کامەران چروستانی: جیهان تەنیا ڕەش و سپی نییە.

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

نامەیەک بۆ ئەو مرۆڤەی، کە هەموو شتێکی مرۆیی دەتوانێت کۆمان بکاتەوە، بەڵام لە بۆچوون و باوەڕدا لێک جیاوازین

هاوڕێی ئازیز،

هەردووکمان دەزانین کە هەر یەکەمان خاوەنی دید و بۆچوونی جیاوازی خۆیەتی، دوو باوەڕ، دوو  ڕێچکە و دوو بنەما، هەردووکیشمان دەزانین کە هەر یەکەمان پابەندە بە بۆچوون و باوەڕەکانی خۆیەوە، بێگومان هەر یەکەشمان لە دیدی خۆیەوە خۆی بە ڕاست دەبینێت و هەر ئەمەش هۆکارە بۆ ئەوەی داکۆکی لە بۆچوون و باوەڕەکانی خۆمان بکەین. وەلێ کاممان ڕاستن و کاممان هەڵەین، ئەوەیان بابەت و تەوەرێکی دیکەیە: گرنگ ئەوەیە هەر یەکەمان خۆی بە ڕاست دادەنێت.

لەسەر ئەرزی واقیع ئەوەی ئێستا بوونی هەیە ئەوەیە، کە ژیان دوو دیدی جیاوازی بە ئێمە بەخشی، دوو بۆچوون و دوو ڕای جیاواز، بەڵام  هەموو ژیان لەو دوو بەرە جیاوازەدا کۆنابێتەوە، بەرەی لایەنگر و ڕکابەر نییە، ژیان تەنیا دۆست و دوژمن نییە، ژیان تەنیا ڕەش و سپی نییە، ژیان ڕەنگاوڕەنگە و بگرە لەنێوان ئەو ڕەنگە ڕەش و سپییەشدا بێسنوور ڕەنگ و جۆری خۆڵەمێشیش هەیە، هەتا ئەو ڕادەیەی هەر یەکەمان لەناو خودی هاوەڵ و هاوبیرەکانی خۆماندا چەندین گۆشەنیگا و چەندین ڕەنگی دیکە بەدی دەکەین، ئەگەرچی لەگەڵ ئەو هاوبیرانەدا لە هەمان گۆشە نیگای باوەڕبوونەوە تەماشای بابەتەکان بکەین.

ئەگەر لە دیدێکی ئاینیدا جیاواز بین، ئەوا شایەستەی نەفرەتی نیم، چونکە نە تۆ فریشتەیت و نە جێگرەوەی یەزدانێکی لەسەر زەوی هەتا ئەو ماف و دەسەڵاتە بە خۆت ببەخشیت، خۆ ئەگەر لە دیدێکی سیاسی و فکرییەوە بۆچوونەکانمان جیاواز بێت، ئەوا بێگومان بە کە تەنیا تۆ هەڵگری ئایدۆلۆجییەک نیت و تەنیا تۆیش نیشتمانپەروەر نیت و هەتا هەموو بەرەکانی دیکە خیانەتکار و نەزان بن، جا بەرەکەی دیکە خاوەنی هەر ڕەنگێک بێت یاخود لەوانەیە هیچ ڕەنگێکیشی نەبێت.

خۆشحاڵم کە دەبینم خاوەنی بیروبۆچوون و تێڕوانینێکی خۆتیت ئەگەر چی جیاوازیش بین، بەڵام هەرگیز نە جیهان بەو دوو بەرەیەی (دۆست و دوژمن) هەڵبسەنگێنە و نە هزر و هۆشیاری خۆت ڕادەستی باوەڕەکەت بکە، چونکە ئەزموونی مێژووی مرۆڤایەتی ئەوەی سەلماندووە گەورەترین مەترسی لەسەر تاک و کۆمەڵگا ئەو کاتەیە کە کەسێک یان کەسانێک بیرکردنەوەی خۆیان ڕادەستی بنەمایەکی فکری دەکەن و ئەو بنەمایەیە بۆیان دەستنیشان دەکات، چەند و چۆن بیر بکەنەوە.

هاوڕێی ئازیز،

هەر یەکەمان مافی ئەوەمان هەیە کە ئەو ڕێگەیە هەڵبژێرێت، کە بە دروست و ڕاستی دەزانێت، بەڵام خۆ ئەگەر خۆیشت وەها دەبینی کە تەنیا خۆت و هاوڕێبازەکانت ڕێچکەیەکی ڕاستتان گرتووە و هەرچی لە دەرەوەی ئەو پۆلە بفڕێت دوژمنە و نەیارە، ئەوا بێگومان بە کە لە بنچینەدا ئەو ڕێبازی بیرکردنەوەیەت هەڵە و چەوتە، چونکە لەلایەک ئێمە دەتوانین جیاوازی لە بۆچوونەکانمان بکەین بە پردێک بۆ گۆڕینەوەی زانیاری و ڕا جیاوازەکان، بۆ قبوڵکردنی یەکتر بەو شێوەیەی کە هەین بە مەرجێک سنووری کەسایەتی و ئازادی و تایبەتمەندێتییەکانی تر نەبەزێنین و یەکتر بریندار نەکەین. لەلایەکی تریش ئەگەر مرۆڤبوون و مرۆڤایەتی من (بە هەموو ئەو پێکهاتە ئەرێنی و نەرێنییانەی تێدا بەدی دەکرێت) تەنیا ئەو ساتە ببینیت کە لە بەرەی خۆتدا بەدیم بکەیت، ئەوەیان کارەستێکی زۆر گەورەترە لەوەی کە چاوەڕوانی دەکەین، چونکە مرۆڤایەتیمان ئەو ئامێزەیە کە هەموو مرۆڤێک بەبێ هیچ مەرجێک، دوور لە هەموو ڕەنگ و زمانێک، دوور لە هەموو ڕەگەز و نیشتمانێک لە خۆ دەگرێت. بە واتەیەکی ڕوونتر: ئەگەر بیروباوەڕەکەت، ئاینەکەت و بۆچوونەکانت ڕەشماڵێکی بۆ تۆ دروست نەکردبێت، کە سەرباری جیاوازی ڕەنگ و دیدمان منیش تیایدا جێگەم ببێتەوە ، ئەوا دڵنیا بە لەوەی کە پێویستە یان ئاوڕێکی نوێ لە ناخی خۆت بدەیتەوە یان بەدوای ڕەشماڵێکی دیکەدا بگەڕێیت.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت