بەیار عومەر عەبدوڵا: بازرگانیکردن بە لامەرکەزیەتەوە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

بەشێک لە سەرکردە باڵاکانی یەکێتی و گۆڕان بازرگانی بە کێشەی خەڵک و پرسی لامەرکەزیەتەوە دەکەن. هەر کات پارتی فەرامۆشیان دەکات، پەنا بۆ کارتی لامەرکەزیەت دەبەن، بۆ ئەوەی پارتی گوێیان لێبگرێت و گرنگیان پێبدات. دواتر دەستبەرداری لامەرکەزیەت و کێشەی خەلک دەبن.
چەند کەسێکی باڵادەست لە یەکێتیدا هەن کە خەلکی ئەم دەڤەرە نین و ھیج بایەخێک بەخەڵک و خاکی ئەم سنورە نادەن، پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەکانی گەرمیان و ڕاپەڕینیان فەرامۆشکردوە لە پێناوی بەرژەوەندی تایبەت و بازرگانیدا لەگەڵ پارتی. هەندێکیان حەزدەکەن ئەم سنورە لە ئێستا هەژارتر و کاولتربێت. سەرەنجام پارەی ئەم سنورە دەبەن و لە هەولێر پرۆژەی گەورەی پێدروستدەکەن.
هەر جارێک پرسی لامەرکەزیەت و فیدرالیەتی پارێزگاکان دەوروژێت و ئومێدێک لای هاوڵاتیان پەیدادەبێت، ئەمان ڕێگری لێدەکەن. ناڵێن بازرگانی و پارە و پۆستمان لە کیس دەچێت، بەڵکو دەڵێن ئێمە یەکپارچەیی خاکی کوردستان دەپارێزین. بەو هۆیەشەوە خەریکە چەمکی خاک و نەتەوە و نیشتیمان ناشرین و بێبەھا دەبێت لە ناو ھاوڵاتیاندا.
سەبارەت بە بزوتنەوەی گۆڕانیش، بەشێک لە بەرپرسە باڵاکانی مەسەلەی لامەرکەزیەتیان جوڵاند بۆ ئەوەی فشار لە پارتی بکەن و چەند پۆستێکی تر وەربگرن لەحکومەتدا، چونکە جگە لە وەزیرەکان، پێشتر لەسەر چەند پۆستێکی جێگری وەزیر و بەڕێوەبەری گشتی ڕێککەوتبون بەڵام پارتی نەیدەدانێ ودەستیدەستی پێدەکردن. بەڵام ئێستا بەهۆی فشاری لامەرکەزیەتەوە، چەند پۆستێکی تریان وەرگرت و بێدەنگ بوون.
بە کورتیەکەی لە پێناو چەند پۆستێکی بێبەھادا، کارتی لامەرکەزیەتیان سوتاند، کە تاکە کارتی بەھێزی ئەم سنورەیە بۆ ڕزگار بوون لە زوڵم و ستەمەکانی پارتی و بەھێزبونەوەی ئابوری پارێزگاکانی سلێمانی و ھەڵەبجە و ئیدارەکانی گەرمیان و ڕاپەڕین و گەڕانەوەی شکۆ بۆ خەڵک و خاکەکەی.

بۆ بیرخستنەوە:
لە دواهەمین هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستاندا لە ساڵی 2018 دا، یەکێتی نزیکەی 320 هەزار دەنگی بەدەستهێناوە؛ لەمە نزیکەی 185 هەزاری لە پارێزگای سلێمانی بوو. واتە 58% ی دەنگەکانی یەکێتی لە پارێزگای سلێمانی بوە و 42% ی لە هەردوو پارێزگاکانی هەولێر و دهۆک بوە.
گۆڕانیش نزیکەی 187 هەزار دەنگی بەدەستهێناوە؛ لەمە نزیکەی 143 هەزاری لە پارێزگای سلێمانی بوە. واتە 77% ی دەنگەکانی گۆڕان لە پارێزگای سلێمانی بووە و تەنها 23% ی لە هەردوو پارێزگای هەولێر و دهۆک بووە.
کەواتە زۆرینەی هاوڵاتیانی ئەم سنورە متمانەیان بە یەکێتی و گۆڕان داوە خزمەتیان بکات. یەکێتی و گۆڕان ئەگەر هەر بەردەوام بن لەسەر ئەم خەمساردیە و ئەم سنورە بکەن بە قوربانی چەند پۆستێکی بێبەها لە هەولێر، ئایا شایەنی ئەوەن جارێکی تر خەڵک دەنگ و متمانەیان پێبداتەوە؟ یان بە چ ڕویەکەوە داوای دەنگ لە خەلکی ئەم سنورە دەکەنەوە؟! مەگەر تەزویر فریایان بکەوێت.
کاتی ئەوە هاتووە ئەو کەسانەی دلسۆزی ئەم سنورەن لە ناو یەکێتی و گۆڕاندا، فشار لە سەرکردایەتیان بکەن، بۆ جێبەجێکردنی فیدرالیەتی پارێزگاکان کە بووە بە خواستی زۆرینەی هاوڵاتیانی ئەم سنورە، یان بیر لە بەدیلێکی تر بکەنەوە.
گومانم نیە لە دڵسۆزی زۆربەی ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی، بەڵام سەرکردایەتی حزبەکانیان ڕیسەکەیان لێدەکەنەوە بە خوری. کە حزبیش کاری لە خەمی گشتیەوە بوو بە بەرژەوەندی تایبەت دەبێت بە دووکانی سیاسی.
ئێستا کاتی ئەوە ھاتوە خەلکی ئەم سنورە خۆی ڕێکبخات و تەجاوزی ئەم حزبانە بکات و ڕاستەوخۆ کار بۆ فیدرالیەتی پارێزگای سلێمانی بکات. ئەوەی جێی خۆشحاڵیە دەستوری عێراق ڕێگەی داوە کە هاوڵاتیانی هەر پارێزگایەک بەبێ حیزبەکانیش داوای فیدرالیەت بکەن بۆ پارێزگاکەیان.
واتە ئەگەر لە پێناوی پۆست و پارەدا حزبەکان نەهاتنە ژێر بار، یەک لەسەر دەی دەنگدەرانی پارێزگای سلێمانی دەتوانن ڕاستەوخۆ داوای فیدرالیەتی پارێزگاکان بکەن. واتە لە کۆی (1.2 ملیۆن دەنگدەر)ی پارێزگای سلێمانی، ( 120 هەزار دەنگدەر) دەتوانن داوای بکەن و دواتر دەخرێتە ڕاپرسیەوە و دەبێت (50+ 1) دەنگی بۆ بدات؛ واتە زیاد لە (600 هەزار کەس) دەنگی بۆ بدەن.

تێبینی:
بەپێی دەستوری عێراق، کە لە ساڵی 2005 دا بە ئامادەبوون و ڕەزامەندی نوێنەرانی کورد (نەوشیروان مستەفا لە یەکێتی و مەسعود بارزانی لە پارتی) نوسراوە و دواتر لە ڕاپرسیەکی گشتیدا 80% ی گەلی عێراق بە کوردیشەوە دەنگی بۆ داوە.
بەپێی مادەکانی 117 بۆ 120 ی دەستوری عێراق، کە تایبەتە بە پێکهێنانی هەرێمەکان، هەرێم دەکرێت لە چوارچێوەی دەوڵەتی عێراقدا پێکبهێنرێت، کە پارێزگایەک یان زیاتر بێت. ئەمەش بە دوو ڕێگە دەکرێت.
ڕێگەی یەکەم/ یەک لەسەر سێی ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگا داوای بکەن (پارێزگای سلێمانی 32 ئەندامی هەیە، دەکرێت 11 ئەندام داوای بکەن).
ڕێگەی دووهەم/ یەک لەسەر دەی دەنگدەرانی هەر پارێزگایەک داوای بکەن. واتە لە کۆی 1.2 ملیۆن دەنگدەری پارێزگای سلێمانی، 120 هەزار کەس داوای بکەن.
ناکرێت هەتا سەر ئێمە باجی چاوچنۆکی چەند کەسێکی بەناو سەرکردە بدەین کە بەدوای بەرژەوەندی و پارە و پۆستەوە وێڵن، و کوردایەتی و یەکپارچەیی خاکی کوردستانیان کردووە بە پەردەیەک بۆ داپۆشینی عەیبوعاریان.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت