لاوک کونجرینی: لاهور تاڵەبانی.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

سیاسییەکان هەمیشە لە ململانێدان، یان  دەگلێن یان بەدوای گلاندندا ئۆقرەناگرن. ئەمە تەنها هەوڵ نییە، بەڵکوو دەبێ وابن بۆ گۆڕانکاریی یان مانەوە.
بۆیە کاتێک لاهور تاڵەبانی لە سەرکردایەتی کردنی دژە تیرۆر خۆی هەڵچنی و لەوێوە هەنگاوەکانی ڕووەو ئاراستەی سەرۆکایەتی نا، دیارە بە ئاگایانە ململانێی لەگەڵ نەیارەکانی کردو، لە بەشداری یەکەمجاریی کۆنگرەی یەکێتی دا، لەسەر تەختی کورسییەکەی مام دانیشت. ئەمە وەکو ئەو هێرشە سەربازییە لە ناکاوەیە، کە دووژمنی تیا ڕادەماڵیت، بەڵام سەرکەوتنەکە لەوێوە دەستپێدەکات، چۆن شوێنەکە لە خڵەفانێکدا نەیدۆڕێنیت. ئەمەش لە دەستپێکدا پێویستی بە گەرخستنی هەموو تواناکانە. ئەمە پێویستی بە گۆڕانکاریی بنچینەیی و، گەڕان بەدوای ئەو ئالەتاندایە، کە میکانیزمی مانەوە دەستەبەردەکات، بۆ ئەوەی هەم نەیارەکانی ناوخۆی یەکێتی و دەرەوەی یەکێتی لە پلانەکانی ڕابگرێت، یان پاشەکشێیان پێبکەیت.
سەرکردایەتیکردنی ئەمڕۆی یەکێتی، ئەرکێکی زۆریی دەوێت. لە تیلەی حیزبییەوە تێی بڕوانیت، یەکێتی داڕماوەو لەبەر کەڵبەی پارتی دایە بۆتەواو کرماندن. ئەرکی ڕاستکردنەوەو، داڕشتنەوەی بەپێی ئەم سەردەمە. بەو سەردەمەی جیاواز بێت لە دوێنێ. بەواتایەک سەرتاپای کڵێشەکە بگۆڕدرێت و، گیانی ململانێی نوێ و پڕۆژەی نوێ و ئاراستەی نوێی پێ ببەخشرێت. لەوێوە دەستپێبکرێت، کە ئەم هێزە پێشڕەوایەتی سەردەمیانەو مۆدێرنانە دەکات، لەپاڵ کارە دیبلۆماسییەکانی، کە ژیرانە دەرگای نوێ و ئاراستەی نوێ بە ڕووی ئەم ئەرکەشدا بکاتەوە. نابێت لە سەر گیانی قین و پاشەقولە لەگەڵ هێزەکانی تریی دەرەوەی پارتی بجەنگێت. بەڵکو بەو دەروازانە ڕوو بەڕوویان ببێتەوە، کە کار لەسەر پانتایی دەسەلات بکات بەکاریی باش. لەبەر ئەوەی هێزی گرنگی ڕووبەڕووبوونەوەی پارتییە. کە ئەم هێزە هەمیشە لەسەر گیانی شەڕەنگیزی و بەرژەوەندی حزبایەتی پانتایی دەسەڵاتی خۆی دادەکوتێت، دەبێت ئەم پێچەوانەکەی هەڵبژێرێت. ئەویش بەدوو ئاراستەی تێگەیشتن: لاسایی دیبلۆماسییەکەی بە بەرگی نوێ و ئاراستەی گشتی و شەقام بە خواستی ئەمڕۆ.
سەرکردایەتیکردنی سەرکەوتو، هەمیشە پێویستی بە دیسپلن و دابەشکردنی دەسەڵاتە، پێویستی بە ئەرک دابەشکرن و ماوەدانە بە کەسانی کارا. ئاخر ستافە باشەکانی مێژووی حوکمڕانی باش قاڵبووی مێژووی کاریی خۆیانن، نەک بەهەگبەی دیبلۆمی بێ ئەزموون. سویسرییەکان قسەیەکی جوانیان هەیە، دیبلۆم گرنگە، بەڵام لەویش گرنگتر ئەزموونەکەیەتی. ماوەیەک بوو، خاوەن دیبلۆمە باڵاکان لای سیاسیەکانی لەمەڕ ئێمە گرنگ تر بوون لە خاوەن ئەزموونەکان. خۆ دەکرا وانەیەکیان لە ماڵی بەرزانی وەربگرتایە، کە هیچیان خاوەنی دبلۆم نیین، بەڵام قاڵبووی سیاسەت و حوکمڕانین بەسەر ستافێکی تۆکمەو ئاکتیڤەوە.
دەکرێت بەرێز لاهوور تاڵەبانی لەو سۆنگەیەوە پێویستی بە ستافێکی پرۆفیشناڵ و تۆکمە هەبێت، بۆئەوەی تەواوی ئەرکەکانی سەرشانی سووک بکات لە ڕێی دابەشکردنەوە بە پێی یاساو ڕێنمایی و چاودێریی هەواڵگیریی، بە فیلتەری پاداش و سزا بڕوات. چۆن؟
ستافەکان، گەر یاسایەک نەبێت لەبەردەمیان بۆ ئەوەی سنور بۆ دەسەلات و ئەرک و تواناکانیان ڕێکبخات، ئەوا سەرئێشەو لادان و کەمووکوڕیی و، هەروەها کاریی نابەجێ ڕوودەدات. بۆیە پێش ئەوەی ستافەکان ڕێکبخرێت، کۆمەڵێک دادوەری بەتوانا یاسای کاریی ستافەکانی بۆ ئامادە بکەن. ئەوسا لەبەردەم بەرێز لاهووردا کارەکان ئاسان و ڕێنماییەکان باش ڕۆدەچن و جوانکاریی و ڕوونی لەئەرکدا بۆ خەڵکی ئاشکرا دەبێت.
دیسپلین و ڕێز لەمافی بەرامبەر، ئەو جیهانەیە کاریی دەوڵەتداری بە شێوەیەکی جوان ئەدا دەکات، یەکێتی لەسەر ئەم بنەمایە دەتوانێت کار بکات. بۆ ئەمڕۆی یەکێتی ئاسانە لەسەر ئەم سێرەیە بڕوات، چونکە فڕە مینبەر و فڕە باڵباڵێن کۆتایی هاتووە. ئێستا سیستەماتیک لە کاریی حیزبیدا چۆن بکرێت و چۆن هەنگاو هەڵبهێنرێت جێگای باسە، نەک چۆن برواندرێتە ڕابردو چی کراوە، سەروەرییەکان چی بوون، بیر لەوە بکرێتەوە درێژە بە چی بدرێت. دەکرێت هەموو ڕابردوو بکرێتە ئەرشیڤ و جوانییەکانی رابردوو ڕێزی لێ بنرێت و سوود لە باشەکان و وانە لە کەوتنەکان بگیردرێت. ناکڕیت ئەوەی دوێنی کرا ئەمڕۆ بە نەوەی ئەمڕۆی بفرۆشیتەوە، وەک پارتی و یەکێتی دوێنی دریژەیان پێ دەداو کارێکی بێزارکەر بوو. واتا نەوەی ئەمڕۆ، کردنەوەی دەرگای کارگەی نوێ و بەرنامەی ژیان و خۆشگوزەرانی دەوێت.
هەموو ئەرکەکان بە پلانی نوێ و بە لێبوردەیی و بەو ڕستەیە جێبەجێ دەکرێت، کە دەڵێت: دەستپاکی و یاسا پاکی و نیاز پاکی، جیهانێکی بێگەرد بنیاد دەنێت.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت