دکتۆر نازەنین عوسمان: نامەنتقى لە بڵاوبونەوەى نەخۆشى کۆرۆناى تازە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

لە مانگى دوانزدەى 2019 نەخۆشى کۆرناى تازە (کۆڤید 19) لە چین بە فەرمى بە پەتا ناساندرا و، لە 30- 01- 2020 لەلایەن ڕێکخراوى تەندروستى بە ئپیدیمى و پەتاى نێو ولاتان دانراو، لە 11- 03- 2020 لەلایەن هەمان ڕێکخراو بە پەتایەکى سەرتاسەرى جیهانى ناساندرا. تاکۆ ئەوڕۆ ژمارەى توشبوان لە چوارملیۆن نزیک دەبێتەوە و مردوو لە سەرو چارەگە ملیۆن کەس. هەرچەندە ئەو ژمارانە ئەوانەن کە لەڕێگاى پشکنینەوە زانراوە، بەڵام مەزەندە دەکرێت ژمارەکان زۆرلەوە زیاتر بێت.
سەیرى و نالۆجیکى و نامەنتقى ئەو نەخۆشیە لە شێوەى بڵاوبونەوەیەتى، کە هیچ بەڵگەو هۆکارێک ناتوانێت پڕ بەپێستى بێت و هەر تەبریرێک و هۆکارێک دەدەۆزرێتەوە پێچدانەوەکەشى حازرە. بڵاوبونەوەکەى گەر وەکو پەتا بێت زیاترئەبێت وەک شەپۆل و زنجیرە بێت، بەڵام لەم پەتایە بازدانى زۆر تێدایە بۆ نمونە چین و هیند و پاکستان کە دراوسێن لە هیندو پاکستان زۆر کەمە هەرچەندە ژمارەى دانیشتوانیان زۆرە و بەرکەوتن زۆرە، دەبینین ئەو ولاتانە بەسوکى تێدەپڕێنێ و لە ئێران خۆى بەئەرز دادەدا. لەنێو ئەوروپاى ڕۆژئاوا وەک ئاگرى ناو پوش دەڕوا و لە ئەوروپاى ڕۆژهەڵات دەڵێى ئاگرى دواى باران بۆى دەڕوا، لە ئەمریکاى سەرو وەک هارى لێهاتوە و کەوتۆتە گیانى دانیشتوانى و سێبەرى مەرگ بەسەریى داپۆشراوە ، بەتایبەتى لە هەندێ شوێن وەک نیۆیۆرک، بەڵام لە هەمان کیشوەر لە باشور خاوتر بڵاو دەبێتەوە. لە هەموى عەجایبتر ناوچەکەى خۆمانە، عیراق بە کوردستانیەوە کەدەور دراوین بەو وڵاتانەى ئەو ڤایرۆسەى تێیدایە زۆر بەربڵاوەو ژمارەى مردوان زۆرە لە ئێران و تورکیا و عەرەبى سعودى و کوێت. باشە بۆ لەسوریا و لوبنان و عیراق ڕێژەکەى وا کەمە؟
زۆر جار لاى خۆمان هۆکارى گاڵتە ئامێزى بۆ دەدۆزنەوە وەکو ئەوەى کورد هەندە دەردەسەرى بینیوە کە ئەو ڤایرۆسە پێى ناوێرێت، یان هێندە خواردنى ئێکسپایەر لە ئێران و تورکیا بۆمان ناردراوە کە بەرگریمان زیادى کردوە، یاخود ئەوەى بەدەستى ئەو حکومەتە مشەخۆرە نەمرێت بە مشەخۆرى وەک ڤایرۆس نامری، یاخود هەموى درۆیە ئەوە بەزمى حکومەتە تا لەماڵ دانیشین و داواى موچە نەکەین و حکومەتیش خۆى لێگێل بکا، یاخود ئەوە بیرۆکەى ژن بوە تا پیاو لە ماڵ بەند بکا دەنا ئەسڵ و ئەساسى نیە، یاخود ئێمە کیمیا باران کراوین و بەرگریمان پەیدا کردوە ، یاخود ڤایرۆسێکى زۆر مەردە لەفەقیر نادات، یاخود کوا ڤایرۆس لە کوردستان هەیە دەنا وەک ولاتان توشى سەرۆک وەزیرانى دەکرد، یاخود ئەوە (مێد ئین چاینا) یە قابیلە چى دەرچى! هەر تەقلیدەکەیە…
لە سەرتا سەرى جیهان ،بە سەدان لێکۆڵینەوە دەربارەى ئەو ڤایرۆسە دەکرێت، لەبەر ئەوەى ڤایرۆسێکى تازەیە و داتاکان تەواو نەبوون، شێوەى نەخۆشیەکەو بڵاوبونەوەکەى و بەرەنگاربونەوەى زۆر لە گۆڕاندایە ونەتوانراوە بگەنە نەتیجە وهەرڕۆژە شتێکى تازە دەربارەى ئەو نەخۆشیە دەردەکەوێت و زۆربەى دەرئەنجامەکان لە نێو ئەگەرەکانداماون.
باواز لەوە بهێنین کە ئەوەدەست کردى مرۆڤە و کاردانەوەى زلهێزەکانە دژ بەیەک بەتایبەتى چین و ئەمریکا، ئەوا بینیمان لەو دوو وڵاتە چۆن بو، خۆ ئەگەر زوو چین بەخۆى ڕانەگەیشتابا و یەک ملیار خەڵکى بەگەڕ نەخستابا بۆ ڕێگرتن لەم نەخۆشیە ئەوا کارەساتى زۆرگەورەى لێدەکەوتەوە، وە ئەگەر باسى شەڕى بایۆلۆجى بکەین لە نێوان زلهێزەکان ئەوا لە زۆربەى زۆرى وڵاتە زلهێزەکان بڵاو بۆتەوە روسیا نەبێت درەنگتر ڤایرۆسەکە تەشەنەى کرد، بەڵام لەوێش بەهێز بوە. خۆ ئەگەر باس لەوەش بکەین، کە گوایە ئەووڵاتە سەرمایەدارانەى کە پیریان زۆرە و ئەو پیرانە بارقورسن لەسەر ئیکۆنۆمى ئەو ولاتانە و بۆ ئەوە بێت لەکۆل بەتەمەنەکان ببنەوە ئەوەتا یابان کە زۆرترین خەڵکى بەتەمەنى هەیە لە دونیادا نەخۆشیەکە لاوازە لەیابان.
یەکێ لەهۆکارەکان کە باس دەکرێت کوتانى دژى سیلە کە بەرەنگارى دەدا بەلەش دژ بەو ڤایرۆسە، بەلام ئەو کوتانە تا ساڵى 2009 لە فەرەنسا بەزۆرەملێى بو وە دواى 2009 کراوەتە ئیختیارى کەواتە هەموو ئەو کەسانەى کە پێش 2009 لەدایک بوون ئەو کوتانەیان بۆکراوە لە فەرەنسا، بەلام بۆ لە فەرنسا وا خراپ بڵاو بۆوە؟
دەڵین هۆکارێکى تر گروپى خۆێنى ئۆیە کەزۆربەى میللەتى ناوەڕاستى رؤژهەڵات لە وگروپەیە بەڵام خۆ خەڵکى عەرەبى سعودى و ئێران و تورکیاش هەر لەوناوچەیەن وئەى ئەو هەمو کوردە بۆلەدەرەوە بەر ئەو نەخۆشیە کەوتن وبە دەیان کورد لەدەرەوەى کوردستان گیانیان لەدەست دا، ئەى ئەوە بۆ؟
هۆکارێکى تر پاککردنەوەى ئاوە بە مادەى کلۆر کە دەڵێن ئەمە ڕێگرە، بەڵام لە هەندێ وڵات کەزۆر بڵاو بۆتەوە ئەوانیش کلۆر بەکاردەهێنن، ئەى ئەوە بانێکەو دوو هەوا؟
هۆکارێکى تر بەرنەکەوتنە ڕاستە ئەمە ڕۆڵى گرینگى بینى لەکەمکردنەوەى، بەڵام سەیرى سوید بکەین کە سیاسەتى دورکەوتنەوەى کۆمەڵایەتى (کەرەنتێن) بەکار نەهێنا، بەڵام نسبەتى توشبون و مردوى لە چاو ولاتەکانى ترى دەورو بەرى زۆر جیاوازى نیە، کە کەرەنتێنیان کردوە. ئەى ئەوە بۆ؟
هۆکارێکى تر کە لە ئەفریقیا کەم بڵاوبۆتەوە بەهۆى گەرمى ئەو ناوچەیە، بەلام لە هێندێ شوێنى تر کە کەش و هەواى وەک ئەفریقایە بە خراپ تێدا بڵاو بۆتەوە وەک قەتەر و ئەندەنوسیا و بەرازیل. کەواتە ئەمە بۆ؟
هۆکارێکى تر لەوولاتانەى ژمارەى دانیشتوانى گەنجى زۆرە کەمتربڵاو بۆتەوە وەکو عیراق کە 35% دانیشتوانى لەژێر 30 ساڵیدایە یاخود وڵاتە ئەفریقیەکان کە گەنج بەرگریان زۆرترە بۆ ئەم ڤایرۆسە یان کەدەیگرن زۆر بەسوکى دەیگرن کە هەستى پێنەکرێت بەلام ئەوەتا ولاتێکى وەک یابان کە نسبەتى گەنجى کەمەو پیرى زۆرە کەم توش هاتوون، کەواتە بۆ؟
زانایان و شارەزایان لە بوارى ڤایرۆسەکان و نەخۆشیە درمییەکان دەڵێن ئێستا زووە زانیارى و هۆکارى تەواو بدەین لەسەرجیاوازى لە شێوەو ڕێژەى بلاوبونەوەى ئەو ڤایرۆسە، بەڵام بێشک تەنیا یەک هۆ نیە لە شێوەى بڵاو بونەوەى، بەڵکو چەند هۆیەک پێکەوە واى کردوە کە ئەوڕێژەیە وبڵاو بونەوەى لە وڵاتێکەوە یاخود لەشوێنێکەوە بۆ شوێنێکى تر جیاواز بێت و ڕۆژانى داهاتو زانیارى زیاتر دەبێت و هەندێ لایەنى تر ڕونتر دەبن.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت