کامەران چروستانی: چاکسازیی هەرێم، خەونێکی ئاستەم.

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

بەر لە هەموو شتێک هیوادارم لەم بەدواداچوون و پێشبینییانەم هەڵە بم و، شتەکان بە پێچەوانەوە بن.
یەکێک لەو خەسڵەتە ئەرێنییانەی، کە لە وڵاتە پێشکەوتووەکاندا بەدییان دەکەین، بریتییە لە: پرۆسەی چاکسازی و گۆڕانکاریی بەردەوام لە سەکتەرە جیاوازەکانی دەسەڵات و ژیانی تاک و کۆمەڵگا. ئەمەش نەک تەنیا پاڵێکی نوێ بە باشترکردنی بارودۆخی ژیانی کۆمەڵگاوە دەنێت، بەڵکوو دینامیکییەک بە ژیان و پێشبینییەک بە تاک دەبەخشێت، کە هەمیشە دەتوانرێت گۆڕانکاری بکرێت و هەنگاوێک بەرەو پێشتر بنرێت لەگەڵ پێکهێنانی حکومەتی نۆیەمی هەرێم دروشمی چاکسازی بەرز کرایەوە و سەرۆکی حکومەت ئەو پرۆسەیەی کرد بە یەکێک لە بەرزترین ئامانجەکانی حکومەتەکەی لە چوار ساڵی ماوەی دەسەڵاتی خۆیدا.
بێگومان ئەم ئامانجە خەونی نەک تەنیا سەرۆکی حکومەتی هەرێمە، بەڵکوو خەونی هەموو تاکێکی دڵسۆزی ئەم کوردستانەیە، بەڵام ئایا دەتوانرێت بخرێتە سەر زەمینەی واقیع؟
ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ بەر لە بیست و نۆ ساڵ کاتێک هێز و لایەنەکان گەڕانەوە ناو شار و شارۆچکەکانی کوردستان و ئەگەر چاوێکی خێرا بخشێنین بە ڕووداوەکانی ئەو ماوەیە، ئەوا دەتوانین چەند خاڵێکی سەرەکیی کورت بخەینە ڕوو:
1- دوو حیزبی دەسەڵاتداری یەکێتی نیشتمانی و پارتی دیموکرات، خاوەنی هێزی پێشمەرگە، هەمیشە دوو دۆست یان ڕکابەری سەرسەخت و لە هەندێک قۆناغیشدا دوژمنی یەکتر بوون، بەردەوام لە بنەمایەکی تەسکی حیزبایەتییەوە دەسەڵاتی خۆیان بەسەر سەرتاپای ناوچەکانی دەسەڵاتیان لە هەرێمدا چەسپاندووە و لە دەری ئەو سنوورە حیزبایەتییە تەسکە هەرگیز ئامادەی هیچ سازشێکی نیشتمانی نەبوون بۆ یەکتر.
2- گەندەڵی ئەو دەردە کاولکارەیە، کە خودی حیزبەکان لەناو کۆمەڵگا و دامودەزگاکانی حکومەتدا چاندیان هەر لە سەرەتای دەسەڵاتیانەوە و هەتا ئێستاش بەردەوامە. ئەم مێژووە لەگەڵ ئاودیوکردنی ماشێن و کەرەستە و ئامێرەکانی میراتی سەدام دەستی پێ کرد و لەگەڵ گەورەبوونی ئاستی ئابووری و داهاتەکان گەندەڵییەکان و بردنی سامانی میلـلەت زۆرتر و گەورەتر بوو.
3- دەرهاویشتەیەکی خاڵی دووەم بریتی بوو لە سەرهەڵدانی هەندێک کۆمپانیای زەبەلاحی حیزبی و سێبەری دەسەڵات کە کۆنترۆڵی سەرجەم دەمارە سەرەکییەکانی ئابووری هەرێمیان کرد و هاوکات حکومەت لە خزمەتی ئەو کۆمپانیایانەدا کاری دەکرد، کە داهاتەکانی بۆ دەسەڵاتداران، بەرپرس و سەرکردەکان دەگەڕایەوە.
4- ڕوویەکی دیکەی گەندەڵی لە سەرەتادا بریتی بوو لە بەحیزبیکردنی دامودەزگاکانی هەرێم و پاشتریش دامەزراندنی لەشکرێک لە موچەخۆران، کە لە ئێستادا لە ڕووی ژمارە و ئاست و ناونیشانی پۆستەکانەوە بوون بە بارگرانییەک لەسەر خودی ئەو دوو حیزبە و هەروەها بارگرانییەک لەسەر بوجە و پێکهاتەی دامودەزگاکانی حکومەت.
ئەمە و چەندین خاڵی دیکە ئەوە دەخەنە ڕوو، کە دوو حیزبی دەسەڵاتی سەرەکی لە هەرێمدا چەکەرەی هەموو ئەو تەوەرانەیان چاندووە، کە ئێستا دەیانەوێت چاکسازی تێدا بکەن، هەر ئەوانیشن ڕێگەخۆشکەر بوون بۆ هەموو ئەو گەندەڵی و بەهەدەردانی سامانە کە لە ماوەی ڕابردوودا ڕوویان دەدا.
هەموو پرۆسەیەکی چاکسازیش لە هەر سەردەم و شوێنێکی ئەم جیهانەدا پێویستی بە تێگەیشتن و دیدێکی نوێ هەیە، کە بتوانێت بنیاتی ڕەوتێکی نوێ بنێت. گۆڕانکاری لە خودی سیستم و هەروەها ئەو کەسانەشدا بکات، کە بەشێک بوون لە سەرهەڵدانی هەموو ئەو کێشە و قەیرانانەی ڕابردوو. هاوکات هێزە سیاسییەکان ئەگەرچی هاودەنگ و کۆک نەبن لەو پرۆسەیەدا، ئەوا بە لایەنی کەمەوە ڕێگر نەبن.
وەلێ ئەوەی لە هەرێمدا دەگوزەرێت تابلۆیەکی دیکە دەخاتە ڕوو، کە سەرکەوتنی پرۆسەی چاکسازی لە ئاستەم نزیک دەکاتەوە. مەخابن تێگەیشتن و دیدی حیزبە دەسەڵاتدارەکان لە کوردستاندا هەمان دیدی و تێگەیشتنی 29 ساڵی ڕابردووە، هەمان دیدی تەسکی حیزبایەتی، هەمان مەنسوبیەت و مەحسوبەیت، هەمان بەحیزبکردنی دامودەزگا و پۆستە باڵاکانی حکومەت و وەزارەتەکان. بگرە هەرە زۆرینەی بڕیاردەرانی لوتکەی دەسەڵات هەمان کەسایەتیی پێش بیست و نۆ ساڵ یان میراتگرەکانیانن، کە هەمان تێڕوانینیان بۆ میراتگریی دەسەڵات و بەکارهێنانی لە پێناوی حیزب و کەسایەتییەکاندا هەیە. بارە قورسەکەی سەر شانی حکومەت لە کۆکردنەوەی چەندین کەسانی بێئاست و بێتوانا لە لوتکەی دەسەڵات و سەرجەم دمودەزگاکاندا ڕێگرێکی دیکەیە لە ئەنجامدانی چاکسازی، چونکە بۆ هەر هەنگاوێک بەو ئاراستەیە و لابردنی ئەم کەسانە دەنگی ناڕەزایی لەناو خودی حیزبەکەی خۆیاندا یاخود حیزبی بەرامبەردا سەر هەڵ دەدات کە بە کارێکی ناڕەوا لە قەڵەمی دەدەن و بگرە لەوانەیە بخرێتە ناو قاڵبی بێڕێزیی بەرامبەر بە ڕابردوو و قوربانیدانی ئەم کەسانە لە سەردەمی شۆڕشدا. بێگومان بەرژەوەندیی حیزبی لێرەدا فاکتەرێکی گرنگە بۆ ئەوەی حیزب و حکومەت پاشەکشە لە لابردنی ئەم یان ئەو بکات و چاوێک بە پرۆسەکەدا بخشێنێتەوە کە لە کۆتاییدا باجەکەی بریتی دەبێت لە شکست یان سەرنەکەوتنی چاکسازییەکە.
هەروەک لە سەرەتادا ئاماژەم پێ کرد: هیوادارم لەم بۆچوونەمدا هەڵە بم، بەڵام لە دیدی خۆمەوە هەتا حیزبەکانی کوردستان لە کۆت و بەندی حیزبایەتی، بنەماڵەیی و میراتگریی دەسەڵات دەرنەچن، هەتا ئەو کاتەی تێگەیشتنێک نەیەتە ئاراوە، کە حیزب و دەسەڵات ئامرازێک بن بۆ خزمەتکردنی کۆمەڵگا، نەک بۆ وەدەستهێنانی سامان و دەسەڵات، ئاستەمە چاکسازیی بگوزەرێت.
ئەگینا لەم بارودۆخە هەنوکەییەدا ئەگەر شتێکیش ڕووبدات بە ناوی چاکسازییەوە، ئەوا جگە لە ڕووکەشیک بۆ ڕێکڵامەی حیزبی و بەدەستهێنانی دەنگی دەنگدەران و ڕووپۆشکردنی ڕاستییە تاڵەکان، هیچ شتێکی دیکە لە کرۆکی سیستمەکەدا ناگۆڕێت.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت