هۆشیار جەمال: ناساندنێک بۆ کتێبی چین زلهێزی نوێی جیهان.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

چین زلهێزی نوێ جیهان، لێکۆلینەوەیەکی گشتگیری هەمەلایەنەیە لەسەر وڵاتی چین وەک یەکێک لە وڵاتە بەهێزەکانی جیهان کە لایەن نووسەر و وەرگێر ئەردەڵان عبدولڵە نووسراوە.
ئەم لێکۆڵینەوەیە کە پشت بەستە بە چەندین سەرچاوەی ڕەسمی و بە زمانێکی سادە و لەسەر ئایینەکان و جوگرافیا و مێژوو هەروەها دانیشتوان و زانست و ئاوەدانکردنەوەی وڵاتی چین نووسراوە، بەڵام لە هەمووی گرنگتر ئەوەیە ئەم وڵاتە لە بواری ئابوری زۆر بەهێزە و هەنگاو بە هەنگاو سەرباری بوونی گرفتی ناوخۆی و کێبڕکێی مێژووی لەگەڵ زلهێزەکانی دونیا وەک ئەوروپا و ئەمریکا، بەڵام توانیویەتی لە ڕێگای کاڵا و بەرهەمەکانیەوە زۆربەی بازاڕی جیهان کۆنترۆڵ بکات. تەنها لە ڕێگای سیاسەتی ژیرانەی خۆیەوە کە لە جیاتی بەکارهێنانی هێز و هەژموون بە سەر وڵاتانی تردا لە ڕێگای ڕەوەندەی چینەوە توانیویەتی بازاڕەکانی جیهان کۆنترۆڵ بکات.
باشترین نموونەی جۆری سیاسەتکردنی پەیرەو کردوە بۆ چوونە ناو کیشوەری ئەفریقا کە لە ڕێگەی هاوکاری کردنی هەمە جۆر و قەرزی بێ سودی گرتەبەر و بە چاوی ڕێزەوە لە خەڵکی ئەو کیشوەرەی ڕوانیی. جیاواز لە زلهێزەکانی تر کە بە چاوی ڕەگەز پەرستی و کەمەوە لە دانیشتوانەکەی دەڕوانن. هەر بۆیە سەرۆکی تەنزانیا دەڵێت: (لە مێژوودا بێگانەکان دەهاتن هێڵی ئاسنینیان بۆ دروست دەکردین بۆ ئەوەی سەروەت و سامانی کیشوەرەکەمان تاڵان بکەن، بەڵام ئەمرۆ چینیەکان هێڵی ئاسنینمان بۆ دروستدەکەن، تا خزمەتی هاوڵاتیانمان بکەین و ئابوریەکەمان پێشبکەوێت)
هەروەها لە ڕووی کەرتی تەندروستی و کارەبا و خوێندنی سەرجەم قۆناغەکانەوە بە قۆناغی زانکۆشەوە یەکێکە لە پێشکەوتووترین وڵاتەکان کە کەمترین ڕێژەی نەخوێندەواری تێدایە.
یەکێکی تر لە بابەتەکە گرنگ و سەرنج ڕاکێشەکانی ناو کتێبەکە بابەتی جینۆسایدە لەوڵاتی چین، کە لە لایەن وڵاتی ژاپۆن و لە12- 12- 1937 پەلاماری شاری نانکینگی چین دەدات و زیاتر لە 200 هەزار هاوڵاتی مەدەنی دەکوژن و زیاتر لە 20 هەزار کچ و ژنی ئەو وڵاتە ئەتک دەکەن و پاشان دەیانکوژن.
ئەم جینۆسایدەی وڵاتی چین دەکرێت بە خاڵێکی هاوبەشی نێوان هەردوو گەلی چین و گەلی کورد سەیر بکرێت، چونکە لە هەمان ساڵ گەلی کورد لە شاری دەرسیم لە لایەن حکومەتی کەمالی تورکیاوە کۆمەڵکوژ دەکرێت و هەزاران کەس شەهید ئەکرێت کە کوردی عەلەوی بوون. لە ساڵی ( 1988 ) لەباشوری کوردستانیش گەلی کورد ئەنفال دەکرێت بەرچاوی جیهانەوە. کە ئەم سێ جینۆسایدە ڕوویداوە بەرژەوەندی زلهێزەکان وای خواستووە کەڕ و ڵاڵبن لە ئاست ئەم تاوانە گەورانەی دەرحەق بە هەزاران مرۆڤ کراوە.
چین بە چەندین قۆناغی جیاوازدا ڕۆیشتووە لە ڕووی حکومرانیەوە و چەندین شەڕی ناوخۆی ڕووبەڕوو بۆتەوە، هەتا هاتنە سەرکاری حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاری کە لەڕووی سیستەمی حکومڕانیەوە شیوعیە و لە ڕووی مامەڵەکردن لەگەڵ بازاڕ لە ئێستادا بازار ئازادە وەک جیهانی سەرمایەداری.
ئەوەی بۆ من گرنگە نووسەری ئەم لێکۆلینەوەیە تا ڕادەیەکی باش توانیویەتی بێلایەن بێت، چونکە چەندین گرفتی دیاری کردوە کە ئێستای وڵاتی چین کە بە دەستیەوە دەناڵێنێت، کە کێشەی پیسبوونی ژینگە و بڕینەوەی بەردەوامی دارستانەکان و کێشەی وزە و سوتەمەنی بەتایبەت نەبوونی نەوت و بوونی گەندەڵی گەورە لەو وڵاتە بەجۆرێک کە لە ساڵی 2016 زیاتر لە یەک ملیۆن بەرپرس و کارمەندی حکومی و حیزبی دەستگیرکراون.
هەروەها گرفتی کەم ئاوی لە باکوری وڵاتەکە کە کێشەیەکی گەورەی ئەو وڵاتەیە. هەروەها مەسەلەی ناوچەگەرێتی، کە ئەمەش بەهۆی ئەوەوەیە کە زۆرترین ئابوری دەکەوێتە ناوچەکانی باشور ڕۆژهەڵاتەوە، بەشەکانی باکور خۆرئاوا بەشێکی کەمیان بەردەکەوێت، ئەمەش ناڕەزایەتی لەلایەن دانیشتوانی ئەو ناوچانەوە دروستکردوە.
هەمان ئەزموون لە کوردستانیش هەیە ئەویش ئەوەیە لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا شاری هەولێر بەراورد بە شاری سلێمانی گرنگی زیاتری پێدراوە لە ڕووی خزمەتگوزاریەوە، هەربۆیە زۆربەی دەنگە ناڕازیەکان لە سنوری پارێزگای سلێمانین و چەندین خۆپیشاندان ئەنجام دراوە و شارەکە ناونراوە (دۆڵی حیزبەکان). چونکە لەدوای گەورە بوونی دەنگە ناڕازیەکان راستەوخۆ حیزبی نوێ لە دایک دەبێت.
هەروەها چەندین گرفتی تری هەیە بەتایبەت سزاکانی ئەمریکا بۆ سەر چین کە هەردەم بە مەترسی بۆ سەرخۆی لێی ڕوانیوە. ئەمە وێڕای بوونی پەیوەندیەکی بازرگانی گەورە لە نێوانیان.
گەلی چین سەرەڕای هێرشە بەردەوامەکانی وڵاتان بۆ سەری، بەڵام هەرگیز هەوڵی داگیرکاری نەداوە جینۆسایدیش کراوە و بەردەوام سزا دەدرێت کە ئەمە ڕوویەکی لێکچووی تریەتی لەگەڵ گەلی کورد. بەڵام جیگای داخە کە لەو تاوانە گەورانەی بەدرێژای سەد ساڵی ڕابردوو دەرحەق بە نەتەوەی کورد کراوە لە سەرجەم بەشەکانی کوردستان ئەمان بێ دەنگیان هەڵبژاردوە، لە پێناو بەرژەوەندەکانی خۆیاندا ئەمە لە کاتێکدا کە خۆیان ئازاری بێدەنگی بەرامبەر تاوانەکانیان چەشتووە کاتێک کە جینۆساید کران لە لایەن ژاپۆنیەکانەوە، بەڵام هیچ وڵاتێک گرنگی پێ نەدان.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت