نەوزادى موهەندیس: لەپەراوێزى کەمخوێندنەوە و زۆر ڕەخنەگرتندا..

کلیک بکەرە سەر وێنەی نوسەر دەگەیت بە ئەرشیڤەکەی

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

نوسین بۆ؟ ڕەخنەش بە ئامانجى چى؟
ئاشکرایە کە کارى نوسین و داهێنان و دەرخستنى ڕاستیەکان و پیشاندانیان بە تاک و کۆمەڵگا و دەسەڵاتەکان، لە مێژەوە تاکو ئێستا کارێکى قورس و پڕ ئازار و کێشە و گرفت بوە بۆ خاوەنەکانیان، جا لەهەر بوارێکدا بوبێت، وەک بوارى سیاسى و ئابورى و ئەدەبى و فەرهەنگ و مێژوو ئەمنى و… هتد. کە خاوەنەکانیان هەمیشە کەسانى بێزراو بوون لەلایەن دەسەڵاتەکانەوە یان گروپ و تاکەکانەوە کە ئەو نوسینانە لە قازانج و بەرژەوەندى ئەوان نەبوە یان ڕاستەیەکان تاڵ بون و ئێشى پێگەیاندون.. بۆیە خاوەن نوسینەکان هەمیشە کەسانى بوێر و ئازا و چاونەترس و دەرچووبوون لە ئیتیک و سنورە باوەکان و هێڵە قەدەغەکراوەکانى ناو کۆمەڵگاکانى خۆیان و بە دەیان هەنگاو لە پێش کەسانى ئاساییەوە بوون و هەمیشەش لە پێشەنگ و ڕابەرایەتى کۆمەڵگاکانیاندا قسەى خۆیان و خاوەنى بیر و ڕاى ئازادانەى خۆیان بوون، و هەمیشە دەستیان بردوە بۆ هەموو کونج و قوژبنێکى ژیان وەک ئەوەى کە موڵکى تەواوى مرۆڤایەتى بن نەک تاک و سەرکردە و بنەماڵە و چین و توێژ و خێزانێکى دیارکراو، مێژوو موڵکى هەموو مرۆڤایەتیە، ڕاستى وتن ئەرکى هەموانە، دەرخستنى گەندەڵى و دیاردە دزێوەکان ئەرکى هەموانە، لە پێش هەموانیشەوە ئەرکى بیرمەند و نوسەر و منەوەرەکانى کۆمەڵگایە، بەمەبەستى وشیارکردنەوەى تاک و کۆمەڵگا بە ماف و ئەرکەکانیان نەک تەنها بۆ خۆدەرخستن و پیاهەڵدان و بەرژەوەندى و دەسکەوتى کەسى، بەپێچەوانەى کەسە ترسنۆکەکان و بێهەڵوێست و بێمتمانە بەخۆکان کە هەمیشە لە بن پێ و لە ناو لیتەى کۆمەڵگاکانیاندا بوون. هەربۆیەش کارى نوسین و ڕۆژنامەگەرى یەکێکە لەکارە سەخت و پڕ ئێش و ئازارەکان و کارى هەموو کەس نیە، بەڵکو کارى خوێندەوار و منەوەرو بەسەلیقە و ڕۆشنبیر و بیرمەندو کەسە بوێرەکانە نەک نەخوێندەوار و کەسانى بێتوانا و کورتە باڵاى خوێندن و نوسین.
جا هەربۆیە هەمیشە خاوەن قەڵەمە بوێرەکان و خاوەن نوسینە بەهێزەکان و خاوەن مێژوە ڕاستگۆ و ڕاستەقینەکان و خاوەن پیشاندەرى ڕاستیەکان و ئەو کەسانەى کە پەردەى جەهل و نەزانین و بیرکۆڵى تاک و کۆمەڵگاکانیان هەڵدەدەنەوە جا لەهەر بوارێکدا بێت ئەوا زۆر جاران دەکەونە بەر ڕەخەنەگرتنێکى بێتام و ئاست نزم و پوچ و چروک و بێماناى دوور لە ئیتیکى نوسین و ڕەخنەگرتنى بیناکەر، ئەو گرگنى قەڵەمانە پەنادەبەنە بەر بەکارهێنانى زمانى زبر و نالۆژیکى و دوور لە ئاداب و بەها جوانەکانى کۆمەڵگا و هاوڕێیەتى و دۆستایەتیش. چونکە ڕەخنەکانیان هێندەى پاڵنەرەکانیان پڕ ڕق و کینە و خۆبەکەمزانین و چاوپیان هەڵنایەت بەکارى نوسەران و داهێنەر و ئەدیب و… هتد. کە دەتوانن ئەفراندان و داهێنان بکەن و ئەمانیش قەزەم و هیچ نەزان و بێتوانان، لە نەزانین یان گەمژەییانەوە هەوڵدەدەن کە هەڵزنن بە باڵاى بەرزى نوسەران و لێکۆڵەر و مێژوونوس و هەق بێژ وڕاستگۆکاندا.
نوسەران و بیرمەند و ئەدیب و ڕۆشنبیران، گەر نوسینەکانیشیان بەهێندەى گەورەیى کۆمەڵگا و مێژوو و خەباتى گەلەکانیشیان نەبێت، خۆ توانیویانە ڕێگە ڕۆشنبکەنەوە و بەسەدان و هەزاران ئاشنا بکەن بە مێژوو و ڕاستیەکان و توانیویانە دەستپێک و خاڵى سەرەتا و هەنگاوى یەکەم هەڵنێن بە ئاڕاستەى بیناکردن و ڕۆشنگەرى و وشیارکردنەوەى تاک و چین و کۆمەڵگاکانیان، هەربۆیە شایەنى ڕێز و گەورەیى و پیاهەڵدانن نەک تۆتەمەت بەخشینەوە و واتەوات دواخستن و زمانى زبر و پەناگرتن بۆ دادگا و سکاڵاتۆمارکردن لەسەریان. چونکە چەندە دەنگ و قەڵەمە ئازا و ئازادەکان کپبکرێن و پانتایى ئازادیەکان تەسکبکرێنەوە، هێندەش ڕق و بێزارى تاک و کۆمەڵگاکان لەبەرامبەر دەسەڵاتەکان و گروپ و مافیا و مشەخۆر و گەندەڵەکان ئەستورتر دەبێت.
هەمیشە وتراوە ( نوسین و ڕەخنە ) تەواوکەرى یەکترین و جووت جەمسەرى هاوکێشەیەکى هاوسەنگن، بەتایبەتیش کە ڕەخنەى دروستکەر لەهەر کەسێک بگیرێت گەر بەمەبەستى ڕاستکردنەوە و بەخۆداچونەوە و بۆ بیناکردنى ئایندەى کەسەکە بێت هەمیشە ڕێزلێگیراوە و هێندەى تر سوودى دەبێت بۆ کارى ئایندەى ڕەخنە لێگیراو. بەڵام کاتێک ڕەخنە بوە ئامێرى شکاندن و هەڕەشە و توندڕەوى و بۆکەمکردنەوە و بچوک سەیرکردنى نوسەران و کارەکانیان بێت ئەوا بەدڵنیاییەوە بەسەر ڕەخنەگر خۆیدا دەشکێتەوە پێش ئەوەى نوسەر بچوکبێتەوە یان زیانى بەرکەوێت. بۆیە گەرەکە هەرکەسێک ڕەخنەگرێکى ڕاستەقینە و ڕاستگۆ بێت دەبێت لانى کەم ئەلف و بێى نوسین و ڕەخنەگرتن بزانێت و بوێریش بێت و بەبەڵگەى سەلمێنرا و زانستیەوە وتەکانى بسەلمێنێت نەک بە هاشوهوش و دەنگەدەنگ و خۆگیڤکردنەوە یان لەژێر لێوەوە، یان بەناوى خوازراوەوە، کەلە ئێستادا ئەم جۆرە بەناو ڕەخنەگرانە لە میدیا و سۆشیال میدیادا باویان هەیە، بەتایبەتیش کاتێک نوسەرەکە بناسیت و دۆستایەتى و هاوڕێیەتیت لەگەڵیدا هەبێت. دەبێت دووجار بیربکەیتەوە.
بەهەمان شێوەش نوسەرى گەورە و سەرکەوتوو یان دەقە نوسینە شاکارەکان هەمیشە لە ئەنجام و بوونى ڕەخنەگرى بنیاتنەر و ڕەخنەى دروستکەرەوە هاتونەتە بەرهەم، هەربۆیەش نوسەر و ئەدیب لەگەڵ ڕەخنەگرى جدیدا بەهەمان شێوە دوو جەمسەرى هاوکێشەى داهێنان و ئەفراندنى شاکار و جوانن، بۆیە بەبێ یەکتر هاوکێشەکە هاوسەنگ نابێت و هەمیشەش لەگەڵ یەکتردا ناتەبا و نەیار و لەکێبڕکێدان و ڕەخنەگر وەک چاوجێرێکى وورد و بە ویژدان و جدى بەرهەمى نوسەران هەڵدەسەنگێنێت و تەتەڵەیان دەکات و خوێندنەوەى ڕاست و دروستیان بۆ دەکات، هەربۆیەش نوسەرانیش پێش دەستکردن بەهەر نوسین و دەقێک دەیان جار پێویستە بیر بکەنەوە.
بەڵام بەداخەوە لەم ڕۆژگارەدا بەناوى ڕەخنەگرەوە کە هێشتاش دەقى نوسینەکانیان نەخوێندۆتەوە و تەنها لەناونیشانەکەوە، دەستدەکەنە ڕەخنەى توند و زبر، جابۆیە زۆر جاران ڕەخنەگران کەسانى ترسنۆک و بێ ئەزموون و دڵ پڕ لە قین و دەمارگیر و خۆبەزلزانن و هەموو کەسیان پێڕەفزە و هەموو کارێکى جوانیان پێناشیرینە و هەموو داهێنانێکیان پێ هیچە، لەبەرامبەریشدا خۆیان زۆر بچوک و بێتوانا و بێبەرهەمن تەنانەت بۆ خۆیان و خێزان و گروپ و کۆمەڵگاکەشیان. جا هەرکات ڕەخنە بوە ڕەخنەى ڕووخێنەر باشتر وایە کە نەوەڵام بدرێتەوە نە حسابیشى بۆ بکرێت، چونکە وەڵامدانەوەى زیاتر گەورەى دەکات و دەریدەخات. کەسى ڕەخنەگر کەبوە کەسێکى حەسود و بەخیل و دڵ پڕ لە قین، دەبێت بەم وتە عەرەبیە وەڵام بدرێتەوە کە دەڵێت ( قل ماشئت بمسبتى، فسکوتى عن اللئیم هو الجواب) یان وەک دەڵێن ( لست عدیم الرد، لکن ما من اسد یجیب على الکلاب).
بۆیە نوسەران، هەمیشە دەبێت سەرقاڵى کار و نوسین و داهێنان و بەخشش و ئەفراندنى خۆیان بن و گوێندەنە وەڕە وەڕى سەگەکانى سەر ڕێگا و دەبێت کاروانى خۆیان بەرەو پێش بەرن وەکو گوتە عەرەبیەکە دەڵێت ( القافلە تسیر و الکلاب تنبح). بەهەمان شێوە گەر نوسەران و داهێنەران و بیرمەندان هەر خەریکى وەڵامدانەوەى ئەو جۆرە ڕەخنە و کەسە بودەڵانە بن ئەوا هەرگیز ناتوانن بگەن ئامانجى خۆیان لەبەرەوپێشبردنى کۆمەڵگاو و تاکەکان و ناتوانن دروشم و ئامانجە مرۆڤایەتیەکانیان وەدیبهَنن وەک (ونستۆن چەرچڵ) ى سەرۆک وەزیرانى بەریتانیا و سیاسەتمەدارى بەناوبانگى جیهان دەڵێت ( هیچ کات ناگەیەتە دوا مەنزڵ و ئامەنجەکانت، گەر بۆ هەر سەگێکم بوەستیت کە پێتەوە دەوەڕێت بۆئەوەى بەردێکى تێبگریت)).
تەنانەت خواى گەورەش لە قورئاندا لە بەشى 19 و سورەتى فورقان و ئایەتى 63 دالە پاى ئەو کەسە نەزانانەدا کە قسە بە زانا و کەسە بەویقار و بەڕێزەکان دەڵێن دەفەرموێت ( وعباد الرحمن اللژین یمشون على الارچ هونا واژا خاگبهم الجاهلون قالوا سلاما).
جا نوسەر و ڕۆشنبیر و منەوەرەکان هەموو کات وەک ئەو پەلە بەرز و بەرهەم دارانە وان کە خەڵکى بێتوانا و گرگنەکان دەستیان پێداناگەن و بەناچارى بۆ دەسکەوتنى بەرهەمەکانیان پەڵى بەردیان تێدەگرن، بەهەشتى پیرەمێردى شاعیرى گەورە جوانى فەرموە:
لقى شۆڕى درەخت بەرى ئەخۆن بێ ئەرک بەرد و دار
پەڵى بەرد بۆ پەلى بەرزە و لەقەش بۆسەر پەلى بەردار
بۆیە لەکۆتاییدا سەربەرزى و ڕووسوورى تەنها بۆ کەسانى منەوەر وداهێنەر و بەبەخشش و ڕابەر و پێشەنگەکانى کۆمەڵگاکان دەمێنێتەوە و ڕووڕەشى و بچوکى و گرگنیش بۆ کەسە داخ لەدڵ و دەمارگیر و خۆبەزلزان و بودەڵەکانى مێژوو دەمێنێتەوە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت