بورهان شێخ ڕەئوف: ئەمریکاو عێراق بەرەو قۆناغێکى نوێ.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

دواى گۆڕانکاریە خێراو چاوەڕوان نەکراوەکانى ناوچەکە و ئاڵۆز بوونى بارودۆخى ناوچەى ڕۆژهەلاتى ناوین، لە دواى بڕیارى ئەنجومەنى نوێنەرانى عێراق لە سەرەتاى ئەمساڵ بە تایبەتى لایەنە شیعیەکان بە کشانەوەى هێزە بیانیەکان ڕوونتر ئەمریکیەکان لە عێراق ئێستا گەڕێکى ترى گفتوگۆ لە نێوان هەردوو حکومەتى ولایەتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا و حکومەتى ناوەندى عێراق و نوێنەرێکى هەرێمى کوردستانیش دەستى پێکردووە.

دۆسیەى گفتوگۆکە چواربوارى گرنگ لە خۆدەگرێت:
1- سیاسى
2- ئاسایش
3- ئابورى
4- ڕۆشنبیرى
لە بوارى سیاسیدا هەردوولا تێبینى و زانیارى لە سەر نێردە دبلۆماسیەکانى یەکدى دەگۆڕنەوە، بەڵام پێدەچێت بوارو دۆسێیەى گەرم و گرنگ لایەنى تەناهى و ئاسایش بێت کە لە نێو بڕگەو بەندەکانیدا ئایندەى مانەوەى هێزەکانى ئەمریکا لە عێراق دەبێت. هەرچەندە سەرەتا وتووێژەکان تەکنیکى دەبێت و لە شەش مانگ تاوەکو ساڵێک دەخایەنێت لە سەر ئاستى بریکارو جێگرى وەزیر بەڕێوەدەچێت، ئامانج لێى ڕێکەوتنێکى ئیستراتیجى نوێ یە.

خاڵى لاوازى عێراق لەم گفتوگۆدا
هەرچەندە دکتۆر فوئاد حوسێن دواى ڕۆژێک لە دەست بەکاربوونى وەکو وەزیرى دەرەوە لە کۆبوونەوەیەکدا لە گەڵ باڵوێزى ئەمریکا لە عێراق ( ماسیۆ تولەر ) ڕایگەیاند هەموو ئامادەکارییەکان کراوە بۆ گفتوگۆکانى نێوان دوو وڵات، هەرچەندە بە درێژى و بە ڕاشکاوى جۆرى ئەو ئامادەکارییە ڕوون نەکرایەوە، چونکە پێناچێت عێراق لە ئێستادا هیچ کارتێکى بەهێزى بە دەستەوە بێت بۆ ئەوەى گفتوگۆیەکى هاوسەنگ لە گەڵ ئەمریکادا بە ڕێوەبەرێت بە هۆى شپرزەیى بارودۆخى عێراق لە ڕووى ئابورى و دابەزینى نرخى نەوت و بڵاوبوونەوەى ڤایرۆسى کۆرۆنا و کێشەو ململانێ درێژ خایەن و کەڵەکە بووەکانى عێراق، لە بەر هەموو ئەو فاکتەرانە گومان لە تواناى وتوێژکارانى عێراقى دەکرێت کە بتوانن وتوێژێکى بەرهەمدارو ڕاشکاو بەڕێوەبەرن لە بەرامبەر وتوێژکارانى ئەمریکا کە بەرچاویان ڕوونەوە دەزانن چى دەخوازن .
جگە لەوانەش کاتى وتوێژەکەش کاتێکى گونجاو لەبار نیە بۆ حکومەتى عێراق کە مانگێک و چەند ڕۆژێکە پێکهاتووە و هەموو دۆسیەو وەرەقەکانى ناودەستى خۆى ڕێک نەخستووە وەکو پێویست، ترسى ئەوە هەیە لە لایەن زۆر لایەنى عێراقیەوە کە سازش بکرێت و عێراق بەرگەى فشارەکانى ئەمریکا نەگرێت لە بەرئەوەى لە ئێستادا عێراق پێویستى بەکۆمەک و هاوکارى یە لە ڕووى ئاسایش و ئابوریشەوە.
لە لایەکى تریشەوە هەندێک لایەنى عێراقى بە دیاریکراوەى میلیشاکانى حەشدى شەعبى نزیک لە ئێران دەخوازن هێزەکانى ئەمریکا لە عێراق بکەنە دەرەوە، هەرچەندە کوردو سوونەکان لەکەڵ ئەم بۆچوونەى شیعەکاندا یەکناگرنەوە هەرچەندە شیعەکانیش هەموو هاوڕا نین، بەڵام دواجار ئەوە بەرژەوەندى و خواستى ئەمریکا دواجار یەکلایى دەکاتەوە ئەگەر خواستى مانەوەى هەبێت دەمێنێتەوەو عێراق قایل دەکات بە شێوازى تایبەتى خۆى ئیتر لە ڕێگەى هێز یان پێدانى ئیمتیازو ئیغرائات و سازش.
لەلایەکى تریشەوە باڵوێزى ئەمریکا لە عێراق لە لێدوانێکدا بۆ میدیایاکان ڕایگەیاند کە گفتوگۆکانیان گشتى دەبێت و هەموو بوارەکان دەگرێتەوەو دۆسێەى ئاسایش یەکێکە لە دۆسێە گرنگەکانى ترى وەکو ئابورى و سیاسى مافەکان و ڕۆشنبیرى هیچیان لە یەک جیا ناکرێنەوە.
هەرچەندە بڕیار بوو گفتوگۆکان راستەوخۆ و ڕووبەڕوو لە بەغداد ئەنجام بدرێت، بەڵام دواتر بە هۆى ڤایرۆسى کۆرۆناوە شێوازى بەڕێووەچوونەکەى گۆڕا بۆ کۆنفرانسى تەلەفزیۆنى داخراو.
لە کۆتاییدا ئەوەى بەدى دەکرێت هەرچەندە ئەمریکیەکان وەکو هەندێک سەرچاوە باسى دەکەن بە مستەفا کازمیان ڕاگەیاندووە کە ئامادەن هێزەکانیان لە عێراق بە تەواوى بکشێننەوە لە سەر بڕیارى پەرلەمانى عێراق، بەڵام هەندێک سەرچاوەى تر دەلێن ئەو لێدوانەى ئەمریکا تەنها ڕووکەش و لەو متمانە زۆرەوە هاتووە بە کازمى کە شارەزایەکى زۆرى بوارى ئاسایشەوە ڕیسک بەوەوە ناکات کە پشتیوانى سەربازى و ئاسایشى ئەمریکا لە دەستبدات لە کاتێکدا جموجووڵى داعش بەزۆرى بەدى دەکرێت لەزۆر لە ناوچەکانى عێراق، عێراق لە بەر مەترسى گەورەدایە و بە تایبەتى سەرهەڵدانەوەى سیناریۆى 2014 لە دواى کشانەوە ى هێزەکانى ئەمریکا لە 2011 لە سەردەمى ئۆبامادا.
بۆیە عێراقیەکان لە هەوڵى ئەوەدان کە پاڵپشتى و هاوکارى ئەمریکا لە دەست نەدەن و بە تایبەتى لە ڕۆژئاواى عێراق لە بنکەى عێن ئەلئەسەد و لە باکوریش لە هەرێمى کوردستان لە بنکەى حەریر چالاکیەسەربازییەکانیان ئەنجام بدەن، جگە لەوانەش یارمەتى ئابوورى بۆ دەرچوون لە قەیرانى ئابورى و پیدانى قەرز و فشار لە کۆمپانیاکان بۆ ئەوەى پەلە لە عێراق نەکەن بۆ گێڕانەوەى قەرزەکان.
لە بەرامبەریشدا ئەمریکیەکان دەخوازن حکومەتى عێراق سنورێک بۆ جموجۆڵى میلیشیا شیعەکانى سەربەئێران دابنێت کە پەلامارى باڵوێزخانە و بنکە سەربازییەکانى ئەمریکا دەدەن لە عێراق.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت