سەرکۆ یونس: چۆن سوود لە باجەکان وەربگرین؟

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

باج دوو جۆرە: باجی ڕاستەوخۆی سەرداهاتی نەختینە و، باجی ناڕاستەوخۆی سەر کاڵاوشمەک و خانوبەرە و کەرتی تایبەت و کۆمپانیاکان.
زۆربەی ئەو وڵاتانەی کە پەیڕەوی سیستەمی سەرمایەداری و بازاڕی ئازاد دەکەن بۆ بودجەی گشتی زیاتر لەهەر سەرچاوەیەکی تری ئابوری پشت بە باجەکان دەبەستن بەتایبەت وڵاتانی ئەوروپای ڕۆژئاواو کەنەدا و ئەمەریکا. ئەو وڵاتانەیشی پەیڕەوی سۆشیالیستی دەکەن کەمتر پشت بە باجەکان دەبەستن وەک کوبا وسوریا.
حکومەتی هەرێم لەماوەی ڕابردودا بەبڕیارێک شێوازی ڕێکخستنەوەی باجەکان و چۆنیەتی وەرگرتنی باجی دەرکرد و هەندێ بڕیارو ڕێنمایی نوێ ی دەرکرد کە لەهەوڵی ئەوەدان چیتر لەمەولا پشت بە داهاتی ناوخۆ ببەسترێت و پشت بەستن بە داهاتی بەرهەمەنەوتییەکان کەمبکرێتەوە بەهۆی هەموو ئەو گیروگرفتانەی لە فرۆشتن و هەناردەکردنی نەوتدا هەیە و سەرەرای دابەزینی بەرچاو لە نرخی نەوت و سەرهەڵدانی ڤایرۆسی کۆرۆنا و بەردەوامی کێشە دارایی و ئابورییەکانی نێوان هەولێر وبەغدا کەتائێستاش هەر بەردەوامە.
لێرەدا بەکورتی ئەو ڕێگایانە دەستنیشان دەکەین کە حکومەتی هەرێم دەتوانێت سوود لە وەرگرتنی باجەکان ببینێت..
1_ تۆمارکردنی سەرجەم ئەو کۆمپانیاو نوسینگە بازرگانیە ناوخۆیی و دەرەکیانەی کەبەشێوەەی ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ کاروچالاکی ئەنجام دەدەن ئەمەش بەبێ چاوپۆشی کردن لە خاوەندارێتی کۆمپانیاکەو نزیکی لە دەستەڵات و حزب و کەسایەتییەکانەوە.
2_ بۆ ئەوەی حکومەتی هەرێم بتوانێت بەشێوەیەکی زانستی و بەراست و دروستی باج کۆبکاتەوە پێویستە تۆمارو ئەژماری بانکی بکاتەوە بۆ هەموو ئەو کۆمپانیاو نوسینگەبازرگانیەکان بەمەبەستی ئاگاداربون لە ڕەوشی کاروچالاکی و بڕی قازانج و زیانی کۆمپانیاکان. بێ گومان ئەمەش پێویستی بە سیستەمی بانکی هاوچەرخ هەیە وەک زۆربەی وڵاتانی پێشکەوتو.
3_ وەرگرتنی بارمتەو یەدەگی سەرمایەی کۆمپانیاکان بە شێوەی کاش لە حسابی تایبەتی و لەبانکی تایبەتمەند کەکەمتر نەبێت لە نیوەی سەرمایەکەیان.
4_ بەیاسای تایبەت هەر کۆمپانیایەک سەرپێچی لەدانی باج بکات و سزای زیاتری بەسەردا بسەپێنرێت و کەبەشێوەیەک بێت ببێتە بەوانەیەک بۆ ئەوانی تر.
5_ پێویستە دەزگای باجەکان و وەزارەتی دارایی مانگانە یان ساڵانە بڕی باجی وەرگیراو بۆ ڕای گشتی وڕاگەیاندنەکان ئاشکرا بکەن و بۆ ئەوەی متمانە لەنێوان هاوڵاتی و حکومەتدا بگەڕێتەوە و خەڵک و هاوڵاتی تێڕوانینان بۆ فەرمانگەی باج و ستافەکەی ئەرێنی بێت و لایەنەکانی ئۆپۆزیسیۆنیش ئاگادار بن. هەروەها ڕێژەی داهاتی باج دەست نیشان بکرێت لەناو بودجەی ساڵانەدا.
6_ لەهەمووی گرنگتر پێویستە حکومەتی هەرێم ستافێکی ئەکادیمی و دەستەیەکی تایبەتمەندی خاوەن بڕوانامە و دەست پاک پێک بهێنێت بۆ ئەوەی دوور بن لە گەندەڵی ئیداری و دارایی، چونکە لەماوەی ساڵانی ڕابردودا هەندێ بەرپرسی ئیداری و ستافی بەڕێوەبەرایەتییەکانی باج کەمتەرخەم و هەندێ جاریش گەندەڵیان کردوە و هەندێ دۆسیە لەوبارەیەوە لەدادگاکانی هەرێم هەیە.
7_ زۆر گرنگە بەشەفافی و لەڕێگای ڕاگەیاندنەکانەوە سزای یاسایی ئەو کەس و لایەن و کۆمپانیایانە ئاشکرا بکرێت بۆ ڕای گشتی و چۆنیەتی سزاکان و شێوازەکانی سزا. وە هەروەها ناوی هەموو ئەو کەس ولایەن و کۆمپانیا و نوسینگەکان ئاشکرا بکرێن کە باج نادەن و خۆیان لە باج دەدزنەوە بەڕێگای ناشەرعی و نایاسایی و پەنا دەبەنە بەر گەندەڵی و بەرتیل دان. هەروەها ڕێگەی گەشت کردن بگیرێت لەو کەسانەی کە باج نادەن.
ئەو داهاتەی لە باجەکانەوە دەست دەکەوێت لەزۆربەی ئابوری وڵاتاندا ڕێژەیەکی بەرچاوی بودجەی گشتی پێک دەهێنێت, بەڵام بەداخەوە لەهەرێمدا بەهۆی لاوازی سیستەمی باج و پشت بەستن بە داهاتی نەوت گرنگی پێ نەدراوە بەگشتی و باجی گومرگی بە تایبەتی.
هەرێمی کوردستان خاوەنی چوار خاڵی سنوری بازرگانی نێودەوڵەتی یە کەلەناوچەکە بەدەوڵەمەندترین خاڵی گومرگی لەڕووی دەست کەوتنی داهاتەوە دادەنرێن، بەڵام بەداخەوە بەهۆی لاوازی سیستەمەو بوونی گەندەڵی ئیداری و دارایی نەتوانراوە هەموو ئەم داهاتانە بخرێنە سەر گیرفان و خەزێنەی حکومەت و نەتوانراوە ئامانجەکانی سیاسەتی گومرگی کە خۆی لەپاراستنی بەرهەمی ناوخۆ دەبینێتەوە بەدەست بهێنێت.
هەرچی باج و ڕسوماتی تری خزمەتگوزارییەکانە ئەمەش بێ بەش نی یە لە گەندەڵی و خۆدزینەوە لەباج و ڕسومات زۆربەی هاوبەشەکانی کارەبا وئاو و خزمەتگوزراییەکانی تر باج ورسومات نادەن بەحکومەت بەمەش حکومەت بێ بەش دەبێت لە داهاتی خزمەتگوزارییەکانی و ناچار ساڵانە دارایی هەرێم تێچونێکی گەورە لەئەستۆ دەگرێت و خەرجییەکان زیاتر دەبن و کوردتهێنانی بودجە قەبارەکەی گەورەتر دەبێت ئەوەشمان لەبیر نەچێت گلەیی و گازندەی هاوبەشەکانی خزمەتگوزارییەگشتییەکان بۆ پێ نەدانی مووچەو و کەموکوڕی لە خزمەتگوزارییەکان سەرچاوەی گرتوە.
سەرەرای بوونی سەدان ملێونەر و دەیان ملیاردێر، بەڵام حکومەتی هەرێم نەیتوانیوە باجی ڕاستەوخۆی سەر داهاتەکانیان وەربگرێت کەگومانی تێدا نی یە لەم لایەنەوە حکومەت دەیتوانی سەدان ملیار دینار کۆبکاتەوە لەم چینە دەوڵەمەندە، بەڵام بەهۆی لاوازی سیستەمەکەو خۆدزینەوەی دەوڵەمەندەکان و ئاشکرانەکردنی قەبارەی داهاتەنەختینەییەکانیان نەتوانراوە هیچ هەنگاوێک بنرێت بەمەبەستی فرەسەرچاوەکردنی داهاتی هەرێم گومانی تێدا نی یە زۆربەی ملیاردێرەکانی کوردستان یان سیاسین یان لایەن حزبە سیاسیەکان و کەسایەتیەکی سیاسی دەپارێزرێن!

* ئابوریناس

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت