.. میدیا و تەلەفـزیۆن و رادیۆکانیش، چاوپێکەوتن لەگەڵ نووسەران و هاوڕێیانی کتێب و هۆگرانی خوێندنەوە سازدەکەن.
هەر لەم رۆژەدا، کتێبدۆستان کتێبی تازە و گۆڵ پێشکەش بە یەکتری دەکەن.. چونکە کتێب بە نرخترین و گرنگترین یادگارییە، گوڵیش جوانترین دیارییە و گوزارشتە لە سۆز و رێز و خۆشەویستی بۆ مرۆڤی بەرانبەر.. ئەم نەریتەش بۆ یەکەمین جار لەم رۆژەدا، لە کەتەلۆنیای ئیسپانیا بوو بە نەریت و باو.. کتێبفرۆشەکان لەگەڵ کڕینی هەر کتێبێکدا، گوڵێکی جـوان و گەشیان پێشکەش بە کتێبکڕەکە دەکرد.. لەو کاتەوە بووە بە باو.
بێگۆمان کتێب و نووسەران، گرنگترین و گەورەترین رۆڵیان، لە مێژووی ئادەمیزاددا هەبووە و هەیە.. شارستانییەکان و پێشکەوتن و داهێنان هەموو لە سایەی بیر و خەیاڵ و کتێبەکانی نووسەراندا هاتوونەتەدی.. کتێب ئەڵقەیەکە لە نێوان رابردوو و ئەمڕۆدا، پردێکە لە نێوان رۆشنبیرییەکاندا. کتێب و خوێندنەوە دەماری ژیانی مرۆڤـن.. ئەگەرچی لە ئەمڕۆدا، تەکنۆلۆژیا هۆی خێرای مۆدێرزمی هێناوەتە ئاراوە بۆ فێربوون وەرگرتن و خۆڕۆشنبیریکردن لەوانەش ئینتەرنێت و تەلەفزیۆنی رەنگاوڕەنگ.. بەڵام گرنگی کتێب و چـێژی خوێندنەوە لە کتێبدا کاڵەوە نەبوونە.. وەک چۆن پێویستە لە هەموو ماڵێکدا، چێشتخانە هەبێت بۆ ئامادەکردنی خواردن، تا تێری خواردن ببین.. هەر بەم جۆرەش پێویستە لە هەموو ماڵێکدا، کتێبخانە هەبێت و بە کتێبی بابەت هەمەجۆرە بیڕازێنینەوە. چونکە خوێندنەوە خۆراکی پێویستی ئەقڵە و زاخاوی بیر و هۆشمان دەدات.. هۆیەکی گرنگی خۆڕۆشبیریکردن و زۆر زانینە.
(تۆماس جیفرسۆن) دەڵێت:”من ناتوانم بەبێ کتێب بژیـم” (جیلبەرت کیس تیشیسترۆن) دەڵێت:”ژۆرێک بەبێ کتێب.. وەکو گیانێکە بەبێ رۆح” (جان جاک رۆسۆ) ش دەڵێت:”وا تێدەگەم، کە هەموو ئەو شتانەی دەیانزانم لە کتێبەوە فـیریان بوومە”
(مەلالا یـوسفـزای) پاکستانی، ئەو کچە منداڵە قوتابییەی، کە (چەکدارانی تاڵیبان) لە پاکستان تەقەیان لێکرد و برینداریان کرد، هەر لەبەر ئەوەی بۆ قوتابخانە دەچوو کە فێربێت و بخوێنێتەوە، بەڵام کۆڵی نەدا و درێژەی بە خوێندن دا و هانی هاوڕێکانیشی دا کە کۆڵنەدەن.. مەلالا یوسفزای لە تەمەنی ( 17 ) ساڵیدا، لە ساڵی (2014 ) دا، لەگەڵ (کابـلاش ساتیارسی) کە پیاوێکی هـیندیە، هەردووکیان چالاکوانی داکۆکیکەرن لە مافەکانی منداڵان و مێردمنداڵان.. پێکەوە بە هاوبەشی (خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی) یان پێ بەخشین.. مەلالا تا ئێستا بچووکترین براوەی (خەڵاتی نۆبڵ)ە لە جیهاندا.. مەلالا لە وتارێکیدا، لە بەردەم کۆمەڵەی نەتەوە یەکگرتووەکاندا، وتی:
“با کتێب و پێنووسەکانمان بگرین بە دەستمانەوە.. ئەمانە بەهـێزترین چەکی ئێمەن”
رێکخراوی یۆنسکۆی جیهانی (بۆ پەروەردە و رۆشنبیری و زانیاری) کە سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکانە.. لەو کۆنگرەیەی کە لە ساڵی ( 1995 ) لە لە شاری (پاریس) لە فەرنسادا بەڕێوەچوو، رۆژی ( 23 / ئەپریل) ی وەکو (رۆژی جیهانی کتێب و مافەکانی نووسەر) راگەیاند.. وەکو گوزارشتکردنێک لە رێزگرتن و پێزانین بۆ کتێب و بۆ رۆڵی بەرزی نووسەران لە بڵاوکردنەوەی زانست و زانیاریدا.
هەموو ساڵێک لەم رۆژەدا، رۆژی جیهانی کتێب و مافەکانی نووسەر لە هەموو وڵاتانی جیهاندا، ئاهەنگ وچالاکی شیاوی پەیوەند بە کتێب و نووسەران سازدەکەن و پێشانگای کتێب دەکەنەوە و کۆمەڵێکیش لە نووسەرانی ناسراویان خەڵات دەکەن.
هەموو ساڵێکيش، هەر ساڵەی لە شارێکی یەکێک لە دەوڵەتەکان، کە لە لایەن یۆنسکۆ و ئەو رێکخراوانەی، کە نوێنەرایەتی ئەم سێ کەرتە دەکەن: کەرتی خانەکانی چاپ و بڵاوکردنەوەی کتێب، کەرتی فرۆشیارانی کتێب، کەرتی کتێبخانەکان، ئەو دەوڵەت و ئەو شارە دیاری دەکەن و بڕیاری لەسەر دەدەن، کە لە رۆژی (23/ ئەپریل) ەوە بۆ ماوەی ساڵێک ببێت (پایتەختی جیهانی کتێب) و هەر لەو رۆژەدا پێشانگای کتێبی لێدەکەنەوە. بۆ یەکەمین جار لە ساڵی ( 2001 ) دا، شاری (مەدریـد)ی پایتەختی ئیسپانیا، کرا بە (پایتەختی جیهانی کتێب) و پێشانگایەکی گەورەی کتێبی لێکرایەوە.. ئەمساڵیش شاری (کوالالەمپـور) ی پایتەختی دەوڵەتی (ماليزیا) دەکرێت بە پایتەختی جیهانی کتێب و لەو رۆژەشدا پێشانگای گەورەی کتێبی لێدەکرێتەوە.. هەر لەم رۆژەدا و لەم پایتەختەدا، (خەڵاتی یۆنسکۆ) ش دەدرێت، بە نووسەرانی ناسراوی ساڵی رابردوو، لە بواری (ئەدەبی منداڵان) و بواری (ئەدەبی لاوان) دا.
شایەنی باسیشە، هەڵبژاردنی رۆژی ( 23/ ئەپریل) وەکو رۆژێکی جیهانی کتێب و مافەکانی نووسەر، هەڵبژاردنێکی هەڕەمەکی و لە خۆوە و بێ بنەما نەبوو، بەڵکو هەڵبژاردنێکی هـێمایی و رۆشنبیری و ئەدەبی و رێزلێنانی لە پشتەوەیە، کە سەنگیان لە ئەدەبی جیهانیدا هەیە.
لە رۆژێکی وادا، لە ( 23/ ئەپریل/ 1616) دا، کەڵە نووسەر و شاعیر و رۆماننوس و شانۆنووسی جیهانی (ولیام شکسپیر) کۆچی دوایی کرد، هەر لەم رۆژ و ساڵەدا بوو، نووسەر و شاعـیری مەزنی ئیسپانی (میگـیل دی تیبانتس) نووسەری سەرکێشییە ئەفسانەییەکانی (دون کیشۆت)، لە رۆژی ( 23/ ئەپریل/  1616) کۆچی دوایی کرد. هەر لەم رۆژ و مانگەشدا، چەندین نووسەر و شاعـیر و ئەدیب و رۆماننووسی ناسراوی جیهانی، لەدایکبوون یا کۆچی دواییان کرد، لەوانەش: (مۆریس درایۆن، ئینگا گارسیلاسۆ دی لاڤیگا ، فلادیمێر نابۆکۆڤ، هاڵدۆرک لاکسنس، جۆزێت بلا، مانۆیل میگیا فاییگۆ،…) زۆریش گەڕام بۆ رۆژی لەدایکبوون یا کۆچی نووسەرێکی ناسراوی کوردمان لەم رۆژ و مانەدا، تا لێرەدا ناویان بنووسم، بەرچاوم نەکەوتن.
هەموو ساڵێکیش رۆژێ پێش (رۆژی جیهانی کتێب) واتە لە رۆژی ( 2/ ئەپریل) دا، کە یادی لەدایکبوونی کەڵەنووسەری بواری ئەدەبی منداڵان، چیرۆکنووس (هانز کریستیان ئەندەرسین) ی دانیمارکییەە، کە بە (باوکی ئەدەبی منداڵان) لە جیهاندا ناسراوە.. هانز ئەندەرسین، لە رۆژی ( 2/ئەپریل/ 1805) لە دانیمارک لە دایک بووە.. هەر دوو ساڵ جارێک، دانیمارک بە بۆنەی لەدایکبوونی هانز ئەندەرسین، لە رۆژی ( 2/ ئەپریل) دا، دوو خەڵاتی بەنرخ، کە بە (خەڵاتی ئەدەبی منـداڵان) یا بە (خەڵاتی نۆبـڵی بچـووك) ناودەبرێت، خەڵاتەکانیش بریتین لە دوو (میدالیای زێڕ) و دوو (بڕوانامەی دپلۆم)، لە لایەن شاژنی دانیمارک (مارگرێتی دووەم)ەوە، لە ئاهەنگێکی شایستەدا لە (کۆپنهاگن) ی پایتەختدا، دەدرێت بە باشترین نووسەری کتێبی منداڵان و بە باشترین هونەرمەندی وێنەکێشی کتێبی منداڵان، لە ماوەی ئەو دوو ساڵەی رابردوودا.. گەرچی تا ئێستا بە فەرمی رۆژی لەدایکبوونی (هانز کریستیان ئەندەرسین) نەکراوە بە (رۆژی جیهانی کتێبی منداڵان). بەڵام دانیمارک و چەند وڵاتێکی تر، بۆ بەرزڕاگرتن و پێزانینی ئەو خزمەتە زۆر و گەورەیەی کە هانز ئەندەرسین پێشکەشی بواری ئەدەبی منداڵانی کردوون، لە ساڵڕۆژی لەدایکبوونیدا، کە بە رۆژێکی میژوویی و بە وەرچەرخانێک لە ئەدەبی منداڵان لە جیهان دادەنرێت، ئاهەنگ و چالاکی شایستە دەگـێڕن. هانز کریستیان ئەندەرسین لە رۆژی ( 4/ ئەوگوست/ 1875) دا، لە شاری کۆپنهاگن کۆچی دوایی کرد.
بە بۆنەی (رۆژی جیهانی کتێب و مافەکانی نووسەر) جوانترین پیرۆزبایی لە سەرجەم نووسەران و هاوڕێیانی کتێب و لە خوێنەرانی کوردمان دەکەم.. هیوادارم زیاتر و زیاتر هۆگر و شەیـدای خوێندنەوەی کتێب و رۆژنامە و نووسینی کتێب ببین.. تا خوێندنەوە ببێت بە پێویستییەکی سەرەکی و بە بەشێکی گرنگ لە کولتوور و لە ژیانمان.. تا ئەو رادەیەی رۆژانە نەتوانین بەبێ خوێندنەوەی کتێب و رۆژنامە هەڵبکەین.
دەبا عاشقانی کتێبی کوردیمان، هەموو ساڵێک لەم رۆژەدا، بیکەن بە نەریتێکی باو، بە دیاری و بۆ یادگاری (کتێب و گوڵ) پێشکەش بە یەکتری بکەن.. منداڵەکانیشمان لەسەر ئەم نەریتە جـوان و بەسوودە رابهێنن.
داواش لە کتێبخانە گشتییەکانی شارەکانی کوردستان دەکەم، کە بۆ ئەم رۆژە چالاکی و بەرنامەیان تایبەتییان هەبێت و کۆمەڵێک پۆستەر و دروشمی گونجاو بۆ هاندانی گەورە و منداڵان بۆ خوێندنەوە.. پۆستەرەکانیش لە شوێنە گشتییەکانی شاردا، هەڵیان بواسن. بۆ نموونە:( کتێب باشترین هاوڕێیە)، (کتێب جوانترین دیاری و یادگارییە)، (خوێندنەوە خۆراکی ئەقڵە)، ( دەمانچە و تفەنگ بۆ منداڵەکانتان مەکڕن.. گۆڤار و کتێبی منداڵانیان بۆ بکڕن)، ( گەر دەتەوێ هەمیشە لە یادمدا بیت.. کتێبێکم پێشکەش بکە)،( دایکان و باوکانی هۆشیار، هانی منداڵەکانتان بدەن با گۆڤار و کتێبی منداڵان بخوێننەوە)، (هەر خەریکی تاوڵە و دۆمینە مەبن.. چەند کتێبێک بخوێننەوە) و… هتد.
مامۆستا دڵسۆزەکان، دادە دلۆڤانەکانی باخچەکانی منداڵان، با کتێبەکانی کتێبخانەکانی قوتابخانەکانتان تۆز لێیان نەنیشێن.. کتێب بۆ رازاندنەوە نییە.. بۆ خوێندنەوەیە.. ئێوە دەتوانن رۆڵێکی زۆر گەورە ببینن، لە رۆشنبیرێکردنی قوتابییەکانتان و لە هاندانیان بۆ خوێندنەوە.. ببورن، کە ئەم پرسیارەتان لێدەکەم: ئایا لە ماوی ساڵێکی خوێندندا، ناڵێم دوو جار، بۆ تەنیا جاریکیش قوتابییەکانتان بردوون بۆ (بەشی منداڵان) لە کتێبخانەی گشتی شارەکەتانـدا.. تا ئاشنای کتێب و کتێبخانە ببن و هـۆگری خوێندنەوە ببن..؟
وەزارەتی رۆشنبیری کوردستان، ئەم پرسیارەش ئاراستەی ئێوە دەکەم، ئایا تا ئێستا، لە (رۆژی جیهانی کـتێب) و لە بۆنە رۆشنبیری و ئەدەبییەکانی تـردا.. چەنـد نووسەری بە توانا و ناسراوی کوردمان لە بواری ئەدەبی منداڵاندا، لە لایەن ئێوەوە، خەڵات کراون؟ بڕوا ناکەم ئەوانەی کە تا ئێستا خەڵاتیش کراون، لە پەنجەکانی دەستێکمان زیاتـربن. راستییەکەی ئەوەیە، کە ئێوە وەکو پێویست ئاوڕتان لە ئەدەبی منداڵان و لە نووسەرانی ئەم بـوارە گرنگ و چارەنووسازە نەداوەتەوە.

 

 

سەرچاوەی وێنەکە/ htdreamstime

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت