خالید مەجید فەرەج: دەوڵەتی یاسا.
ئەفلاتۆن دەڵێت: یاسا لەسەروو ئەسیناوەیە.
چەمکی دەوڵەتی یاسا ئیستیلاحێکی سیاسی و یاساییە، دەبێت بە شیعارێکی سیاسی کاتێک کە گوزارشت لەئامانج و ئاواتە گشتیەکانی مەحکومەکان (گەل) لەبەرانبەر دەسەلات دەکات. بەهەمان شێوەش دەسەڵات، هەروەک شیعارێکی سیاسی، لەبەرانبەر گەلدا، بۆ پۆشینی بەرگی شەرعیەت بەبەریخۆیدا پەنای بۆ بردووە. کەواتە ئیستیلاحی دەوڵەتی یاسا لەلایەن هەردوو تیمەکەوە، یان غەریمەکەوە وەک شیعارێکی سیاسی پەنای بۆ دەبرێت، بەڵام دەوڵەتی یاسا وەک ئیستیلاحێکی یاسایی تیۆریەکی دەستوری پێکدەهێنێت، کە تەوەرەکەی ماڵئاوایی کردنە لە حوکمی موشەخەس، یان تاکە کەس بۆ حوکمێکی موجەرەد، بە واتایەکی تر گواستنەوە لەحوکم بە مەفهومە زاتیەکەی کە بەستراوەتەوە بەمەلیک یان، سەرۆکی فەرماندە بۆ مەفهومێک کە بناغەی لەسەر بنەمای یاسای دەوڵەتی، دامەزراوەیی هەڵدەستێت.
دەوڵەتی یاسا ئەو دەوڵەتەیە، کەپابەندی سەروەریی یاسا دەبێت و شەرعیەت و دەسەڵات و کاریگەری خۆی لەئیرادەی گەلەوە وەردەگرێت و پێ لەسەر دام و دەزگاکانی خۆی دادەگرێت، کەزەمانەتی یاسایی و قەزائی و ئیداری لەپێناوی پاراستنی مافەکانی مرۆڤ و کەرامەت و ئازادییەکانی دەستەبەر بکەن، کە راگەیاندنی جیهانی مافەکانی مرۆڤ و هەموو قەواڵەو پەیمان و عەهدنامەکانی نەتەوەیەکگرتووەکان جەختی لەسەر دەکەنەوە.
ئەرستۆ کە قوتابی ئەفلاتۆن بوو، هەر لەسەرەتاوە لەگەڵ بیرۆکەی دەوڵەتە یۆتۆپیاکەی ئەفلاتۆندا نەبووە، کە لەکتێبە بەناوبانگەکەیدا بەناوی (جەمهوریەت) ە باسی لێوە دەکات. دەوڵەتی نموونەیی لای ئەرستۆ دەوڵەتی دەستوریە، نەک ئیستیبدادی. با ئیستیبدایەکی تەنویریش بێت، کەلەخواست وویستی حاکمێکی فەیلەسوفەوە هاتبێتە دەرەوە. ئەوە پێچەوانەی رای ئەفلاتون بوو کەدەیگوت دەبێ حەکیم یان فەیلەسوفەکان حوکم بکەن، نەک عەوام. بەڵام لەگەڵ ئەو بیرو بۆ چوونەی ئەفلاتۆندا یەک دەگرێتەوە کەلەکتێبەکەی دا( یاساکان) هاتووە، کە دەڵێ: (سەروەریی باڵا تەنها یاساییە)، نەک کەسێک هەرچەندە پلەو پایەشی بەرز بێت. ئەرستۆ دەڵێ هیچ حاکمێک هەرچەندە داناو پڕ ئەقڵ و کەماڵ بێت ناتوانێت دەست بەرداری یاسا بێت. چوونکە یاسا سیفەتێکی مەوزوعی و ئاکارێکی موجەردی وای هەیە، کەلای هیچ مرۆڤێک چنگ ناکەوێت. بەپێی بۆ چوونی ئەرستۆ حاکمی دەستوری کەرامەتی رەعیەت دەپارێزێت، چونکە ئەو بەپێی یاساو ویست و ئارەزوی خۆیان حوکمیان دەکات، تادەگاتە ئەوەی کە دەڵێت: حکومەتی کامڵ ئەوەیە، کە هەژار لەزۆرداری دەپارێزێت و داهاتی دەوڵەمەندیش زەوت ناکات. ئەم ووتەیەی ئەرستۆ لەگەڵ ئەوەی کە جەخت لەپابەند بوونی حاکم بە یاساوە دەکاتەوە، یەکێکە لەو کۆڵەکە سەرەکیانەی دەوڵەتی یاسایی لەسەر هەڵدەستێت. بەرای ئێمە ئەمە رەگێکی قووڵە، یان یەکەم بناغەی ئەو بیرو باوەڕەیە، کەلەدوای شۆڕشی فەرەنسی بەگشتی و دوای شۆڕشی پیشەسازی بەتایبەتی سەری هەڵداو باسی لەفیکری سۆسیالیزم دەکرد بۆ هێنانە دی کۆمەڵگەیەک، کە عەدالەتی کۆمەڵایەتی تیادا بەرقەرار بێت.
لەکۆتایی سەدەکانی ناوەراستەوە بەرەبەرە چەمکی دەوڵەتی یاسا دەستی بەبڵاو بوونەوە کرد. ئەوەبوو ساڵی 1215 لەبەریتانیا کۆمەڵێک یاساو رێسا بۆ پاراستنی مافی تاکەکان لەدژی خراپ مامەڵەکردن لەگەڵیاندا دەرچووە. هەروەها لەئاکامی شۆڕشی ساڵی 1689 دا هەر لەو ووڵاتە نووسراوێک بەناوی قەباڵەی مافەکان راگەیاندرا، کەتیادا قەدەغەکرا چیتر دانانی یاساکان و بەتاڵکردنەوەیان، یان جێبەجێ کردنیان تەنها بەدەست پادشاوە بێت، بەڵکو دەبوو رەزامەندی پارلەمانیشی لەگەڵدا بێت، بەپێجەوانەوە بەکارێکی رێگە پێنەدراو هەژمار دەکرا.
لەراگەیاندنی سەربەخۆییدا لە ووڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لەساڵی 1776 دا جەخت لەسەر ئەوە کراوە، کە دەبێت حکومەتەکان لەخزمەتی مەحکومەکاندا بن. ئەگەر دەسەڵاتیان بەشێوەیەکی ئیستیبدادی بەکار هێنا، بۆیان هەیە بیان گۆڕن. هەر لەو راگەیاندنەدا هاتووە، کە ئازادی و یەکسانی مافی هەموو خەڵکانە و لەسەر حکومەتەکانیشە زەمانەتی ئەو مافانە بکەن و پارێزگاریان لێبکەن. هەرچی شۆڕشی فەرەنسیە لەهەمووان زیاتر کاریگەری دەوڵەتی یاسایی لەسەر بووە، چونکە لەسەر چاوەی بیرو باوەڕی (رۆسۆ) و (مۆنتیسکیۆ) وەئیلهامی وەرگرتووە. ئەو شۆڕشە گوتویەتی: نابێت هیچ دەسەڵاتێک لەفەرەنسا لەژوور یاساوە بێت، هەر یاسا دەتوانێت تاکەکان لە ئیستیبداد بپارێزێت. سەروەریشی لەحاکم سەندۆتەوە و داویەتە دەست گەل. بەوشیوەیە سەرەوەری لەشەخسی حاکمەکان جیاکردۆتەوە و دەڵی: ئەوان تەنها فەرمانبەرن و لەبەردەستی خاوەنی سەروەریدان، کەگەلە و دەبێت بە پێی یاساکان کارەکانیان بەڕێوەبەرن.
لەئەڵمانیاش لەچەرخی نۆزدەهەمەوە بەسود وەرگرتن لە بیرو باوەڕەکانی ( ئەمانوئێل کانت) کەبەدوای سورشتی فەزیلەت، یان خێردا گەراوە، دەستیان کردووە بە لێکۆڵینەوەی یاسایی لەو بارەیەوە. ئەو دەڵێ: دروستکردنی ژیانێکی جیهانی کە ئاشتی بەردەوامی تیادا بەدیبێت، بەتەنها بەشێک نییە لەتێوری یاسا لەچوارچێوە عەقڵانیە پەتیەکەیدا، بەڵکو خۆی بۆ خۆی ئامانجێکی رەهاو کۆتاییە. بۆ گەیشتن بەوئامانجەش دەبێت دەوڵەت لەکۆمەلگەیەک پێک بێت، کە ژمارەیەکی زۆری خەڵکی لەخۆ گرتبێت. بەواتایەکی تر، کانت باوەڕی وابووە، کەناکرێت ئەو بیرو باوەڕە لەکۆمەڵگەیەکی بچووک و دابڕاو لەیەکتری بێتە دی. کەواتە دەکرێت بڵێین کانت لەهەوڵ و ئاواتی دامەزراندنی دەوڵەتی مەرکەزیدا بووە، کەباوەڕی وا بووە لەسایەیدا خەڵکان زەمانەتی مڵکداری تایبەتیان لەدەستوردا پێ دەدرێت.
ئەڵمانەکان بەهۆی ئەو میراتە فکریەوە دیدیان زیاتر رۆشن بۆوە بەرانبەر بەچەمکی دەوڵەتی یاسا، کەدەبێت ملکەچی رێساگەڵێکی وابێت، رێز لەمافی تاکەکان بگرێت. توربە دەڵێت: مەرج نییە هەر دەوڵەتێکی یاسا دیموکراسی بێت، بەڵام مەرجە هەر دیموکراسیەتێک دەوڵەتی یاسا بێت. لەکۆتاییەکانی ئەو چەرخەدا کە دەکاتە کاتی دروست بوونی یەکگرتووی نەتەوەیی ئەڵمانی لەسەر دەستی بسمارک، ئەو چەمکە لەو وڵاتە بەرجەستە بووە. دیارە ئامانج لەوەش ئەوکاتە تەنها بەهێزکردنی دەوڵەتی ناوەندی و بەئەقڵانیکردن و باش بەرێوەچوونی بووە. بۆیە دەتوانین بڵێین دەوڵەتی یاسا ماوەیەک دوای ئەوەی مەودا (بعد) لیبرالیەکەی بەخۆیەوە بینیوە.
لەو تێڕوانینە خێرایەی مێژووی سەهەڵدانی چەمکی دەوڵەتی یاسا، هەروەکو پێشتریش ئاماژەمان پێدا، دەتوانین بڵێین دەوڵەتی یاسا ئیستیلاحێکی سیاسیە، کە گوزارشت لەویستی جەمعی کەدەکاتە (مەحکوم ) دەکات بەرانبەر بەحاکم، بەڵام هەر ئەو ئیستیلاحە وەکو شیعارێکی سیاسیش لەلایەن دەسەڵاتەوە بەکار دەهێنرێت بۆ شەرعیەت بەخۆ دان لەبەرانبەر مەحکومەکاندا. بۆیە دەتوانین بڵیین هەردوو لایەنی (حاکم و مەحکوم)، ئەو ئیستیلاحە سیاسیە بەردوەام بەکار دەهێنن. دەوڵەتی یاسا وەک ئیستیلاحێکی یاساییش تیۆریەکی دەستوری پێکدەهێنێت، کە حوکم لە (شەخسیەوە) دەگۆڕێت بۆ ( مجرد) داماڵراو لەهەر دەورو تاسیرێکی کەسایەتی حاکم یان کەسەکان کە حوکم دەکەن. روونتر بڵیین گواستنەوەی حوکم لەواتا زاتیە شەخسیەکەوە، کەبەستراوە بەپادشاوە یان میرەوە، بۆ تێگەیشتنێکی (مجرد) کە بناغەکەی بنەما یاسایی و دامەزراوەکانە.
شتێکی بەڵگە نەویستە کە دەبێت دەوڵەت ملکەچی یاسا بێت . بەوەش ماف و ئازادی تاکەکان پارێزراو دەبێت، کەئەوەش یەکێکە لەدیاردە سەرەکیەکانی دەوڵەتی مەدەنی نوێ. دەوڵەتیش یاسایی نابێت هەتا هەموو دامەزراوەکانی حوکم نەچنە ژێر باری یاسایەکەوە کە بەرزترە لەخۆیان. بەوەش دەگەینە پرسنپی ملکەچیی دەوڵەت بۆ یاسا، یان پرسنپی مەشروعیەت، کە ئامانجی ئەوەیە دەسەڵاتەکانی حوکمرانیش لەدەوڵەتدا وەک مەحکومەکان پابەندی رێسا گەلێکی مولزەم بن ورێزی لێبگرن و سەرپێچی لێ نەکەن. دەوڵەتی هاو چەرخ ئیتر ئەو دەوڵەتە ئیستیبدادیە نییە، کە یاسا تیادا بێ ئەوەی هیچ کۆتێکی لەسەر بێت ئاوێتەی ئیرادەو ویستی حاکم بێت . دەوڵەتی یاسا رێز لە بنەمای پابەندبوونی حاکمەکان ( دەسەڵاتداران) بەیاساوە لە پەیوەندیەکانی نێوان حاکم و مەحکومدا لەلایەکەوە و لە پەیوەندیەکانی دەوڵەتەکەوە بەدەوڵەتەکانی تروەوە لەلایەکی ترەوە دەگرێت.
بنەما سەرەکیەکانی دەوڵەتی یاسا
بۆ بونیاد نانی دەوڵەتی یاسا چەند بنەمایەکی بنەرەتی هەن، کەدەبێت بەشدار بن لە دروستکردنیدا ، بەبوونیان ئەو دەوڵەتە بوونی دەبێت و بەغیابیان ناتوانرێت وێنای جۆرێک لەو دەوڵەتە بکرێت.
١- بوونی دەستور:
دەستوور بناغەی دەوڵەتی یاسایە ، چونکە هەر دەستورە، کە سیستمێک بۆ دەوڵەت دادەنێت و بوونی یاسایی دەسەڵاتەکان بونیاد دەنێت، ئامرازەکانی جێبەجێکردنی دەسەڵات و رێگاکانی هەڵبژاردنی حاکم وسنووری دەسەڵاتەکان و ئیختیساسەکان دیاری دەکات و شەرعیەتیان پێ دەبەخشێت. کەواتە ئەو لە حاکم بەرز ترە ، بۆیە ئەو دەسەڵاتەی، کە سەرچاوەی لە دەستورەوە بێت، سنوورد دا دەبێت، بەو شێوەیە، دەستور پەرژینێک بەدەوری دەسەڵاتەکاندا( یاسادانان، جێبەجێکردن، دادوەری) دەگیرێت کە ناتوانن لێی دەربچن، چونکە خۆی دروستی کردوون و رێکیخستون، ئەگەرنا سیفەتی یاسایی خۆیان وون دەکەن و کارەکانیشیان شەرعیەتی نامێنێت و دەبێت بە ئیجرائاتێکی زۆر لێکردنی مادیی، کە هیچ پاڵپشتێکی یاسایی نابێت.
٢- جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکان:
پرنسپی جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکان زەمانەتی پابەندبوونی دەوڵەت بەیاساوە پێکدەهێنێت، چونکە بەپێی ئەو پرنسیپە هەر دەزگایەکی سەربەخۆ ئەرکێکی تایبەتی لە ئەرکەکانی دەوڵەتی پێدەسپێرێت، دەزگایەک بۆ یاسا دانان، دەزگایەک بۆ جێبەجێکردن، دەزگایەک بۆ دادوەری. بەوشێوەیە هەر یەکێک لەو پێکهاتانە ئیختیساسی دیاریکراوی خۆیان دەبێت و ناتوان باز بەسەر ئیختیساسەکانی تردا بدەن. ئەوەی گومانی تێدا نییە ئەوەیە کە جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکان رێگا لەدەستێوەردان دەگرێت، چونکە هەر یەکەیان ناهێڵێت، ئەوی تر دەست لە کاروبارەکانی وەربدات. ئەگەر هەر یەکێکیان هەوڵێکی لەو جۆرەش بدات ئەویتریان دەتوانێت لە شوێنی خۆی بیوەستێنێت، مۆنتسکیۆ لەو بارەیەوە دەڵێت: (دەسەڵات بەدەسەڵات دەوەستێتەوە).
لەڕووی مێژووییەوە سەلمێندراوە، کە پشتبەستن بە پرنسپی جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکان و دواتر ئەو چاودێریەی کە دەسەڵاتەکانی حاکم بەسەر یەکەوە دەیکەن، زەمانەتێکی کار پێک دەهێنێت بۆ ملکەچ بوونی دەوڵەت لەبەرانبەر یاساداو پاراستنی مافەکانی تاک و ئازادیەکان.
مۆنستکیۆ کە بەباوکی پرنسپی جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکان دادەنرێت، کاتێک بەدوای ئایدیالیستیەکی سیاسیدا لەرێگەی دۆزینەوەی دەسەڵاتێکی میانرەوەوە گەڕاوە، کە هاوسەنگی لەنێوان پێداویستیەکانی دەسەڵات و دابینکردنی ماف و ئازادیە گشتیەکاندا بکات، باوەڕی وا بووە تاکە رێگە چارە بۆ زۆر هێنان بۆ دەسەڵات، کە میانرەوبێت و رێی لادانی لێبگیرێت، جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکانە.
لەکتێبەکەیدا، کەناوی ( رۆحی یاساکان) ە، دەڵێ: ئازادی سیاسی تەنها لەسێبەری دەسەڵاتە میانرەوەکاندا بەدی دێت. هەرکاتێک، کە حوکم خراپ بەکار هێنرا دەسەڵاتەکانیش تێکەڵ دەبن. لەئاکامی ئەزموونێکی دوورو درێژەوە دەردەکەوێت، هەر مرۆڤێک ئەگەر دەسەڵاتی هەبوو، بێگومان رۆژێک لە رۆژان خراپ بەکاری دەهێنێت و بەردەوامیش دەبێت، تاوەکو سنورێک پێشی لێدەگرێت و لەشوێنی خۆی دەیوەستێنێت. مۆنیسکۆ لەو بارەیەوە دەڵێت: هەتا چاکەش پێویستی بەسنورێک هەیە. لەبەر ئەوە بۆئەوەی دەسەڵات خراپ بەکار نەهێنرێت، پێویستە دەوڵەت لەسەر بناغەی دەسەڵات لەبەرانبەر دەسەڵاتدا بنیاد بنرێت. بۆ نموونە، دەبێت کارەکانی دەسەڵاتی جێبەجێ کردن ( حکومەت) وەک دەسەڵاتێکی ئیداری، نەک هەر لەگەڵ ئەحکامەکانی دەستوردا هاو ئاهەنگ بن، بەڵکو نابێت پێچەوانەی بنەما یاساییە ئاساییەکان و راگەیاندراوە ئیجرائیەکانیش بێت. بۆ بەرگرتن لەوە، دادگا وەک ئامرازێکی یاسایی زامنی ئەو رێزگرتنەی دەسەڵاتی جێبەجێکردن دەبێت لەو ئەحکامانە ، لەرێگەی دەعوای پوچەڵ کردنەوەی هەر کارێکی حکومەت، کە ناساز بێت لەگەڵیان، هەروەها قەرەبوو کردنەوەی ئەو زیانانەی کە لەتاکەکانی کۆمەڵ دەکەوێت بەهۆی سەرپێچی ئیدارە ،یان حکومەت لە دەستور یان یاسا کان.
سەرەڕای ئامرازی یاسایی، کەباسمان کرد، ئامرازی سیاسیش لەدەوڵەتی یاسادا هەیە بۆ بەرەنگاربوونەوەی حکومەت ئەگەر کارێکی دژ بەیاسا، یان دەستوری لەدەست وەشایەوە . ئەویش بە وەرگرتنەوەی متمانە لێی، یان موحاکەمە کردنی سەرۆک بەتۆمەتی خیانەتی گەورە، کە پیشێلکردنی دەستور یەکێکە لەو تۆمەتانەی، کە ئەو خیانەتە پێک دەهێنێت، هەروەها دەبێت کارەکانی دەسەڵاتی یاسادانان لە چوار چێوەی ئەحکامەکانی دەستوردابن. دەسەڵاتی یاسا دانان لە دانانی یاساکاندا ناتوانێت پێجەوانەی حوکمەکانی دەستوور بێت. بە واتایەکی تر هەر یاسایەک لەو دەسەڵاتەوە دەنگی بە دەرچوون لەسەر دەدرێت، ئەگەر پێجەوانەی دەستور بوو، لەرێگای داوای راستەوخۆ یان دەفعی فەرعی لەبەر دەمی دادگای دەستوری، یان دادگای بابەت رادەگیرێت یان پوچەڵ دەبێتەوە.
٣- سەربەخۆیی قەزائی
بەبێ بوونی دەزگایەکی دادوەری سەربەخۆ بەهیچ شێوەیەک ناتوانین باس لە دەوڵەتی یاسا بکەین، چونکە هەبوونی فیعلی هەموو دام ودەزگاکانی تری دەوڵەتی یاسا لەسەر سەربەخۆیی دادوەری وەستاوە، بە غیابی ئەو سەربەخۆییە دەستوور و پرنسپی جیاکردنەوەی دەسەڵات و ئازادیە تاکە کەسیەکان هیچ بەهایەکیان نابێت. کاتێک کە دەوڵەت دادوەرییەکی راستەقینەی سەربەخۆی تێدا دەبێت، ئەو کاتە بەهۆی چاودێری دادوەری ( الرقابة القضائیة) ەوە دەتوانرێت جەخت لەسەر رێزگرتن لە پرنسیپەکانی دەستوور و هەموو بنەماکانی تری یاساو جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکان بکرێت و مافەکانی تاکەکەسی و ئازادیەنیان زامن بکرێت. سەربەخۆیی قەزائی واپێویست دەکات، کاری قەزاوەت لەرووەکانی ئیداری ومادیەوە سەربەخۆ بێت و قازیەکان حەسانەی تەواویان هەبێت و مەترسی لەسەر کار لابردنیان نەبێت.هەروەها نابێت بەهیچ شیوەیەک ئەو کارانەی دەسەڵات پێی هەڵدەستێت، لە لێپێچینەوەی دادگا دوور بخرێتەوە، هەروەها نابێت هیچ کام لەدەسەڵاتی یاسادانان (پارلەمان) وجێبەجێکردن (حکومەت)، دەست بخەنە کاروباری دادگاوە لەسەر هەمو لایەنەکانیشە رێز لەبڕیارەکانی کە پلەی کۆتاییان وەرگرتووە بگرن.
٤- پیادە کردنی سیستمێکی دیموکراسی:
بوونی سیستمێکی دیموکراسی بۆ رێکخستنی ژیانی سیاسی ( فرەحیزبی) وهەڵبژاردنی ئازاد و گواستنەوەی ئاشتیانەی دەسەڵات دڵنیاییەکی تر دەبەخشێت بە باوەڕ بوون بە بوونی دەوڵەتی یاسا ، چوونکە رێکخستنی حوکم بەشیوەیەکی دیموکراسی، کەتیادا مافی مەحکومەکان لەهەڵبژاردنی حاکم و بەشداریکردن لەدەسەڵاتدا بەشێوەیەکی راستەو خۆ پارێزراو دەبێت، هەروەها چاودێریکردنی حاکم ولابردنی لەسەر کار ئەگەر لایدا. ئەمەش کاریگەرییەکی بەرچاوی دەبێت لەسەر پابەند بوونی دەسەڵات بەیاساوە. لێرەدا گرنگە ئەوە وەبیر بێنینەوە کە ناکرێت بەتەنها وەک سیستمێکی سیاسی، یان ئایدۆلۆجیایەک بۆ بەرێوەبردبی دەوڵەت لە دیموکراسیەت بڕوانین. بەڵکو دەبێت وەک شێوازێک بۆ ژیان و تێڕوانین لەخۆو ئەوانی تر سەیر بکرێت. پێش هەر شتێک دەبێت دان بە مرۆڤدا وەک مرۆڤ بنرێت، کە خاوەنی مافێکی سروشتین لە دەربڕین و گوزارشت لە خودی خۆیان. هەروەها نابێت سنوور بۆ هەڵبژاردنەکانی تاک و تواناکانی لە دەربڕین و داهێنانەکانی دابنرێت، جگە لەو ئەرک و مافانەی، کە سیفەتی هاوڵاتی بوونی لەچوار چێوەی ئەو کۆمەڵگایەی کەیاساو دامەزراوەکان حوکمی دەکەن، بەسەریدا دەیسەپێنێت، نابێت هیچ کۆتێکی دیکەی لەسەر بێت. رەنگە بگوترێت جا ئێمە لەکوێ خەڵکانێکی ئاوامان چنگ دەکەوێت، کە هێندە خۆ نەویست بن و لەبری ئەوەی کورسی حوکم وەک ئەرکێکی کاتیی، کە چاوی دەنگدەران و یاسای بە سەرەوەیە سەیر بکەن، وەک دەستکەوتێک، یان غەنیمەی دوای شەڕێکی خوێناوی، لە باوەشی بگرن وبیکەنە موڵکی شەخسی خۆیان. بۆ وەڵامی ئەوە دەتوانین بڵێین دیموکراسی وەک سیستمێک بۆ حوکمرانی پێوسیتی بە خەڵکانێکی مەعسوم لەهەڵە، یان نێردراوە خوداییەکان نییە، بەڵکو پێویستی بە خەڵکانێکی ئاساییە، کە ملکەچی تاکە سەروەریەک بن ئەویش یاسایە.
٥- کۆمەڵگەی فرەیی (تعددی)
دیموکراسیەت واتا دان نان بەجیاوازیەکانی نێو کۆمەڵگا لەرووی ئابووری و سیاسی و کۆمەڵایەتی و فیکریەوە. بێ گومان فرە حیزبی و بوونی چالاکیی سیاسیی جۆراو جۆر، لەئازادیە سیاسیەکانەوە سەرچاوە دەگرێت. بەپێی ئەو ئازادیەی کە ئەو سیستمە دەستەبەری دەکات، مافێکی سروشتیی تاکەکانە، کەبیرو رای جیاوازیان سەبارەت بە دۆزە گشتیەکان و بڕیارە سیاسیەکان و رێکخستنی خودی کۆمەڵگەی خۆیان هەبێت. جیاوازی سیاسیش لەئازدی کۆبوونەوەو بەشداریی فرە حیزبی و فرەکاندید لە کێبەرکێی هەڵبژاردنە ئازادەکاندا، هەروەها لەفرەیی کوتلە پارلەمانیەکاندا خۆی دەبینێتەوە. دەتوانین بڵێین کۆمەڵگەی فرەیی یان چەندێتی پێچەوانەی ئەو کۆمەڵگە شمولیانەیە لەو سیستمانەی کە تاکە حیزب رابەرایەتی دەکات. ئەو دوانە، نەتەنها لەئایدۆلۆجیادا پێچەوانەی یەکترن، بەڵکو لەدۆزینەوەی ڕێگا چارەکانیش بۆ ئەو ناجۆریانەی، کە لەبوارە جیا جیا کانی نێو کۆمەڵگەدا دەبینرێت، جیاوازن. لەکۆمەڵگەی شمولی تاکە حیزب دا، رێگا بە جیاوازی نادرێت. تەنها یەک رێگە هەیە، ئەویش رێگای حیزبی فەرماندە و سەرۆکی مێژووییە. بەڵام لە کۆمەڵگەی فرەییدا رێگا بە ناجۆریەکان، یان جیاوازیەکان دەدرێت، کە پێکەوە بژین لە پێناوی بەرەوپێش چوونی کۆمەڵگەدا. بەو پێیە بەرژەوەندیە ئابووری و سیاسی و کۆمەڵاتیەکان دەتوانن هەر یەکەو لەڕێگای حیزبی سیاسی خۆیانەوە، گوزارشتی ئاشتیانە لەخۆیان بکەن و لەهەمان کاتیشدا رکابەری سیاسی ئەوانی تر بن، لەململانێی وەرگرتنی دەسەڵات لەڕێگەی سندوقەکانی هەڵبژاردنەوە.
لێرەدا ئەوەی شایەنی ئاماژەیە ئەوەیە، کاتێک یاساناسەکان باس لەدەوڵەتی یاسا دەکەن. دەوڵەتی پۆلیسیش وەک ئیستیلاحێکی تر بۆ گوزارشت لە دەوڵەتی یاسا دەهێننەوە، بەڵام دیارە مەرام و میکانیزمی کارەکانیان جیاوازن لەیەکتری.
دەتوانین بڵێین دەوڵەتی پۆلیسی ئەو دەوڵەتەیە، کە بەپێی ووتە بەناوبانگەکەی ماکیاڤیلی کاردەکات کە دەڵێت ( الغایة تبرر الوسیلة)، واتا بەکار هێنانی هەر ئامرازێک لەپێناوی هێنانەدی ئامانجەکەدا مەشروعە. لەم جۆرە سیستمەدا، دەسەڵاتەکانی کارگێڕی و جێبەجێ کردن، ئازادی رەهایان هەیە لەدەرکردنی ئەو بڕیارانەی، کە بەشیاوی دەزانن، و بێ پابەند بوون یان گەرانەوە بۆ ئەو بنەما بنەڕتیانەی، کە دەسەڵات و ئیختیساسەکان و میکانیزمی بەکارهێنانیان دیاری دەکات. هەروەها هەموو دامەزراوەکانی یاسادانان و جێبەجێکردن و قەزاوەت تێکەڵاوی یەکتری دەبن، بێ ئەوەی هیچ جیاکردنەوەیەک لەنێوانیان دا هەبێت. یان پێوەرێک هەبێت بۆ لەیەک جیاکردنەوە، لەم چەشنە دەوڵەتانەدا لەبری دەسەڵاتی یاسادانان ئیدارە یاسا دادەنێت و هەر خۆشی جێبەجێی دەکات. بێگومان ئەوەش لەگەڵ سادەترین بنەماکانی عەدالەتدا یەک ناگرێتەوە، چونکە لەدەوڵەتی پۆلیسیدا هیچ زەمانەتێک بۆ تاکەکان و ئازادیە گشتیەکان نییە، دەسەڵات (مەبەست دەسەڵاتی جێبەجێ کردنە) هەر خۆی خەسمەو خۆشی حەکەمە لەهەمان کاتدا.
وەک پێشتر گوتمان لەم دەوڵەتەدا ئامانج هێنانەدی مەبەستەکانی ئیدارەیە بەهەر رێگەیەک، یان پاساوێک بێت، بێ گوومان ئەو جۆرە ئیدارەیە خەڵکانێک بەڕێوەی دەبەن، کە ئارەزوی تاکرەویان لەبڕیاری سیاسیدا هەیە.
بەروانین لەوەی رابورد، بۆمان دەر دەکەوێت کە دەوڵەتی یاسا لەسەر بنەمای سەروەری ( سیادة) دەستوری نیشتمانی هەڵدەستێت و زامنی مافە یەکسانەکانی هاو ڵاتیەکانی دەکات. لەسایەی دەوڵەتی یاسادا کۆمەڵگەی مەدەنی شەریکێکی هاوتاو یەکسانی دەوڵەتە. دەستوری لیتوانیا دەڵێت: (گەل هەوڵ دەدات بۆ گەیشتن بەکۆمەڵگەیەکی مەدەنی و عادیل وهاو ئاهەنگ لەگەڵ دەوڵەتدا لەژێر سایەی یاسا یان دەوڵەتی یاسادا). دەسەڵاتەکانی قەزائی و جێبەجێکردن (حکومەت) بەستراونەتەوە بەیاساوە. بەواتایەکی تر لەدژی یاسا کار ناکەن و دەسەڵاتی یاسا دانانیش واتا پارلەمان پابەندی بنەماکانی دەستور دەبێت. هەموو کارەکانی دەوڵەت و چالاکییە سیاسی وئابوری کۆمەڵایەتیەکانی دەبێت بەشێوەیەکی روون وئاشکرا بێت ونابێ لەپشتی بەردەوە بێت. دەبێت پاساوی مەنتیقیش بۆ هەموو ئەو کارانەی دەوڵەت هەبێت. دەبێت بڕیارەکانی دەوڵەت وکارەکانی دەزگاکانی بەردەوام لەلایەن دەزگایەکی بێلایەنەوە پێدا چوونەوەیان بۆ بکرێت. بەهیچ شێوەیەک نابێت پرنسپی کاریگەری یاسا بەشیوەیەکی پشتاو پشت گەرانەوە ( رجعی) بێت، تەنها لەو حاڵەتانەدا نەبێت، کە کەرتێکی بەرچاو لە کۆمەڵگە سودی لێببین. بەهیچ شێوەیەک لەم شیوە دەوڵەتەدا نابێت پەنا بۆ هێز لەدژی کۆمەڵگە، یان بەشێکی ببرێت.
دەتوانین بەدڵنیایەوە بڵێین، کە رەگەزێکی تر لەو رەگەزانەی کەناکرێت بێ ئەو دەوڵەتی یاسا ئیدامەی هەبێت، لیبرالیزمە. هەر بەم بۆنەیەوە حەزدەکەم بیرو رای فەیلەسوفی ئینگلیز جۆن لۆک، لەو بارەیەوە بزانین، ئەو دەڵێت: لەکۆمەڵگەی نویی لیبرالیزمدا، هەر مرۆڤێک مافی ژیان و مافی ئازادی هەیە، مافی سوود وەرگرتن لە موڵکە شەخسیەکانی خۆی هەیە. هەرکەس بۆی هەیە لەسەر باوەڕ بەئاینی خۆی،یان مەزهەبی خۆی مکوڕ بێت، بەمەرجێک ئەو باوەڕەی خۆی بەزەبری هێز بەسەرکەسیدیکەدا نەسەپێنێت. لۆک بەم دەسپێکە بنەمایەکی بۆ لێبوردن لەنێوان ئاینە جیاوازەکان و مەزهەبەکاندا داڕشت، تا ئەو رادەیەی کە لە ساڵی 1869 دا داکۆکی لە موسڵمان جولەکەکان و ئەو مەسیحیانەشی، کە لەسەر مەزهەبی کاسۆلیک بوون و کەمینە بوون لەنێو کۆمەڵگەی ئینگلیزی زۆرینەی پرۆتستانتیدا دەکرد. ئەو زۆر بەوردی دەڵی: (نابێ هیچ کەسێک بەهۆی جیاوازی ئایین و مەزهەبەوە لەمافە مەدەنیەکانی مەحروم بکرێت). لەسەر ئاستی سیاسیشەوە، پرسیارێک بەرەنگاری لۆک بۆتەوە، کە ئایا بەچ رێگایەک دەتوانرێت لە حوکمە دیکتاتۆریە قێزەونە رزگاریان بێت، کەلەسەرەوە بەسەر گەلدا فەرز کراوە. ئایا دەکرێت بگەنە جۆرێک لە حوکمرانی، کە ئازادی و کەرامەتی خەڵک بپارێزێت؟ وەڵامەکەی یان رێگەکە شۆڕشی ساڵی (1688) ی بەریتانیا بوو کە لۆک بە مونەزیری ئەو شۆڕشە دادەنرا. کە بە هۆیەوە ئیستیبداد پاشەکشیی کردوو مافەکان راگەێندرا کە بریتی بوون لە:
أ- مافی مەلیک لە تاجەکەیدا، لەگەلەوە وەرگیراوە نەک لەخوداوە.
ب- بۆ مەلیک نییە یاساکان پوچەڵ بکاتەوە بۆی نییە یاسای نوێ دەربکات ئەگەر رەزامەندی پارلەمانی لەسەر نەبێ.
ج- بۆ مەلیک نییە باج بسەپێنێ یان لەشکرێکی نوێ پێک بهێنێت ئەگەر رەزامەندی پارلەمانی لەسەر نەبێت.
د- مافی ئازادی رادەبڕین لەپارلەمان پاریزراوەو دەستبەرە بۆ هەموو ئەندامان.) دەکرێ بڵێین بۆ یەکەمین جار لەمێژودا جێبەجێکردنت دەوڵەتی هەق و یاسا سەری هەڵبدا..
بۆ زانین بەریتانیا سەد ساڵ پێش فەرەنسا کەوتووە لەدامەزراندنی سیستمی لیبرالیزمی ئازاد. هەر لەبەر ئەم هۆیەش بووە کاتێک ڤۆلتێر لەساڵی 1728 سەردانی بەریتانیا دەکات و چاوی بەو پیشکەوتنە دەکەوێت، ئاخ بۆ فەرنسا هەڵدەکیشێ کە تا ئەو کاتەش بەدەست حوکمێکی ئسوڵی ئیستیبدادیەوە ناڵاندویەتی. بۆیە هەوڵیداوە بیرو باوەڕەکانی وەربگێرێتە سەر زمانی فەرەنسی، بۆ ئەوەی لەوێش کەشی ئازادی و لێبوردن و دیموکراسی بڵاو ببێتەوە تا ببنە هەوێن بۆ دەوڵەتی یاسا لەفەرەنسا.
لەکۆتایدا ماوەتە بڵێین داخۆ تاقیکردنەوەکەی کورد لەهونەری ئیدارەی سیاسی و مەدەنی و یاسا دانان و دادوەریدا گەیشتۆتە ئەوپلەیەی کە بڵێین ئێمە بناغەی دروست کردنی دەوڵەتی یاسامان هەیەو ئیستا سەرقاڵی جوانکردنی و باشکردنی ئەو بونیادە شارستانیەین، یان هێشتا ماومانە؟ بەهەر حاڵ، مەبەستی بەندە لەخستنەرووی ئەم باسەدا کردنەوەی دەرگایە لەسەر دیالۆگی شارستانیانە لانیکەم لەنێوان نوخبە رۆشنبیرەکەدا لەلایکەوەو نوخبە سیاسیەکە لەلایەکی دیکەوە. هەموو کاتێکیش هاویشتنی بەردێکی گەر بچوکیش بێت بۆ نێو گۆمێکی مەنگ، چاکترە لەوەی سەد ساڵ چاوەڕوانی زەمین لەرزەیەک بیت بۆ جوڵاندنێکی بەهێزی ئاوەکەی نێوی. ئەو کۆمەڵگایانەی پیش ئێمە بەو ئاواتە گەیشتون، دیارە سەرەتا بە هەنگاوی رۆشفکرێک بیرمەندێک دەستیان پێکردووە.
سەرچاوەکان
١- مبدأ المشروعیة و ضوابط خضوع الدولة للقانون .. طعیمە جرف
٢- النظم السیاسیة…… د. ثروت ندوی
٣- الدولة القانونیة والدولة البولیسیة ….حسن شکر
٤- دولة القانون: الضرورة والمقدمة للشروع فی التنمیة. د. بسام دلة. مجلة التأمین و التنمیـ العدد 2 لسنة 2004
٥- النظم السیاسیة فی لبنان والدول العربية .. د. احمد السرحال
٦- روح القوانین ..مونتسکیو.
٧- الدیمقراطیة والقانون … د. اسماعیل موسی
- خالید مەجید فەرەج: ئەلکەواکیبی، کتێبی طبائع الأستبداد. - 2023-03-19
- خالید مەجید فەرەج: سوهرەوەردی، حیکمەتی ئیشراق. - 2023-03-16
- بۆب دیلان: لە ڕێڕەوی بادا. - 2022-08-13