نەوزادى موهەندیس: لەم قۆناغەى هەرێمى کوردستاندا، بنەماى لامەرکەزیەتى ئیدارى بۆچى؟

کلیک بکەرە سەر وێنەی نوسەر دەگەیت بە ئەرشیڤەکەی

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

لەمێژە وتراوە کە هەرکات ئیدارەیەکى بەهێز و تۆکمە و بە پلان هەبێت هەمیشە کارو پڕۆژە و ئومێدەکانیش سەرکەوتن بەدەستدێنن و هەموانیش لەساییەدا دەحەوێنەوە.گرنگترین کار و بوارى کارکردن و ئیدارەدان و حوکمڕانى بریتیە لە چۆنێتى ئیدارەدان و هەڵبژاردنى باشترین جۆرەکانى ئیدارە بەپێى قۆناغەکانى ژیان و گوزەران و بە لەبەرچاوگرتنى دۆخى سیاسى و ئابورى و ئەمنى و کۆمەڵایەتى و کارەساتە سروشتیەکان و… هتد بۆ وڵات و کۆمەڵگاکان.
• بەشێوەیەکى گشتى دووجۆر لە سیستەمى ئیدارەدان لەمێژەوە هەبون و داهێنراوى مرۆڤەکان بون کە بریتین لە:
• سیستەمى مەرکەزى: کۆنترین جۆرەکانى سیستەمى خۆبەڕێوەبردنە لەمێژوودا کە مرۆڤ پیادەى کردوە، لەم جۆرە سیستەمەدا هەموو دەسەڵاتەکان و بڕیار و ڕێنمایى و پلانەکان لەلایەن مەرکەزەوە دادەنرێت و دەردەکرێن و پێویستیشە لەسەر هەموان وەکو یەک جێبەجێى بکەن ،و ناوەندى بڕیاردان یەکە و زۆر جارانیش پێکدێت لەکۆمەڵەیەکى بچوکى دەستڕۆیشتوو یان تەنانەت لە سیستەمە حوکمڕانیە تاکڕەوەکان یان خێزانى و ئاینى و مەزهەبیەکاندا کۆدەبێتەوە لە دەستى گروپێکى بچوکى تاک ئاینی یان مەزهەبى یان خێزان و گروپ یان تاکە کەسێکدا. ئیدى بەشێوەیکى توند و بەهێز و لەژێر چاودێریەکى توندا بڕیارەکان دەدرێت،بەبێ ئەوەى سەربەخۆیى ناوچە و هەرێم و تایبەتمەندى پێکهاتەکان ڕەچاوبکرێت یان دەوڵەمەندى و هەژارى ئەو ناوچانە حسابیان بۆ بکرێت،لەمجۆرە سیستەمەدا بیرۆکراسیەتى بێزارکەر و خراپ دەبێتە ڕێگرى پێشکەوتن و داهێنانەکان و زۆرجاران گەندەڵى و ناعەدالەتى و بەهەدەردانى سەروەت و سامانە مرۆیى و مادى و سروشتیەکانى لێدەکەوێتەوە، گیانى هاندان و داهێنان دەمرێنرێت. سیستەمێکى داخراوە و ئازادى کار و بڕیاردانى تیادا قەتیسکراوە، لەبەر ئەم هۆکارانە و بەهۆى فراوانبوون و گەشەى ناوچەکان و زیادى بوونى ژمارەى دانیشتوان و گۆڕانکاریە ناوچەیى و جیهانیەکان و زیادبوونى ململانێ و جەنگە سیاسى و ئابورى و ئەمنیەکان و ڕوودانى کارەساتە سروشتیە ماڵوێرانکەرو کاولکاریەکان لەجیهاندا، مرۆڤ و دەسەڵاتدارەکان ناچاربوون واز لە هەندێک لەدەسەڵاتەکانیان بێنن بۆ بەرژەوەندى ناوچە و هەرێمەکان و ناوەندى بڕیار بەتەنها لە یەک جێگە و پایتەختى وڵاتدا نەمێنێتەوە. بۆیە پەنایان بردە بەر جۆرى دووەمى سیستەمى ئیدارى کە بریتیە لە:
• سیستەمى لامەرکەزى ئیدارى و دارایى : ئەم سیستەمەش لەدواى سیستەمى مەرکەزیەوە داهات و پیادە کراوە لەلایەن زۆرێک لەوڵاتان و دەسەڵات و حکومەتەکانەوە هەر لە کۆنەوە تاکو ئێستا لەسەر شێوازى ( ئۆتۆنۆمى و خۆبەڕێوەبەرى و فیدڕاڵى و کۆنفیدڕاڵیش )، کە مەبەست لێى گەشەکردنى ناوچەیى، یان هەرێمایەتیەکى دیاریکراوە. دوور لە دەسەڵاتى مەرکەزى. لەڕووى سیاسى و ئابورى و کەلتورى و کۆمەڵایەتیەوە کە دەبێتە هۆى جێگیرى کۆمەڵایەتى و خۆشگوزەرانى ئابورى. چونکە لەم سیستەمەدا بەشێکى زۆر لەدەسەڵاتەکانى ناوەند دەدرێتە ناوچەکان و ئاستەکانى خوارەوە و ئەوان دەتوانن لەسنورى جوگرافیاى دیاریکراوى دەسەڵاتەکانیاندا کار و چالاکى و بڕیارى پێویست بدەن.
• جۆرەکانى لامەرکەزیەت:
1. لامەرکەزیەتى ئینگلیزى: دەسەڵاتە لامەرکەزیەکان دیاریدەکرێن و ئیتر بۆیان نیە زیادەڕەوى بکەن.
2. لامەرکەزیەتى فەڕەنسى: دەسەڵاتە هەرێمایەتیەکان دیاریدەکرێن و چاودێریکردنیش لەلایەن مەرکەزەوە دەکرێت.
• لەم جۆرەى سیستەمە گەلێک سیفاتى باشى هەیە لەوانە:
• ڕۆتین و بیرۆکراسیەتی خراپ کەم دەکاتەوە. و دەبێتە هۆى زوو ڕاپەڕاندنى ئیشوکارەکان، چونکە پانتایى و فراوانى کەمتر دەبێتەوە بە بەراوورد بە پانتایى سەرجەم وڵاتەکە.
• خەرجی ناپێویست کەم دەکاتەوە. چونکە ڕێگاکان و دووریەکان لەناوەندى بڕیارەوە زۆر کەمدەبێتەوە و ئیدى خەرجیە ناپێویستیەکانى هاتوچۆو مەترسیەکانى ڕێگاو هۆکارەکانى هاتوچۆکردنیش کەم دەبێتەوە هەم سەرمایەى مادى و گیانیش بەدوور دەبن لەهەدەردان و لەدەستچوون.
• بەخێرایی دەتوانرێت بڕیار بدرێت. چونکە ناوەندى بڕیار زۆر نزیکترە لە جێگەى کێشە و گرفتەکان و داواکاریەکانى هاوڵاتیان و لەنزیکەوە هەست بە ئاسەوارە خراپەکانى دەکات و هەربۆیەش زوو بەزوو دەکەوێتە خۆ بۆ چاۆەسەرکردنیان.
• هەست بە گیانی لێپرسراوێتی زیاتر دەکرێت.بەهۆى ئەوەى کە لێپرسراوانى ئیدارى دانیشتوى ناوچەکەى خۆیانن و زێدى باوباپیرانیانە، زیاتر هەست بە لێپرسراوێتى دەکەن لە ئیدارە و ڕاپەڕاندنى ئیشوکارەکاندا و دڵسۆزى و کارامەیى زیاتر دەنوێنن.
• بڕیارەکان تاڕادەیەک ڕاست و دروستن. بەهۆى ئەوەى دەسەڵات و بڕیاربەدەستان بۆ خۆیان بەشێکن لە خەڵکى ناوچەکە و لە بەرژەوەندى خۆیان و نەوەکانیانە، کە بەشێوەیەکى ڕاستودروست بڕیارەکان بدەن و دوور لەبەرژەوەندى تاقم و گروپ و بنەماڵە و دەستڕۆیشتوەکان. و کاریگەرى خراپى هەندێک بڕیاریش کەم دەبێت بەهۆى بەرتەسکى جوگرافیاى چالاکیەکان.
• گیانی هاندان و پێشبڕکێ‌ زیاد دەکات بۆ خزمەتکردن. و دەبێتە هۆى زیاتر ڕێکخستنى ئیشوکارەکان،چونکە هەموان هەستدەکەن کە ئەرکێکى گەورە و پیرۆزیان لەسەر شانە لە بەرامبەر ناوچەکە و هەرێمەکەیاندا و هەموان دەکەونە خۆ بۆ هەرچى زۆرتر و باشترە کار و خزمەتەکانیان پێشکەش بکەن و بیرۆکەى داهێنەرانەش دەخەنە ڕوو بۆئەوەى ململانێ و پێشبڕکێ بکەن لەگەڵ هەرێم و ناوچەکانى تردا.
• هاوسەنگی لە دادپەروەریدا دێتە ئاراوە. لەم سیستەمەدا هاوسەنگى و دادپەروەرى لە بڕیارەکاندا زیاتر دەبێت، چونکە هەموان خۆیان بەبەشێک لە ناوەندى بڕیار دادەنێن و هەموانیش بەرژەوەندى گشتى و ناوچەکە و هەرێمەکەیان دەخەنە سەروو بەرژەوەندى خۆیانەوە، بەبەراوورد بە سیستەمى مەرکەزى کە هەندێک جار لەبەرژەوەندى ناوچەیەک یان هەرێمێک هەندێک بڕیار دەدەن کە ناهاوسەنگ و نادادپەروەرانە دەبێت لەڕووى ئیدارى و دابەشکردنى داهات و جێبەجێکردنى پڕۆژە ئاوەدانى و خزمەتگوزاریەکانەوە.
• ئازادی لە بڕیاردان و دیموکراسیەتدا زیاتر دەبێت. چونکە پانتاییەکى زیاتر هەیە بۆ بەشداریکردنى هەموو لێپرسراوەکانى ئاستى خوارەوە لە بڕیاردان و گفتوگۆکاندا، نەک وەک سیستەمى مەرکەزى کە تەنها دەستەیەکى بچوک بڕیاردەدەن لەدورەوە و هیچ پانتایەک بۆ وەرگرتنى ڕاوبۆچەنى هەرێم و ناوچە دوورە دەستەکان نامێنێتەوە.
• ئەوەشمان لەبیر نەچێت کە سیستەمى لامەرکەزیەتیش وەکو هەموو داهێنانەکانى مرۆڤ بێ کەموکوڕى نیە، لەوانەش:
• بەهۆى زۆرى ناوەندى بڕیارەوە ،تێکچڕژان و پێکداچوون و شڵەژانى ئیدارى ڕوودەدات.
• پڕۆسەى بەدواداچوون کەموکوڕى تیادا دروست دەبێت لەلایەن مەرکەزەوە.
• دەسەڵاتەکانى مەرکەز وەکو حکومەتى ناوەندى لاواز دەبن.
• جۆرە دابڕانێکیش لەنێوان هەرێم و ناوچە جیاوازەکانى وڵاتدا دروست دەبێت.
بەڵام باشیەکانى زۆرتر و کاریگەرترن، هەربۆیە ئەم جۆرە سیستەمە ئیدارى و داراییە لەم قۆناغەى هەرێمى کوردستاندا بۆتە زەرورەتێکى حەتمى و دەکرێت گەر بەشێوەیەکى کاتیش بێت پیادە بکرێت بەمەبەستى ڕووبەڕووبونەوەى ئەم قەیرانە سیاسى و دارایى و ئابورى و تەندروستى و ئەمنیانەى کەڕوویان لەتەواوى جیهان و ناوچەکە و عێراق و هەرێمى کوردستانیش کردوە بەهۆى بڵاوبونەوەى پەتاى کۆرۆناو دابەزینى نرخەکانى نەوت و وەستانى گەشەو پێشکەوتنى پیشەزساى لاى زلهێزەکان و توندبونەوەى ململانێکانیان. کە پێکەوە هەموانیان بونەتە هۆى سەرهەڵدانى قەیرانى داهات و کەمى بودجە و پەنابردنە بەر کەمکردنەوەى خەرجیەکان لە مووچەى فەرمانبەران و خەرجیە ناپێویستەکان و گرتنە بەرى ڕێکارەکانى سکهەڵگوشین و دەستبردن بۆ وەرگرتنى قەرزى دەرەکى و ڕاوەستانى بازرگانى کەلوپەلە تەواوکاریەکان لەدەرەوەى وڵات و… هتد.
• هەرێمى کوردستانیش بەهۆى گەلێک هۆکارەوە قەیرانەکەى لەسەر زۆر توندتر بوە لەوانە:
• لەلایەک کێشە و گرفتە سیاسى و دارایى و ئەمنى و تەندروستیەکان لەگەڵ بەغداد.
• بەهۆى ئەوەى کە هەرێمى کوردستان هێشتا بەشێک و هەرێمێکە لە دەوڵەتى عێراقى فیدڕاڵ، خاوەنى سیادە و سەروەرى خۆى نیە و ناتوانێت لەگەڵ وڵاتانى خاوەن سەروریى ناوچەکە و دونیاشدا مامەڵە بکات بۆ وەرگرتنى قەرزى دەرەکى، بەڵام بەداخەوە هیچیان وەکو خۆى پابەند نین بە مادە و بەندەکانى دەستورەوە.
• لەهەرێمى کوردستاندا بەهۆى پیادەکردنى سیاسەتى نەوت فرۆشتن و ئابورى سەربەخۆوە قەیرانەکان توندتر بوون لەساڵى 2015وە. بەهۆى کەڵەکەبوونى قەرزێکى 27 ملیار دۆلارى کۆمپانیا نەوتیەکان و پاشەکەوتى مووچەى فەرمانبەرانەوە.
• لەهەرێمى کوردستاندا سیستەمێکى ئیدارى و دارایى مەرکەزى پیادە دەکرێت کە بۆتە هۆى ناهاوسەنگى لە داهات و پڕۆەکان و نادادپەروەرى بڵاوکردۆتەوە.
• ئیدارە و حوکمڕانیەکى ساغڵەم و تەندروست و ڕاشد و خەمخۆریش نەبوە لە کوردستاندا.
• دیاردەى گەندەڵى و بەهەدەردانى سەروەت و سامانى مادى و مرۆیى و سروشتى وڵات پیادە کراوە.بەهۆى جێبەجێنەکردنى یاسا و ڕێنماییە ئیدارى و داراییەکان تایبەت بە گومرک وباج و داهاتە ناوخۆییەکانى تر و ناشەفافیەت تیایاندا.
• بۆیە گەرەکە بۆ خۆ پارێزى و ڕزگارکبوون لەم دۆخە مەترسیدار و قەیراناوى و چەقبەستوەى هەرێم کە ڕەنگە چەندین ساڵى تر درێژە بکێشێت بەدواى ڕێگاچارەکاندا بگەڕێن لە:
پیادەکردنى سیستەمى ئیدارى و دارایى لامەرکەزیەت لەم قۆناغەدا.و هەر پارێزگایەک بۆخۆى:
1. دەسەڵاتى یاسادانان/ ئەنجومەنى پارێزگاکان.
2. دەسەڵاتى جێبەجێکردن/ پارێزگار و دامودەزگا حکومیەکان.
3. دەسەڵاتى دادوەرى/ دادگاوداواکارى گشتى کارى حکومەتى خۆجێیەکان ڕابپەڕێنن.
بەشێوەیەک کە گەورەترین سوودو قازانجى هاوڵاتیانى ناوچە و پارێزگاکانى خۆیان مسۆگەر بکەن لە:
• دابینکردنى داهاتى پێویست بەهاوکارى حکومەتى ناوەند لە بەغداد.
• دابینکردنى مانگانەى مووچەى فەرمانبەران و خەرجیە پێویستەکان بۆ پڕۆژە ئاوەدانى و خزمەتگوزاریەکان.
• پاراستنى ئەمنیەت و ئاسایش.
• کەمکردنەوەى خەرجیە ناپێویستیەکان.
• پیادەکردنى شەفافیەت لەداهات و خەرجیەکاندا و دوورکەوتنەوە لە گەندەڵى و مەحسوبیەت و مەنسوبیەت .
• بکەونە خۆ بۆ کارى پێکەوەیى بەیەک دەست و یەک بەرنامە و یەک گوتار وەک یەک تیمى حوکمڕانى.و دوورکەوتنەوە لە ململانێى تەسکى حیزبایەتى و بەرژەوەندى گروپ و کۆمپانیاو دەستڕۆیشتوەکان.
تا سەردەکەوین بەسەر ئەم پەتا و قەیرانەدا و وڵات و گەلەکەمان ڕزگاریان دەبێت و دەگەنە کەنارى ئارامى.
• بەپێچەوانەوە هەموان زیانى گەورەیان بەردەکەوێت و هەژارتر و برسیتى تر و بێکار و نەخوێندوارتر دەبن، مەترسیەکان بۆ سەر تەواوى دەسەڵات و مان و بوونى هەرێمەکەمان دروست دەبێت و کۆمەڵگاکەشمان لەڕووى کۆمەڵایەتى و ئاشتى کۆمەڵایەتیەوە زیانى گەورەى بەردەکەوێت و ڕووبەڕووى لێکهەڵوەشانى خێزان و زیادبونى تاوانەکان و کوشتوبڕو نائارامى و نائەمنیەتى زیاتر دەچێت و ئەوەى لەماوەى 30 ساڵى حوکمڕانى خۆماڵیدا وەدەستمان هێناوە لەدەستى دەدەین. لێپرسراوێتیەکەشى بەپلەى یەکەم لەئەستۆى دەسەڵات و دەسەڵاداران و دەستڕۆیشتوەکانى حکومەت و حیزبەکاندا دەبێت بەبێ جیاوازى. و مێژووش ئەوکات بەزەیى بەهیچ کەسدا نایەتەوە و جارێکى تریش ڕۆژگارە ڕەش و سەختى داگیرکارى و قاتوقڕکردنەکانى ڕابووردومان لەبەرامبەردا پیادە دەکەنەوە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت