لاوک کونجرینی: تەنها قسە دەکەین، بەڵام بێسوود!

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

چاوێ بگێڕە، جوان سەرنج بدە، بزانە شۆڕشەکانی کورد لە دوای شۆرشی شێخی نەمرەوە، چۆن وەک داشی دامە بە هەڵگیرسێنەرانی شۆڕشی کوردیان کردووەو، ئەم کڵێشەیە لەودیوو کوردەوە بڕیاریی لەسەر دراوەو ئۆباڵەکەشی سەپێنردراوە بە کارەکتەرێکی کورد و بۆتە مێژوو:

1- ىڕیاریی هەڵگیرسانەوەی شۆڕشی ئەیلول و شۆڕشی نوێ و پەکەکەو، دواتر هەڵسانەوەی حیزبی دیموکرات و بەردەوامی کۆمەڵەو… هتد. لە پایتەختی وڵاتانی داگیرکەر ئەنجامدراوە. لە کاتێکدا هەر وڵاتێکیان، ئەوەیان لەبەرچاو ڕوون بووە: کە دەبنە سپۆنسەری هەر هێزێک، لەکۆتا سەرکەوتنیدا بە ڕووی خۆیاندا هەڵدەشاخێ و دەبێتە کۆسپی بەردەم وڵاتەکەیان. ئەمە ئەو تێزەمان پێ دەڵێت: کۆی بڕیارەکان لە هەلگیرساندنی شۆڕش، لەدەسەلاتی دەوڵەتەکانی ناوچەکەو سەرانی کورد نەبووە. بەڵکوو ئامانجێکی سیاسی بەردەوامی دەوڵەتانی زلهێزە بە فۆڕمێکی ناڕۆشن و نادیار، کە کۆی دەوڵەتانی ناوچەکەو سەرانی کورد بێئاگان لێی.

2-  بڕوانە لۆزان و سیڤەر و سایکسبیکۆ، لەم مێزگرەدا باسی کورد دەربێنە، واتایەک بۆ ڕێکەوتن و هاوپەیمانییەکە نامێنێت، ئینجا دەرکردنی کڵێشەی سەربەخۆ بوونی کوردت بۆ دەردەکەوێت و، هۆکارەکەشی بۆ تۆڵە گەورەکەیە، کە سەلاحەدین ئەیووبی قودس و زۆرینەی وڵاتی شامی دوێنی و ( ئەردەن و لوبنان و سوریاو ئیسرائیلی) ی ئەمڕۆ. کە زۆرینەیان یەهوود و کلد و ئاشوری و ڕۆم بوون لە ناویی بردن، ئیتر لە دوای جەنگی جیهانی یەکەمەوە تا ئێستا، کورد باجی بەعەرەبکردنی ئەو وڵاتانە لە لایەن سەلاحەدینەوە دەدەن.

3- بەرهەمی چەندین ساڵەی پارتی، چۆن دەنکە کبریتێکی لێدراو، لەنێو سیلەی حەقدو تۆڵەی ئینگلیزدا بەرامبەر  بە کودەتاکەی 1968 بووە فاکتی شۆڕش و ئەنجامەکەی بڕیارێکی سادەو کارەساتبار، کە ئاشبەتاڵ بوو. حکومەتی عەبدولکەریم قاسم، کە دەسەڵاتی ئینگلیزی تێکشکاند و دواتر لە نێو بەردەوامی بە ناو شۆڕشی ئەیلوولدا، چەندین حکومەتی یەک لەدوای یەکی عیراق بە کودەتای خوێناویی هاتنە سەر حوکم و، کۆتا حکومەتەکەی ئەفلەقییەکان بە نێو تەموومژێکی نادیاردا، کە  دوا ویستگەیان سەدام بوو، خاڵێکیان بەکۆتا هەنگاوی بەرزانی داناو، خۆیان هاتنە سەریی دێرێکی نوێی و، کۆتاییان بە شۆڕشی ئەیلوول هێنا.

4- ڕیفراندۆم ئەنجام درا، زۆرینەی کورد لەگەڵی بوو، بەرزانی بڕیاری بەرگری و کۆمەڵێک مژدەی سیاسی و سەربازیی بە خەڵک دا. سەر ئەنجام  16 ئۆکتۆبەر و زویربوونی دەوڵەتانی ناوچەکەو ئەروپاو گەورە دەوڵەتانی دۆستی لێکەوتەوەو، دۆڕاندنی خاك و ورەی هێزەکانی پێشمەرگەو، ناڕێکی لە ئابوری و سیاسی و، تەنگەشەی کۆمەڵایەتی لەچوارچێوەیەکی ڕیسوایی بەرئەنجام بوو.

ئیتر دەبێت لە خۆمان بگەین، هەرچیمان کرد بە خواستی خۆمان نەبوو، هەرچیش بکەین هەر بەخواستی خۆمان نابێت. ئەمە بەرنامەیە: لەو شوێنەی دەبێنە کارەکتەری ئازا، یان دەبینە کارەکتەری دۆڕاو، خواست و توانای خۆمان نییە، بەڵکوو دەرهێنەرەکە ئەو دەورەمان پێدەبەخشێت، کە لە دەرەوەی ناوچەکە کۆنتڕۆڵەکەی بەدەستەوەیەو، کە کورد و سەرانی ناوچەکە دەجوڵێنێت.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت