شاخەوان سەنگاوى: چاکسازى لە بەرگى پیلان سازیدا.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

هەموومان بە بێ جیاوازى لە مەترسى ئەم دۆخە ئابووریە تێدەگەین، کە دامەزراوەى حکومەتى هەرێمى تێکەوتووە، هەر بۆیە دەبینین چەندان نوسەر و شارەزا لە بوارەکانى ئیداری و ئابووریدا بەم ڕۆژگارە پێشنیار و بابەت بۆ چارەسەرى ئەم دۆخە و ڕزگار بوون لە دێوەزمەکانى داتەپینى ئابوور دەخەنە سەر سەرمێزى ئیدارەکانتان، ئەى ئێوە چى لە ماوەى بیست و نۆ ساڵ لە حکومەڕانیتان نەک گویتان نەگرتووە لە کەسە دڵسۆزەکانى ئەم نیشتمانە بگرە لە هەندێ باردا ئەگەر باجەکەى گیانى نوسەرەکە نەبووبێت ئەوا بێگومان شاربەدەر کراوە. چونکە خۆتان باشتر دەزانن شاباشەکانى ئێوە تەنها بۆ ئەو بابەتانە بووە کە بە شان و باڵى خۆتان و پارتەکانتانا هەڵدراوە کەواتە هەرگیز لەو بە ناو نوسەرانە نابیستى پێتان بڵێ بەرى چاوتان کلیى پێوەیە، چونکە عاقیبەتى بڕینى شاباشەکانتانە…..
کەواتە ئەم قیرانە کەڵەکە بووەى ئێستا هى تەمەنى حکومڕانیتانە. بەڵام ئەوەى دەریخست بڕینى ئەو لێشاوە پارەیەبوو کە لە بغدادى موفلیسەوە لە دواى ساڵى 2003 بەرەو هەرێم ڕێچکەى دەبەست، کە ئێوەش نەتوانتانى ژێرخانى ئابوورى ئەم هەرێمەى پێ بنیات بنێن، چونکە ژێرخان بریتى نیە لە بالەخانە و مۆدێلست و دەیان کەناڵى بێ بەرهەم.
کەواتە ئەوەى لە سەر ئەم حکومەتەیە بە تایبەتى تر سەرۆکى حکومەت و جێگرەکەى کە لە سەر کورسى بەڕێوبردنى ئەم هەرێمە دانیشتوون تەنها دوو ڕێگاتان لە بەردەمدایە کە دەتوانن خاڵى کۆتایى دابنێت لە پڕۆسەى حکومەتداریتانە.
خاڵى یەکەم/ ئەوەیە بە بڕواى من وەکو تاکێکى ئەم هەرێمە خاڵى کۆتایى لە سەر پڕۆسەى حکومڕانى خۆتان بۆ ماوەى ئەم ساڵە دابنێن کورسى دەسڵاتان بۆ کەسانى دیکە چۆڵ بکەن تا کەسانى دیکەى تەکنۆکرات بتوانێت ئەم هەرێمەمان لە گێژاوى نغرۆ بوون رزگار بکات. کە ئەم خاڵەیان بە بڕواى من بە لایى جەنابتانەوە ئەستەمە چونکە ئەم کەلتورە لە ناو کەلتورى کوردەوارى تا ئێستا جێگاى خۆى نەکردۆتەوە. کەواتە
خاڵى دووەم/ بەڕێزان سەرۆک و جێگرەکەى ئەگەر ئێوە دەتانەوێت چاکسازى بکەن، ئەوا بە پیلانگێڕى چاکسازى ناکرێت چونکە قوتى فەرمانبەران نابێت دەستکارى بکرێت ئەگەر هاتوو بندیواریش بێت، بە مەرجێ کە خاوەنى یەک مووچەبێت دەتوانین ناویى بنرێت بیمەى کۆمەلایەتى، ئەى ئێوە نەتاندەگووت دەیکەین بە دوبەى. کەواتە باشترە چاکسازیەکەى جەنابتان لەم بەشانەدابێت.
خەرجیە ناپێویستەکان: بەنموونەى ئیفادى دەرەوەى کاربەدەستەکان، پێشینەى مانگانەى دامەزراوە سیادیەکان، هاوکاریەکانى جاش و مستەشارەکان کە بە ناوى میوانخانەوە ئەمە جگە لە مووچەکانیان، بەشە بودجەى پارتە سیاسیەکانتان و… هتد. ئەم نموونەشى کە دەیڵێم مشتێکە لە نموونەى خەرجیە ناپێویستیەکانتانە کەواتە لە خۆتان بپرسن خەرجى قفڵە ئۆتۆمبیلەکانى خۆتان و جێگر و وەزیر و پەرلەمانتار و ڕاوێژکارەکانتان ساڵانە چەندە؟ وە بشپرسن بارتەقاى ئەو خەرجیە سود دەگەێنن بە کۆمەڵگا! کە خۆشتان باشتر دەزانن بەکوالێتى و قافڵە دوور درێژەکانى ئۆتۆمبیلەکانتان هەرگیز نەپارێزراو دەبن و نە خۆشەویستى نێو دڵى تاکى کوردیش دەبن.
داهاتەکان: نە بە پەڕە گرافێک و نە بە دوان و سیان ناتوانین سەرچاوەى داهاتە زۆر زەوەندەکانى ئەم نیشتمانەتان بۆ ڕێز بکەین یەک بە دواى یەک هەر لە بیرە نەوتەکانەوە تا دەگاتە داهاتەکانى بەڕێوبەرایەتى هاتووچۆکان. کەواتە داهات هەیە بەڵام ئامڕازى گەیاندنى ئەم داهاتە بە قاسەکانى حکومەت نیە چونکە نەک پارتەکانتان بگرە کەسایەتى پارتەکانیشتان هەر لە ڕێگا کورد وەتەنى حەپەلوشى دەکەن.، خێر و مەندانە ئەگەر بنکڕەکەى بهێڵنەوە.
کەواتە ئێوە دەتوانن بێنە سەر شاشەى تیڤێکان و بەرامبەر بەو دەستانە کە بۆ ماوەى بیست و نۆ ساڵە پارەى ئەم هەرێمە لە گیرفانى ئەواندا پاشەکەوت دەکرێت نەک بانکەکانى حکومەت هیچ نا بەس بڵێن STOP ئیدى نۆبەى میلەتە لە خێروبێرى ئەم نیشتمانە گەروى وشکیان تەڕ بەبێ، چونکە دەبێت چاکسازیەکەتان لە هەڕەمى دەسڵاتەکانتانەوە شۆڕ ببێتەو بۆ ئێمەى هاولاتى کەواتە خۆتان خاڵى یەکەمى چاکسازیەکەبن.

تێبینى: رێکخستنى خاڵەکان گرنگ نیە، بەڵکو ئەداى جێبەجێکردنى گرنگە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت