کامەران چروستانی: دەسکی تەورەکە بە داری کوردستان دروست کرا.

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

بێگومان وەک کوردێک هەرگیز حەز ناکەم پێگە و قەوارەی کورد نە لاواز بێت و نە بچووک ببێتەوە، چونکە لەلام ڕوونە کە دەوروبەرمان بە دوژمن تەنراوە و لە هەر لاوازییەکدا ئەوان نەک بە هانامانەوە نایەن، بەڵکوو ئەو لاوازییە لە بەرژەوەندی خۆیاندا بەکاری دەهێنن و ئەوەندەی تر لاوازترمان دەکەن. هاوکات دڵشاد و بەختەوەرم بە هەر قەوارەیەکی کوردی لە هەر شوێنێک و لە هەر کاتێکدا بێت.
بەڵام لەم ماوەی دواییەدا زۆر باس لە لاوازکردنی قەوارەی باشووری کوردستان دەکرێت و گوایە بەغداد بارودۆخی هەنووکەیی ئێستای کوردستان و ناوچەکە لە بەرژەوەندی خۆی دژ بە ئێمە بەکار دەهێنێت. هەندێک جاریش ئەم قەیرانانەی ئێستای کوردستان دەگەڕێننەوە بۆ پیلانی دوژمنانی کوردستان لە دەوروبەر، بەڵام ئەمەیان وا نییە.
دەسەڵاتدارانی کورد لە ماوەی بیست و نۆ ساڵدا گەلێک هەڵەی کوشندەیان کرد کە فیشەکێک بوو بە خەون و پێگەی گەلی کوردەوە لە باشوور:
A- حیزبە کوردییەکان و بە تایبەت هەردوو حیزبی دەسەڵاتداری سەرەکی پارتی دیموکرات و یەکێتیی نیشتمانی هەرگیز تەبا و یەکگرتوو نەبوون، تەنیا لە دابەشکردن و بەشکردنی سامانی وڵاتەکەدا نەبێت، هەتا ڕادەیەک کە گەلێکجار ئەو ناتەبایی و شەڕەی خۆیان گەیاندۆتە ناو بەغدا. حیزبە کوردییەکان دەرسێکیان لە ئێران و تورکیا و سوریا وەرنەگرت کە لەسەر هیچ شتێک کۆک نەبن ئەوا لەسەر مەسەلەی کورد کۆکن. بەڵگەش دوای تێپەڕبوونی 29 ساڵ بەسەر حوکمڕانی کورددا هێزەکانی هەفتا و هەشتای سەر بەو دوو حیزبە یەکیان نەگرتۆتەوە سەرباری داواکاری و جەختکردنەوەی ئەمریکا و هاوپەیمانان لەسەر ئەم یەکگرتنەوەیە.
B- دەسەڵاتدارانی کورد بە درێژایی تەمەنیان کاریان لەسەر بەرژەوەندی حیزبایەتی و کەسیی خۆیان کردووە و بەو پێیە خاڵێکی سەرەکییان لە دەست دا: پشتگیری و متمانەی شەقامی کوردی پێیان، لە کاتێکدا کە ڕۆڵەی کورد بۆ ئەو ئامانجە بەرزانە هەمیشە ئامادەی قوربانیدان و خۆفیداکردن بوون چونکە کورد بۆی دەرکەوت دروشم و قسەکان جگە لە قسەی بریقەدار و ناواخن بۆش هیچی دیکەی تێدا بەدی ناکرێت.
C- ڕیفراندۆم: سەرباری پێگەی کورد وەک دەوڵەتێکی دیفاکتۆ پێش ئەنجامدانی ڕیفراندۆم، سەرباری پشتگیرنەکردنی نێودەوڵەتی بۆ ئەو پرۆسەیە، سەرباری داواکاریکردن زلهێزەکان بۆ ئەنجامنەدان و دواخستنی وادەی ڕیفراندۆمەکە، بەڵام سەرکردایەتی کورد سوور بوو لەسەر ئەنجامدانی. ئەمەش تاپۆیەکی ڕەش نەبوو بۆ کورد بەڵکوو تاپۆیەکی (ڕەشە) کە لەگەڵ خۆیدا بەدبەختییەکی ڕەشی لەدەستدانی نیوەی پانتایی هەرێم و لاوازبوونی پێگەی کوردی لە بەغدا لەگەڵ خۆیدا هێنا و پێدانی باجی ئەو (ڕەشییە) هەتا ئێستاش بەردەوامە.
D- بازرگانیی نەوت: دەسەڵاتدارانی کورد لەم بوارەدا دوو هەڵەی کوشندەیان کرد: ئەو لایەنانەی ئەم پرۆسەیان بەڕێوە دەبرد لە ئاستی زانیاری و ئەزموونی بەڕێوەبردنی ئەم جۆرە پرۆسەیەدا لەو ئاستەدا نەبوون کە سەرکەوتوو بن، هەروەها چاوچنۆکی و گەندەڵیی لەم بوارەدا هۆکار بوو بۆ ئەوەی ئابووری هەرێم بە پێچەوانەی سامانی سەرکردەکانەوە، بەرەو داڕوخان بڕوات و حکومەتی هەرێمیش لەبری قازانج بکەوێتە ژێر قەرزێکی یەکجار گەورەوە.
کورت و کرمانج؛ نامەوێت بچمە ناو قوڵایی کرۆکی دەسەڵاتی کوردی و وردەکاریی کارەساتی بەڕێوەبردن، وەلێ لەناو حیزبەکانی دەسەڵاتدا هزری ئەو ڕۆحەی کە شەڕی (براکوژی)یەکەی داگیرساند، هەر ئەو هزرەیە کە هەتا ئێستاش کوردستان بەڕێوە دەبات و هەر ئەوەش هۆکار بووە کە بە دەستی خۆمان قەوارە و پێگەی کوردستان بچووک و لاواز بکەینەوە، ئێمە خۆمان دەسکی تەورەکەمان لە دارەکانی ناو کوردستان دروست کرد و خۆمان بە دەستە نەزانی و ناپاکییەکانی خۆمان پێگەمان لە ناو وڵات و لە مەیدانی نێودەوڵەتیدا هێندە لاواز بکەین و خۆمان بگەیەنینە ئاستێک کە بە هەموو مەرجێکی بەغداد ڕازی ببین: ئەوەی دوێنێ ڕەتمان دەکردەوە و پێی ڕازی نەدەبووین و پەنجەی هەڕەشەمان ڕادەوەشاند، ئێستا بە خۆشحاڵییەوە ڕازین پێیان تەنیا و تەنیا بۆ ئەوەی بەغداد ڕازی ببێت لەسەر پێدانی موچەکانمان و هەروەها دڵنیا بین کە کورسییەکانی دەسەڵات داناڕمێن.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت