بورهان شێخ ڕەئوف: کازمى وادەى هەڵبژاردنى پێشوەختى دیاری کرد.
ئەگەرچى زۆر لایەن و چاودێرى بارودۆخى عێراق لە سەرەتاى دەستبەکار بوونی کازمیەوە بە گومانەوە لەوەیان دەڕوانى کە مستەفا کازمى سەرۆکوەزیرانى عێراق وا زوو وادەى هەڵبژاردنى پێشوەختە دیاری بکات، بەڵام کازمى لە ئێوارەى یەکەم ڕۆژى جەژنى قوربان لە وتارێکى تەلەفزێنیدا ڕۆژى 6/6/2021 بۆ هەڵبژاردى پێشوەختە لە عێراقدا ڕاگەیاند، وەکو دەرچەیەک بۆ دەرچوون لە کێشەو قەیرانە درێژو بەردەوامەکانى عێراق و لەهەمانکاتدا وەلامێک بۆ داخوازى خۆپیشاندەرانى گۆڕەپانەکانى عێراق کە بە ڕاپەڕینى تشرین ناسراوە، بۆ ئەوەى دەرفەتێک بڕەخسێت بۆ ئەو خەڵک و چالاکوانانە سیاسیانەى کە ڕابەرایەتى ئەو شۆڕش و ناڕەزایەتیانەیان دەکرد بێنە ناو پرۆسەى سیاسى و ڕۆڵى خۆیان بگێڕن لە ڕیفۆرم و گۆڕانکارى و دانانى سنورێک بۆ گەندەڵى تاقم و گروپە میلیشاوى باندە کانیان کەدەستیان بە سەر هەموو توانا جومگەکانى دەوڵەتدا گرتووەو بۆ بەرژەوەندى خۆیان و حزبەکانیان و تەنانەت وڵاتانى دەرەوش بەکاریان دەهێنا.
هەڵبژاردنى پێشوەختە لە سیستمە دیموکراسیەکاندا وەکو ڕێگا چارەى خێراو دەرچەیەکە، کە قەیرانەکانى وڵات بگاتە بنبەست، بە تایبەتى لە وڵاتێکى وەکو عێراقدا کە هەڤدەساڵى ڕابردوودا شکست لە دواى شکستى تۆمارکردووە لە هەموو سکتەرەکاندا.
ئەوەى لە سەر کازمیە بەڵێنى دا ( ئەگەر بۆى بکرێت ) هەموو پێداویستیەکانى هەڵبژاردنێکى پاک و بێگەرد فەراهەم بکات بۆ ئەوەى پرۆسەکە بە سەرکەوتوویى ئەنجام بدرێت و بەڵێنی ئەوەشى دا کەهەموو هەوڵ و تواناکانى بخاتە گڕ بۆ ئەوەى چەک تەنیا بە دەست دەوڵەتەوە بێت و چاودێرانى نێو دەوڵەتى چاودێرى پرۆسەى هەڵبژاردن بکەن و بوارى یەکسان بۆ هەموو لایەک بڕەخسێ.
هەربۆیە ئەم هەڵبژاردنە گرنگە چونکە خواست و مەیلێکى جەماوەرى گەورە لە شەقامى عێراق بۆ گۆڕانکارى و کۆتایى هێنان بە دۆخى ئێستا هەیە کە عێراقى زەنگین بووەتە دۆزەخێک بۆ ڕۆڵەکانى بۆیە ئومێدێکى گەورە لە سەر ئەم هەڵبژاردنە هەڵچنراوە، کەگۆڕانێکى چەندایەتى چۆنایەتى لە عێراقدا بهێنێتە کایەوە کە کۆتایى بە زۆر دۆسیە و قەیران بهێنێت.
بەربەست و گرفتەکانى بەردەم هەڵبژاردنەکە
هەرچەندە هێشتا (دە ) مانگى ماوە بۆ ئەو وادەیە کە کازمى داریکردووە، ئەو وادەیەش قابیلى وتوێژو ئاڵوگۆڕە، بەڵام بەربەست و ئالەنگارى گەورە هەن لەوانە یاساى هەڵبژاردنەکان کە هێشتا لە ئەنجومەنى نوێنەران تەواو نەکراوەو بۆ ئەوەى سەرۆک کۆماریش ڕەزامەندى لە سەر بکات، نوێنەرانى کوردیش تێبینى زۆریان لە سەر یاسا نوێ کە هەیە تەنانەت بایکۆتى دانیشتنەکەشیان کرد ئەوبەندانەى کە دەنگى لە سەر دراوە بە غیابى کورد بووە، ئەمانە لەلایەک لە لایەکى ترەوە زۆرێک لە تاقم و هێزە ملیشیاویەکان هەرچەندە تا ئێستا هیچیان نەوتووە یان بە زارەکى جۆرێک لە ڕەزامەندییان پیشانداوە، بەڵام ئەم هەڵبژاردنە بە لێدان لە خۆیان دەزانن و دەترسن ئەو پێگەو هەژموونەى ئێستایان لە دەست بدەن، بۆیە تا پێیان بکرێت کۆسپ و تەگەرە ى بۆ دەخوڵقێنن و خوازیارن با ئەم خوولەى پەرلەمان ماوەى یاسایى خۆى تەواو بکات.
کازمیش پێداگرى لەسەر ئەوە دەکات کە عێراق بە گێڕانەوەى شکۆ بۆ دەوڵەت بەهێز دەبێت، دەبێت دوور بخرێتەوە لە ناکۆکى ململانێ ئیقلیمى و نێودەوڵەتیەکان کە هەڕەشەى جدین بۆ عێراق و گەلەکەى و بەرژەوەندییەکانى، ساڵانى گەندەڵى ڕێکخراو و بە فیڕۆدانى سامان و داهاتەکەى کێشەو قەیرانى گەورەیان بۆ عێراق خوڵقاندووە کە ڕووبەڕوونەیان ئاسان نیە و بەڵام درێژەى پێ دەدەین و چارەسەرى پینەوپەڕۆناکەین و دەست بۆ خاڵە هەستیارو کاریگەرەکان دەبەین هەروەکو سڵمان لێ نەکردەوەو دەروازە سنووریەکانمان کۆنترۆڵکردو و لیژنەیەکیشمان پێکهێناوە بۆ لابردنى هەموو بەربەستەکانى بەردەم هەڵبژاردنى گشتى.
کورد و ئەم هەڵبژاردنە
ئەگەر لە هەرێمى کوردستان لەوەناچێت ئاکامەکان چى بن کێشە بێت، بەڵام بۆ ناوچە جێناکۆکەکان و مادەى 140 گرنگە یاساى هەڵبژاردنەکان کورد بە یەکدەنگى بتوانێت هەموو تواناو دەستەڵات و پێگەو پەیوەندییەکانى هەر لە سەرۆک کۆمارەوە تاوەکو سێ سەرۆکایەتیەکەى هەرێم و هێزە سیاسیەکان هەرهەموویان بێنە سەرخەت و کۆبوونەوەیەکى لە ناکاو و لووتکە ببەستن بۆ دانانى ڕێ شوێنى پێویست بۆ ئەوەى هەم یاساى هەڵبژاردن و هەم مادەى 140 ئەکتیف بکەنەوە بەرەو چارەسەر ئەوەش بزانن بەبێ قوربانى و( دان ) هیچ ناسەندرێ.