کامەران چروستانی: ڕەشەبایەک بە ڕێوەیە.

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

بەیانییەک دەنگی ڕەشەبای شارەکەم، هەرا و هوریای دەرگا و پەنجەرەی خانووەکەم لە شیرینی خەومدا بە ئاگای هێنامەوە، خەمێک دڵی داگیر کردم و خۆیشم نەمدەزانی هۆکار چییە.
خۆ ئەمە یەکەم جار نییە ئەو ڕەشەبا توندە سلێمانی داگیر بکات، خۆ ئەو شارە هەر بە کونەبا ناسراوە: وەلێ لە سەرەتای هاویندا؟ ئەوەیان کەمێک نامۆ بوو.
دڵە خورپێم پێ کەوت و بەدوای تەزووی ڕەشەبا کەوتم، جێپێکانیم هەڵگرتەوە، دەمویست بزانم کام لوتکەیە، کام دۆڵ و نشێوەیە ئەم هەوایەی ڕەوانەی سلێمانی کردووە!!
هاتم و بەدوای کەوتم، ڕۆیشتم بەرەو هەولێر، بەرەو دهۆک، ڕووم وەرگێڕا بۆ شنگار، بەرەو باشوور خل بوومەوە هەتا گەیشتمە پردێ و کەرکووک، لەوێوە ڕووم کردە مەندەلی و خانەقین، هەورامان و گەرمیان و قەندیلیشم لە بیر نەکرد، دێ بە دێ، شار بە شار، دۆڵ بە دۆڵ و لوتکە بە لوتکەی ئەم کوردستانەم پێوا، بە بێتەلێک هەواڵێکی ڕۆژائاڤام پرسی، ئاخۆ ئەوانیش ڕەشەبایەکیان هەیە یان هێورە، پرسیارێکم ڕەوانە کرد و سنوورەکەی زاخۆی بڕی، بەرەو باکوور ملی ڕێگای گرتە بەر، ماندووی ڕێگای دوور بوو، وەلێ پرسیاری ڕەشەبای منی بە باکوور گەیاند، کۆڵبەرێکی سەر سنووریش نامەیەکی منی وەرگرت، ملی ڕێگای قاچاخی گرتە بەر، بە دزییەوە، بە ترسەوە نامەی گەیاندە ڕۆژهەڵات: تۆ بڵێی لەوێش ڕەشەبایەک بوونی هەبێت؟ تۆ بڵێیت وەیشوومەیەک ڕووی لە هەموومان کردبێت؟ من بیستوومە کە هەوری ڕەش چارەنووسی ڕەش لەگەڵ خۆیدا هەڵگرێت، وەلێ ئەمە یەکەم جارە ڕەشەبایەک هێندە دڵم داگیر بکات، هێندە خەمم بۆ بهێنێت.
لە هەر کوێیەک پرسیبێتم، نامەی پرسم گەیشتبێتە هەر شارێک و هەر دێیەک، پرسیارەکەم لەناو هەر ماڵێکدا پشوویەکی وەگرتبێت، لە هەر کوێیەک کوردێک بوونی هەبێت، کەسێک بە کوردی بدوێت، ئاڵایەکی کوردی بە دڵیدا هەڵواسیبێت، لەناو بێشکەی ئەم خاکەدا گەورە بووبێت، لە هەر شوێنێک کە کوردستان وەک کۆرپەیەک گرتبێتییە خۆی، وەڵامی پرسیاری ڕەشەبا هەمان شت بوو: ڕەشەبایەک بەڕێوەیە و هەموو شوێن و هەموومانی گرتۆتەوە.
کاتێک وەڵامم بە دەست گەیشت لێم ڕوون بووەوە، کە ئەو ڕەشەبایەی سلێمانی هەمان ڕەشەبایە کە لە دهۆک، لە ئامێد ، حەسەکە و سنە و شنگار دەنگی لێوە دێت، هەمان ڕەشەبایە کە تەوێڵە، مەهاباد، قامیشلۆ، عەفرین و خانەقینی داگیر کردووە، ڕەشەبایەکە ڕەنگاوڕەنگە، هەر جارێکیش ناسنامەیەکی دیکەی پێیە؛ جارێک تورکێکی تۆرانی، جارێکی تر وێنەی ڕیش درێژێکی ئێرانی لەسەر سنگە، لەو لایەوە لە باشوور و ڕۆژاواشەوە شمشێربەدەستێک ڕەشەبایەکی خۆڵاویم بۆ دەهێنێت. وەیشوومی ئەم ڕەشەبایە ئاسەواری سەدان ساڵی پێوە دیارە.
بەڵام خەمی گەورەی من ئا لێرەدا تەواو نابێت، چونکە لەناو دۆڵ و پێدەشت و شاخەکانم، لەناو جەرگی ئەم خاکەمەوە ڕەشەبا هەن و سەر دەردەکەن یان زریانێک کە جێپەنجەی دەستی خۆمانی تیادا دیارە، یان کزەبایەکی ژەهراوییە و ناسنامەی کوردایەتی هەڵگرتووە، ئەم شارەیان بۆ ئەو شاری دی دەنێردرێت، ئەم دۆڵەشیان بە زریانێک دۆڵێکی بەهەشتئاسای پارچەیەکی دیکەی ڕۆحم تێک دەشکێنێت، هەر گەردەلوولە و دێت و دەڕوات، لەگەڵ خۆیدا ئەم دێهاتە و ئەو شارەمان کاول دەکات. ئای کە خەمێکی گرانە دێوەزمەی ئەم ڕەشەبای ناو وڵاتم دار و بەردی نیشتمانم لەناو بەرێت، ڕۆحی منێک لەناو سنگی پەنگخواردوومدا بە زیندوویی بنێژێت، جارێک ڕەشەبای ئەودیو سنوور و جارێکیش گەردەلوولی ناو خاکەکەم بەردی لوتکەی چیاکانم بەسەردا ببارێنێت.
هەروەک هەمیشە ئاواتەخوازی ئەوە بووم کە ڕەشەبام نەناسیایە، زۆر دەشترسم لوورەلوورەی ئەم ڕەشەبا نەهامەتییە ڕۆژ لە دوای ڕۆژ زیاتر گوێکانم کپ بکات، کەڕم بکات، زۆر دەترسم کزەبا ژەهراوییەکەی ناو وڵاتم ژیانی منێک بەرەو فەنابوون ببات. زۆر دەترسم قاپیی خاکم هێند واڵا بێت، کە ناخەکان ژەهری خۆیان بە گەردەلوول و ڕەشەبادا بۆ سەر خاکم ڕەوانە بکەن، زۆر دەترسم لەو دەستانەی، کە ئەو قاپییانەی نیشتمانم دەکەنەوە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت