بورهان شێخ ڕەئوف: جارێکى تر لەشکرکێشى تورکیا.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

لە کاتێکدا ڤایرۆسى نەگریسى کۆرۆنا هەموو جیهان و تێکڕاى مرۆڤایەتى کردۆتە ئامانج و ژیانى خەڵکی ئیفلیج کردووە، ئابوورى جیهانى شەکەت و وێران کردووە، پەیوەندییە کۆمەڵایەتیەکانى قەتیس کردووە، مەراسیم و تقوسە ئاینیەکانى وەستاندووە، زۆرێک لە شەڕو ململانێ ئیقلیمیەکانى ئەگەر نەوەستانبێت ئەوا خاوى کردۆتەوە.
ئەوا لە ئاوا بارودۆخێکدا دەوڵەتى تورکیا کە خۆیشى یەکێکە لەو وڵاتانەى گیرۆدەى ڤایرۆسەکە بووە و قوربانى و تووشبوى زۆریشى هەیە، کەچى لە چەند ڕۆژى ڕابردوودا لەشکرکێشییەکى گەورەو ڕێکخراوى بە فەرماندەیى و سەرپەرشتى وەزیرى بەرگرى و فەرماندەى هەموو بەش و سنفە جیاجیاکانى سوپاى تورکیا هەر لە ئاسمانى و وشکانى و تەنانەت دەریایش کە لێرە دەریاى تێدا نیە دەست پێکردوو بۆسەر هەرێمى کوردستان و باکورى عێراق.

پاساوى لە شکر کێشیەکە
ئەمە یەکەمجارو دواجاریش نابێت دەوڵەتى تورکیا بە پاساوى پاراستنى ئاسایشى ستراتیجى وڵاتەکەیەوە سەروەرى خاکى عێراق پێشێل دەکات و خەڵکى سڤیل دەکاتە ئامانج، ئەمە ئەگەر لە ڕواڵەتدا وابێت ئەوا ئەم پرسە ماناو مەدلولى مێژوویى و سیاسى و چاو چنۆکانەىى قوڵى هەیە و لە لایەک باسى میساقى میللى دەکەن و ولایەتى موسڵ لە عێراق و حەلەب لە سوریا بە بەشێک خاکى ئیمپراتۆریەتى عوسمانى هەڵوەشاوە دەزانن.
جگە لەوانەش ئێستا دەوڵەتى تورکیا سوپاکەى لە نۆ وڵات بڵاو پێکردووە هەر لە قوبرس و لیبیاو قەتەر تاوەکو سوریاو عێراقیش شوێنى تریش، هەر هەمان مەبەستى زیندوو کردنەوەى سەروەرییەکانى دەوڵەتى عوسمانیە و ئاکەپە بە هاوکارى مەهەپەى نەژادپەرست کە لە تورکیا ئاستى جەماوەرییان زۆر دابەزیووە بە گوێرەى دوا ڕاپرسیەکان و سەرەتاکەشى لە هەڵبژاردنەناوخۆییەکانى پێشووى شارەوانى ئەستەنبوڵ و گەورە شارەکانى ترى تورکیا دەرکەوت کە شکستى گەورەى بە دەستهێنا و خودى ئەردۆگان دەى وت ئەوەى حوکمى ئەستەنبوڵ بکات ئەو حوکمى هەموو تورکیا دەکات، بۆیە ئێستا لە ڕێگەى ئەم ئۆپەراسیۆنانەوە کە بە ناوى چنگى پڵنگى یەک و دوو چنگى هەڵۆەوە ناوزەد کراون دەخوازن بڵانسى جەماوەرییان بەرزبکەنەوەو کێشەو قەیرانەکانى ناوخۆیان بۆ دەرەوە بنێرن،
لەلایەکى ترەوە ناونانى ئەم ئۆپەراسیۆنانە بە ناوى ئاژەڵى دڕندەوە ئەوە بە گوێ ى سەرجەم جیهان و ناوچەکەدا دەدا کە سوڵتان یاساى دارستان پیادە دەکات و بەهێزەکان بێ هێزەکان لووش دەدەن.

کاردانەوەکان
حکومەتى عێراق وەکو ئەرکى سەرشانى خۆى و بەو پێ یەى کە پاراستنى سەروەرى خاکى عێراق بە هەرێمیشەوە لە چوارچێوەى دەستەڵاتەکانیەتى تا ئێستا وێڕاى ئیدانەو ناڕەزایى توند دووجار باڵوێزى تورکیاى لە بەغداد بانگهێشت کردووە بۆ گەیاندنى نیگەرانیەکانى و سەرەڕاى ئیدانەو نیگەرانى فراکسیۆنەکانى ئەنجومەنى نوێنەران، هەرچەندە ئەو هەنگاوانە وەکو پێویست نین و دەخوازێت ڕێکارى توندتر و ئازایەنەتر بگرنە بەر، بەڵام لێرادە بۆ ئێمەى چاودێرانى سیاسى بارودۆخى عێراق گومانێکى گەروە سەرهەڵدەدات لە سەردانى هاکان فیدانى سەرۆکى دەزگاى هەواڵگرى تورکیا ( میت) دوو ڕۆژ پێش ئۆپەراسیۆنەکە بۆ بەغدادى پایتەختى عێراق بۆ بوونى جۆرێک لە هەماهەنگى لە نێوان ئەنقەرەو بەغداد کە ئەمەش بە درێژایى مێژووى ئەم دوو وڵاتە بوونى هەبووە دژ بە کوردو ئایندەى و مافەڕەواو دەستورییەکانى بوون.
ئەوەى نەمالنبیست هەڵوێستى حکومەتى هەرێم بوو ئیدى پێدەچێت شرۆڤەى دەستوورى بۆ کرابێت کە دەستەڵاتى ناوەندە یان شتێکى دى!
لە کاتێکدا بوونى هێزى تورکى لە هەرێمى کوردستاندا هەڕەشەیەى گەورەو جدییە بۆ ئایندەى هەرێمى کوردستان و مانەوەى وەکو قەوارەیەکى فیدراڵى نیمچە سەربەخۆ کە هێزى چەکدارى جکومەتى ناوەندى لێ نیە تاوەکو ئیستا، دەکرێت ئەمە بوونەى تورکیا پاساو ڕێخۆشکەر بێت بۆ هێنانى هێزى فیدراڵى عێراق لە ئایندەدا.
لە کۆتاییدا باشترە بۆ دەوڵەتى تورکیا پەنا بۆ دانوستان و ڕێکارى سیاسى ببات بۆ چارەسەرکردنى کێشەکانى نەوەک بۆ ئۆپەراسیۆنى سەربازى و چنگى پڵنگ دەنووکى هەڵۆ و شێر و فیل و بەرازو… تد.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت