نەوزادى موهەندیس: کۆڕۆنا کۆتایى ژیان یان وێسگەیەک بۆ بەخۆداچونەوەى مرۆڤایەتى؟

کلیک بکەرە سەر وێنەی نوسەر دەگەیت بە ئەرشیڤەکەی

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

وەک دەڵێن ژیان خوێندنەگەیەکە و هەموان تیایدا فێردەبن و فێرى کەسانى تریش دەکەن جا کەسە هۆشەمەند و بیرمەند و زیرەکەکان پێش هەموان دەکەون و دەبنە ڕابەر و پێشەوا و داهێنەر، هەریەکە لە بوار و پسپۆڕیەکدا. بەڕاستیش هەروایە و سروشتى گەشەکردنى ژیان و مرۆڤەکان و تەنانەت ئاژەڵ و ڕوەکەکانیش بۆ سەرکەوتوو و زیرەک و بەهێز و داهێنەرەکانن نەک دواکەوتوو و هەژار نەخوێندەوارەکان بەپێى بنەماکانى چارلس داروین. چونکە ئەوان زووتر لەهەموان هەست بە گۆڕانکارى و پێشهاتەکان دەکەن و دەشتوانن پلانى زانستى و واقعیشیان بۆ دابنێن و بە قازانجى خۆیان و کۆمەڵگاکانیان بیانشکێنەوە. هەمیشە پەند و عیبرەت لە ڕابووردوو و هەڵە و نەزانى و کەموکوڕیەکانیان وەردەگرن و بۆ ئایندەش دەیکەنە هۆکارى سەرکەوتنى زیاتر و گەورەتر.بجا ئەم ڕاستیە بۆ تاک و بۆ کۆمەڵگا مرۆڤایەتیەکانیش دەگونجێت.
ئەوەى لەم سەردەم و سەدەى بیست و یەکەدا بەرۆکى کۆمەڵگاى مرۆڤایەتى گرتوە بریتیە لە زۆرێک لە قەیرانەکان، هەر لە قەیران و ململانێ سیاسیەکانەوە تا قەیرانى ئابورى و بازاڕ و بازرگانى و ئەمنیەکان و دواتریش قەیرانى کۆمەڵایەتى و تەندروستیەکانیش،بکە هیچ دەیە ساڵێک گوزەربناکات بەبێ سەرهەڵدانى یەکێک لەم قەیرانانە کە هەموانیان لەسەر حسابى گیان و زیانى گەورەى ئابورى و تەندروستى کۆمەڵگاکان تەواو دەبن. بەداخەوە هۆکارى قەیرانەکانیش لە زۆرجاردا هەر مرۆڤەکان خۆیانن و ڕژدى و بێباکى و چاوتێر نەبوون و بەرژەوەندخوازى و هەوڵدان بۆ سەپاندنى هەژموونى خۆیان هۆکارن بۆ دروستکردن و سەرهەڵدانى جۆرەها قەیران بۆ شکاندنى بەرانبەرەکانیان و بەناو سەرکەوتنێکى کاتى بۆ خۆیان. تەنانەت کارەساتە سروشتیەکانیش زۆر جاران بەهۆکارى نەزانى و بێ بەرنامەیى و بێباکى مرۆڤەکانەوە ڕوودەدن و دەبنە هۆکارى کاولکارى زیاترى ژینگە و ژیان و گوزەرانى سەر گۆى زەوى.
کۆڕۆناش لە ئێستادا بۆتە ئەو پەتا نەگریس و تۆقێنەرەى کە بەرۆکى تەواوى مرۆڤایەتى گرتوە بەبێ جیاوازى لەنێوان دەوڵەمەند و هەژار و زلهێز و بچوکەکاندا. کۆرۆنا بۆتە وەیشومە و دروێنەکەرى گیانى مرۆڤەکان و بۆتە هۆکارى ڕاوەستانى گەشەى ئابورى و داهات و خۆشگوزەرانى، بۆتە مۆتەکەیەک و دەستى خستۆتە بینە قاقاى مرۆڤایەتیەوە. کۆرۆنا لە ئێستادا زیاد لە 13 ملیۆن مرۆڤى توشکردوە و زیاد لە نیو ملیۆنى گیانى بێتاوانانى سەندۆتەوە و ڕۆژانەش لە هەڵکشانى مەترسیداردایە.
پرسیار لێرەدا ئەوەیە، ئایا کۆرۆِنا بۆتە وێسگەى کۆتایى ژیان؟ یان هێندە دڵڕەق و بێبەزییە کە هەموو جوانیەکانى سەر ئەم گۆى زەویە ڕابماڵێت؟ یان دەکرێت ببێتە وێسگەیەک بۆ بەسەرداچوونەوەى کار و گوتار و کردار و پیلانە دوژمنکارەکانى مرۆڤ و مرۆڤایەتى؟
بەڕاى بەندە کۆرۆنا و بڵاوبونەوەى و ترس و تۆقاندنەکانى جگە لە وێسگەیەکى ژیان و گوزەرانى مرۆڤایەتى چیتر نیە، وەکو هەموو وێسگە مێژووییە ڕەش و تاڵەکانى ترى ڕابووردوو هەر لە پەتاى ڕەشى تاعونى سەدەکانى ناوەڕاستى ئەوروپا و برسێتى و قەیرانە دارایى و سروشتیەکانى تر. بۆیە بەدڵنیایى هۆشەمەندى و عەقڵانیەتى مرۆڤ پەى بە دەرمانى ئەم دەردەش دەبات و کۆتایى پێدێنێت و دەیکاتە لاپەڕەیکى ڕەش و تاریکى مێژووى مرۆڤایەتى.
بەڵام گرنگ ئەوەیە کە پەند و عیبرەت و وانەى لێوە فێر ببین،نەک وەک کار و کردەوە و کارەسات و ڕووداوێکى بچوک و بێکاریگەر لێیبڕوانرێت، چونکە لەم سەردمە و لە ڕابووردوشدا هیچ پەتایەک هێندەى کۆڕۆنا نەبۆتە هۆى پەکخستنى ژیان و گوزەرانى مرۆڤایەتى لە هەمووو بوارەکاندا لە ماوەى کەمتر لە ساڵێکدا، کە هێشتاش دیار نیە کەى و چۆن مرۆڤ زاڵدەبێت بەسەریدا و کۆتایى پێدێنێت. ئەوەتا کاریگەرى گەورەى هەبوە لەسەر ئابورى و داهاتى تەواوى جیهان و بۆتە پەکخستنى کارگە بەرهەمهێنەکان و ڕاوەستانى گەشتو گوزار و دابەزینى نرخەکانى نەوت و زیادبوونى بێکارى و هەژارى و ڕاوەستانى گەشەى ئابورى و و سەرهەڵدانى کێشەى کۆمەڵایەتى و داخستنى خوێندنگە و زانکۆ و جێگەى عیبادەت و زۆرى تریش. کە تائێستا هیچ کارەسات و پەتایەک بەم شێوەیە کاریگەرى توندى نەکردۆتە سەر تەواوى ژیانى مرۆڤایەتى و لەوەش مەترسیدارتر ئەوەیە کە ئاسەوارەکانى بۆ دەیان ساڵى تریش درێژە دەکێشێت.
بۆیە گرنگە تەواوى مرۆڤایەتى بەیەک دەست و بەیەک هەڵوێست و بوێریەوە ڕووبەرووى ئەم پەتا نەگریسە ببێتەوە دوور لە خۆپەرستى و خود پارێزى وڵاتێک یان کۆمەڵگایەک بەتەنها، چونکە دەرکەوت مرۆڤایەتى و ژیان لەسەر ئەم گۆى زەویە زۆر لەوە بچوکتر و نزیکترە و تێکچڕژاوترە کە مرۆڤەکان بیریان لێدەکردەوە، هەربۆیە چۆن کۆرۆنا هەموانى یەکخستوە و ڕووبەڕووى هەموانیش بۆتەوە گەرەکە هەموو مرۆڤایەتیش بەیەک و یەکگرتویەوە بەرەنگاریببنەوە و پلانى زانستى و واقعى هەبێت بۆ ڕووبەڕووبونەوەى، نەک پەتاکە پشتى بشکێنێت، بەڵکو بیکاتە وێسگەیەک بۆ بەسەرداچوونەوە و تێڕامان لە توانا و کاریگەرى مرۆڤەکان بۆ گۆڕینى ئاڕاستەى مێژوو بەرەو ئایندەیەکى گەشتر و ڕووناکتر لەوەى کە ئێستا هەیە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت