سەرکۆ یونس: بــــەرەو جەژنێکی بێ ناز!

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

هەرێمی کوردستان بە بارودۆخێکی نالەبارو پڕ کێشمەکێشی سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتی و تەندروستی و لێکەوتەکانی ڤایرۆسی کۆرۆنا و قەیرانی کەمبونەوەی کارەباوە ڕۆژەکانی کۆتایی مانگی پیرۆزی ڕەمەزان بەڕێ دەکات و لەکاتێکدا بەدەست دەیان قەیران و کێشەوە دەناڵێنێت لەسەرووی هەمویانەوە قەیرانی بێ بودجەی و پێ نەدان و دواکەوتنی موچەی فەرمانبەران و مامۆستایان و کەمئەندامان و خانەنیشینان و کەمبونەوەی پارە لە گیرفانی هاونیشتیمانیان و سستی و لاوازی جموجوڵی بازرگانی و بێ بازاڕی و بێکاری دەبینێتەوە و نەمانی متمانە لەنێوان خەڵک و حکومەت و ڕێکنەوتنی هەولێر و بەغدا لەسەر بودجەو مووچە و ناکۆکی لایەنە سیاسیەکانی هەرێم و داواکردنی هەندێ لایەنی سیاسی بۆ لامەرکەزی پارێزگای سلێمانی هەموو ئەمانە و نزیک بونەوە لە جەژنی ڕەمەزانی پیرۆز کە وا دەردەکەوێت یەکێکە لە بێ نازترین بۆنە ئایینی و کۆمەڵایەتییەکانی ئەم هەرێمە.
هاونیشتیمانیانی هەرێم زیاتر لە سێ مانگی ڕابردوو پابەندی بڕیار و ڕێنماییەکانی وەزارەتی تەندروستی و ناوخۆ بوون و وا بەهەموو کێشەکانەوە حکومەتی هەڕێم بڕیاری داوە لەیەکەم ڕۆژی جەژنی ڕەمەزانەوە بۆ ماوەی (72) کاتژمێری تر هاتوچۆ و سەردانی کردن قەدەغە دەکرێت بەبیانوی هاتنی شەپۆلی دووەمی ڤایرۆسەکەوە هەرچەندە زۆرێک پێیان وایە زیاتر مەبەستەکە سیاسی یە حکومەت لە سەرهەڵدانی ناڕەزایی و خۆپیشاندانی جەماوەری و هەندێ جار سیاسی حەزەر دەکات.
هەرچۆنێک بێت وا دەردەکەوێت جەژنی ڕەمەزانی ئەمساڵمان بەیەکێک لە بێ نازترین جەژنەکان ئەژمار دەکرێت هیوادارین ئەم بارودۆخی قەیرانی دارایی و بێ بازاڕی و سست بوونی ئابوری کوردستان لەوە زیاتر درێژە نەکێشیت و لایەنەکان هەوڵی جدی بدەن بۆ دەرباز بون و چارەسەرکردنی ڕیشەیی قەیرانەکە، چونکە درێژەکێشانی ئەم واقیعە چەندین ئاکامی خراپی لێ دەکەوێتەوە بەتایبەت قەیرانی سیاسی و ئابوری.
بەداخەوە بێ توانایی دارایی خێزانەکان لەم جەژنەدا بەئاشکرا بەڕوخساری هاونیشتیمانیانەوە دیارە و زۆرێک لە خێزانەکان چاوەڕێ ی دەستی خەڵکانی دەوڵەمەند و خواپێداوەکانن تا لە زەکات و سەرفیترەکانیان خوانی جەژن و جلوبەرگی ماڵ و مناڵیان بۆ بڕازێننەوە.

* ئابوریناس

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت