سەرکەوتی جیهاز و بەختیار شارەزوری: ئایا قەوارەی هەرێم لە مەترسیدایە.؟

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ئەم پرسیارە ئەو ڕێگایەیە کە دەمانباتەوە بەردەم بەغداد، لە ماوەی ڕابوردودا کورد نەیتوانیوە ببێتە خاوەن کیانێکی بەهێزی سیاسی و ئیداری و ئابوری تا بتوانێت بۆ پێشهاتەکان خۆی ئامادە بکات ، دوای ئەوەی جیهان بە دۆخێکی تەواو تایبەتدا تێدەپەڕێ و گۆڕانەکان پێچەوانەی خواستەکان بو، ئا لێرەوە ئەم هەرێمە دەکەوێتە بەردەم ڕێگایەک کە هەڵەکانی ڕابردوی لەم ئاوێنەیەدا دەبێنێت و بە ناچاری ئەو ناوەندەی قبوڵە کە کورد تێدا یاریچی سەرەکی بو دەبێتە هێزێکی تەواو لاواز و پاشەکشەی زۆر لە سەر ئاستی گشتی دەکات بەرامبەر بەغداد، خۆ ئەگەر دۆخی ئابوری جیهان وای کردبێت جیهان بکەوێتە بەردەم کۆمەڵێک گۆڕانکاری گەورە ئەوا عێراق ئەو سەکۆیەیە کە شەڕە گواستراوە گەورەکانی لەسەر دەکرێت.

با بپرسین ئەگەر قەوارەی هەرێم لە مەترسیدا بێت، ئایا چی بکرێت.؟
پێش ئەوەی باس لە ئیرادەی ناوخۆیی یان لۆکاڵی بکەین دەبێت ئەوەمان لەبەر چاو بێت هیچ گۆڕانکاریەکی ناو عێراق بە خواستی سیاسی گرۆپێک یان حیزبێک یان هەرێمێکی فیدڕاڵ نیە، ئەوە بەریەککەوتنی ململانێکانی وڵاتانی ناوچە و جیهانە تەحکوم بە گۆڕانەکانەوە دەکەن، خواستی لایەن و حیزب و نەتەوەکانی ناو عێراق شتێکە و بەرژەوەندی وڵاتانی ئامادە لەسەر گۆڕەپانی عێراقی شتێكی تر، بۆیە ئەمریکا یاریچی سەرەکیە لەبەردەم ئەم گۆڕانکاریانەدا، بەم شێوەیە:
ئەمریکا دوای ڕزگاربونی لە کۆریای باکور، ئابلۆقەی ئابوری زیرەکی خستە سەر ئێران تا بتوانێت هەژمونی ئێرانی لە سوریا و عێراق و لوبنان و یەمەن و فەلەستین کەم بکاتەوە بە ڕێککەوتنی لەگەڵ ڕوسیا لە بەرامبەر (سوریا بۆ ڕوسەکان و عێراق بۆ ئەمریکا ) وەک هێزی سەرەکی، هەمو ئەمانەش بە تایبەت لە عێراق دەیکا بەرامبەر دەرکردنی ئێران لە عێراق بۆ ڕێگەگرتنە لە دوژمنە گەورەکەی ئەمریکا کە وڵاتی(چین )ە، لاواز کردنی ئێران بە واتای لاوزکردنی ڕێگای ئاورشمی (چین )یە، ئەی با بپرسین عێراق بۆ.؟ عێراق لەو پڕۆژە زەبەلاحەی چیندا پێگەیەکی ستراتیژی بەهێزی هەیە، بە تایبەت لەم دواییانەدا ڕێککەوتنی فراوانی لەگەڵ چین بەستوە، ئەمریکا دەیەوێت عێراق لە دەستی ئێڕان و چین دەربهێنی و بەتەواوەتی وەک کوەیت و سعودیە بیکاتە پاشکۆی خۆی ئەمەش وا دەکات چوارکوچکەی (عێراق + کوەیت + ئوردن + سعودیە ) بەتەواوەتی ببێتە پێگەی بەهێزی ئەمریکا بۆ شەڕەکانی داهاتوی لەگەڵ چین، وە پێشتریش ترامپ لە بەڵێنەکانیدا ئەوە ئامادەییەی هەبوە کە عێراق لە ئێران دەسێنێتەوە.
بە دیوی تورکیاشدا دیسانەوە قەید کردنێک دەبێت لەسەر بنەمای بەرژەوەندی دوسەرەی ئەمریکی و روسەکان، دەبینین میسر بەرگری لە لیبیا دەکات بۆ وەدەرنانی تورک، ئەم قەید کردنە دوسەرەی ئێران و تورکیا لە ئابلۆقەی ئابوری زیرەکەوە دەستی پێ کرد و وە پلانی قەیدکردنی دوسەرەی تورکیا و ئێران پەیڕەو دەکات، بۆیە ئەمریکیەکان بە لایەنەکانیان و ئێرانیان وتوە ئەگەر کازمی قبوڵ نەکەن خۆیان حاکمێکی مەدەنی بۆ عێراق دادەنێن.
ئێستە ئێران لە عێراقدا تەواو لە پاشەکشەدایە ئەمریکا زۆر جدیە لە عێراقێکی نمونەی سعودیە، ئەمەش دوای کوشتنی قاسمی سلێمانی دەردەکەوێت، بۆ ئەم ناوەندە بەهێزە ئەمریکا تەواو پشتیوانی کازمی دەکات و دەیەوێت سەحنی عێراقی ڕو لە وڵاتانی عەرەبی بکات (سەردانی کازمی بۆ کوەیت و سعودیە و بانگهێشتکردنی کۆمپانیاکانی دەرهێنانی و پاڵاوتنی نەوتی سعودیە و هاتنی مەلیک عەبدولای ئوردنی بۆ لای کازمی ) هەر بۆیە عێراق لەبەردەم گۆڕانکاری گەورەدایە بە بهێز بونی ناوەند.

هەرێمی کوردستان دەبێتە چی..؟
بە خواستی من یان تۆ یان فڵان بنەماڵە یان فلان حیزب و تا دەگاتە بنەما نەتەوەیەکەش نیە، بمانەوێ هەرێم نەچێتەوە ناوەند و قبوڵمان بێت یان نا، ئەمە گۆڕانکاری جیهانیە لەسەر ڕەسمی نەخشەی عێراق، هەر هێزێک لەگەڵ ئەم گۆرانکاریانەدا نەڕوا سفری دەکەنەوە، هەر بۆیە دەبینین کازمی سەرەڕای پشتوانی کورد لێ ی هەمو کارتەکانی گوشار دژی هەرێم بەکار دەهێنێت، خۆ ئەگەر پێمان وا بێت هەرێم دەستوریە ئەوا هەوڵێک هەیە بۆ پەکخستنی ئەنجومەنی نوێنەران کە سەرەتایەکە بۆ دەستکاریکردنی دەستور بە پێ ی بەرژەوەندی ناوەندێکی بەهێز، ئەگەر سەیری وەفدەکانمان بکەین لە بەغداد تەواو لە پاشەکشەدایە، کە داوای سەرجەم داهاتی خاڵە سنوریەکان و نەوت و غاز و نیوەی داهاتی هەرێم دەکات کە ڕێک دەکاتەوە ئۆتۆنۆمییەکەی سەردەمی سەدام، هەر بۆیە هەرێم کەوتوەتە بەردەم لاوازکردنێکی قورسەوە کە سەرەتاکەی وا دەردەکەوێ قەوارەی هەرێم لە فیدراڵیەکی هەقیقیەوە ببێت بە فیدراڵیەکی کارتۆنی بە تەواوی دەسەڵاتەکان بچێتەوە ناوەند، ئەگەر چی کورد لە ناوەندا لە زۆر پۆستی سیادی و سەربازیدا هەیە بەڵام وردە وردە وای لێدێت ئەو پۆستانەش قەید بکرێن و کارتۆنی ببنەوە، سەرۆکایەتی عێراقیش کە کوردە خۆی بیەوێ یان نەویەوێ لەبەردەم رێگایەکدایە بەس بەڵێ دەکات، ئا لێرەوە وەک هەمو جارەکانی تری مێژو هەرکات ناوەند لاواز بوبێ کورد شانسی بەهێز بون دامەزارندنی پایەکانی خۆی بوە، بە داخەوە هەمو کاتەکان ئەقڵی سیاسی و ئیداری کورد نەیتوانیوە سود لەم دەرفەتانە وەربگرێ، هەر کاتێکیش ناوەند بەهێز بوبێ ئەوا کورد ئەو کارتە بوە بە دەست هێزە ناوچەیی و جیهانیەکانەوە تاڵان فرۆش کراوە.

چێ دەبێت.؟
بە مانای هەڵوەشاندنەوەی هەرێم ئەگەرێکی لاوازە، بەڵام هەرێمێكی بێ دەستەڵاتی بی ئابوی دەبێت، کارتەکان ئامادەن بۆ نمونە لەگەڵ هەڵبژاردنی داهاتو ڕاپرسی بکرێت بۆ چونەوە سەر بەغداد ئەوە بێ گومان خەڵک لە تاو دەستەڵاتی کوردی و گەندەڵی و بەهەدەردانی سامانی وڵات زۆرینەی دەنگ دەدات بە گەڕانەوە بۆ بەغداد، کە ئەمەش خراپترین بڕیارە کورد بیدات وەک ئەوەی لە ڕقی دزیەکی باوکت پشت بە دوژمن ببەستی.

کۆتای باس.؟
* هەرێم بێ خواستی هیچ لایەنێک لەبەردەم لاوازی بونی خۆیی و بەهێزی ناوەندایە، لەسەر نەخشەی بەرژەوەندی وڵاتان.
* هەرێم لەبەردەم ئاوێنەی بەکارتۆنیبونی خۆیدایە، واتا فیدراڵی بە بۆشی هەر دەمێنێتەوە و ئەمریکا باڵانسی هێزی بچوک بۆ بەهێزکردنی ناوەندێکی بەهێز پەیڕەو دەکا.
* هەرێم بە ناچاری لەبەردەم چاکسازیدایە.
* هەرێم دەبێت پاشخانێکی رزگارکەر بۆ خۆی دابنێت ئەویش تەنها پڕۆژەکانی کاک نەوشیروانە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت