عوسمان عومەر: فلۆرەنسا و هەریمى کوردستان.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

کاتێ راپەرینى بەهارى 1991 بە ئەنجام گەیشت و زۆربەى شارەکانى کوردستان رزگار کرا، خەلکى کوردستان بەئەوپەرى تواناوە بەرگرییان دەکرد لەدەستکەوتەکان و تەنانەت فەرمانبەرانیش ئامادەبون بێ موچە خزمەتگوزارى خۆیان پێشکەش بکەن، هەروەها خەڵکی بەجۆشوخرۆشەوە چونە سەرسندوقەکانى دەنگدان بۆ پێکهێنانى دەسەلاتى خۆجێیى کورد. هەرچەندە باریى دارایی شارۆمەندان زۆر خراپ بوو، بەلام پشتیوان و هاوکارى دەسەلات بون. بەلام بەهۆى شەڕى ناوخۆوە دەرکەوتنى دزى و گەندەلى پاش چەندین ساڵ حوکمڕانى، کە نەیتولنیوە زۆرمافى هاوولاتیان دەستەبەربکات و، بارودۆخى هاوڵاتیان کوردستان تا بێت بەرەو خراپى دەچوو. بۆیە ئیستا خەلک نیگەرانن لەوەى نەشێ بەقسەکردن بەحوکمەتەکەى خۆیانى دەکەن لێى نارازین لە زۆربابەت بەواتاى کۆتایی حوکمرانى و دەسەلات ئاسانترە لەسەرەتاى دامەزراندنى دەسەلات.
فلۆرەنسا کۆتایی سەدەى چوادەمى زاینى هەم شکۆدار, هەم هەژار, جوانى کلیساکانى، بیناگشتى و تایبەتیەکانى, شەقام و گۆرەپانەکانى, بلیمەتى و پیشەیی بونى شارۆمەندانى, سەرزیندویی و گەشاوەیی ژیارو ژیانى هونەرى و رۆشنبیرى ئەوشارەیان کردبۆوە, شارێکى تاقانەى سەردەمى خۆى، جگە لە ڤینیسیا دەیتوانى شان لەشانى بدات.
شێرکۆ بێکەسى مەزن سالى 1986 واتە دواى پێنج سەدە سەردانى ئەو شارەى کردووەو نوسیویەتى، فلۆرەنسا شارێکە لەگوڵ و پەیکەر، لەهونەرو، نەختینەى مێژووی دوورونزیک، لەمۆسیقا و لەگۆرانى و جوانى, فلۆرەنسا خۆى بۆخۆى مۆزەخانەیەکى گەورەیە، شەقام و دیوار و تارمەو باخچەو گۆرەپان و کۆڵانەکانی هەرهەمویان توحفەن و گەنجینەیەکى لەبن نەهاتوى دونیاى هونەرین. گەر شیعر پایتەختى هەبوایە هەر ئێرەى هەڵدەبژارد، هەر ئێرەى دەکرد بە کەژاوەى خەیاڵەکانى و هەر ئێرەشى دەکرد بە جێى ئیلهام و وەحى خۆى. دیارە ئەو جوانى و دڵڕفێنیەى شێرکۆ باسى دەکات هەموى دەگەرێتەوە بۆ سەردەمى رینیسانس.
ڤیرۆلىش بەو شێوەیە باسى دەکات: ئەو جوانى و شەنگیەی بەهۆى لاوازی دامەزراوە سیاسیەکانیەوە، تەنها بەو کورتەماوەوە دەیتوانى ئاشتى و ئارامى شار دەستەبەربکات و دادپەروەرى و ئاسایش پێشکەش شارۆمەندانى خۆی بکات. لە ژێرئاسمانى ساماڵ و بێگەریدا لەهەواى پاک  و سازگاریدا هەست و تامەزرۆیی مرۆڤەکانى دەنرخان و تۆکمەیی تایبەتیان پەیدا دەکرد. گەلێک جار گۆرەپان و شەقامەکانى شار دەبونە شانۆى تێکهەلچونى دڕندانە و بێ بەزەییانەى نێوان بەرەو لایەنە جیاوازەکان، کە تامەزرۆی فەرمانڕەوایی کردنى شار بوون.
شەقامەکانى فلۆرەنسا بەبۆنەى ململانێ و زۆرانبازىانەوە لەخوێن دا سور دەبووم کە پێى دەوترا خوینى ئەوانى تر. لەکاتێکدا لەنێو کۆشکەکاندا دەولەمەندى و زرقوبەرقى بنەمالە گەورەکان خۆیان دەنواند. هاوکات لەخۆباییبون و گەندەلى داب ودەستورو رەوشتیان نمایش دەکرد , سەروەرى و سەربەستى فلۆرەنسا هەردەم لەمەترسى بوو ,فلۆرانسا بۆ بەرگریکردن لەخۆى ودەسەلاتى بەسەر شارەکانى دیکەى توسکاناوە دەبوو پەنا بەرێتە بەر سوپاى بەکریگیراو, ئەوانەش بۆ پارە دەجەنگان و گەر دەرفەتیان بۆ بڕەخسایە بۆ پارەى زیاتر بەدەستهێنان بێ هیچ دڕدۆنگیەک بەریان دەگؤڕی و دەچونە بەرەى دوژمنەوە.شاعیرانى خۆشمان زۆر هونراوەى جوان و وەسفى کوردستانیان نوسیوە کە بەهەشتێکى سەرڕووى زەمینە خاک و ئاوى گەوهەرە.
بۆ تێگەیشتنى بارودۆخى فلۆرەنساى کۆتایی سەدەى چوارەدە، ڕەنگبێ باشورى کوردستان لە ئەمرۆدا, سەرەتاى سەدەى 21 نمونەیەکى خراپ نەبێ, ئەمرۆ لەهەمو لایەکەوە گەندەڵى, گەندەڵى سیاسى و ئابورى سەرتاپاى ئەو حکومەتە خۆجێیى و نیمچە سەربەخۆیەى گرتۆتەوە و میرومەزنان و حیزب و لایەنەکان بەبێ گوێدان و ئاوڕدانەوە لە ویست نیازەکانى گەلى کورد سیاسەتێک پەیرەو دەکەن، کە جگە لەخۆیان و دەستەو تاقم و گەمژێنراوەکان کەس دانى خێریان پێدا نانێت .
هەموشمان دەزانین باشورى کوردستان بەردەوام قوربانى نێوان دوو زلهێزى دراوسێدا بۆ بەرژەوەندى خۆیان ڕۆژێک پاڵپشتى دەکەن و هەرکات کاریان پێى نەما پشتى تێدەکەن و چارەنوسى بەهات و نەهات دەسپێرن، نمونەش ساڵى 1975، کە گەورەترین جولانەوەى کورد لەناوبراو ئاشبەتاڵى پێکرا. هەرکات بیانەوێ دەست لەکاروبارى ناوخۆى وەردەدەن و هاوسەنگى تێک بدەن، نمونەش سالى 1997 کاتێ لەشکرى تورک هاوکارى پارتى دیموکراتى کوردستانى کرد بەچەک و جبەخانەو فرۆکە پێشکەوتوەکانى دژی هێزەکانی یەکێتی و بڵانسی هێزی گۆڕێ. لەدواى 31ى ئابیش ئێران هەرچەند بۆ مێژوو دەلێم: هەرچى پیداویستى لۆجیستى و چەک و تەقەمەنى بەپارەى ی ن ک کردراو، دواتر لە یەکلاکردنەوەی شەڕدا بەکارهات، کەچی کاتێک هێزەکانى ی ن ک گەیشتبونە نزیک سەرى ڕەش هۆشداریەک درابوو بە ی ن ک، کە ئەوێ هێلى سورە. ئەوانیش مەرامێکیان هەبوو, کەواتە هەردوو زلهێز زۆر بەووریاییەوە چاودێرى کوردستان دەکەن بۆ ئەوەى نەبێتە خاوەن هێزێک بتوانێ بەرامبەریان بوەستێتەوە, یا ئەوەى بەرەو سەربەخۆیی بروات بۆمافى چارەى خۆنوسینى, نمونەش پێش ریفراندۆم تورک و سەرۆکەکەى دەستیان لەپشتى سەرۆکى هەریم دا بۆ ئەنجامدانى ریفراندۆم، کاتێک ئەنجامدرا هاتە سەرخەت و بەتانەو گاڵتەوە گوتى: ئەوان موچەیان پێنادرێ 2 ملیار دۆلاریان لە ئیمە وەرگرتوە بۆموچە، کەچى ریفراندۆم ئەنجام دەدەن. ئاسمانى بەرووى هەریمە نیمچە سەربەخۆکەمان داخست و ئەوانەى ریفراندۆمیان ئەنجامدا ئەوەیان بیرچۆوە، کە گرێبەستى 50 سالەیان لەگەڵ کردون نەوتى کورد بەخۆرایی پارەکەى دەچێتە گیرفانیان و لەهەمان کاتیش کوردى وولاتەکەى خۆى دەکوژێ و زیندانیان دەکات تەنها لەبەر ئەوەى کوردن و، لەگەڵ ئەوەشدا هێشتا پ دک هاوکاریى دەکات لە هێنانى سوپاکەى و جێگێرکردنى لەزۆر ناوچەى باشورى کوردستان، بەتایبەت بادینان. سەرەڕاى ئەوەش دەستیان خستۆتە ناودەستیان بۆ لەناوبردنى هێزیکى شۆرگیرى باکورى کوردستان.
ئەو بارودۆخەى فلۆرەنساى سەدەى چواردەیە لەنێوان پاشاى فەرەنساو پاپاو لایەنگرانیدا وەک پاشاى ئیسپانیا ووردە دەسەلاتەکانى ئیتالیا گیرى خواردبوو. چۆن ئیستا ئیمە بە دەستى هەرسێ لایەنەوە دەنالێنین.

تێبینى/ بۆ هەندێ بڕگە سودم لە کتێبى شالیارى میکیاڤیلى وەرگرتوە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت