رەزا شـوان: گرنگییەکانی ریزبوونی بەیانیان لە قوتابخانەکان.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

بێگومان هەموومان لە قـوتابخـانەی سەرەتـایی یا بنەڕەتیدا، بە قـۆناغی قوتابێـتیدا تێپەڕیوین. ریـزبوونی بەیانیانیش لە گۆڕەپانی قوتابخانەدا لە یادمان ماوە، کە پێش چوونە ژوورەوەمان بۆ پـۆلەکەمان، بۆ دەستپێکـردنی یەکەم وانەی رۆژێکی نوێی خوێنـدن، تا ئەمـڕۆش ئەو چـالاکییە وەرزشی و ئـەدەبی و کۆمەڵایەتی و هـونەرییە هەمەجـۆرانەی، کە لە کاتی ریزبـوونی بەیانیـاندا پێشکەشمان دەکـردن و بەهـرە و تواناکانی خۆشمان لە بـواری هـۆنراوە خوێندنەوە لەبەر دەرمان دەخـستن، بەشی زۆری بیرەوەرییەکانمان و چـیژ و خۆشی چالاکییەکانی کاتی ریـزبوونی بەیانیانمان، لەبەرچاومان و لە یادمانـدا مـاونەتـەوە و دەمێننەوە.
من نزیکەی ( 30 ) ساڵیش مامۆسـتا بـووم، لە چەنـد قوتابخانەیەکی کوردی لە شاری کەرکوکی کوردستانیدا، هـەفـتەی رۆژێک ئەرکی چاودێـری و رێـزبوونی بەیانیـانی قوتابییەکانمان لە ئەستۆمدا بوو. مامۆستایەکی ئەنـدامی لـیژنەی پلانـدانـانی بەرنامە و پرۆگرامەکانی ریزبوونی بەیانیانیش بووم. بۆ رۆژانی بۆنە نیشتمانی و نەتەوەییەکانی کوردستان، بەرنامەی تایبەتیم دادەنا. بە کرداری وەکو قوتابییەک و وەکۆ مامۆستایەک بەشداریم لە ریۆرەڕەسمەکان و لە چالاکییەکانی ریزبوونی بەیانیانی قوتابخانە کردووە.
گەرچی لەم نووسـینەدا دەستەواژەی (ریـزبـوونی به‌یانیـان) بەکاردەهـێنین، بـەڵام لە ئەمـڕۆدا لە بەشی هـەرەزۆری قوتابخـانەکانی کوردسـتانـدا، بە ناچـاری دوو قوتابخـانە تێیاندا دەخوێنن، قوتـابخانەیەکیان تـاقی بەیانیان و قوتـابخانەکەی کەشیان تـاقی ئێواران (نێـوه‌ڕوان) واتە (ریـزبـوونی نیـوەڕوان) یش هـەیە. زۆربەی قوتابخانەکانیش پلانیـان وایە سـێ رۆژ بەیانیـان و سـێ رۆژیـش نیـوەڕوان دەست بە خوێنـدن دەکـەن. بەڵام دەستەواژەی (ریـزبوونی به‌یانیـان) زیاتـر بەکـاردەهـێنرێت.
چەمکی ریـزبـوونی بەیانیان، ئەوەیە کە قوتـابیانی هـەر قـوتابخـانەیەک، بەیانیان پێـش وانەی یەکەم، تێكڕا بۆ ماوەی ( 15 ) خولەک لە گۆڕەپانی قوتابخـانەدا، هەر پـۆلێک لە بەردەمی پـۆلەکەی خۆیـدا، لە دوو ریـزی رێکـدا، قوتابییە درێـژەکان لە ریـزی پشـتەوە و بچووکەکـانیش لە ریزی پێشەوە دەوەستن، مامۆستای رابەری هەر پۆلێکیش لە پشت یا لە تەنیشت یا لە پێش قوتـابیانی پۆلەکەیەوە دەوەستێ. بە سەرپـەرشتی مامۆمۆستای چاودێری ئەو رۆژە و بە هـاوکاری مامۆستای وەرزش، رێوڕەسمی بڕگەکانی ریزبوونی بەیانیان دەست پێدەکا. سەرەتا بە چەند راهێنانێکی وەرزشی دەست پێدەکا.
ریزبـوونی بەیانیان لە قوتابخانەکانـدا، پێویستییەکی گـرنگە و پابەنـدبـوونە بە رێـسا و یاساکانی قوتابخـانەوە، یەکێکە لە پێویستییە گـرنگەکانی پەروەردەی قوتابخـانەیی و بایەخێکی پەروەردەیی گرنگی هەیە، بەڵکو رەهەندێکی گرنگی کرداری پەروەردەییە.
ریزبـوونی بەیانیان، یەکێکە لە گرنگترین فاکتەرە بنەماییەکان کە یارمەتی سەرکەوتنی کرداری خوێنـدنی رۆژانەی قوتابیان دەدات. سنووری رەهەنـدی فێرکردن تێـدەپەڕێنێت.
بڕگـەکانی ریزبـوونی بەیانیان، زاخـاوی بیـر و هـۆش و وەرگـرتن و وەبیـرهـێنانەوەی قوتابیان دەدەن. مـژدە و بانگـەوازێکیشە بۆ دەستپێکردنی کارەکـانی رۆژێـکی نوێی دەستپێکردنی خوێندن و فێربوون و چۆست و چالاکییەکانیان. بۆیە ریزبوونی بەیانیان، هەر لە کۆنەوە، لە لووتکەی قـووچکەی گرنگییەکانی پەروەردەیی قوتابخانە دانراوە.
ریـزبـوونی بەیانیـانی قوتابیـان لە قوتابخانەکانـدا، کار بۆ ئەوە دەکـات، کە کۆمـەڵێک مەبەست و ئامانـج و پـرەنسـیپ و بەهـای گرنگی پەروەردەیی لە دەروونی قوتـابیاندا بـڕوێنێ، بە تایبەتیش لە تەمەنی منداڵـیدا، وەکو دەڵـێن:”فـێربوون لە بچـووکیدا وەکو نەخـشی سەر بـەرد وایـە” گرنگییەکانی چالاکییەکانی ریزبوونی بەیانیان، سوودێکی زۆر بە قوتابیـان و مامۆسـتایان و بەڕێوەبەرێتـییەکانی قوتابخانەکان و بە فـێرکردن و پەروەردەکـردن دەگەیـەنێت، بەڵکو بە بەشێکی گـرنگی پـەروەردە و بە تـەواوکەری کـرداری زانستی دادەنـرێت.
بە کورتی و بە چڕی باس لە بڕگـە سەرەکییەکانی ریـزبـوونی بەیانیـانی قوتابخانەکان دەکـەین.. کە ئەمانە گـرنگـترینیانە:
1- پشکنینی پاک و خـاوێنی و رێکوپێـکی: لە کاتی ریزبوونـدا، مامۆستای رابەری هەر پۆلێک پشکـنینی قوتابییەکانی دەکات، سەیـری پاکی دەست و دەموچـاو و سەر و قـژ و نینۆکەکـانیان و خاوێنی و رێکوپێکی جلوبەرگەکانیشیان دەکات و ئافـەرینیان لێـدەکـات.
2- راهـێنانەکـانی وەرزشـی و گەرمبـوون: بە زۆری ئـەم بـڕگـەیە دەکەوێـتە ئەسـتۆی مامۆستایانی پەروەردەی وەرزشی، چونکە ئەوان پسپۆری ئەم بوارەن، ئەم وەرزشەش بۆ ئەوەیە کە قوتابییەکان خاوخلـیچکی و خەواڵوویی بەریان بدات و چۆست و چالاک و وریا و بە گوڕ و تین ببنەوە و گەرمبن، وەرزشکردنەکەش بە (پشـووبـه‌ن… وریــابن) دەست پێدەکات.. بە دەیان راهێنان و مەشقی هەمەجۆرە هەن، بۆ چۆست و چالاکردن و خۆشی و شادی خستنە دەروونی قـوتـابیـان.
هەر لەم بـڕگەیەدا، دەتوانرێت، پێشبڕکێ و یاری لە نێـوان پۆلەکـاندا ئەنجام بدرێن. بۆ نمـوونە: لەگەڵ فیکەلـێدانـدا بە گۆڕەپانی قوتابخانەکەدا بڵاوببنەوە.. لەگەڵ فیکەلێدانی دووەمـدا هـەر قوتابی و هەر پـۆلـێک لە شوێنی خۆیانـدا رابـوەستن، کام پـۆل زووتـر ریزبوونەوە، ئەو پـۆلە خەڵات بکـرێت.. گەر بە ئافەرین و چەپڵـە لـێدانێکـیش بێت.
بۆ ئەوەی قوتابیان بێزار نەبن و راهـێنانە وەرزشییەکان نەبن بە رۆتینی دووبـارە و چەند بارە کراوە. پێویستە مامۆستایانی وەرزش و لیژنەکانی پلاندانانی چالاکییەکانی ریزبـوونی بەیانیان، بیر لە داهـێنانی راهـێنان و لە چالاکی و وەرزشی نوێ بکەنەوە.
3- وتنی سروودی نیشتمانیمان (ئـەی رەقـیب) بێگومان ئەمە بڕگەیەکی زۆر گرنگ و پێویستە.. کە لە دوای راهـێنانە وەرزشییەکان، قوتـابیانی هەمـوو پۆلەکـان پێکەوە، مارشی نەتەوەییمان (ئـەی ڕەقـیب) بچـڕن.. دەکرێ هەندێ رۆژ لە دوای ئەی رەقیب، سروودێکی دیکەی نیشتمانی کوردی بوترێت وەکو سروودی (خوایە وەتـەن ئاواکەی) و (خۆشـم دەوێ وڵاتـەکەم) و (جەژنە جەژنی کوردستـانە.. جەژنی نـەورۆزە) …هتد.
لە ریزبوونی بەیانیانی رۆژانی پێنج شەمـواندا، کە رۆژی رێـوڕەسمی هەڵکـردنی ئاڵای کوردستانە لە ناوەڕاستی گۆڕەپانی قوتابخانەکاندا. ئەو قوتابخانانەی کە تیپی دیدەوانیان هەیە، لە لایەن سێ قوتابییەوە بە سەرپەرشتی مامۆستای وەرزش ریوڕەسمەکە ئەنجام دەدرێ.. قوتـابی ناوەڕاست ئـاڵاکە هەڵـدەکات، لەگەڵ بەرزبـوونەوەی ئاڵاکـەدا، هەمـوو قـوتابییەکان و مامـۆستاکان، سڵاو لە ئـاڵای کوردسـتان دەکـەن، بە ئەوپـەڕی رێـز و شکۆداری و شانازییەوە، دەستی راستییان لەسەر دڵـیان دادەنێـن و پێکەوە سـروودی ئـەی رەقـیب دەچـڕن. دوایش بەڕێوەبەری قوتابخانە یا یەکێک لە مامۆستاکان وتارێکی کـورت پێشکەش دەکا.. چەنـد قوتـابییەکیش، هـۆنـراوەی نیشــتمانی پێشکەش دەکـەن.
ئـاڵای پیـرۆزی کوردستان سیـمبولی شکـۆداری نەتەوەییـمانە، پێویستە قوتابخـانەکانی کوردسـتان، لە رێـوڕەسمێکی شایستەدا ئاڵای کوردسـتان هەڵـبكەن.
پێشـنیاری ئەوەش دەکەم. کە ریۆڕەسمی هەڵکـردن و داگـرتنی ئـاڵای کوردسـتان، لە سەنتەری شارەکانی هەولـێر و سلێـمانی و دهـۆک و هەڵەبجـە و قەزاکـانیشدا، بکرێت بە ناچـاری و لەگەڵ بـۆقی لێدانـدا، بەیانیان هەڵبکرێت و ئێوارانیش دابگـیرێت، لەکاتی هـەڵگـردن و داگـرتنـیدا، وەکو پیـرۆزی و رێـزگرتنێک لە ئـاڵای کوردسـتان، خەڵکی و ئۆتـۆبیل لە شوێنی خۆیاندا بوەستن. ئەمە بکرێت بە نەریتێکی رۆژانە لە کوردستانـدا.
4- چالاکی ئەدەبی: بۆ ئەوەی کە قوتابیان بەهرە و تواناکانی خۆیان لە بەردەمی هاوڕێ و مامۆستاکانیاندا دەربخەن، شەرم و ترسی خۆیان بشکـێنن، بە ئاسایی و ئازایەتییەکی ئەدەبییەوە، هـۆنراوەی نیشتمانی و کۆمەڵایەتی و پەخـشانی ئاسان پێشکەش بکەن، بە ئافـەرین و چەپڵەلـێدان و خەڵاتکردن هـان بـدرێن. قـۆستنەوەی ریـزبوونی بەیانیان، هەل و دەرفەتێکی باشە بۆ دەرخستن و گەشەکردنی بەهرە و توانای ئەدەبیی قوتابیان.
5- رۆڵـی ئێـستگەی رادیـۆی قوتابخـانەیی: جـاران لە بەشـێکی زۆری قوتابخـانەکاندا، دەزگـای رادیـۆی قـوتابخـانەیی هەبـوون، بە داخـەوە، کە لـە دوخـێکی نەخـوازراو و نالەباردا، هەموو دەزگـاکانی رادیـۆکان بە تـاڵانی بـران، لە ئێـستادا بە دەگمەن دەزگـای رادیـۆ لە هەنـدێ لە قـوتابخانەکـانـی شارەکانی کوردستاندا هـەن.
پەخـشی رادیـۆی قوتابخانەیی، لە کاتی ریزبوونی بەیانیان و هەڵگردنی ئاڵای کوردستان و رۆژانی بۆنە کوردستانییەکانـدا، رۆڵێکی پەروەردەیی و ئەدەبی و هـونەریی گرنگـیان هەبوو. رادیۆی قوتابخانەیی هاندەرێکی باشە بۆ گەشەکردن و پێشخستن و پەرەپێدان و بۆ دەرخستنی چالاکیـیەکان و بەهـرە و توانـا و ئارەزووە هەمەجـۆرەکانی قـوتـابیان.
گرنگـترین ئامانجەکـانی ریزبـوونی بەیانیـان:
1- لە میانەی راهـێنانە وەرزشییەکانەوە، سووڕی خـوێن قوتابیان چالاکـتر دەبێ و رادەیەکی ئۆکسجـینێکی زیاتـریش هەڵـدەمـژن. ئەمەش دەبێـتە یارمەتیـدەریان بۆ رزگـاربوون لە خاوخلـیچکی و لە تەمەڵی و بێزاری و خەواڵوویی و ساردوسڕی.
2- بە هـۆی وەرزشە ساکارەکانەوە لە ریزبوونی بەیانیاندا، جمگەکان و ماسوولکەکانی قوتابییەکان نـەرم و خـاودبنەوە.
3- شیرین بوون و بەرزبوونەوەی حەز و خۆشەویستی و هاوبەستەبوون و هۆگرییەکی زیاتـری قـوتابیـان، بۆ قـوتابخانە و بۆ فـێربـوون.
4- بەرزکردنەوەی هەستی نەتـەوایەتی وهاوبەستەبوون و خۆشەویستییەکی زیـاتر بۆ کورد و کوردستان.. بە تایبەتیش لە کاتی چـڕینی سروودی ئەی رەقیب و خوایە وەتەن ئاواکـەی و خـۆشـم دەوێ وڵاتـەکەم و… هـتد. ئەمەش ئامانجـێکی پێـویست و سەرەکی و گـرنگی ریـزبـوونی بەیانیـانە.
پێشـنیاری ئەوەش دەکەم کە لە دوای سـروودی (ئـەی رەقـیب) دا، قـوتـابییەکی دەنگ بەرز، سێ جار لەسەر یەکتری ئەم دروشمانە بڵێ و قـوتابییەکانیش بە گوڕ و تینەوەوە لەگەڵـیدا دووبـارەی بکەنـەوە، دروشمەکانیش:
بژی کوردستانی نیشتمانمان. بژی کوردستانی نیشتمانمان. بژی کورستانی نیشتمانمان
بژی پێـشـمەرگەی قـارەمان. بـژی پێشمەرگەی قـارەمان. بژی پێشمەرگەی قـارەمان.
بـژی ئــازادی. بـژی ئـازادی. بـژی ئـازادی
بمـرن داگیرکەرانی کوردستان.. بمـرن داگیرکەرانی کوردستان.. بمـرن داگیرکەرانی کوردستان.
5- قوتابی بەهـرەمەند، فێری ئازایەتی ئەدەبی دەبێ و ترس و شەرمی دەشکێ، دەتوانێ بێ ترس و شڵەژان، لە بەردەم هاوڕێکانی و مامۆستاکانیدا، هۆنراوە و وتار و پەخشان پێشکەش بکات و گـوزارشت لە بەهـرە و تواناکـانی بکات.
6- قوتابیـان فـێری ئەوە دەبـن، کە لەنـاو دەسـتە و تیـپ و گـروپـدا کـاربکەن.
7- چالاکییە هەمەجۆرەکان لە ریزبوونه بەیانیاندا، گەشە بە هـۆشی قوتابیان دەکات.
8- بازنەی زانستی قوتابیان فـراوانتر دەبێ، لە میانەی ئەو زانست و زانیارییانەی کە رادیـۆی قوتابخانەیی لە کاتی ریزبـوونی بەیانیانـدا پەخـشی دەکات.. لێوەی وەردەگـرن.
9- قوتابیان لە میانەی ریـزبوونی بەیانیانەوە، فـێری رێکی و پێکی و پابەندی یاساکانی قوتابخانە دەبـن.
10- سەرەتایەکی باشی رۆژی خوێنـدن و چالاکییەکـانی قوتابیان، لە سەرەتایەکی باشی ریزبـوونی بەیانیـانەوە دەست پێـدەکـات.
11- ئاشکـراکـردن و دەرکەوتنی توانا و بەهـرە هەمەجـۆرەکانی قوتابیـان.
12- خۆشکردنی پەیوەنـدی نێـوان قوتابخـانە و مـاڵ و کومـەڵی ناوخـۆیی.
13- خەڵاتکـردنی قوتابیانی بەهـرەمەند و کۆششکەر و زیـرەک و خاوەنی نمـرەی باڵا لە کاتی ریزبـوونی بەیانیانـدا. دەبێتە هانـدەر بۆ گەشەکردنی بەهـرەکانی قوتابیان.
14- لە میانەی ریزبوونی بەیانیان، ئەو هـاوڕاییە دەسەلمـێنرێ، کە قوتابیان تەوەری کـرداری پەروەردەیین.. پێویستە ئەوپەڕی ئازادی و زۆرترین کاتیـان بۆ بـڕەخـسێنن.
15- قوتابیان فـێری ئەوە دەبن، کە رێـز لە کات بگـرن و بـزانن کە کات زۆر گـرنگە.
16- قوتابیان فـێری پێشبڕکێ و رکەبەرایەتی ئازاد و بەسوود دەبـن. کە لە نێـوان پۆلەکـاندا بە رۆحـێکی وەرزشییەوە ئەنجـام دەدرێن.
17- لە سایە و لە میانەی چالاکییەکانی ریزبـوونی قوتابیان لە بەیانیـانی قوتابخـانەدا، بێجگە لەو ئامانجانەی سەرەوە، چەندین ئامانج و سوودی تر بۆ قوتابیان و مامۆستایان و بۆ قوتابخـانە دێنـەدی.
هۆکارەکانی ئامادەنەبوون یا دواکەوتنی هەندێ قوتابی لە ریزبوونی بەیانیان:
هەندێ لە قوتابیان، بە هۆی لەش خاوی و تەمەڵی و خەواڵووییەوە، کە شەوان درەنگ دەخەون و درەنگ هەڵدەستن، ئامادەی ریزبـوونی بەیانیان نابن یان دوادەکەون، هەشە دێت و لە پۆلـدا دادەنیشێت و خۆی مات دەکا، نایەوێت بەشداری لە ریزبوونی بەیانیان بکا، خۆی دەکا بە نەخـۆش. ئەمانە چەنـد هـۆیەکی دواکەوتنی هەندێ لە قوتابیانن لە ریـزبـوونی بەیانیان، کە پێویستییان بە چارەسەرکردن هـەیە:
1- رۆتین و چەندین جار دووبارەبوونەوەی هەمان چالاکییەکان و نەبوونی گۆڕانکاری و تازەگەری و شێواز و داهێنانی تازە، وا دەکا کە هەندێ لە قوتابیان هەست بە بێزاری بکەن و ئامـادەی ریـزبوونی بەیانیـان نەبـن، یا دوابکـەون.
2- لاوازی هـاندان و خەڵات نەکـردنی قوتابیان و شێوازی هەڵەی هەندێ لە مامۆستایان وای کردووە کە هەنـدێ لە قوتابیان ئامادەی ریزبـوونی بەیانیانی قوتابخانەکەیان نەبن.
3- هەنـدێ لە بەڕێوەبەرێتییەکانی قوتابخانەکان، ریزبـوونی بەیانیان بە هەنـد نازانن و وەکو پێـویست بایـەخی پێ نـادەن، لێـپرسیـنەوە و بە دواداچـوونیش بۆ ئەو قـوتابیانە ناکەن، کە ئامـادەی رێـزبـوونی بەیانیـان نابـن.
4- هـۆشیارنەکردنەوەی قوتابیـان بە سوودەکان و بە گرنگییەکانی ریزبوونی بەیانیان و چارەسەرنەکردنی کـێشەی ئەو قوتـابیانەی کە ئامادەی ریزبوونی بەیانیان نـابن.
5- ناهـۆشیاری هەنـدێ لە دایکـان و باوکـان و گـوێنەدانیـان، بە درەنگ نووسـتن و درەنگ لە خەوهەسـتانی منداڵەکـانیان و لێپرسینەوەش بۆ دواکەوتنیان لە قوتابخانە ناکەن. هـیچ هـاوکارییەکی قوتابخـانەش ناکەن تا پێکەوە چارەسەریان بۆ دابنـێن.
بۆیە پێویستە قوتابخانەکان، هۆکارەکانی ئەو قوتابیانە بزانن کە لە ریزی بەیانیان ئامادە نابن یا دوادەکەون، پێویستە تۆمارێکی تایبەتییان هەبێ بە ناوی (تۆماری ئامادەبوون و ئامادەنەبوونی ریزبـوونی بەیانیان) ناوی ئەو قوتابیانەی تێدا بنووس کە چەند جارێک ئامادەی ریزبوونی بەیانان نەبوونە یادواکەوتـوونە. تا بە شـێوازێکی راست و دروست چارەسەریان بۆ دابنـێن، بۆ ئەوەی نەبێتە خوویـەکی هەمیشەییان.. دەکرێش (پسـپـۆری کۆمەڵایـەتی) لە چەند دانیشتنێکـدا،هەموو ئەو قوتابیانە پێکەوە بانگ بکات کە ئامادەی ریـزی بەیانیان نابن یا دوادەکەون. چارەسەیان بکات و ریکوپێکی و رێزگرتن لە کات و لە گرنگییەکانی ئامادەبوونی ریزبوونی بەیانیان لە دەروونی ئەو قوتـابییانەدا بـڕوێنێ . ئەمەش سـوود بەو قـوتـابیانە و بە خـێزانەکانیان و بە قـوتابخـانەکەشیان دەگـەیەنێت.
پێویستە سەرپەرشتیارانی پەروەردەییش، وەکو گرنگـیدانێک بە گرنگییەکانی ریزبوونی بەیانیان لە قوتابخانەکانـدا، ساڵی چەنـد جارێک لە ریـزبوونی بەیانیانی ئەو قوتابخانانە ئامادەبێت کە پشکنینیان پێ سپاردوون، بە ووردی سەرنـجی چۆنیـەتی رێوڕەسمەکانی ریزبوون و چالاکییە هەمەجۆرەکانیان بدات.. هەموو خاڵە ئەرێنی و نەرێنییەکانیان لە راپۆرتەکەیدا بنووسێت و، بە تێبینی و بە پێشنیار و بۆچـوون و رێنماییەکانی پـلان و بەرنامەکـانی لیـژنەی ئامادەکـردنی پـلان و بەرنامەکـانی قوتابخانەکـانیان دەوڵەمەنتـر بکات. ئەمەش بە بەشێکی گـرنگی ئەرکەکـانی بـزانێت.
حەزدەکەم ئاماژەش بە رۆڵی گـرنگی هەریەکە لە بەڕێوەبەری قوتابخانە و مامۆستای پـەروەردەی وەرزشـی و مامـۆسـتای زمـانی کوردی بـدەم، کە رۆڵـی سەرەکییان لە چالاکییەکانی ریزبوونی بەیانیان و لە رێـوڕەسمی هەڵکردنی ئاڵای کوردستاندا هەیە.
1- بەڕێـوەبەر قوتابخانە: بەرپرسی یەکەم و دینەمـۆی هەڵسوڕانـدن و جێبەجێکردنی کار و چالاکییەکان و فـێرکردن و پەروەردەکردنی دروستی قوتابیانی قوتابخانەکەیەتی، لەسەرێتی کە بە ئەوپـەڕی دڵسۆزییەوە، چاودێـری قوتابییەکان بکات. پەیوەنـدییەکی بەهـێزیشی لەگەڵ مامۆستاکانـدا هەبێت.. ئامادەبوونی بەڕێوەبەری قوتابخانە لە کاتی ریزبوونی بەیانیان لە قوتابخانەکەیدا، پێویستییە و گوزارشت لە بەتەنگەوەهاتنی دەکا.
2- مامۆسـتای پـەروەردەی وەرزشی: کە پســپۆر و شارەزای جـۆرەکانی چـالاکی وەرزشـییە.. رۆڵـێکی گـەورەی هـەیە، لە بـڕگەی وەرزشی لە ریـزبـوونی بەیانیـان و لە جـوانی ئەنجامـدانی رێـوڕەسمی هەڵکـردن و داگـرتنی ئـاڵای کوردسـتانـدا.
3- مامۆستای زمـانی کوردی: رۆڵێکی گەورەی هـەیە لە بـڕگەی چالاکییە ئەدەبییەکان لە ریزبوونی بەیانیاندا، کە دەتوانێت ئەو هۆنراوە نیشتمانییانە فـێری قوتابییەکان بکا، کە دەبنە هـۆی هانـدان بـۆ خۆشەویستی و هـاوبەستەبـوون بۆ کـورد و کوردسـتان. داوا لە قوتابییەکانی بکات لەبەریـان بکەن و لە کاتی ریزبوونی بەیانیاندا بە ئەوپەڕی گوڕ و تینەوە پێشکەشـیان بکەن.
4- مامۆستای مـوزیک و مامۆستایانی رابەری پۆلەکانیش هەریەکەیان رۆڵی گرنگـیان هەیە لە سەرکەوتن و لە جـوانی بەڕێـوەچـوونی رێوڕەسمی ریـزبوونی بەیانیـان و لە هەڵکـردنی ئـاڵای پـیرۆزی کوردستان و لە سەرجـەم چالاکییەکـانی قوتابخـانەکـانیان.
5- وەکو وتمان قوتـابیان تـەوەری سەرەکی کـاری فـێربوون و پـەروەردەیین، پێویستە لە دانانی پـلان و بەرنامە دانان و لە هەموو لیژنەکاندا بەشداربن و نوێنەریان هـەبێت.
هـیوادارم بە لەبەرچاوگرتنی ئەو سوود و گرنگییانەی ریزبوونی بەیانیانی قـوتابیان لە قوتابخانەکاندا، کە لەسەرەوە باسمان کردن، قوتابخـانەکان و خـێزانەکـان، ئەو ئامـانجە گرنگـانە بهـێنـنە بەرچاو و بیریـان، بۆ گرنگـیدانێکی زیـاتر بە ریـزبـوونی بەیانیـان لە قـوتـابخـانەکـانی کوردسـتان دا.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت