نامەیەکی مارکس بۆ پرۆدۆن و وەڵامی پرۆدۆن.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

و: زاهیر باهیر

برۆکسل
05/05/1846
خۆشەویست پرۆدۆن:
لەو کاتەوەی کە پاریس-م بەجێهێشتوە لەبیری ئەوەدام کە نامەت بۆ بنوسم بەڵام بارودۆخەکە، کە بەدەر بوون لە کۆنترۆڵم، بەربەستبوون لە نوسینیا. زیادەسەرقاڵی و بێزاریم و هاوکاتیش گواستنەوەم بۆ خانویەکی دیکە، ئەمانە هۆکارەکانی بێدەنگیم بوون، تکایە باوەڕم پێبکە.
وێڕای هەموو ئەوانەش ئێستا بە هاوکاری دووان لە برادەرەکانم، فردریك ئەنجلس و فلیپ جیگۆت، Philippe Gigot، (کە هەردوکیان لە برۆکسلن)، کۆمیتەیەکم لە بەردەوامبوونی نامەگۆڕینەوەدا لەتەك کۆمۆنیستە ئەڵمانییەکان و سۆشیالیستەکانا ڕێکخستوە نەك هەر تەنها بۆ مەبەستی لێدوان لە پرسە زانستییەکان، هەر ئاواش بۆ پێداچوونەوەی نووسینە فرە خوێنەرەکان و پڕوپاگەندەی سۆشیالیستیی، وەکو ئامرازێێك بۆ کەڵکوەرگرتنی لە ئاڵمانیا. ئامانجی سەرەکی نامە گۆڕینەوەکانمان هەرچۆن بێت بۆ پەیوەستبوونەوەی سۆشیالیستە ئاڵمانەکانە لەگەڵ سۆشیالیستە فەرەنسی و ئینگلیزەکانا بۆ ئاگەدارکردنەوەی بێیانەکان لە بزوتنەوەکانی سۆشیالیستیی لە ئەڵمانیا و هەروەها بەئاگاهێنانەوەی ئەڵمانەکانیش لە ئەڵمانیا سەبارەت بە گەشەکردنی سۆشیالیزم لە فەرەنسا و ئینگلتەرەدا. ئا لەم ڕێگایەوە جیاوازییەکان دەتوانرێت ڕۆشناییان بخرێتە سەر، لەم بارەشدا کەسەکان دەتوانن ئاڵوگۆر لەبارەی ئایدیاکان و ڕەخنەی بێ لایەنانەیان دەستگیربێت. ئەمە هەنگاوێکە کە بزوتنەوەی سۆشیالیستیی دەبێت لە دەربڕینە ئەدەبییەکانیا بینێت تاکو لە سنوردارێتی نەتەوەیی ڕزگاری ببێت. هەروەها لە چالاکی و کاری ئێستادا بە دڵنیاییەوە زۆر بە سوودە بۆ هەموو کەسێك کە بە ئاگابێت لەم پرسانە کە لە دەرەوەن ئەوەندەی کە بە ئاگان لە پرسەکانی نێو وڵاتانی خۆیان.
نامەکانمان هەر بە تەنها بۆ کۆمۆنیستەکان لە ئەڵمانیا، نییە، بەڵکو بۆ سۆشیالیستە ئاڵمانەکانیشە لە پاریس و لەندەنیش. لە ئێستاشدا پەیوەندیمان لەتەك ئینگلیزەکانا دروستبووە. سەبارەت بە فەرەنساش ئێمە هەموومان باوەڕمان وایە لە خۆت باشتر کەسێکی دیکە نادۆزینەوە. خۆتیش ئەوە دەزانیت ئینگلیز و ئەڵمانەکان ڕێز و تەقدیری تۆ زیاتر لە پیاوانی وڵاتەکەی خۆت دەگرن.
ئا لێرەدا تۆ مەبەستەکە دەبینیت، کە ئافراندنی گۆڕینەوەی نامەکانە بەڕێكوپێکی و زامنکردنی ڕێگاکانی دووکەوتنی بزوتنەوەی سۆشیالیستییە لە وڵاتانی جیا جیادا تاکو بەرەنجامێکی دەوڵەمەند و هەمە چەشنەی ئاوای هەبێت کە هیچ تاكێك ناتوانێت بە تەنها بەخۆی، بەدەستیبهێنێت.
گەر تۆ پێشنیارەکانمان پەسەندبکەیت، پارەی پوولی نامەکانی کە پێت دەگات و هەروەها ئەوانەشی کە دەینێریت، لای ئێمەوە دەدرێت، چونکە ئەو پارەیەی کە کۆکراوەتەوە لە ئەڵمانیا حسابی دانی پارەی ئاڵوگۆڕکردنی نامەکانیشن لە هەردوو لاوە.
لە ناردنی نامەکانتا تۆ ئەم ئەدرێسە لۆکاڵییە بەکاردەهێنیت: M. Philippe Gigot, 8 rue Bodenbrock. . هەر هەمان ئەدرێسیشە بۆ ناردنی ئەو نامانەی کە لە برۆکسل- وە دەنێررێت. پێویستم بەوە نییە ئاماژە بەوە بکەم کە هەموو نامە ئاڵوگۆڕکراوەکان لە لایەنی تۆوە، دەبێت تەواو زۆر نهێنیانە بن، چونکە پێویستە زۆر بە ئاگا بین لە کەشفنەکردنی برادەرکانمان لە ئەڵمانیا.
تکایە بە زویی وەڵامبدەرەوە، هەروەها متمانەی دڵسۆزی برادەرایەتیمان قەبوڵ بکە.
دڵسۆزی خۆت
کارڵ مارکس

* بەداخەوە ئەوەی کە لە ئەدەبیاتی مارکسیی و ئەنارکییستیدا دەردەکەوێت تەنها ئەم نامەیە و وەڵامەکەی پرۆدۆنە بۆ مارکس، نەك هەر لە زمانی ئینگلیزیی بەڵکو لە زمانی ئیتالیی و فەرەنسیشدا. کاتێکی زۆرم بۆ دۆزینەوەی نامەکانی دیکەی نێوانیان، تەرخان کرد بەڵام لەم دوانەی کە لەبەردەستدایە چ نامەیەکی دیکەیانم بەرچاو نەکەوت. تەنانەت دوو هاوڕێم ئەرشێف و ئەدەبیاتی ئەم دوو ئاراستە سیاسییەی لە ئەدەبیانی ئیتالی و فەرەنسی-دا پشکنی، ئەوانیش هیچی دیکەیان لەم دوو نامەیە زیاتر نەبینی.
جێگای سەرسوڕمانە، چونکە نامەکانی هەردوکیان ئاماژە بەوە دەکەن کە نامەی دیکە لە نێوانی هەردوکیاندا ئاڵوگۆڕ کراون. دوای ئەوەش ناکرێت لە ماوەی 19 ساڵدا ( 1846 تاکو 1865 ) کە پرۆدۆن مردووە نامەی دیکە لە نێوانیانا نەبووبێت.
هۆکاری دەرنەکەوتنی نامەکانی دواتریان زۆر ناڕوونە. رەنگە بگەڕێتەوە بۆ چەند هۆکارێك کە لەوانە ڕەنگە بە هۆکارێك ئەو نامانە لە ئەرشێف دەرهێنرابێتن و لەناوبرابن ، یاخود ڕەنگە هەر لە سەرەتادا ئەرشێف نەکرابن ، ڕەنگیشە هۆکاری دیکە هەبێت کە بۆ من لە ئێستادا، ئاشکرا نییە.
دیارنەمانی نامەکانی دیکەی نێوانی مارکس و پرۆدۆن هەرچی هۆکارێکی هەبێت جێگای داخە و شاردنەوەی شاکارێکی هزریی گرنگی ئەم دوو مەزنە پیاوەن کە هەر یەکەیان سەبارەت بە هزر و ڕێڕەوی خۆیان، ڕۆڵی گەورە و شوێنی دیاریکراوی خۆیان هەبووە و هەیە. وەرگێڕ.

خۆشەویستم مۆنسیۆرا مارکس
Lyon, 17 May 1846
بە خۆشحاڵییەوە قەبوڵمە کە یەکێك بم لە پێگەیشتوانی نامەکانت، کە ئامانجەکانی و ڕێکخستنی لای من زۆر بە کەڵکن. لەگەڵ ئەوەشدا ناتوانم بەڵێن بدەم کە زوو زوو یاخود بە درێژی بنوسم: جۆرەکانی سەرقاڵیم لەتەك سروشتی تەمەڵیانەمدا لە خزمەتی ئەم هەوڵانەدا، نیین. هەروەها دەبێت ئازادیش بم لە هەبوونی بەهرە [ توانا] دیاریکراوەکانا کە لە بڕگە جیاوازەکانی ناو نامەکەتا پێشنیارکراون.
پێش هەموو شتێك، گەرچی ئایدیاکانی من سەبارەت بە ڕێکخستن و دەرکپێکردن ئا لەم کاتەدا کەم تا زۆر بە جۆرێك لە جۆرەکان لابەلابونەتەوە، لانی کەم ئەوەی پەیوەندی بە پرنسپڵەکانەوە هەیە، من باوەڕم وایە هەر وەکو چۆن ئەرکی هەموو سۆشیالیستەکانە ئەرکی منیشە کە بۆ ماوەیەك پارێزگاری لە فۆرمێکی ڕەخنەیی بکەم یا بەگومان بم لێی. بەکورتی بە ئاشکرا و بێ شاردنەوە دەیکەمە پیشەیەك، تا ڕادەیەك بە ڕەهایی دژی دۆگاماتیزمی ئابورییم.
ئەگەر ئارەزوومەندی وەرە با بەیەکەوە یاسا کۆمەڵایەتییەکان بپشکنین، هەروەها چونێتی کارکردنی ئەم یاسایانە کە چۆن ناسراون و پرۆسەی یاساکانیان کە چۆن لە کەشفکردنیا سەرکەوتوو دەبین، بەڵام بۆ خاتری خوا دوای لە بەینبردنی هەموو دۆگما پێشینەکان، کارێ ئاوا مەکە کە خەون بە مەزهەبیکردنی یا تەلقینکردنی خەڵکەوە ببینین، ڕێگە مەدە کە بکەوینە ناکۆکییەوە وەکو هاووڵاتیەکەت، مارتن لۆسەر، کە لاهوتی [ تیوێلۆجی] کاسۆلۆکی ڕووخان هاوکاتیش لەتەك حەرامکردن و بە نەعلەتبونا، بینای بناخەی لاهوتی پرۆتستانی دانا. لە سێ چەرخی رابوردوودا کاری سەرەکی ئەڵمانیا سەرقاڵی هەڵوەشاندنەوەی کارە خراپەکەی مارتن لۆسەرە، با لەوە نەگەڕێین مرۆڤایەتی سەرقاڵی پاککردنەوەی هاوشێوەی ئەو بێ سەروبەرەییە [فەوزایە] بن کە ئەنجامگیریی هەوڵەکانی ئێمەن.
لە قوڵایی دڵمەوە دەستخۆشی هزرت دەکەم لە پێناوی ڕۆشنایی خستنەسەر هەموو ڕا و بۆچوونەکانتا، بەڵام لێگەڕێ با بەردەوامبین لەسەر کاری باش و گفتوگۆیەکی دڵسۆزانە، با نموونەیەك لە فێربوون و دووربینیی و لێبوردن و هەڵکردن بدەینە جیهان، بەڵام با ئاوا نەکەین کە ئەوە بگەیەنێت کە ئیمە لە پێشەوەی بزوتنەوەکەین خۆمان بکەینە سەرکردەکانی کە پێداگریی لەسەر بۆچونی نوێی خۆمان بکەین. با بانگەواز نەکەین و نەبینە پەیامبەری ئاینێکی نوێ، هەتا ئەگەر ئەوە بیشبێتە دینێکی لۆژکانە، ئاینێكی ئاوەزدار. وەرە با بەیەکەوە کۆبینەوە و هانی هەموو ناڕەزاییەکان بدەین، با هەموو جۆری تایبەتمەندییەکان، هەموو بیرۆکە تەصەوفییەکان، با هەرگیز پرسیار بە گرفت و هیلاکەتی نەزانین و وەرنەگرین ، هەر کاتێکیش کۆتاییمان بە هەموو ئەرگویمێنتەکانمان هێنا، ئەگەر پێویستی کرد وەرە با لە سەرەوە دووبارە بە پاراویی و ڕەوانیی و هەروەها بەدەم گاڵتەکردنەوە، دەستپێبکەینەوە. بەو هەلو مەرجە بە خۆشییەوە لە کۆمەڵەکەتانا [جەمعییەکەتانا] دەبم ، دەنا نا.
هەروەها من هەندێك تێبینم لەسەر بڕگەیەکی نامەکەت هەیە: لە سەر و بەری چرکەی چالاکییدا/کارکردندا. پێدەچێت تۆ هێشتا هەر ئەو بۆچوونەت هەبێت کە هێچ ڕیفۆرمێك لە ئیستادا بە بێ ئەگەری کردنی کودەتایەیەکی سەرەکی، بە بێ ئەوەی کە پێشتر پێی دەوترا شۆڕش، نییە، بە ڕاستیش ئەمە هیچ نییە جگە لە زەبرێك [ شۆك] نەبێت. ئەو بۆچوونە بە گوێرەی تێگەیشتنی من، کە بە لێبوردنەوە دەڵێم، کە هاوکاتیش ئامادە و ئارەزوومەندیی وتووێژکردنیشیم، کە خۆم بۆ ماوەیەکی زۆر شەیرم کردووە، بەڵام خوێندنەوەکانی ئەم نزیکانەم ئاوای لێکردم کە بە تەواوی دەستبەرداری ببم. باوەڕم وایە بۆ سەرکەوتنمان پێویستمان بەوە نییە، هەرلە بەر ئەمەش سەرەنجام پیێویست ناکات چالاکی شۆڕشگێڕانە وەکو ئامرازەکانی ڕیفۆرمی کۆمەڵایەتی، تەرحبکەین، چونکە ئەوە وادەردەکەوێت کە هەر بە ئاسایی بانگەشەیەکە بۆ بەکارهێنانی هێز، بۆ کارێکی هەڕەمەکی و خراپکاریی، بە کورتی ئەوە ناکۆکییە. من خۆم گرفتەکە ئاوادەبینم : بە هێنانەوەی بۆ خودی کۆمەڵ لە ڕێگای ئاوێتەبوونی ئابورییەوە سەبارەت بەو سامانەی کە لە ڕێگای ئاوێتەبوونێکی دیکەی ئابوورییەوە لە کۆمەڵ سەندراوەتەوە. بە مانایەکی دیکە ، لە ڕێگای ئابووری سیاسییەوە بۆ گۆڕین و پێچەوانکردنەوەی تیئوری موڵکایەتی دژ بە خودی موڵکایەتیی، لەو ڕێگایەی کە ئێوە، سۆشیالیستە ئەڵمانەکان، ناوی دەنێن کۆمۆنێتی ، کە منیش لە ئێستادا بەخۆم ڕادەبینم کە ناوی ئازادیی یاخود یەکسانیی لێبنێم .. هەروەها باوەڕم وایە لە ماوەیەکی کورتدا ڕێگاکانی لابەلاکردنەوەی ئەم کێشەیە دەزانم، لەبەر ئەوەش سوتاندنی موڵکیەت بە ئاگرێکی هێواش پەسەند دەکەم لەبری ئەوەی کە هێزی نوێی پێببەخشم لە ڕێگای دروستکردنی شەوی St Bartholomew’s * بۆ خاوەنموڵکەکان.

ئەو پەڕی دڵسۆزت
پییەر جۆزیف پرۆدۆن
* شەوی St Bartholomew ، قەڵاچۆکردنی پرۆتستاتەکانی پاریس بوو لە فەرەنسا، کە لە شەوی 24 لەسەر 25 ی مانگی ئابی 1572 دا ڕوویداوە. پیلانەکە لە لایەن Catherine de Médicis داڕێژرا و لە لایەن نۆبڵە کاسۆلیکە ڕۆمانەکان و هاووڵاتیانی دیکەوە جێ بەجێکرا. ئەوە خولی ڕووداوێك بوو لە زنجیرەیەك لە بەیەکادانی جەنگی ئەهلی نێوانی کاسۆلیکە ڕۆمانەکان و پرۆتستانتەکانا، هەتا کۆتایی چەرخی شانزدەی خایاند، ئەو کاتە لابەلا بووەوە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت