بورهان شێخ ڕەئوف: ڕژێمى سوریا لەبەردەم یاساى قەیسەر دا.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

دواجار یاساى قەیسەر دەنگى لە سەر درا لە 17حوزەیرانى 2020 لەلایەن کۆنگریسى ئەمریکا بە هەردوو ژوورەکەیەوە ئەنجومەنى پیران و ئەنجومەنى نوێنەرانیشەوە بە دەنگى کۆمارییەکان و دیموکراتەکانیش کە ئەمەش وادەکات لە داهاتوودا بە ئاسانى هیچ دەستکارى و گۆڕانکاریەکى بەسەردا نەیەت.

یاساى قەیسەر لە چیەوە هاتووە ؟
قەیسەر یان سیزەر ناوى نهێنى ئەو فۆتۆگرافەرە سەربازییە کە ناوەڕاستى ساڵى 2013 لە سوپاى عەرەبى سوریا جیابووەو هەڵهات و توانى خۆى دەرباز بکات و لە گەڵ خۆیشیدا 55 هەزار وێنەى 11 هەزار زیندانى سڤیلى سوری لە زیندانەکانى ئەو وڵاتەدا بەرێت و بیگەیەنێتە ولایەتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا کە لە ژێر ئازارو ئەشکەنجەو برسێتیدا گیانیان لە دەست دابوو.
پڕۆژەکە زۆر قۆناغى سەخت و دژوارى بڕى تاوەکو بوو بەیاسا، ساڵێک دواى هەڵاتنى قەیسەر و گەیشتنى وێنەکان بە ڕێکخراوەکانى مافى مرۆڤ و چالاکوانان و دواتر گەیشتنى بە ئۆفیسى لێکۆڵینەوەى فیدراڵى ئەمریکا. دواتر قەیسەر شایەتى خۆى دا لە بەردەم کۆنگریسى ئەمریکادا، بەڵام لە سەردەمى ئۆبامادا بە خاوى کارەکانى دەڕۆیشت و نەبوو بە یاسا، هەرچەندە ئەنجومەنى نوێنەرانى ئەمریکا دووجاریش دەنگى لە سەردابوو لە ساڵەکانى 2016 و 2017 بەڵام نەگەیشتە ئەنجومەنى پیران تاوەکو ساڵى 2019 خرایە پرۆژەى بوودجەى وەزارەتى بەرگرى ئەمریکاوە بۆ ساڵى 2020، ئەنجومەنى پیران لە 17 دیسەمبرى 2019 دەنگى لەسەرى داو و لە 20 هەمان مانگدا سەرۆک ترەمپ واژۆى لەسەر کرد کە ئەمە بوو بە هەڵوێست و ڕاى فەرمى ئەمریکا بە بەڵگەو سەنەدێک و دۆکۆمێنتێکى یاسایى و فەرمى بەرامبەر ڕژێمى ئەسەد.

دەقى یاساکە و کێ دەگرێتەوە ؟
دەقەکانى یاساکە هەموو ئەو لایەن و کەسایەتى و قەوارە و کۆمپانیانەى دیارى کردووە کە سزاکان دەیان گرێتەوەو دەبنە ئامانجى ئەم یاسایە ئەوانیش ( بانکى ناوەندى سوریا ) و، یان هەرکەسێکى بیانى کە پشتیوانى دارایى بۆ ڕژێم دابین بکات. تەنانەت ناوى هەردوو دەوڵەتى هاوپەیمانى سوریا ئێران و ڕوسیاى بەناو تێدا هاتووە و هەر کەسێکى بیانى سەر بەو دوو دەوڵەتەش بێت، سزاکان دەیانگرێتەوە کە ئیتر کۆمەک یان تەکنۆلۆجیاى زانیاریان دابین کرد بێت بۆ ڕژێم، ئیتر بۆ مەبەستى سەربازى یان بنیاتنانەوە بێت. جگە لەمانەش سزاکان هەر لە سەرۆکى ڕژێمەکە ئەسەد و ژنەکەى، تاوەکو سەرۆکوەزیران و وەزیرەکان و فەرماندەکانى سوپا و هێزەکانى ئاسایشى ناوخۆ و هەواڵگرى و پۆلیس و بەرپرسى زیندانەکان و گاردى کۆمارى و، بێجگە لەوانەش بلۆککردنى سامانى دارایى و موڵک هەر شتێکى تر ئەگەر هەیانبێت لە ئەمریکا و قەدەغەکردنى پێدانى فیزا ى ئەمریکا بۆ هەرکەسێک ئەو یاسا بیگرێتەوە، زۆر شتى تریش کە لێرەدا بوار نیە هەمووی باس بکەم.

ئامانجى دەرچواندنى یاساکە
هەروەکو خۆیان دەبێژن ئامانج لە دەرچواندنى ئەم یاسا گۆڕینى ڕژێمى ئەسەد نیە، بەڵکو مەبەست گۆڕینى ڕەفتارى ڕژێمە چ لە ڕووى ناوخۆییەوە بێت یان لە لایەنى جێوسیاسی، کە ئەویش خۆى لەوەدا دەبینێتەوە مۆسکۆ بکەوێتە دانوستان لە گەڵ واشنتۆن بۆ پێکهێنانى حکومەتێکى نوێ لە دیمەشق بە مەرجەکانى ئەمریکا کە لەوانە چوونە دەرەوەى هێزەکانى ئێران لە سوریا و لە بەرامبەردا قایل بوونى ئەمریکا بە مانەوەى هێزەکانى ڕوسیا لە سوریا.

فاکتەرەکانى پشت ئەم یاسایە
هەرچەندە دەوڵەتى سوریا لە ژێر سزاو لیستى تیرۆرى ئەمریکادابوو هەر لە کۆتایى ساڵەکانى حەفتاکانى سەدەى بیستەوە و دواتر یاساى سزادانى سوریا، ئێستاش یاساى قەیسەرو ڕێکارەکانى هەنگاوگەلێکى توندو سەخت و قورسترن دەرهەق بە سوریا لە بەر ئەم فاکتەرانە:
1. ئەم یاسایە، کۆنگریس بە هەردوو ژوورەکەیەوە و بە هەردوو حزبەکەوە دەنگى لەسەرداوەو، بە دەرچوونى هەر حزبێک لە دەستەڵات گۆڕانکارى بەسەردا نایەت.
2. ئەمە یاسایەو کۆنگریس دەرى چواندووە، وادەکات خێراتر سزاکان جێبەجێ بکرێت وەکو ئەوەنیە وەزارەتى گەنجینە یان لایەنێکى تر دەرى چواندبێت.
3. یاساکە هەر سوریەکان ناگرێتەوە بەتەنیا، بەڵکو هەر لایەنێکى تریش کە سورى نەبێت ئەگەر سەرپێچى بەندەکانى بکات.
4. سزاکان لایەنى سەربازى و مرۆیى و مافەکان ناگرێتەوە تەنها، بەڵکو لایەنى ئەندازەیى و ژێرخانیش دەگرێتەوە واتە هەر بەشدارییەکى کۆمپانیاکانى عەرەبى و ڕوسى و ئێرانى و چینیەکانیش دەگرێتەوە کە بەشدار بن لە ئاوەدانکردنەوەو بنیاتنانەوەى سوریا.
5. لایەنى سیاسى و دەروونى: هەرچەندە سزاکان باسى بچڕانى پەیوەندییە دیبلۆماسیەکان ناکات لە گەڵ ڕژێم، بەڵام ڕژێمى لە خانەى جیاکراوەو نەفرەت لێکراوەکان داناوە، کە ئەمەش وا لە وڵاتان دەکات کە بە گومان و دڕدوونگیەوە لە پەیوەندى و هەڵسوکەوت لە گەڵ ڕژێمدا بڕوانن.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت