ئارام قزلەری: ئێستا کاتی سوپاس و ستایش و بەشان و باڵا هەڵدانە، ئێستا کاتی سزاو رسواکردنی گەندەڵکارانە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

راستیان وتوە کە دەڵێن رۆژانی تەنگانە دەری دەخات
کێ خاوەنی راستەقینەی نیشتیمانە
کێ دلسۆزو خەمۆری رۆژی تەنگانەی هاوڵاتیانە
کێ شایستەی رێز لێگرتن و مەدالیای رێز لێنانە
کێش دزو گەندەڵ و خیانەتکارو خوێن مژو سەروەت و سامان دزی کوردستانە.
کوان ئەوانەی بەجۆرێک بەرچاویان سوربوبو پێشمەرگەی دێرین و کەسوکاری شەهیدان ڕایان ئەکرد بەدوای رەتڵی ئوتومبێلە جام رەش و زیپۆشەکانیاندا بۆ تەنها ساتێک بینینیان بۆ بژێوی ژیانیان، بەلام خۆیان لێ ئەدزینەوەو فیرعەون ئاسا دەست نە ئەکەوتن و تۆزو خۆڵی تایەکانیان ئەکرد بە سەریاندا.
کوان ئەوانەی لە جێڵی قژی سەریانەوە تا قات و پێلاوە مارکەکانی پێیان بە هەزاران دۆلار ئەکڕی و بەجۆرێک لوتیان گەیشتبوە ئاسمان بۆ چەند دەقیقەیەک بینینیان دەبو شەش مانگ لە سەرەی چاوەروانیدا بویتایە تا ئەمر بفەرمون بچیتە بەردەم حزوریان.
کوان ئەوانەی لە پاڵ دەسەڵات و داهاتی نیشتیماندا خۆیان و ماڵ و منداڵ و تەنانەت هەندێکیان هاوسەرەکانیشیان بونە خاوەنی چەندین کۆمپانیاو خاوەنی دەیان ملیۆنە دۆلارو خاوەنی هەزاران دۆنم زەوی بۆ بەرزکردنەوەی باڵەخانە زەبەلاحەکانیان و بۆ تەنها ماڵە شەهیدێکیش سودی خوانی ژەمێکی لێ نەبینین و ئێستاش سەر لوتکەی بالەخانەکانیان بۆ خۆیان کردۆتە گەورەترین ڤێلاو پاشا ئاسا تیایدا ژیان بەسەر ئەبەن.
کوان ئەوانەی لەباخە شاهانەکانیان تا بەیانی بە ویسکی سپێشڵ و گۆشتی قەل و پۆرو قازو جۆرەها بالندەی ترەوە بەدەم شەو مەستی و جارجارەش بەیادی تازە زاوایەتی جارانەو شەوانی وەنەوشەیان بەرێ ئەکەن و ئاگایان لە بێموچەیی و برسێتی هاوڵاتیان نیە.
کوان ئەوانەی بۆ تەنها رۆژێکیش نە شەونخونیان بینیوەو نە ساردی و گەرمیەکیان چێشتوەو نە کێچ و ئەسپێی مزگەوتەکانی سەردەمی شاخ و پێشمەرگایەتی خەوی شەوانی ماندوێتی دوای مەفەرەزەی لێ زڕاندبن کەچی ئێستا بە قادری قودرەت بە ویراسەت بۆیان ماوەتەوە یان سەرکردایەتین یان بەرلەمانتارن یان وەزیرو گزیرن.
کوان ئەوانەی لەوەتەی مرۆڤایەتیان هەیە هەر مستاوچی و کاسەلێس و پیاوی ئەم و ئەو بون و لە سەر خوێنی هەزاران هەزار شەهیدی ئەم نیشتیمانە خۆیان دەولەمەند کردوەو ئێستا بێ باک لە تەر ئەخۆن و لەوشک ئەخەون ئاگایان لە خەلکی برسی و هەژار نیە جنێویش بە حزبەکانیان ئەدەن و لە هەمو شتێکیش بێمنەتن.
کوان دەم درێژەکانی حکومەت و پەرلەمان کە تا ئێستا بەردێکیان نەخستۆتە سەر بەردێک بۆ ئەو ئاوات و خۆزگانەی هاوڵاتیان چەندین ساڵە لە پێناویدا گیانیان ئەبەخشن و تیا ماڵ وێران بون ئەمانەش هەر خەریکی موچەو خۆدەولەمەند کردن و ئیمتیازانی خۆیانن تا ئەمساتە وەختەش.
کوان عودەی و قوصەیەکانی بۆنی شیری خاو لە دەمیان دێت و هەر رۆژەی بە جۆرێک و بە مۆدێلێک و بە رەنگێکی ئوتومبێلەکانیان بە شەقامەکاندا پۆزیان لێ ئەیاو بە پارەی دزراوی ئەم نیشتیمانە شەرەفو کەرامەتی کچی هەژاریان پێ ئەکری و ژیانی کۆمەلایەتی خێزانەکانیان لەبەر یەک هەڵ ئەوەشان.

کوان کوان کوان لە کوێن.
بۆ تەنها ئەم جەنگاوەرانە بە دەرەوە ئەبینین و هەر تەنها ئەمانەن لە خەمی ژیانی هاوڵاتیاندان بە بێ ئەوەی ڤێلای چوار سەد مەتریان هەبێت.
بە بێ ئەوەی باخی چەند دۆنمیان هەبێت.
بە بێ ئەوەی مناڵەکانیان وەک مناڵی خوا پیاوەکان بژین.
کەواتە ئەم مرۆڤانە سەروەتی نیشتیمانین
کەواتە ئەمانەن دلسۆزی خاک و نیشتیمانن و دەبێت ڕێزیان لێ بگیرێت.
کەواتە ئەمانەن دەبێ هاوڵاتیان شانازیان پێوە بکەن و وێنەیان لەگەڵدا بگرن نەگ بەرپرسان و نەوەکانیان .
من لێرەوە وەک خۆم سەرم نەوی ئەکەم لەبەردەم گەورەی و دلسۆزیاندا.
کرنوش ئەبەم بۆ هەموو ئەو قارەمانانەی لەم رێبازە پیرۆزەدا گیانی پیرۆزیان بەخشیوە.
سەری رێزم دا ئەنەوێنم بۆ هەموو ئەو جەنگاوەرە قارەمانانەی لە نەخۆشخانەکان و لەسەر شەقامەکان و گوندو دۆڵ و چیاکاندا کە هەڵساون بۆ خزمەتی هاوڵاتیان بۆ بەرەنگاربونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا کە لە خزمەتی هاوڵاتیاندا شەوو رۆژیان خستۆتە سەریەک.
هەموو ئەم بەرێزانە سەروەت و سامانی نیشتیمانین و دەبێت گەلی کورد فەخرو شانازیان پێوە بکات.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت