Kamal Namana

بەهادين نوری: کێ شەڕى هەندرێنى کرد؟ حشع یان پارتى؟

وتاریکورد ماڵپەرێکی سەربەخۆ و ئازادە

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

شتێکى ئاساییە و مافى خۆیانە کە هەموو ساڵێ برادەرانى پارتى ئاهەنگى ساڵیادى ئەوشەڕە دەگێرن، چونکە ئەوە ڕووداوێ بوو لە خەباتى چەکدارى کوردا کە مەلا مستەفاى بەرزانى سەرکردەى باڵاى بوو. بەڵام ئەوەى نەئاساییە و نە ڕەوایە ئەوەیە کەشەڕەکە و سەرکەوتنەکە بۆ پێشمەرگەى پارتى حیسابدەکەن و باس لەشەڕکەرانى ڕاستەقینەى ئەو بەرخوردە مێژوویە ناکرێ کە پێشمەرگەى حشع (حیزبى شیوعى عێراق) بوون. من زووتر نووسیومە لەسەر ئەم شەڕە . لێرەشدا جارێکى دیکە دەنووسم. من لە ناوشەڕەکەدا نەبووم، بەڵام لەناو بارەگاى حشع دابووم، لەئەشکەوتى نزیک گوندى کلێتە کە دەکەوێتە بەردەم زینی سەران (ملەى نێوان کاروخ و هەندرێن). من سکرتێرى رێخراوى حشع بووم لە هەرێم، لەگەڵ ئەندامانى مەکتەبى هەرێم مەلا ئەحمەد بانیخێڵانى و عادل سەلیم و یوسف حەناو فاتح رەسول. بارەگاکەمان نزیکەى 4 – 5 کم دوور بوو لە شەڕەکەوە.

شەڕەکە چۆن هاتە ئارا؟
مەلا مستەفا پاراستنى شاخى هەندرێنى رادەستى پێشمەرگەکانى حشع کردبوو. شەوى 12- 6- 1965 کە عریف یونس بەرپرسى سەرشاخ بوو، تاقمێ جاش و سەرباز لەسەربازگەى رەواندوزەوە بەشاخدا هەڵزنابوون و گەیشتبوونە نزیک پێشمەرگەکانى ئێمە لەسەرشاخ و رەبیەیان دامەزراندبوو. کە رۆژ بووەوە و دزەکردنى دوژمن ئاشکرا بوو ، چەند پێشمەرگەیەکى شیوعى کوڕانە خۆیان گەیاندە کەپکەموو (بەرزترین لوتکەى سەر هەندرێن)، بەمە کۆسپێکى گەورە لەڕێگەى پێشکەوتنی جاش و سەربازدا دانراو هێزێکى باشمان چوونە سەرشاخ بەرانبەر هێزى دوژمن. هەرئەو رۆژە لیژنەى سەربازى ئێمە کۆبوونەوە بۆ دارشتنى نەخشەى سەربازى بۆ دەرکردنى دوژمن.
ئەوە لەبەرچاوە کە مەلامستەفا سەرکردەی باڵای شۆڕشی ئەیلول بوو، بەهاوکاری لەگەڵ سەرکردایەتی پارتیدا ( مەکتەبی سیاسی ) یان بەدژایەتی ئەوان. دەبێ بەشێوەیەکی واقیعبینانە ڕووداوەکان، بەباش و خراپەوە، هەڵسەنگێنرێن. پارتی باش دەزانێت کە خاوەنی داستانی هەندرێن حشعە. بەڵام بەزۆر ئەوداستانە دەکات بەهی خۆی. وەک دەسەڵات قۆرخدەکەن، دەبێ هەموو ڕووداوێکی باشیش هەربکرێ بەهی ئەوان ( یان یەکێتی ). من بە برادەرانی پارتی دەڵێم:
– نەخێر ئێوە ڕۆڵێکی ئەوتۆتان نەبوو لە شەڕی هەندرێندا. ئەوشەڕە داستانی شیوعیەکانی عێراقە. حیزبێکی جەماوەری ڕەگداکوتاوو قاڵبوو لە خەباتی جەماوەریدا و… هتد. بۆچی پێتان ناخۆشە ئەو خاوەنی ئەو داستانەبێ؟ ئەگەر ئەو حیزبە نەبوایە بەپاشکۆی سەدام و دژایەتی کوردی نەکردایە، ئەگەر نەبوایە بە پاشکۆی حزبێکی قەومی کورد و خۆی نەخزانایەتە نێو دۆزەخی شەڕی براکوژی هەشتاکان ئێستە ئێمە لەوەزعێکی جیاوازدا دەبووین.
من دەتوانم قسە لەسەر شەڕی هەندرێن بکەم، چونکە ئەوکاتە سکرتێری ڕێخراوی حشع بووم لە کوردستان، چونکە بارەگاکەم لەبناری شاخی هەندرێن بوو. لێرەدا من هێندێ وردەکاری شەڕی هەندرێن دەخەمە ڕوو، تەحەدای ئەو کەسەدەکەم کە بەبەڵگەوە بەدرۆی بخاتەوە. پێش هەمووشتێ ناوی ئەوانە دەنووسم کەناویانم بیردەکەوێتەوە ( ناوی زۆریشم نایەتەوە بیر )، ئەوانەی بڕبڕەی پشتی هێزەکەی حشع بوون و ڕۆڵێکی باڵایان بوو لەو سەرکەوتنەدا:
1- نقیب کمال نعمان، شارۆچکەی بهرز نزیکی باقووبە، سەرکردەی هێزی حشع لە بالەک، ئەوپیاوەی نەخشەی بۆ شەڕەکە داڕشت و بەشداری مەیدانیشی کرد لە جێبەجێکردنیدا.
2- ملازم خدر ، ناسریە، بەرپرسی تۆپخانە ( ئێستە فەریقی خانەنشین، لەهەولێرە )
3- ملازم ڕەحمان، قادسیە، سەرپەل.
4- ملازم احسان
5- ملازم یوسف، ئاشووری، بەرپرسی کارگەی نارنجۆک و تەقاندنەوە
6- دکتۆر حسن کازم کە لە سوپاوە ڕایکردبوو، ئەفسەرێکی پزیشک بوو
ئەمانەی سەرەوە هەموو ئەفسەری شیوعی عەرەب بوون جگە لە یوسف، بەشێ بوون لە ستافی کادری هێزی حشع.
7- منیر عسکر، عنکاوە، بەرپرسی حیزبی و ڕابەری سیاسی هێزەکە بوو
8- حاجی مەلا، ڕەواندز، ئەندامی لیژنەی بنکەو بەرپرسی ئیدارەی هێزبوو.
9- فاخیری حمەداغای مێرگە سوور. ئەندامی لێژنەی بنکەوکادرێکی سەربازی کارامە
10- عەریف یونس، هەولێر. سەربازیکی شیوعی ڕاکردو لە سوپا، سەرلقی پێشمەرگە، یەکەم شەهیدی شیوعی بوو لە هەندرێن.
11- زراری سلێمان بەگ، کادرێکی گەنجی کارامە.
12- مستەفا چاوڕەش، سلێمانی، ڕابەر سیاسی پەلی پێشمەرگە، لەشەڕەکەدا فیشەکێ بەر سەری کەوت و گوییەکی کەڕ بوو
13- مام ئیلیاس، ڕەواندز. سەرپەلێکی ئازا. کوڕێکی لە شەرەکەدا شەهید بوو.
14- مام سدیق، جوتیاری گوندێکی ئەوناوچە، سەرپەلێکی لێهاتوو.
ناوی ئەو کەسانەم نووسی کەوتنە وەبیرم. زۆری تریش هەن کە ناویانم بیرچوەتەوە، یان هەرلە ئەسڵدا ناویان نازانم. بە بوێری و توانای ئەم ستافە کارامەی شیوعیەکان، بەخەبات و قوربانی هەموو پێشمەرگەکانی بنکەی بالەک، داستانی هەندرێن تۆمار کرا، پێشتریش داستانی سەری حسن بەگ تۆمار کرا ( 1963 ) کە خاڵی بنەڕەتی بوو بۆ ڕزگارکردنی ناوچەی بالەک لە ڕژێمی دکتاتۆری.
شەهیدانی شەرەکە چوار کەس بوون ، 3 شیوعی ( سەرلق عریف یونس ، ساڵحی مام ئیلیاس، . یەکیکیش لە لقی عیزەتی سلێمان بەگ ( خدر عەوڵا بەگی دەرگەلە ) شەهید بوو.
بریندارەکانی شەڕیش 7 هاوڕێ بوون ناویان :
1- مستەفا جاوڕەش
2- عومەر قەرەچەتانی
3- زراری سلێمان بەگ
4- ئیسماعیل نصراللە
5- سعید ڕواندزی
6- ڕەوؤف ئەللە کەرەم هەلەبجەیی
7- حەسنە شەل ، سلێمانی ( دڵنیانیم کە کەسیتریش نەبوو لەناو بریندارەکاندا ).
حەزدەکەم ئەوە بزانرێ کەحشع لەسەرەتاوە ،لە 1961 دا, دژی بزوتنەوەی چەکداری کورد بوو بۆ رووخاندی ڕژێمی عبد الکریم قاسم. سکرتێری حشع شەھید سەلام عادل ھەموو ھەوڵێکی خستەگەر بۆ ئەوەی پارتی پاشەکشە بکات لە خەباتی چەکداری. ( دوا ڕۆژیش ژیان سەلماندی کە هەڵوێستی حشع ڕاست بوو، کە دەستپێکردنی خەباتی چەکداری کەوتنە ناو داوی هەواڵگری بەریتانیا بوو بۆ ڕووخانی ڕژێمی نیشتیمانی قاسم، وەک تۆڵە لە شۆڕشی 14 ی تەمووزی 1958 ) پارتیش ھەوڵیدەدا بۆ ئەوەی حشع ڕاکیشێ بۆبەشداری لەو خەباتەدا، کەسیان بەقسەی ئەویدی نەکرد ھەتا کودەتای ئینگل و- ئەمەریکی – ناسری شوباتی 1963سەرکەوت و خالیکی سەرەکی کودەتاچیەکان قرکردنی شوعیەکانی عێراق بوو. ئەوە بوو ھەزارانیان لێکوژراو بەندینخانەکانیان لێپڕکرا. ئەوە ناچاریکردن شارەکان جێبێڵن و لە کوردستاندا چەک ھەڵگرن بۆ بەرگری لە خۆیان. باڵی مەکتەبی سیاسی پارتی لە دژی شوعیەکان وەستاو لە بەمۆ و سماقوڵی ھێرشی کردە سەریان و ژمارەیەکی لێ شەھیدکرن و زۆر بەتوندی سەرکوتی کردن، بەڵام مەلا مستەفا ھەڵویستێکی جیاوازی بوو، داڵدی دان و بە پێشمەرگە وەریگرتن، گەلێ لە راکردوەکانیان ناچار بوون بچن بۆ ناوچەی بالەک کە لە ژێر دەستی مەلا مستەفادا بوو. بەم چەشنە بنکەی بالەک پێکھات و گەورەبوو، ساڵێ پاش دروستبوونی نزیکەی 250 پێشمەرگەی حشعی تێدابوو، بوو بە گەورەترین بنکەی سەربازی شیوعیەکان لە کوردستاندا.
من لێرەدا بەشێوەیەکی کۆنکرێتی باسی رۆلی شیوعیەکانم کرد، با برادەرانی پارتیش بەھەمانشێوە بفەرموون رۆڵی حزبەکەیان بخەنە روو، با ناوی شەھید و بریندارەکانی پارتی بزانرێ، بەدەر لە لقەکەی عیزەت، با نە خشەی دارێژراوتان ببێنرێ و… ھتد .. جگە لەمەش ئێوە دەیەھا ساڵ چەکتان ھەڵگرتووە، بەڵام چەند « ھەندرین » لەم ماوە درێژە دا تۆمارکراون ؟ ئێوە نایب عەریفێکی پولیسی نە خوێندەوارتان کردبوو بە ئامیر ھیزی بالەک. ناڵێم پیاوێکی خراپ بوو، بەڵام دەلیم: ئەو دەیتوانی سەرکردەی پێشمەرگە بێ لە جوتیارە نەخوێندەوارەکان، نەک لە ئەفسەرو ڕۆشنبیران.
شەڕی هەندرێن وەکو ڕوداوێکی سەربازی بێوێنەبوو لەخەباتی چەکداری کوردی عێراقدا: کۆمەڵێکی بچوک لە شۆڕشگێڕان بە چەکی زۆرسادە وە سوپایەکی گەورە بەو دەردە بەرن! ئەم شەڕە شایستەی ئەوەیە کە لە ئەکادیمیای سەربازیدا دیراسە بکرێ و ئەزموونی لێوەر گیرێ. ئەم شەڕە سەرکەوتنی ئەو قارەمانانە بوو کە برینداربوو بوون بە گولەی دوژمن، چاوەڕوانی مردن بوون، خەڵتانی خوێن بوون… بە ورەیەکی بەرزەوە لەسەرشاخەکە هوتافیاندەکێشا: ( بژی حیزبی شیوعی عێراق ).
بەلێ پارتی بەشدار بوو لەشەڕی هەندرێندا. بەڵام چون بەشداریەک و کێ بەشداری کرد؟ لقی پێشمەرگەی عیزەتی سلێمان بەگی دەرگەڵە، کە نزیکەی ( 50 ) کەس بوون لەخەڵکی دەرگەڵە و دیهاتەکانی دەوروبەری، بەشداربوون و شەڕێکی قارەمانانەیان کرد، هیچیان کەمتر نەبوو لە پێشمەرگەکانی حشع. شەهیدیشیاندا. بەڵام ئەم بەشداریە بەس لە جێبەجێکردنی نەخشەکەدابوو، نەک لەداڕشتنی نەخشەو کاروباری هونەری شەرەکەدا. با کەمێ باسی تایبەتمەندیەکانی پێوەندی ئەم لقە لەگەڵ حشع بکەم:
سلێمان بەگی دەرگەڵە لەوانەبوو لەگەڵ مەلا مستەفا چوون بۆ کۆماری مەهاباد دواتریش پەنایانبرد بۆ یەکێتی سۆڤیت و پاش 14 تەموزی 1958 هاتنەوە. زراری کوڕیشی بەمناڵی لەگەڵی چوبوو، وەکو شیوعیەک گەڕایەوە. سلێمان بەگ دۆست و دڵسۆزی مەلا مستەفا بوو. لەهەمان کاتدا بوو بەدۆستێکی نزیکی حشعیش. عیزەتی کوڕیشی لە ڕۆژانی شۆڕشی ئەیلولدا لقێکی پێشمەرگەی دروستکرد. حشع دوای کودەتای فاشی شوباتی 1963 بارەگایان لە دەرگەڵە دانا، لە تەنیشت ماڵی سلێمان بەگەوە. پێوەندیەکی خۆش و دۆستانە کەوتە نێوان خیزانی سلێمان بەگ و شیوعیەکانەوە. من 1965 ــ 1967 لە دەرگەڵە ژیام وەکو سکرتێری ڕێخراوی کوردستان. دۆستایەتیەکی گەرم کەوتە نێوانمان لەگەڵ سلیمان بەگ و عیزەت. یارمەتی زۆریان داین و حشع قەرزاری ئەوانەیە. جگە لەمانەش، بە کاریگەری ئەم دۆستایەتیە چەند ئەندامیکی حشع لە خەڵکی دەرگەڵە و دەوروبەری جێگیربوون لە ناولقەکەی عیزەتدا بێئەوەی کێشە دروست بکات بۆ هیچ لایەکمان.
لە دۆخێکی وەهادا لقی عیزەت بەشداریان کرد لەشەڕی هەندرێندا. با ئەمە بۆ پارتی حیسابکەین. بەڵام ئەوی بە ویژدانەوە قسەبکات شەڕی هەندرێن هەردەکاتەداستانی حشع، لەگەڵ بەشداریەکی سنوورداری پارتی.
ئەنجامی سیاسی ڕاستەوخۆی شەڕی هەندرێن ئەوە بوو کە لە 29- 5 دا ئاگر بەس ڕاگەیەنرا لە نێوان حکومەتی عبدالرحمان عارف و مەلا مستەفادا. ئەوکاتە سەرەکوەزیرانی عیراق د کتۆرعبدالرحمان بزاز بوو. پیاوێکی ڕۆشنبیری ئەکادیمی بوو. ئارەزوو مەند بوو بێ شەڕو خوێنڕشتن کێشەکە چارەسەربکات. شەڕی هەندرێنیش قەناعەتی بە سەرۆک عبدالرحمان کرد، کە سوپاکەی توانای سەرکەوتنی نیە. لەملاشەوە. بەرلەوشەرە باڵی مەکتەبی سیاسی پارتی. بەسەرۆکایەتی ئیبراهیم ئەحمد، ڕێکەوتبوو لەگەل عبدالرحمان عارف لەسەر شەڕی دژبە بەرزانی. لەبەرئەوەو بۆ ئەوەی مەلامستەفا هەموو توانای خۆی بخاتە گەڕ دژی ( جەلالیەکان ) بە خۆشحاڵیەوە پێشوازی لە ئاگربەستی 29- 05 کرد کە هیچ دەسکەوتێکی جدی بۆ کورد تێدا نەبوو. بەڵام ئاگر بەسەکە خۆی لە خۆیدا دەسکەوتێ بوو بۆ کورد، چونکە با بە کاتیشبێ، خوێنڕشتن و کاولکاری لە وڵاتدا راگرت بۆ دوساڵ، تا روخانی عبدالرحمان عارف لە 1968دا.

تێبینی / پاش شەرەکە بەچەند ڕۆژێ من بەیاوەری سەرپەل مام سدیق، کە بست بە بستی هەندرێن شارەزابوو، چوومە سەرشاخ و سەیری هەموو ڕەبیە و جێگە شەرەکانم کرد. لەگەرانەوەشدا مام سدیق بزنە کێویەکی کوشت و هێنامانەوە بۆ پێشمەرگەکان.
* وێنەکە نەقیب کەمال نەعمانە سەرکردەی هێزی حشع لە هەندرێن

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت