کامەران چروستانی: جووتێک پێڵاویی بۆیاخچییەک.

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

چاوەکانی تیژ کردووە و هەڵۆئاسا دەیانگێڕێت، هەوڵ دەدات هیچ کەسێک نەپەڕێنێنێت، ئەوانەی لە ڕاستەوە یان چەپەوە دێن و دەڕۆن، چاوەکانی تیژ کردووە و سەیر دەکات کام پێڵاوە تازە نییە، کامەی تریان بریقەی پێوە دیار نییە، ئەی کامەیان تۆزیان لێ نیشتووە، کامیان بۆیاخ هەڵدەگرێت، کامەیان نا، ئەو پێڵاوە کێی لەسەر شانی خۆی هەڵگرتووە: کەسی هەژاری خۆم ئاسا کڕیارم نین، ئەمەش کەسێکی پەڕپوت دیارە: لێی ڕانابینم ئەو بایەخەی من بە پێڵاوی دەدەم، ئەو درکی پێ بکات، ئاستەمە ئەوەی من لەلایەن پێڵاوەوە پەی پێ دەبەم، ئەو پێی بدات، ئەم پێڵاوانە ناسکن و پێویستیشیان بە بۆیاخە، وەلێ کوانێ لەلای ئێمە ئافرەت بۆیاخی پێڵاوی خۆی لەسەر شەقام بە منێکی نەگبەت دەدات؟ ئەم پیاوەیان کەشخە دیارە و لەوانەیە بەشێکی چارەنووسم لە پێڵاوەکانی ئەودا نووسرابێت.
لێزانانە و بەهێوری، فڵچەی بۆیاخەکە بە دەستەوە دەگرێت و دەست دەکات بە تەقە تەق، چاوەکانی تیژ دەکاتەوە و تەماشای کابرای کەشخە دەکات، نیگاکانی لەگەڵ هەموو هەنگاوێکی کابرادا هەنگاو دەنێن، چاوەڕێی ئەوەیە کابرای کەشخە تەماشای بکات و ئاوڕێکی لێ بداتەوە:
– بۆیاخ، بۆیاخ، وەرەوە بۆت بکەم بە ئاوێنە، قژتی لەبەرا دابێنە، وەرەوە بۆ ئێرە، بە دڵت نەبوو پارەکەی مەیە بە بەلاش، خاڵە گیان بۆتی بۆیاخ بکەم، وەرە بۆتی ئەکەم بە ئاوێنە.
ئەمیش نەبوو، من تێناگەم چۆن ئەو جلە پاک و تازەیەت لەبەرایە و کەچی پێڵاوەکانت ئەوەندە پیس و تۆزاوی بن؟ ئێ باشە هاوسەرەکەت پێی نەوتوویت؛ ئەرێ پیاوەکە فڵچەیەک بە پێڵاوەکانتدا بهێنە؟ وا دیارە ئەم جارەش ناوچەوانەکە نەیهێنا.
دیسانەوە هەڵۆی چاوی دەخاتە گەڕ، مێشکیشی پاکتاوی باری پێڵاوەکان دەکات: ئەم پێڵاوە کۆن و دڕاوە هی ئەوە نین پارەی بۆیاخی پێ بدرێت، ئەم کابرایەش لە بەختی من پێڵاوی چنراوی کڕیوە، پیاوێکی پیر مەگەر بەزەیی بێتەوە و پێڵاوەکانی بۆ بۆیاخکردن دابنێت، ئەم کابرایە دوودڵ دیارە، خۆیشی نازانێت چی دەکات، گومانێکی سەیری تیا ئەبینم، جا نازانم کاتی نییە یان وەکوو من بێپارەیە.
– بۆیاخ، بۆیاخ، وەرەوە بۆت بکەم بە ئاوێنە، قژتی لەبەرا دابێنە، وەرەوە بۆ ئێرە، بە دڵت نەبوو پارەکەی مەیە بە بەلاش، خاڵە گیان بۆتی بۆیاخ بکەم، وەرە بۆتی ئەکەم بە ئاوێنە.
لەناکاودا تاکێک پێڵاوی زل خۆی لەسەر دەزگای بۆیاخچییەکە قوت دەکاتەوە، ڕەنگێکی ڕەش، وەک چارەنووسی دەیان بۆیاخچی ئەم سەر زەمینە، بەکارهاتوو، لێوەی دیارە مێژوویەکی دوورودرێژی هاوبەشی لەگەڵ خاوەنەکەیدا هەبێت، دەیان نهێنی لە خۆیدا هەڵگرتبێت، چەندین ڕووداوی خۆشی بینیوە، هێندەش ڕووداوی ناخۆش، لەوانەشە ئامادەیی هەبووبێت لە چەندین ڕووداوی نامرۆییدا.
بۆیاخچی بە پەلە دەستی بە پرۆژە نوێکەی خۆی کرد، قۆڵی لێ هەڵماڵی، دەیویست وەستایی و کارامەیی خۆی لە یەکەم ساتەوە پێشان بدات بۆ ئەوەی خاوەن پێڵاو دڵنیا بێت کە کارەکە بە تەواوەتی مەیسەر دەبێت: پانتۆڵی کابرای بەرز کردەوە بۆ ئەوەی پیس نەبێت، ناوکەفێک بۆ ئەم لاو و ناوکەفێک بۆ ئەولا بۆ ئەوەی بۆیاخەکە بەر گۆرەوییەکان نەکەوێت، ئیسفنجێکی دەرهێنا و هەموو لایەکی پێڵاوەکەی پاک کردەوە، پەڕۆیەکی لە چەکمەجەی پێشەوەی دەرهێنا و پێڵاوە نیمچە تەڕەکەی وشک و پاک کردەوە. جاروباریش تەماشایەکی ئەو پیاوەی دەکرد کە بەسەر سەریەوە وەستاوە و بۆ ئەوەی پەیامی پرسیارێکی بە چاوان بۆ ڕەوانە بکات: چۆن وەستایەکم؟ لێزانم یان نا؟ ئیشەکەمت بە دڵە؟
کابرای خاوەن پێڵاو جاروبار سەیرێکی خوارەوەی دەکرد بۆ ئەوەی بەدواداچوون بکات کارەکان چۆن بە ڕێوە ئەچن، ئایا هەموو شتێک باشە، هاوکات بۆیاخچییەکەش ڕووی بۆ ئاسمان بەرز ئەکردەوە و تەماشای ناو چاوی خاوەن پێڵاوی دەکرد، چاوەڕێی پەیامێک یان وشەیەک بوو، چاوەڕێی جوڵۆچکەیەکی سەر دەموچاوی کابرای دەکرد، ساتەکان تێدەپەڕین و کابراش هێندەی ماسییەک دەربڕین لە دەموچاویدا بەدی دەکرا، لە کۆتاییدا و لە ساتێکدا کە نیگاکان یەکترییان بەدی کرد کابرا زەردەخەنەیەکی ساردی مردووئاسای لەسەر لێوان دەربڕی: ئافەرین، دەست خۆش.
ئای هاوار ئەو چەند وشەیە چ ئارامییەک دەبەخشن، کەواتە وەستای بچکۆلانە توانی نەک تەنیا بۆیاخی پێڵاوەکانی کابرا بکات، بەڵکوو توانی بۆیاخی دڵ و ناخیشی بکات، زەردەخەنەیەکی لێ بفڕێنێت، کەمێک هەستی پێ دەرپەڕێنێت، ڕەزامەندیی ئیشەکە بەدەست بهێنێت، هەموو ئەو زۆرانبازییە، ئەو کۆششە، دەرخستنی دەستی وەستایی، ڕەوانەکردنی پەیامی ناو نیگاکان، ناردنی پاداشتی زەردەخەنەیەک تەنیا و تەنیا لەبەر خاتری جووتێک پێڵاو.
لەو ماوەیەدا بە پەنجە بچووکەکانی سەرتاپای پێڵاوی بۆیاخ کرد، هەوڵی دەدا هیچ شوێنێک نەپەڕێنێت، هیچ سووچێک لەبیر نەکات، پەنجەکانی بە خێرایی دەهێنا و دەبرد، هێندە پێڵاو بە ژیانی ئەم وەستا بچکۆلەیەدا تێپەڕێبوون خۆی دەیزانی چۆن و چی دەکات، ئەوە ئیشی خۆی بوو. پرۆسەی بۆیاخکردن و فڵچەلێدان و بریقەهێنانی پێڵاوەکان بەردەوام بوون و بە مەبەستی ڕاکێشانی کەسانی دیکە بۆ بۆیاخکردنی پێڵاوەکانیان بەدەم ئیش و سەرقاڵییەکەیەوە هاواری دەکرد: وەرە بۆت بۆیاخ بکەم، پێڵاوی تازە مەکڕە وەرە من بۆت تازە ئەکەمەوە، بە هەزار دینار جووتێک پێڵاوی تازە مسۆگەر بکە.
وەستای بچووک نەک تەنیا لە پێڵاوەکاندا لێزان بوو، بەڵکوو لە خوێندنەوەی دەموچاو و کەسایەتییەکانیشدا، دەیزانی کێ هیچ ئارەزوویەکی بۆیاخکردنی پێڵاوەکانی نییە، کاتی خۆی بەو جۆرە کەسانەوە بەفیڕۆ نەدەدا، بایەخی پێ نەدەدان، هاوار و ڕیکڵامەکانی ئاراستەی ئەو کەسانە نەدەکرد. لە هەر کەسێکیشدا تروسکاییەک هیوای بەدی بکردایە، دەستی دەکرد بە سیمفۆنیای تەقەتەقی فڵچەکان، شەپۆلی نیگای چاوە گەشەکانی ئاراستەی کەسی مەبەست دەکرد، تێچریکاندنی هاوار و ڕیکڵامەکردن بۆ ئەو ئیشەی کە دەتوانێت بە باشترین و جوانترین شێوە بەجێی بهێنێت. ئەو زۆر باش دەیزانی کە لە کەشوهەوای خراپدا بازاڕی کز دەبێت و مەگەر ئەوانە ڕووی تێ بکەن، کە بۆنەیەکیان هەیە یان کەسانێک کە دەیانەوێت هەمیشە پێڵاوەکانیان بریقەی لێوە بێت. بازاڕی گەرم لە بەیانیان و پاشنیوەڕۆی ئەو ڕۆژانە دێت کە کەش گەرم و خۆشە.
هەر جووتە پێڵاوێک مێژوویەکی هەیە و بەشێکە لە مێژووی ئەو کەسەی لە سەر خۆی ڕایگرتووە؛ جووتێک پێڵاوی کۆنی پینەکراو گوزارەشت لە ژیانی پینەکراوی کەسێک دەکات، کە زۆرانبازی لەگەڵ ڕێگاکانی ژیاندا دەکات بۆ ئەوەی مەمرە و مەژی ئەمڕۆ بۆ سبەی بەردەوام بێت، جووتێک پێڵاوی بریقەداری نوێ لەوانەیە ئاوێنەی کەسێک بێت کە بۆ پێگە و دەسەڵاتی خۆی یان بۆ وەدەستهێنانی دڵی ئافرەتێک بەردەوام خەریکی دەربڕینی وشەی بریقەدارە، یەکێکی دیکە پێڵاوە کۆنەکانی بۆیاخ دەکات چونکە دەیەوێت ڕووکەشێکی جوان بە ژیانە داڕماوەکەی ناو ناخی بدات. وەستا بچکۆلانەکە ئەو پۆستاڵەی لەیاد ناچێت، کە دوێنێ وەک پیکی ئاسنگەر خۆی هاویشتە سەر دەزگای بەردەم بۆیاخچییەکە، کە خەریک بوو هەموو دەزگاکە تێک بشکێنێت: ئەو پۆستاڵە ڕۆژانێکی بەبیر هانییەوە کاتێک پۆستاڵەکان جەستەی خۆپیشاندەرانیان لەبەر دەم خۆیدا دادەپڵۆساند. بۆیاخچییەکە لەم جیهانی پێڵاوە قاڵ بووە و باش تێدەگات لەم جیهانەدا چەند جۆر پێڵاو تیایدا گوزەر دەکات.
کابرای خاوەن پێڵاو تەماشای ڕووکەشە نوێکراوەکەی پێڵاوەکانی دەکرد و زۆر باش هەستی بە جیاوازییەکەی دەکرد، جاروباریش سەیرێکی ڕاست و چەپی خۆی دەکرد بەڵکوو هاوڕێیەک دۆستێک بەدی بکات، هاوکات تەماشای چاوی ڕێبوارەکانی دەکرد بۆ ئەوەی ببینێت خەڵکی چۆن تەماشای دەکەن؛ هەندێکیان ناوچەوانێکی خۆی گرژ دەکرد و هەندێکی دی ئاسایی بوون، هەندێک چاوەکانی زوو تێدەپەڕاند و لە نیگای چاوەکان هەڵدەهات.
کار مەیسەر بوو، بۆیاخچییەکە دوا پەڕۆی بریقەهێنانی بە پێڵاوەکەدا هێنا، بە پەنجە ڕەشەکانی و بە ئەسپایی دوو جار کێشای بە پێڵاوەکەدا: خاڵە گیان تەواو بوو.
بەمەش وەستایانە کاری بۆیاخکردنی جووتێک پێڵاوی دیکەی تەواو کرد، سەری بۆ ئاسمان بەرز کردەوە ، بەڵام لەبری ئاسمان تەماشای دەموچاوی خاوەن پێڵاوی دەکرد، سەرێکی بۆ لەقاند و هێمایەکی بە ڕازیبوونی بۆ کارەکە بۆ ڕەوانە کرد.
ئەو ساتانەی دواتر سەنگی مەحەکن چونکە منداڵەکە جگە لە هەزار دیناری بۆیاخکردنەکە هەمیشە چاوی لەوەیە ئایا وەک پاداشت بڕێک پارەی دیکەی دەداتێ، هەر بۆیە گوێکانی قوڵاغ کردبوو بزانێت چی پێ ئەڵێت، چاوەکانی تیژ کردبووەوە بۆ سەر دەستەکانی، بزانێت چی و چەند لە گیرفانی دەردەهێنێت. وا دیارە کابرای خاوەن پێڵاو ئیشی وەستای بچووکی بە دڵ بوو، چونکە پێنجسەد دیناری زیادەی پێشکەش کرد.
– بۆیاخ، بۆیاخ، وەرەوە بۆت بکەم بە ئاوێنە، قژتی لەبەرا دابێنە، وەرەوە بۆ ئێرە، بە دڵت نەبوو پارەکەی مەیە بە بەلاش، خاڵە گیان بۆتی بۆیاخ بکەم، وەرە بۆت ئەکەم بە ئاوێنە.
دیسانەوە دەستی کردەوە بە هاوار و ڕیکڵامە بۆ کارەکەی، تەقەتەقی فڵچەکەشی بەردەوام بوو.
پاش کەمێک وەستا و بیرێکی کردەوە: کات درەنگە و بازاڕی بۆیاخکردن ئیتر بەرەو کزی ئەڕوات، ئەمڕۆش بازاڕ خراپ نەبوو، برسێتیش خەریکە پەلامارم ئەیات، لاموایە بڕۆمەوە بۆ ماڵەوە باشترە، بەو پێنجسەد دینارەش دوو کونجی بۆ برا بچکۆلەکەم ئەکڕم، سبەینێش چیها پێڵاو بەبەر دەمما تێدەپەڕن، هەروەک هەموو ڕۆژێکی تر هاواری خۆم دەکەم، تەقەی خۆم دەکەم، چاوەکان دەخوێنمەوە و بەردەوامی بەم ژیانە دەدەم.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت