حەمە ئازاد بەرزنجی: هەلی هاتنە پێشەوەی گەڕێکی دیکەی ئەمریکا لە ناوچەکەمان لە دەس مەدەن.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

لە ماوەی چەند ڕۆژ و هەفتەی ڕابردودا، ئەمریکا جارێکی دیکە، گەڕێکی دیکەی دەسپێکردۆتەوە و ئەمجارەیان زۆر بەخەستی و بێ پێچ و پەنا، بۆ زیاتر چەسپاندنی جێ پێی خۆیی و پاراستن و جێگیرکردنی بەرژەوەندیەکانی خۆی لە ناوچەکە هەنگاوی گورج و خێرا دەنێ.
هەر سەرلەبەیانی ئەم سێهەم ڕۆژەی جەژنی قوربانە بو ( یەک شەممە 2- 8- 2020، فڕۆکە جەنگیەکانی ئەمریکا سەر لە بەیانییەکەی ئاسمانی سلێمانیان تەنیبو بە تایبەتی ناوچەی شارباژێر و پشدەر. گوایە وەفدێکی دانوستان و هێزێکی پیادەی ئەمریکا بە شێوەیەکی نیمچە ئاشکرا سەردانی ناوچەی قەندیلیان کردوە بۆ دانوستان.
هەر یەکەم ڕۆژی جەژنیش بو نێردەی هاوپەیمانان لە سلێمانی لەگەڵ یەکەی حەفتای هێزی پێشمەرگە کۆبونەوە و پێشتریش، لە گەڵ هێزی حەفتاو هەشتا بەیەکەوە دانیشتبون. هەر چەند ڕۆژێ لەمەوبەریش، ئەمریکا گرێبەستێکی نەوتیان لەگەڵ (ئیدارەی خۆجێی ڕۆژئاوا ) ئیمزاکردوە. کە ئەمە خۆی لە خۆیدا دانپیانێکە بەبونی ئەو ئیدارەیەدا. بێگومان دەرەنجامی ئەم هەنگاوانەی ئەمریکا کۆمەڵێ وڵاتان لە دورو نزیک پێ قاڵس دەبن. هەر زوو ڕوسیا لەلایەک و سوریا لەلایەکی دی و تورکیاش هاوشانی هەردوکیان کەوتنە تانە لێدان و بەڕێکەوتنی غەدارو دەسخستنە ناو سنوری دەوڵەتان و دەسبردن بۆ سامانی میللەتان پێناسی دەکەن . گفتوگۆی تەلەفونی نێوان ئەنقەرەو بەغدای دروستکرد ، هەر چوارەم ڕۆژی جەژن (دوشەممە 3- 8- 2020 ) تورکیا هەمو گەشتە ئاسمانیەکانی بۆ عێراق و کوردستان پەک خست، تەنها پاش یەک ڕۆژ کرانەوەیان.
ئەمانەو ئەو گورزە کوشندەیەی سەرەتای ئەمساڵ، ئەمریکا سرەواندیە، باڵ و لاقی، جموجۆڵە سەربازی و سیاسیەکانی ئێران، لە ناوچەکە و، بەتایبەتی لەناو و عێراق و سوریا دا، بە کوشنی قاسم سولەیمانی و ئەبو مەهدی موهەندیس. هاتنە ناوەوەی کازمی و لە قاڵبدان و مەنگەنەکردنی حەشدی شەعبی و دەستبەسەراگرتنەوەی خالە سنوری و گومرگیە هەستیارەکانی باشوری ئێراق.
بەکوردی و کورتییەکەی، بە گوڕ وتاوێکی ترەوە هاتۆتەوە مەیدان و ئەمجارەیان دژایەتیکردن بۆ سیاسەتەکان و بەرژەوەندیەکانی ئەمریکاو دروستکردنی کۆسپ و لەمپەڕ لە بەردەم هەنگاوەکانیدا، بە یاریکردن بەئاگری نەوت هەژماردەکرێت. بەستنی گرێبەستی ژێربەژێری دیکە لەگەڵ نەیارانی ئەمریکا و لەمپەرخستنە بەردەمیان و پشێوی نانەوە بە فیتی وڵاتانی دراوسێ ئەمجارەش باجی خۆی دەبێت و هەروەکو چۆن گرێبەستە ناڕونە پەنجاساڵیەکەی لەگەڵ تورکیا و گرێبەستە ژێربەژێرەکەی ڕۆز نەفتی ڕوسی و ڕیفراندۆمە خۆکوژییەکە، پلانەکانی ئەمریکایان لە ناوچەکە بۆ ماوەیەک شێواندو خاوکردەوە و تەگەرەیان تێخست. وەلێ دواتر باجی گەورەمان داو، لە زۆر شوێن کشێنراینەوە وزۆر ناوچەمان لە دەستداو و لە سەربەخۆیی و کۆنفدڕاڵیەوە گەڕاینەوە بۆ خوار حوکمی زاتییە حەیاتەکە لە سایەی سەری چەند جەنابێکیشەوە و لە سایەی سیاسەتە شکستخواردوەکانیان و ورکگرتنە مناڵئاساکانیشیانەوە چیدی ئەم میللەتە هینی شەقی پێنەماوە و بەرگە ناگرێت. ئەوەندە پاشقولی نەفامانەیان گرت، لە بری نەیارەکامان بخەن خۆمانیان گلان. ئەمە چەندەمین جاریانە کە بڕبڕەی پشت و ملی ئەم میلەتە بشکێنن؟ چەندەمینجاریانە بکەوێنرێن و هەڵسینەوە، خلۆربکرێنەوە و هەڵزنێینەوە ئێسک و پروسکمان خاشبوە بە دەستیانەوە و بە نەرمە بایەک هەڵدەوەرێین. ئەوە ئاشبەتاڵەکەی ناوەڕاستی حەفتاکان، ئەوە دەرەنجامەکانی ئەنفال و جینۆ سایدو کیمیا باران و ئەوە هەلەبجە و قەلادزێ، ئەوە شەڕی ناوخۆ و شەڕی خۆکوژی، ئەوە ڕیفراندۆمی شکستخواردو ئەوە بەدەستەوەدانی کەرکوک و ناوچە کوردستانیە دابڕێنڕاو و ناوچە جێناکۆککان، ئەوە بڕینی موچەو پاشەکەوتی قوتی خەڵک. چی دی ماوە بەسەرمانی بهێنین. لەگەڵ ئەمانەشدا هەر هەمو ئەوانەی کە هۆکارو خوڵقێنەری ئەم بارو دۆخەن ئەوەندە بێ چاوڕون هەر مایکرۆفۆن دەگرنە دەستیان و چاویان بەکامێرا دەکەوێ، شەرم نایان گرێ وهەر دەڵێی نەبایان دیوە نە بۆران، هێندەی کێشی تاڵە مویەک هەست بەشەرمەزاری و تەریق بونەوە ناکەن و وەک کورد دەڵێ تازە ئەمانە حەیایان تکاوە.
ئەمجارەش تەگەرەخستنە بەردەم هەنگاوەکانی کازمی، کە هەنگاوەکانی چاکسازی ئەمریکایشە لە ئێراق. باجی خۆی دەبێت و کەمتر نابێ لە باجی یەکەم جار.هەرچۆنێ بێ ئەو دەستی بە چاکسازیەکانی کردوە و، ئیمەیش تەنها دروشمەکانیمان هەڵگرتوە. دەبێ بە ڕاستگۆیانە لەگەڵیا بڕۆین، ئەوەندە لێڵ و ناڕون نەبین و ئەوەندە گرێبەستی ژێر بەژێری دیکە نەخوڵقێنین و نە دۆزینەوە و گرێبەستە تەمومژاویەکانیش ئاشکرابکەین. بۆ خۆدزینەوە لە چاکسازییە ڕیشەییەکانی کازمی گۆم لێڵی دی نەشڵەقێنین. ئەمجارە با هیچ نەبی پەندێ لە پەندی پەنەکانی پێشومان وەربگرین و نەک پێویستە سود لە تاقیکردنەوە ی مێژوی وڵاتان وەربگرین با هێچ نەبێ ئەمجارە سود لە شکستە کۆنەکانی خۆمان وەربگرین. خۆ ناڵێین کازمی فریشتە و پەری ئاسمانەو بەرنامە ستراییژو ئامانج و هەنگاوەکانی لە ئاسمانەوە را هاتونەتە خوار. ئەو عەرەبە و عەرەبی شیعە مەزهەب، تێڕوانین و هەستی نەتەوایەتی خۆی و ئاڕاستەی مەزهەبی ئایینی تایبەتی خۆی هەیە. بەشانازیشی دەزانێ هەوڵێان بۆ بدات. دەبی ئێمەیش تەریب بە هەوڵەکانی ئەو کار بۆئامانجە نیشتمانیەکانی خۆمان بکەین و ئەسپی خۆمان تاوبدەین و لەگەڵیدا هەنگاوی ڕاستەقینەی خۆشمان بنێین بۆ چاکسازی و لە قاڵبی دروشم بچینە ناو کایە کرداریەکانەوە. ئێمە بە، بەناو کاری چاکسازییەوە ڕومانکردە کەمکردنەوەی خەرجیەکان کە خۆی لە خۆیدا هێرشکردن بو بۆسەر موچەی فەرمانبەرە ڕاستەقینەکان. وای دەخواست ڕوبکەینە گەندەڵکاران و بندیوارە ڕاستەقینەکان و دەستبخەینە سەر برینە ڕاستەقینەکە کە بریتیە لە دیارنەمان و ناڕونی لە داهاتی نەوت و خاڵە گومرگیەکان وچۆنیەتی دەەرهێنان و ڕەوانەکردنی نەوتە لە کێڵگە نەوتیەکان و تێچوە ڕاستە قینەکانی هەڵێنجانی نەوت. ڕاستە بۆ بڕینی ڕێگایەکی دور لە یەکەم هەنگاوە دەست پێدەکرێت. بەڵام کات درەنگەو دەمێکە لەسەر ئەم ڕێیە وەڕێکەوتوین و وەک وتمان کات کاتی ساڕێژی برینە قوڵەکەیە، جەستە شەکەت بوە وهێندە خوێنی لەبەر ڕۆیشتوە بڕسکی تیانەماوە، خۆتان و میلەتەکەمان بە هەنگاوەلاوەکیەکانەوە لەوە زیاتر سەرقاڵ مەکەن.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت