خالید مەجید فەرەج: دەوڵەتی یاسا.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ئەفلاتۆن دەڵێت: یاسا لەسەروو ئەسیناوەیە.

چەمکی دەوڵەتی یاسا ئیستیلاحێکی سیاسی و یاساییە، دەبێت بە شیعارێکی سیاسی کاتێک کە گوزارشت لە ئامانج و ئاواتە گشتیەکانی مەحکوومەکان (گەل) لە بەرامبەر دەسەڵات دەکات. بە هەمان شێوەش دەسەڵات، هەر وەک شیعارێکی سیاسی، لە بەرامبەر گەلدا، بۆ پۆشینی بەرگی شەرعیەت بەبەریخۆیدا پەنای بۆ بردووە. کەواتە ئیستیلاحی دەوڵەتی یاسا لەلایەن هەر دوو تیمەکەوە، یان غەریمەکەوە وەک شیعارێکی سیاسی پەنای بۆ دەبرێت، بەڵام دەوڵەتی یاسا وەک ئیستیلاحێکی یاسایی تیۆرییەکی دەستووری پێکدەهێنێت، کە تەوەرەکەی ماڵئاوایی کردنە لە حوکمی موشەخەس، یان تاکە کەس بۆ حوکمێکی موجەرەد، بە واتایەکی تر گواستنەوە لە حوکم بە مەفهومە زاتیەکەی کە بەستراوەتەوە بە مەلیک یان، سەرۆکی فەرماندە بۆ مەفهومێک کە بناغەی لەسەر بنەمای یاسای دەوڵەتی، دامەزراوەیی هەڵدەستێت.
دەوڵەتی یاسا ئەو دەوڵەتەیە، کەپابەندی سەروەریی یاسا دەبێت و شەرعیەت و دەسەڵات و کاریگەری خۆی لە ئیرادەی گەلەوە وەردەگرێت و پێ لەسەر دام و دەزگاکانی خۆی دادەگرێت، کەزەمانەتی یاسایی و قەزائی و ئیداری لەپێناوی پاراستنی مافەکانی مرۆڤ و کەرامەت و ئازادییەکانی دەستەبەر بکەن، کە ڕاگەیاندنی جیهانی مافەکانی مرۆڤ و هەموو قەواڵەو پەیمان و عەهدنامەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان جەختی لەسەر دەکەنەوە.
ئەرستۆ کە قوتابی ئەفلاتۆن بوو، هەر لە سەرەتاوە لەگەڵ بیرۆکەی دەوڵەتە یۆتۆپیاکەی ئەفلاتووندا نەبووە، کە لە کتێبە بەناوبانگەکەیدا بەناوی (جەمهوریەت) ە باسی لێوە دەکات. دەوڵەتی نموونەیی لای ئەرستۆ دەوڵەتی دەستوورییە، نەک ئیستیبدادی. با ئیستیبدایەکی تەنویریش بێت، کەلەخواست ویستی حاکمێکی فەیلەسووفەوە هاتبێتە دەرەوە. ئەوە پێچەوانەی ڕای ئەفلاتوون بوو کەدەیگوت دەبێت حەکیم یان فەیلەسووفەکان حوکم بکەن، نەک عەوام. بەڵام لەگەڵ ئەو بیر و بۆ چوونەی ئەفلاتووندا یەک دەگرێتەوە کەلەکتێبەکەی دا( یاساکان) هاتووە، کە دەڵێت: (سەروەریی باڵا تەنیا یاساییە)، نەک کەسێک هەرچەندە پلە و پایەشی بەرز بێت. ئەرستۆ دەڵێت هیچ حاکمێک هەرچەندە دانا و پڕ ئەقڵ و کەماڵ بێت ناتوانێت دەستبەرداری یاسا بێت. چوونکە یاسا سیفەتێکی مەوزوعی و ئاکارێکی موجەردی وای هەیە، کەلای هیچ مرۆڤێک چنگ ناکەوێت. بەپێی بۆ چوونی ئەرستۆ حاکمی دەستووری کەرامەتی ڕەعیەت دەپارێزێت، چونکە ئەو بەپێی یاساو ویست و ئارەزووی خۆیان حوکمیان دەکات، تا دە گاتە ئەوەی کە دەڵێت: حکومەتی کامڵ ئەوەیە، کە هەژار لە زۆرداری دەپارێزێت و داهاتی دەوڵەمەندیش زەوت ناکات. ئەم گوتەیەی ئەرستۆ لەگەڵ ئەوەی کە جەخت لە پابەند بوونی حاکم بە یاساوە دەکاتەوە، یەکێکە لەو کۆڵەکە سەرە کیانەی دەوڵەتی یاسایی لەسەر هەڵدەستێت. بەڕای ئێمە ئەمە ڕەگێکی قووڵە، یان یەکەم بناغەی ئەو بیر و باوەڕەیە، کەلەدوای شۆڕشی فەرەنسی بەگشتی و دوای شۆڕشی پیشەسازی بەتایبەتی سەری هەڵدا و باسی لە فیکری سۆسیالیزم دەکرد بۆ هێنانە دی کۆمەڵگەیەک، کە عەدالەتی کۆمەڵایەتی تێدا بەرقەرار بێت.
لە کۆتایی سەدەکانی ناوەڕاستەوە بەرەبەرە چەمکی دەوڵەتی یاسا دەستی بە بڵاو بوونەوە کرد. ئەوە بوو ساڵی 1215 لە بەریتانیا کۆمەڵێک یاساو ڕێسا بۆ پاراستنی مافی تاکەکان لەدژی خراپ مامەڵەکردن لەگەڵیاندا دەرچووە. هەروەها لە ئاکامی شۆڕشی ساڵی 1689 دا هەر لەو وڵاتە نووسراوێک بەناوی قەباڵەی مافەکان ڕاگەیاندرا، کەتیادا قەدەغەکرا چیتر دانانی یاساکان و بەتاڵکردنەوەیان، یان جێبەجێ کردنیان تەنها بەدەست پادشاوە بێت، بەڵکوو دەبوو ڕەزامەندی پارلەمانیشی لەگەڵدا بێت، بەپێچەوانەوە بەکارێکی ڕێگە پێنەدراو هەژمار دەکرا.
لە ڕاگەیاندنی سەربەخۆییدا لە وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە ساڵی 1776 دا جەخت لەسەر ئەوە کراوە، کە دەبێت حکومەتەکان لە خزمەتی مەحکومەکاندا بن. ئەگەر دەسەڵاتیان بە شێوەیەکی ئیستیبدادی بەکار هێنا، بۆیان هەیە بیانگۆڕن. هەر لەو ڕاگەیاندنەدا هاتووە، کە ئازادی و یەکسانی مافی هەموو خەڵکانە و لەسەر حکومەتەکانیشە زەمانەتی ئەو مافانە بکەن و پارێزگاریان لێ بکەن. هەرچی شۆڕشی فەرەنسییە لە هەمووان زیاتر کاریگەری دەوڵەتی یاسایی لەسەر بووە، چونکە لەسەر چاوەی بیر و باوەڕی (ڕۆسۆ) و (مۆنتیسکیۆ) وە ئیلهامی وەرگرتووە. ئەو شۆڕشە گوتویەتی: نابێت هیچ دەسەڵاتێک لە فەرەنسا لەژوور یاساوە بێت، هەر یاسا دەتوانێت تاکەکان لە ئیستیبداد بپارێزێت. سەروەریشی لە حاکم سەندووەتەوە و داویەتە دەست گەل. بەو شیوەیە سەرەوەری لە شەخسی حاکمەکان جیا کردووەتەوە و دەڵێت: ئەوان تەنیا فەرمانبەرن و لەبەردەستی خاوەنی سەروەریدان، کەگەلە و دەبێت بە پێی یاساکان کارەکانیان بەڕێوەبەرن.
لە ئەڵمانیاش لە چەرخی نۆزدەیەمەوە بەسوود وەرگرتن لە بیر و باوەڕەکانی ( ئەمانوئێل کانت) کەبەدوای سروشتی فەزیلەت، یان خێردا گەراوە، دەستیان کردووە بە لێکۆڵینەوەی یاسایی لەو بارەیەوە. ئەو دەڵێت: دروستکردنی ژیانێکی جیهانی کە ئاشتی بەردەوامی تیادا بەدی ببێت، بە تەنیا بەشێک نییە لە تیۆری یاسا لە چوارچێوە عەقڵانیە پەتیەکەیدا، بەڵکوو خۆی بۆ خۆی ئامانجێکی ڕەهاو کۆتاییە. بۆ گەیشتن بەو ئامانجەش دەبێت دەوڵەت لە کۆمەڵگەیەک پێک بێت، کە ژمارەیەکی زۆری خەڵکی لە خۆ گرتبێت. بە واتایەکی تر، کانت باوەڕی وا بووە، کەناکرێت ئەو بیر و باوەڕە لە کۆمەڵگایەکی بچووک و دابڕاو لە یەکتری بێتە دی. کەواتە دەکرێت بڵێین کانت لەهەوڵ و ئاواتی دامەزراندنی دەوڵەتی مەرکەزیدا بووە، کەباوەڕی وا بووە لەسایەیدا خەڵکان زەمانەتی مڵکداری تایبەتیان لەدەستوردا پێ دەدرێت.
ئەڵمانەکان بەهۆی ئەو میراتە فیکرییەوە دیدیان زیاتر ڕۆشن بۆوە بەرانبەر بەچەمکی دەوڵەتی یاسا، کەدەبێت ملکەچی ڕێساگەڵێکی وابێت، ڕێز لەمافی تاکەکان بگرێت. توربە دەڵێت: مەرج نییە هەر دەوڵەتێکی یاسا دیموکراسی بێت، بەڵام مەرجە هەر دیموکراسییەتێک دەوڵەتی یاسا بێت. لەکۆتاییەکانی ئەو چەرخەدا کە دەکاتە کاتی دروست بوونی یەکگرتووی نەتەوەیی ئەڵمانی لەسەر دەستی بسمارک، ئەو چەمکە لەو وڵاتە بەرجەستە بووە. دیارە ئامانج لەوەش ئەو کاتە تەنها بەهێزکردنی دەوڵەتی ناوەندی و بەئەقڵانیکردن و باش بەڕێوەچوونی بووە. بۆیە دەتوانین بڵێین دەوڵەتی یاسا ماوەیەک دوای ئەوەی مەودا (بعد) لیبرالیەکەی بەخۆیەوە بینیوە.
لەو تێڕوانینە خێرایەی مێژووی سەرهەڵدانی چەمکی دەوڵەتی یاسا، هەر وەکوو پێشتریش ئاماژەمان پێدا، دەتوانین بڵێین دەوڵەتی یاسا ئیستیلاحێکی سیاسییە، کە گوزارشت لە ویستی جەمعی کەدەکاتە (مەحکوم ) دەکات بەرامبەر بە حاکم، بەڵام هەر ئەو ئیستیلاحە وەکوو شیعارێکی سیاسیش لەلایەن دەسەڵاتەوە بەکار دەهێنرێت بۆ شەرعیەت بە خۆ دان لە بەرامبەر مەحکومەکاندا. بۆیە دەتوانین بڵێین هەر دوو لایەنی (حاکم و مەحکوم)، ئەو ئیستیلاحە سیاسییە بەردەوام بەکار دەهێنن. دەوڵەتی یاسا وەک ئیستیلاحێکی یاساییش تیۆرییەکی دەستووری پێکدەهێنێت، کە حوکم لە (شەخسیەوە) دەگۆڕێت بۆ ( مجرد) داماڵراو لە هەر دەور و تەئسیرێکی کەسایەتی حاکم یان کەسەکان کە حوکم دەکەن. ڕوونتر بڵێین گواستنەوەی حوکم لە واتا زاتیە شەخسییەکەوە، کەبەستراوە بە پادشاوە یان میرەوە، بۆ تێگەیشتنێکی (مجرد) کە بناغەکەی بنەما یاسایی و دامەزراوەکانە.
شتێکی بەڵگە نە ویستە کە دەبێت دەوڵەت ملکەچی یاسا بێت . بەوەش ماف و ئازادی تاکەکان پارێزراو دەبێت، کەئەوەش یەکێکە لە دیاردە سەرەکییەکانی دەوڵەتی مەدەنی نوێ. دەوڵەتیش یاسایی نابێت هەتا هەموو دامەزراوەکانی حوکم نەچنە ژێر باری یاسایەکەوە کە بەرزترە لە خۆیان. بەوەش دەگەینە پرەنسیپی ملکەچیی دەوڵەت بۆ یاسا، یان پرەنسیپی مەشروعیەت، کە ئامانجی ئەوەیە دەسەڵاتەکانی حوکمڕانیش لە دەوڵەتدا وەک مەحکوومەکان پابەندی ڕێسا گەلێکی مولزەم بن و ڕێزی لێ بگرن و سەرپێچی لێ نەکەن. دەوڵەتی هاوچەرخ ئیتر ئەو دەوڵەتە ئیستیبدادیە نییە، کە یاسا تێدا بێ ئەوەی هیچ کۆتێکی لەسەر بێت ئاوێتەی ئیرادە و ویستی حاکم بێت . دەوڵەتی یاسا ڕێز لە بنەمای پابەندبوونی حاکمەکان ( دەسەڵاتداران) بە یاساوە لە پەیوەندیەکانی نێوان حاکم و مەحکوومدا لە لایەکەوە و لە پەیوەندیەکانی دەوڵەتەکەوە بە دەوڵەتەکانی ترەوە لە لایەکی ترەوە دەگرێت.
بنەما سەرەکییەکانی دەوڵەتی یاسا
بۆ بونیاد نانی دەوڵەتی یاسا چەند بنەمایەکی بنەڕەتی هەن، کەدەبێت بەشدار بن لە دروستکردنیدا ، بەبوونیان ئەو دەوڵەتە بوونی دەبێت و بەغیابیان ناتوانرێت وێنای جۆرێک لەو دەوڵەتە بکرێت.
١- بوونی دەستوور:
دەستوور بناغەی دەوڵەتی یاسایە ، چونکە هەر دەستوورە، کە سیستمێک بۆ دەوڵەت دادەنێت و بوونی یاسایی دەسەڵاتەکان بونیاد دەنێت، ئامرازەکانی جێبەجێکردنی دەسەڵات و ڕێگاکانی هەڵبژاردنی حاکم و سنووری دەسەڵاتەکان و ئیختیساسەکان دیاری دەکات و شەرعیەتیان پێ دەبەخشێت. کەواتە ئەو لە حاکم بەرز ترە ، بۆیە ئەو دەسەڵاتەی، کە سەرچاوەی لە دەستوورەوە بێت، سنوور دار دەبێت، بەو شێوەیە، دەستوور پەرژینێک بە دەوری دەسەڵاتەکاندا( یاسادانان، جێبەجێکردن، دادوەری) دەگیرێت کە ناتوانن لێی دەربچن، چونکە خۆی دروستی کردوون و ڕێکیخستون، ئەگەرنا سیفەتی یاسایی خۆیان ون دەکەن و کارەکانیشیان شەرعیەتی نامێنێت و دەبێت بە ئیجرائاتێکی زۆر لێکردنی مادیی، کە هیچ پاڵپشتێکی یاسایی نابێت.
٢- جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکان:
پرەنسیپی جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکان زەمانەتی پابەندبوونی دەوڵەت بە یاساوە پێکدەهێنێت، چونکە بەپێی ئەو پرەنسیپە هەر دەزگایەکی سەربەخۆ ئەرکێکی تایبەتی لە ئەرکەکانی دەوڵەتی پێدەسپێرێت، دەزگایەک بۆ یاسا دانان، دەزگایەک بۆ جێبەجێکردن، دەزگایەک بۆ دادوەری. بەو شێوەیە هەر یەکێک لەو پێکهاتانە ئیختیساسی دیاریکراوی خۆیان دەبێت و ناتوانن باز بەسەر ئیختیساسەکانی تردا بدەن. ئەوەی گومانی تێدا نییە ئەوەیە کە جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکان ڕێگا لە دەستتێوەردان دەگرێت، چونکە هەر یەکەیان ناهێڵێت، ئەوی تر دەست لە کاروبارەکانی وەربدات. ئەگەر هەر یەکێکیان هەوڵێکی لەو جۆرەش بدات ئەوی تریان دەتوانێت لە شوێنی خۆی بیوەستێنێت، مۆنتسکیۆ لەو بارەیەوە دەڵێت: (دەسەڵات بە دەسەڵات دەوەستێتەوە).
لەڕووی مێژوویییەوە سەلمێنراوە، کە پشتبەستن بە پرەنسیپی جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکان و دواتر ئەو چاودێریەی کە دەسەڵاتەکانی حاکم بەسەر یەکەوە دەیکەن، زەمانەتێکی کار پێک دەهێنێت بۆ ملکەچ بوونی دەوڵەت لە بەرامبەر یاساداو پاراستنی مافەکانی تاک و ئازادییەکان.
مۆنستکیۆ کە بە باوکی پرەنسیپی جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکان دادەنرێت، کاتێک بەدوای ئایدیالیستیەکی سیاسیدا لەڕێگەی دۆزینەوەی دەسەڵاتێکی میانڕەوەوە گەڕاوە، کە هاوسەنگی لەنێوان پێداویستیەکانی دەسەڵات و دابینکردنی ماف و ئازادییە گشتیەکاندا بکات، باوەڕی وا بووە تاکە ڕێگە چارە بۆ زۆر هێنان بۆ دەسەڵات، کە میانڕەو ببێت و ڕێی لادانی لێ بگیرێت، جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکانە.
لە کتێبەکەیدا، کەناوی ( ڕۆحی یاساکان) ە، دەڵێت: ئازادی سیاسی تەنیا لە سێبەری دەسەڵاتە میانڕەوەکاندا بەدی دێت. هەر کاتێک، کە حوکم خراپ بەکار هێنرا دەسەڵاتەکانیش تێکەڵ دەبن. لە ئاکامی ئەزموونێکی دوور و درێژەوە دەردەکەوێت، هەر مرۆڤێک ئەگەر دەسەڵاتی هەبوو، بێگومان ڕۆژێک لە ڕۆژان خراپ بەکاری دەهێنێت و بەردەوامیش دەبێت، تا وەکوو سنوورێک پێشی لێ دەگرێت و لە شوێنی خۆی دەیوەستێنێت. مۆنیسکۆ لەو بارەیەوە دەڵێت: هەتا چاکەش پێویستی بە سنوورێک هەیە. لەبەر ئەوە بۆ ئەوەی دەسەڵات خراپ بەکار نەهێنرێت، پێویستە دەوڵەت لەسەر بناغەی دەسەڵات لە بەرامبەر دەسەڵاتدا بنیاد بنرێت. بۆ نموونە، دەبێت کارەکانی دەسەڵاتی جێبەجێ کردن ( حکومەت) وەک دەسەڵاتێکی ئیداری، نەک هەر لەگەڵ ئەحکامەکانی دەستووردا هاو ئاهەنگ بن، بەڵکوو نابێت پێچەوانەی بنەما یاساییە ئاسایییەکان و ڕاگەیاندراوە ئیجرائیەکانیش بێت. بۆ بەرگرتن لەوە، دادگا وەک ئامرازێکی یاسایی زامنی ئەو ڕێزگرتنەی دەسەڵاتی جێبەجێکردن دەبێت لەو ئەحکامانە ، لەڕێگەی دەعوای پووچەڵ کردنەوەی هەر کارێکی حکومەت، کە ناساز بێت لەگەڵیان، هەروەها قەرەبوو کردنەوەی ئەو زیانانەی کە لە تاکەکانی کۆمەڵ دەکەوێت بەهۆی سەرپێچی ئیدارە ،یان حکومەت لە دەستوور یان یاسا کان.
سەرەڕای ئامرازی یاسایی، کەباسمان کرد، ئامرازی سیاسیش لە دەوڵەتی یاسادا هەیە بۆ بەرەنگاربوونەوەی حکومەت ئەگەر کارێکی دژ بە یاسا، یان دەستووری لەدەست وەشایەوە . ئەویش بە وەرگرتنەوەی متمانە لێی، یان موحاکەمە کردنی سەرۆک بە تۆمەتی خیانەتی گەورە، کە پێشێلکردنی دەستوور یەکێکە لەو تۆمەتانەی، کە ئەو خیانەتە پێک دەهێنێت، هەروەها دەبێت کارەکانی دەسەڵاتی یاسادانان لە چوار چێوەی ئەحکامەکانی دەستووردان. دەسەڵاتی یاسا دانان لە دانانی یاساکاندا ناتوانێت پێچەوانەی حوکمەکانی دەستوور بێت. بە واتایەکی تر هەر یاسایەک لەو دەسەڵاتەوە دەنگی بە دەرچوون لەسەر دەدرێت، ئەگەر پێچەوانەی دەستوور بوو، لەڕێگەی داوای ڕاستەوخۆ یان دەفعی فەرعی لەبەر دەمی دادگای دەستووری، یان دادگای بابەت ڕادەگیرێت یان پووچەڵ دەبێتەوە.
٣- سەربەخۆیی قەزائی
بەبێ بوونی دەزگایەکی دادوەری سەربەخۆ بە هیچ شێوەیەک ناتوانین باس لە دەوڵەتی یاسا بکەین، چونکە هەبوونی فیعلی هەموو دام و دەزگاکانی تری دەوڵەتی یاسا لەسەر سەربەخۆیی دادوەری وەستاوە، بە غیابی ئەو سەربەخۆیییە دەستوور و پرەنسیپی جیاکردنەوەی دەسەڵات و ئازادییە تاکە کەسیەکان هیچ بەهایەکیان نابێت. کاتێک کە دەوڵەت دادوەرییەکی ڕاستەقینەی سەربەخۆی تێدا دەبێت، ئەو کاتە بەهۆی چاودێری دادوەری ( الرقابة القضائیة) ەوە دەتوانرێت جەخت لەسەر ڕێزگرتن لە پرەنسیپەکانی دەستوور و هەموو بنەماکانی تری یاساو جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکان بکرێت و مافەکانی تاکەکەسی و ئازادییەکانیان زامن بکرێت. سەربەخۆیی قەزائی وا پێویست دەکات، کاری قەزاوەت لە ڕووەکانی ئیداری ومادیەوە سەربەخۆ بێت و قازیەکان حەسانەی تەواویان هەبێت و مەترسی لەسەر کار لابردنیان نەبێت.هەروەها نابێت بە هیچ شێوەیەک ئەو کارانەی دەسەڵات پێی هەڵدەستێت، لە لێپێچینەوەی دادگا دوور بخرێتەوە، هەروەها نابێت هیچ کام لەدەسەڵاتی یاسادانان (پارلەمان) و جێبەجێکردن (حکومەت)، دەست بخەنە کاروباری دادگاوە لەسەر هەموو لایەنەکانیشە ڕێز لەبڕیارەکانی کە پلەی کۆتاییان وەرگرتووە بگرن.
٤- پیادە کردنی سیستەمێکی دیموکراسی:
بوونی سیستەمێکی دیموکراسی بۆ ڕێکخستنی ژیانی سیاسی ( فرەحیزبی) و هەڵبژاردنی ئازاد و گواستنەوەی ئاشتییانەی دەسەڵات دڵنیایییەکی تر دەبەخشێت بە باوەڕ بوون بە بوونی دەوڵەتی یاسا ، چوونکە ڕێکخستنی حوکم بە شێوەیەکی دیموکراسی، کەتیادا مافی مەحکوومەکان لە هەڵبژاردنی حاکم و بەشداریکردن لەدەستە لاتدا بە شێوەیەکی ڕاستەو خۆ پارێزراو دەبێت، هەروەها چاودێریکردنی حاکم و لابردنی لەسەر کار ئەگەر لایدا. ئەمەش کاریگەرییەکی بەرچاوی دەبێت لەسەر پابەند بوونی دەسەڵات بە یاساوە. لێرەدا گرنگە ئەوە وە بیر بهێنینەوە کە ناکرێت بە تەنیا وەک سیستەمێکی سیاسی، یان ئایدۆلۆجیایەک بۆ بەڕێوەبردنی دەوڵەت لە دیموکراسییەت بڕوانین. بەڵکوو دەبێت وەک شێوازێک بۆ ژیان و تێڕوانین لە خۆ و ئەوانی تر سەیر بکرێت. پێش هەر شتێک دەبێت دان بە مرۆڤدا وەک مرۆڤ بنرێت، کە خاوەنی مافێکی سروشتین لە دەربڕین و گوزارشت لە خودی خۆیان. هەروەها نابێت سنوور بۆ هەڵبژاردنەکانی تاک و تواناکانی لە دەربڕین و داهێنانەکانی دابنرێت، جگە لەو ئەرک و مافانەی، کە سیفەتی هاووڵاتی بوونی لە چوار چێوەی ئەو کۆمەڵگایەی کەیاساو دامەزراوەکان حوکمی دەکەن، بەسەریدا دەیسەپێنێت، نابێت هیچ کۆتێکی دیکەی لەسەر بێت. ڕەنگە بگوترێت جا ئێمە لە کوێ خەڵکانێکی ئاوامان چنگ دەکەوێت، کە هێندە خۆ نەویست بن و لەبری ئەوەی کورسی حوکم وەک ئەرکێکی کاتیی، کە چاوی دەنگدەران و یاسای بە سەرەوەیە سەیر بکەن، وەک دەستکەوتێک، یان غەنیمەی دوای شەڕێکی خوێناوی، لە باوەشی بگرن و بیکەنە موڵکی شەخسی خۆیان. بۆ وەڵامی ئەوە دەتوانین بڵێین دیموکراسی وەک سیستەمێک بۆ حوکمڕانی پێوسیتی بە خەڵکانێکی مەعسوم لە هەڵە، یان نێرراوە خودایییەکان نییە، بەڵکوو پێویستی بە خەڵکانێکی ئاسایییە، کە ملکەچی تاکە سەروەرییەک بن ئەویش یاسایە.
٥- کۆمەڵگەی فرەیی (تعددی)
دیموکراسییەت واتا دان نان ببە جیاوازییەکانی نێو کۆمەڵگا لەڕووی ئابووری و سیاسی و کۆمەڵایەتی و فیکرییەوە. بێ گومان فرە حیزبی و بوونی چالاکیی سیاسیی جۆراوجۆر، لە ئازادییە سیاسییەکانەوە سەرچاوە دەگرێت. بەپێی ئەو ئازادییەی کە ئەو سیستەمە دەستەبەری دەکات، مافێکی سروشتیی تاکەکانە، کەبیرو ڕای جیاوازیان سەبارەت بە دۆزە گشتیەکان و بڕیارە سیاسییەکان و ڕێکخستنی خودی کۆمەڵگەی خۆیان هەبێت. جیاوازی سیاسیش لە ئازادی کۆبوونەوەو بەشداریی فرە حیزبی و فرە کاندید لە کێبەرکێی هەڵبژاردنە ئازادەکاندا، هەروەها لە فرەیی کوتلە پارلەمانیەکاندا خۆی دەبینێتەوە. دەتوانین بڵێین کۆمەڵگەی فرەیی یان چەندێتی پێچەوانەی ئەو کۆمەڵگە شمولیانەیە لەو سیستەمانەی کە تاکە حیزب ڕابەرایەتی دەکات. ئەو دوانە، نە تەنیا لە ئایدۆلۆجیادا پێچەوانەی یەکترن، بەڵکوو لە دۆزینەوەی ڕێگا چارەکانیش بۆ ئەو ناجۆریانەی، کە لە بوارە جیا جیا کانی نێو کۆمەڵگەدا دەبینرێت، جیاوازن. لە کۆمەڵگەی شمولی تاکە حیزب دا، ڕێگا بە جیاوازی نادرێت. تەنیا یەک ڕێگە هەیە، ئەویش ڕێگای حیزبی فەرماندە و سەرۆکی مێژوویییە. بەڵام لە کۆمەڵگەی فرەییدا ڕێگا بە ناجۆریەکان، یان جیاوازییەکان دەدرێت، کە پێکەوە بژین لە پێناوی بەرەو پێش چوونی کۆمەڵگەدا. بەو پێیە بەرژەوەندییە ئابووری و سیاسی و کۆمەڵاتیەکان دەتوانن هەر یەکەو لەڕێگەی حیزبی سیاسی خۆیانەوە، گوزارشتی ئاشتیانە لە خۆیان بکەن و لە هەمان کاتیشدا ڕکابەری سیاسی ئەوانی تر بن، لە ململانێی وەرگرتنی دەسەڵات لەڕێگەی سندووقەکانی هەڵبژاردنەوە.
لێرەدا ئەوەی شایەنی ئاماژەیە ئەوەیە، کاتێک یاساناسەکان باس لە دەوڵەتی یاسا دەکەن. دەوڵەتی پۆلیسیش وەک ئیستیلاحێکی تر بۆ گوزارشت لە دەوڵەتی یاسا دەهێننەوە، بەڵام دیارە مەرام و میکانیزمی کارەکانیان جیاوازن لە یەکتری.
دەتوانین بڵێین دەوڵەتی پۆلیسی ئەو دەوڵەتەیە، کە بەپێی گوتە بەناوبانگەکەی ماکیاڤیلی کاردەکات کە دەڵێت ( الغایة تبرر الوسیلة)، واتا بەکار هێنانی هەر ئامرازێک لەپێناوی هێنانە دی ئامانجەکەدا مەشروعە. لەم جۆرە سیستەمەدا، دەسەڵاتەکانی کارگێڕی و جێبەجێ کردن، ئازادی ڕەهایان هەیە لە دەرکردنی ئەو بڕیارانەی، کە بە شیاوی دەزانن، و بێ پابەند بوون یان گەرانەوە بۆ ئەو بنەما بنەڕەتییانەی، کە دەسەڵات و ئیختیساسەکان و میکانیزمی بەکارهێنانیان دیاری دەکات. هەروەها هەموو دامەزراوەکانی یاسادانان و جێبەجێکردن و قەزاوەت تێکەڵاوی یەکتری دەبن، بێ ئەوەی هیچ جیاکردنەوەیەک لەنێوانیان دا هەبێت. یان پێوەرێک هەبێت بۆ لە یەک جیاکردنەوە، لەم چەشنە دەوڵەتانەدا لەبری دەسەڵاتی یاسادانان ئیدارە یاسا دادەنێت و هەر خۆشی جێبەجێی دەکات. بێگومان ئەوەش لەگەڵ سادەترین بنەماکانی عەدالەتدا یەک ناگرێتەوە، چونکە لە دەوڵەتی پۆلیسیدا هیچ زەمانەتێک بۆ تاکەکان و ئازادییە گشتیەکان نییە، دەسەڵات (مەبەست دەسەڵاتی جێبەجێ کردنە) هەر خۆی خەسمە و خۆشی حەکەمە لە هەمان کاتدا.
وەک پێشتر گوتمان لەم دەوڵەتەدا ئامانج هێنانەدی مەبەستەکانی ئیدارەیە بە هەر ڕێگەیەک، یان پاساوێک بێت، بێ گوومان ئەو جۆرە ئیدارەیە خەڵکانێک بەڕێوەی دەبەن، کە ئارەزووی تاکڕەوییان لە بڕیاری سیاسیدا هەیە.
بە ڕوانین لەوەی ڕابورد، بۆمان دەر دەکەوێت کە دەوڵەتی یاسا لەسەر بنەمای سەروەری ( سیادة) دەستووری نیشتمانی هەڵدەستێت و زامنی مافە یەکسانەکانی هاووڵاتییەکانی دەکات. لەسایەی دەوڵەتی یاسادا کۆمەڵگەی مەدەنی شەریکێکی هاوتا و یەکسانی دەوڵەتە. دەستووری لیتوانیا دەڵێت: (گەل هەوڵ دەدات بۆ گەیشتن بە کۆمەڵگەیەکی مەدەنی و عادیل و هاوئاهەنگ لەگەڵ دەوڵەتدا لەژێر سایەی یاسا یان دەوڵەتی یاسادا). دەسەڵاتەکانی قەزائی و جێبەجێکردن (حکومەت) بەستراونەتەوە بە یاساوە. بە واتایەکی تر لەدژی یاسا کار ناکەن و دەسەڵاتی یاسا دانانیش واتا پارلەمان پابەندی بنەماکانی دەستوور دەبێت. هەموو کارەکانی دەوڵەت و چالاکییە سیاسی و ئابووری کۆمەڵایەتیەکانی دەبێت بە شێوەیەکی ڕوون و ئاشکرا بێت و نابێت لەپشتی بەردەوە بێت. دەبێت پاساوی مەنتیقیش بۆ هەموو ئەو کارانەی دەوڵەت هەبێت. دەبێت بڕیارەکانی دەوڵەت و کارەکانی دەزگاکانی بەردەوام لەلایەن دەزگایەکی بێلایەنەوە پێدا چوونەوەیان بۆ بکرێت. بە هیچ شێوەیەک نابێت پرەنسیپی کاریگەری یاسا بە شێوەیەکی پشتاوپشت گەرانەوە ( ڕجعی) بێت، تەنیا لەو حاڵەتانەدا نەبێت، کە کەرتێکی بەرچاو لە کۆمەڵگە سوودی لێ ببین. بە هیچ شێوەیەک لەم شیوە دەوڵەتەدا نابێت پەنا بۆ هێز لەدژی کۆمەڵگە، یان بەشێکی ببرێت.
دەتوانین بە دڵنیاییەوە بڵێین، کە ڕەگەزێکی تر لەو ڕەگەزانەی کەناکرێت بێ ئەو دەوڵەتی یاسا ئیدامەی هەبێت، لیبرالیزمە. هەر بەم بۆنەیەوە حەز دەکەم بیروڕای فەیلەسووفی ئینگلیز جۆن لۆک، لەو بارەیەوە بزانین، ئەو دەڵێت: لە کۆمەڵگای نوێی لیبرالیزمدا، هەر مرۆڤێک مافی ژیان و مافی ئازادی هەیە، مافی سوود وەرگرتن لە موڵکە شەخسییەکانی خۆی هەیە. هەرکەس بۆی هەیە لەسەر باوەڕ بە ئایینی خۆی،یان مەزهەبی خۆی مکوڕ بێت، بە مەرجێک ئەو باوەڕەی خۆی بە زەبری هێز بە سەر کەسی دیکەدا نەسەپێنێت. لۆک بەم دەستپێکە بنەمایەکی بۆ لێبوردن لەنێوان ئایینە جیاوازەکان و مەزهەبەکاندا داڕشت، تا ئەو ڕادەیەی کە لە ساڵی 1869 دا داکۆکی لە موسڵمان جولەکەکان و ئەو مەسیحیانەشی، کە لەسەر مەزهەبی کاسۆلیک بوون و کەمینە بوون لەنێو کۆمەڵگەی ئینگلیزی زۆرینەی پرۆتستانتیدا دەکرد. ئەو زۆر بەوردی دەڵێت: (نابێت هیچ کەسێک بەهۆی جیاوازی ئایین و مەزهەبەوە لە مافە مەدەنییەکانی مەحروم بکرێت). لەسەر ئاستی سیاسیشەوە، پرسیارێک بەرەنگاری لۆک بووەتەوە، کە ئایا بە چ ڕێگایەک دەتوانرێت لە حوکمە دیکتاتۆرییە قێزەونە ڕزگاریان بێت، کەلەسەرەوە بەسەر گەلدا فەرز کراوە. ئایا دەکرێت بگەنە جۆرێک لە حوکمڕانی، کە ئازادی و کەرامەتی خەڵک بپارێزێت؟ وەڵامەکەی یان ڕێگەکە شۆڕشی ساڵی (1688) ی بەریتانیا بوو کە لۆک بە مونەزیری ئەو شۆڕشە دادەنرا. کە بە هۆیەوە ئیستیبداد پاشەکشەی کردوو مافەکان ڕاگەێندرا کە بریتی بوون لە:
أ- مافی مەلیک لە تاجەکەیدا، لە گەلەوە وەرگیراوە نەک لە خوداوە.
ب- بۆ مەلیک نییە یاساکان پووچەڵ بکاتەوە بۆی نییە یاسای نوێ دەربکات ئەگەر ڕەزامەندی پارلەمانی لەسەر نەبێت.
ج- بۆ مەلیک نییە باج بسەپێنێت یان لەشکرێکی نوێ پێک بهێنێت ئەگەر ڕەزامەندی پارلەمانی لەسەر نەبێت.
د- مافی ئازادی ڕادەبڕین لە پەرلەمان پارێزراوە و دەستبەرە بۆ هەموو ئەندامان.) دەکرێت بڵێین بۆ یەکەمین جار لە مێژوودا جێبەجێکردنت دەوڵەتی هەق و یاسا سەری هەڵبدات..
بۆ زانین بەریتانیا سەد ساڵ پێش فەرەنسا کەوتووە لە دامەزراندنی سیستەمی لیبرالیزمی ئازاد. هەر لەبەر ئەم هۆیەش بووە کاتێک ڤۆلتێر لە ساڵی 1728 سەردانی بەریتانیا دەکات و چاوی بەو پێشکەوتنە دەکەوێت، ئاخ بۆ فەرەنسا هەڵدەکێشێت کە تا ئەو کاتەش بەدەست حوکمێکی ئوسووڵی ئیستیبدادیەوە ناڵاندوویەتی. بۆیە هەوڵی داوە بیر و باوەڕەکانی وەربگێڕێتە سەر زمانی فەرەنسی، بۆ ئەوەی لەوێش کەشی ئازادی و لێبوردن و دیموکراسی بڵاو ببێتەوە تا ببنە هەوێن بۆ دەوڵەتی یاسا لە فەرەنسا.
لە کۆتایدا ماوەتە بڵێین داخۆ تاقیکردنەوەکەی کورد لە هونەری ئیدارەی سیاسی و مەدەنی و یاسا دانان و دادوەریدا گەیشتۆتە ئەو پلەیەی کە بڵێین ئێمە بناغەی دروست کردنی دەوڵەتی یاسامان هەیە و ئێستا سەرقاڵی جوانکردنی و باشکردنی ئەو بونیادە شارستانییەن، یان هێشتا ماومانە؟ بە هەر حاڵ، مەبەستی بەندە لەخستنەرووی ئەم باسەدا کردنەوەی دەرگایە لەسەر دیالۆگی شارستانییانە لانی کەم لەنێوان نوخبە ڕۆشنبیرەکەدا لەلایەکەوەو نوخبە سیاسییەکە لە لایەکی دیکەوە. هەموو کاتێکیش هاویشتنی بەردێکی گەر بچووکیش بێت بۆ نێو گۆمێکی مەنگ، چاکترە لەوەی سەد ساڵ چاوەڕوانی زەمین لەرزەیەک بیت بۆ جووڵاندنێکی بەهێزی ئاوەکەی نێوی. ئەو کۆمەڵگایانەی پێش ئێمە بەو ئاواتە گەیشتون، دیارە سەرەتا بە هەنگاوی ڕۆشفکرێک بیرمەندێک دەستیان پێکردووە.

سەرچاوەکان
١- مبدأ المشروعیة و ضوابط خضوع الدولة للقانون .. طعیمە جرف
٢- النظم السیاسیة…… د. ثروت ندوی
٣- الدولة القانونیة والدولة البولیسیة ….حسن شکر
٤- دولة القانون: الضرورة والمقدمة للشروع فی التنمیة. د. بسام دلة. مجلة التأمین و التنمیـ العدد 2 لسنة 2004
٥- النظم السیاسیة فی لبنان والدول العربية .. د. احمد السرحال
٦- روح القوانین ..مونتسکیو.
٧- الدیمقراطیة والقانون … د. اسماعیل موسی

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت