عیماد عه‌لی: ئابووریی سێبه‌ر كوردستانی تێكداوه.

ئه‌وه‌ی له‌ جیهاندا ناسراوه‌ و باوه‌ كه‌ حكومه‌ت و وه‌زاره‌تی سێبه‌ر هه‌بێت و ئه‌ركی تایبه‌تی خۆی هه‌یه‌ و یارمه‌تی راسته‌رێ كردنی كاروباری حكومەتی راسته‌قینه‌ی شه‌رعی ده‌كات و، ته‌نانه‌ت چاودیری حكومه‌ت و وه‌زارته‌ هاوشێوه‌كانی خۆیشی له‌ كابینه‌كاندا ده‌كات و، هه‌موو پێكهاته‌كانی وه‌زاره‌تی هه‌یه‌ و، له‌ سێبه‌ردان و ته‌نها كاروباریی هاوڵاتیان به‌ڕێناكه‌ن. واته‌ جێبه‌جێکاریی كاروباریی تایبه‌تی و گشتی هاوڵاتیان ناكات، به‌ڵكو هه‌میشه‌ ئاگای له‌ حكومه‌ته‌ راسته‌قینه‌كه‌یه‌ و تا ڕاده‌یه‌كیش بۆ خۆی چاودێری ده‌كات و له‌ هه‌موو كه‌موكوڕی و ناته‌واویه‌ك ئاگاداره‌ و بۆشاییه‌كان دیاریده‌كات و ئه‌ڵته‌رناتیڤی بۆ هه‌موو نەرێنییەک هه‌یه‌.
له‌ كوردستانی لای خۆمان حكومه‌تی سێبه‌ نیه،‌ به‌ڵكو بندیوار و حزب جێگه‌ی گرتۆته‌وه‌، له‌كوردستانی خۆمان حكومه‌تی راسته‌قینه‌ نیه،‌ به‌ڵكو حزب ئه‌ركی جێبه‌جیكردنی كاروباری راسته‌قینه‌ی حكومه‌ت ده‌كات به‌شێوه‌یه‌ك كه‌ له‌به‌رچاودا نیه‌ و له‌ سێبه‌ردایه،‌ به‌ڵام ئه‌و ده‌سه‌لاتداری راسته‌قینه‌یه‌ و فه‌رمانه‌كان و بڕیاره‌كان له‌ هه‌گبه‌ی ئه‌ودایه‌ و له‌ چێشتخانه‌كه‌ی ئه‌و پێده‌گات.
له‌ كوردستان كه حکومه‌تی راسته‌قینه‌ی جێبه‌جێكار نه‌بێت بێگومان حكومه‌تی سێبه‌ریش نه‌بێت، به‌ڵام زۆر شتی سێبه‌ر هه‌ن بۆ قازانجی ته‌سكی حزبی و كه‌سی جێگه‌ی ئه‌وانه‌ی گرتۆته‌وه‌ و جگه‌ له‌ زیان هیچی تێدا به‌دیناكرێت.
ئه‌گه‌ر سه‌رجه‌م پێكهاته‌ سێبه‌ره‌كانی له‌مه‌ڕ حزب و خه‌ڵكی ده‌سترۆیشوو و عه‌شیره‌ت و بنه‌ماڵه‌ و كه‌سایه‌تی كۆمه‌ڵایه‌تی و مه‌حسوبیه‌ت و مه‌نسوبیه‌ت و ناوه‌ندی هێز بخه‌ینه‌ لاوه‌ و ته‌نها له‌ بارێكدا قسه‌ بكه‌ین ده‌گه‌ینه‌ ئه‌وه‌ی كه‌ خه‌ته‌رناكترین بواری سێبه‌ری كوردستان خۆی له‌ دارایی و ئابووری سێبه‌ردا ده‌بینێته‌وه‌.
به‌ڵێ، ئابووریی سێبه‌ر له‌كوردستان به‌ واتا و پێكهاته‌ و ئه‌ركی تاییه‌تی خۆی داهێنراوه‌ كه‌ له‌ هیچ كونجێكی جیهاندا بوونی نیه‌ و له‌ بنه‌ڕه‌تدا جگه‌ له‌ زیان هیچی بۆ خه‌ڵك و حكومه‌تی راسته‌قینه‌ی گه‌ل نیه‌.
ئابووریی سێبه‌ر؛ حزب و كه‌سایه‌تی و خه‌ڵكی ده‌سترؤیشووی به‌هێزی خاوه‌ن چه‌كدار جێگه‌ی حكومه‌تی سێبه‌ری وڵاتانی گرتۆته‌وه‌ و قۆرخی بازاری كردووه‌. لیره‌دا ده‌روازه‌یه‌كی سنوری نابینیت به‌ده‌ست كه‌سێكی ده‌سترۆیشتووی سێبه‌ره‌وه‌ نه‌بێت، كۆمپانیایه‌كی بازرگانی نابینیت به‌ راسته‌وخۆ بێت یان ناراسته‌وخۆ كه‌سێكی ده‌سترۆیشوی حزبێك له‌ سێبه‌ردا خاوه‌نی نه‌بێت، بوارێكی ئابووری و دارایی نیه‌ چی له‌ پێكهاته‌ی حكومه‌ته‌كه‌ بێت یان له‌ده‌ره‌وه‌ی رووبه‌ری بێت به‌ده‌ست حزب و كه‌سێكه‌وه‌ نه‌بێت و به‌ فه‌رمانی ئه‌و به‌ڕیوه‌نه‌چێت كه‌ له‌ تاریكی و سێبه‌ردا كاره‌كانی رایی ده‌كات. په‌یوه‌ندیه‌كی ئابووری گه‌وره‌ و بچوك له‌گه‌ڵ ده‌وربه‌ر و ناوه‌نده‌ ئابووریه‌كانی ناوچه‌كه‌ و جیهان نیه‌ به‌ده‌ست و هێزی كه‌سی ده‌شترۆێشوو و زلحیزب و خاوه‌ن هێزی عه‌سكه‌ریه‌وه‌ به‌ڕیوه‌نه‌چێت. پرۆژه‌یه‌كی قزانجبه‌خشی مادیی نیه‌ به‌ ده‌ستی یه‌كێك له‌وانه‌ جێبه‌جێ نه‌كرێت ئه‌گه‌ر قازانجی مادی هه‌بێت، تۆری ئینته‌رنێت و په‌یوه‌ندیه‌كیه‌کان نیه‌ كه‌ به‌ده‌ست كه‌سی سێبه‌ری حزب و چه‌كداره‌وه‌ نه‌بێت، مۆڵو و بازاڕ و پرۆژه‌یه‌كی بازرگانی گه‌وره‌ نیه‌ كه‌ كه‌سی سیبه‌ر ی له‌و جۆرانه‌ به‌ڕێوه‌ی نه‌بات و قازانجه‌كه‌ی بۆ ئه‌و نه‌گه‌ڕێته‌وه‌، ته‌نانه‌ت ئه‌وانه‌ی كه‌ ساخته‌یان له‌ خه‌لك كردووه‌ له‌ پرۆژه‌ی نیشته‌جێكردن و بواریی گه‌شتوگوزار و پرۆژه‌ی به‌رهه‌مهێنان له‌سه‌ر ده‌ستی كه‌سێكی ده‌سترۆیشتووی سێبه‌ره‌وه‌ بووه‌ یان هاوبه‌ش بووه‌ له‌گه‌ڵ خه‌ڵكی به‌رده‌ست و به‌رماڵ.
بۆیه‌، هیچ شتیكیان نه‌هێشتۆته‌وه‌ بۆ به‌ناو حكومه‌ت كه‌ بتوانێت دارایی سه‌ربه‌خۆی هه‌بێت و بتوانێت سه‌رمایه‌گوزاری بكات و خاوه‌ن پرۆژه‌ی خۆی بێت و هه‌ر هیچ نه‌بێت ته‌نانه‌ت بتوانێت ته‌نها موچه‌ی موچه‌خۆرانی خۆی دابین بكات، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌ گه‌نده‌لی و دزیی نهێنی و له‌ناوبردنی پرۆژه‌ی وه‌به‌رهێنان به‌ناوی حكومه‌ته‌وه‌.
ئه‌توانین بڵێین، جگه‌ له‌ خه‌ڵكی بندیوار كه‌ به‌بێ كارو به‌رهه‌م موچه‌ی زه‌به‌لاح وه‌رده‌گرن ئه‌وه‌ ئابووری كوردستان به‌گشتی بۆته‌ ئابووریه‌كی بندیوار و ئابوورییه‌ك ده‌توانین ناوی بنێنی ئابووریی سێبه‌ری داهێنراوی ده‌سه‌ڵاتی گه‌نده‌ڵ كه‌ جێگه‌ی ئابووریی حكومه‌ت و ده‌سه‌ڵاتی راسته‌قینه‌ی گرتۆته‌وه‌.‌‌

 

Este sitio web utiliza cookies para que usted tenga la mejor experiencia de usuario. Si continúa navegando está dando su consentimiento para la aceptación de las mencionadas cookies y la aceptación de nuestra política de cookies, pinche el enlace para mayor información.plugin cookies

ACEPTAR
Aviso de cookies