كەمال محەمەد: بێ باكی حكومەت و مانفێستی قەیرانەكان.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ئەگەرچی بەردەوام دەسەڵاتدارانی هەرێم باسیان لە سیستەمێكی دیموكراتیانە كردوە بۆ كردەی سیاسی و حكومڕانی، بەڵام هەمو ئەمانە یۆتۆپیایەك زیاتر هیچی لێ بەرهەم نەهێنراوە. كردەی حكومڕانی لە ماوەی 30 ساڵی رابردوی پارتی و یەكێتی وەك دو هێزی دەسەڵاتدار و خاوەن جوگرافیا، جگە لە وەهمێكی بەتاڵ و فڕین لە واقعی دیموكراسی هیچی دیكە نەبووە. چونكە لە راستیدا ئەم هێزانە توانای دروستكردنی كولتوری گۆڕان و مومارەسەكردنی ژیانێكی دیموكراسیانەیان نەبوە تابتوانرێت سیستەم و مۆدێلێكی سیاسی بەرهەم بهێنرێت، كە كۆمەڵگا توانای دروستكردنی مەودایەكی سیاسی و فیكری هەبێت لەنێوان خۆی و سیستەم و هێزەكاندا بۆ ئەوەی كردەی گۆڕین لە خەیاڵگەو سایكۆلۆژییەتی كۆمەڵگاو دەسەڵاتدا توانای هێنانەكایەی مۆدێلێكی جیاواز لە سیاسەت و حكومڕانی هەبێت و بتوانرێت كۆتای بەو سیستەمە شكستخواردوە بهێنرێت، كە كۆمەڵگای دوچاری بێ باكی و نائومێدی كردوە.
بێ باكی دەسەڵاتدارانی ئەم هەرێمە خۆی لە ئەنجامی ئەو سیستەمە ئۆتۆكراسییە ئەبینێتەوە، كە توانای تێپەراندنی عەقڵییەتی خێڵ و حیزبیان نەبوە و ئەوەی گرنگ بوە بەلایانەوە مانەوەو بەردەوامبونی خۆیان بووە لەدەسەڵات، نەوەك بەرژەوەندییەكانی نەتەوەو هاوڵاتیانی هەرێم، ئەمەش گەورەترین هەڵەی سیاسی و فیكرییان بوە، كە حكومڕانییان لەدەرەوەی بەرژەوەندییەكانی هەرێمەوە بەگشتی سەیركردوە. بۆیە لەسەرەتای دروستبونی هەرێم و حكومڕانی كوردی هەردو حیزبی دەسەڵاتدار پایەكانی حكومڕانییان لەنێو دەریایەك لەقەیرانی سیاسی و فیكری و ئابوری بنیاد ناوەو بەشێوەیەك، كە هەر ساتێك قەیرانەكان زۆر بە سادەیی توانای مانفێستكردنیان هەبێت. واتە ئەوەی ئەمڕۆكەی دروستكردوە ئەنجامی نەبونی ئەو خوێندنەوە سیاسی و ئابورییەیە، كە هەر لەسەرەتاوە بنەمایەكی فەشەلی لێ پێكهێنراوە، كە ڕۆژ بەڕۆژ پایەكانی بەرەو داڕمان ئەچن.
هەردو حیزبی دەسەڵاتدار لەماوەی ڕابردو تا ئێستا خاوەنی هیچ جیهانبینیەكی ئابوری و سیاسی نەبون و سیاسەت و كردەی حكومڕانی لای ئەوان تەنها فرۆشتنی سامان و نەوتی ئەم وڵاتە بوە بۆ خۆیان و كڕینی دەنگ و ڕۆح و فیكری مرۆڤەكان و لە سایەی نەبونی هیچ یاسا و رێسایەكیش هەمیشە پیادەی حیزبییان سەرو یاساو حكومەت بوە، شۆكی ئەم دەسەڵاتەش ئەوەیە كە نەیانتوانیوە یاخود نەیانویستوە سەرەڕای دروستبونی قەیرانە یەك بەدوای یەكەكان پلانێكی سیاسی و فیكری و ئابوری بەهێزیان هەبێت كە هاوڵاتی لە كاتی قەیرانەكاندا بپارێزن، بەڵكو خۆیان هۆكاری مانفێستی قەیرانەكانیش بوون.
لەماوەی ڕابردودا كەرتی نەوت هەردو حیزبی دەسەڵاتداری كۆك كردبو لەسەر هەرزانفرۆشكردنی بەناوی ئابوری سەربەخۆوە، كە بوە هۆی دەستكەوتنی داهات و پارەیەكی زۆر بۆ خۆیان، كە سەرەنجام مافیاكانی نەوتی لێ بەرهەم هات، نەوەك سیاسەتێكی بەهێزی ئابوری لەدەرەوەی ئەو كۆمپانیا حیزبییانەی، كە ساڵانێكە لە پێناو پڕكردنی گیرفانی نوخبە دەسەڵاتدارەكان كەوتونەتە كار. پتر لەم خاڵە هەبونی ئەو هەموە لە موچەخۆری بندیوار و ئەو هەمو رێكخراوە حیزبییانەیە، كە دوو هێندی موچەخۆرانی ئەسڵین. ئەمانەیە هەمو كارەساتی ئەم حكومەتە حیزبییەی پارتی و یەكێتی كە پشتگیری و شەریكایەتی ئۆپۆزسیۆنەكانی جارانیشی هاتۆتە سەر.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت