سەرکۆ یونس: کورت هێنانەکەی مووچە!.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

حکومەتی هەرێم دوای کۆششێکی زۆر و ناردنی لیژنەی دانوستانکار بۆ بەغداد و دوای چەندین کۆبونەوە لەکۆتایدا بەهاوکاری سەرۆک کۆمار توانرا لەسەر ڕێکەوتنێکی ماوە کورت بگەنە ئەنجام و، بڕیارە حکومەتی ناوەند مانگانە بڕی ( 320) ملیار دینار بۆ هەرێم بنێرێت بەهەندێ مەرجەوە.
ئەوەی دەمانەوێت تیشکی بخەینە سەر بڕی ئەو کورتهێنانەیە کە لەداهاتی کۆکراوەدا دروست دەبێت ئەویش تەنها لەلایەنی خەرجی بەگەڕدا(النفقات التشغيلية)کە زۆربەی بۆ مووچەیە.
هەرێم بۆ هەر مانگێکی سی ڕۆژی پێویستی بە بڕی (894__895) ملیار دینار هەیە تەنها بۆ مووچەی مووچەخۆرانی (فەرمانبەران و مامۆستایان و پێشمەرگە و هێزەکانی ناوخۆ و خانەنیشینی شارستانی و سەربازی و نایاسایی و بن دیوارەکان بەگشتی) هەیە…
بەپێ ی ڕاگەیەندراوێک وەزارەتی دارایی هەرێم لە چوار سەرچاوەوە داهاتیان دەست دەکەوێت و ئامادە دەکرێت بۆ مووچە.
1_ (320) ملیار دینار لەبەغدادەوە بەپێ ی ڕێکەوتن.
2_ (120) ملیار دینار داهاتی ناوخۆی هەرێم.
3_ (270) ملیار دینار داهاتی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان.
4_ (20) ملیار دینار تەمویلی هاوپەیمانان.
کۆی داهاتی ئەم مانگەی وەزارەتی دارایی هەرێم دەکاتە (720)ملیار دینار.
بەم داتایانە بێت حکومەتی هەرێم کورتهێنانی لەم مانگەدا نزیکەی (165)ملیار دینارە.کە بڕەکەی زۆرە و مەترسیدارە و نزیکەی بڕی مووچەی مانگێکی وەزارەتی پەروەردەیە..!
ئەوەی مەترسیدارترە ئەوەیە کە ئەم بڕی کورتهێنانە لەمانگەکانی داهاتودا زیاتر دەبێت چونکە لەئێستادا و دوای (50) ڕۆژ لەنەدانی مووچە وەزارەتی دارایی ئەو بڕانەی لە داهاتی ناوخۆ و داهاتی سامانە سروشتییەکانی کۆکردوەتەوە.
بۆیە ئەگەر حکومەت بتوانێت بۆ مانگەکانی داهاتوو مووچە بە مانگی سی ڕۆژی بدات بێ گومان توشی کورتهێنانی گەورەتر دەبێت لەداهاتەکاندا و هەروەها ئەگەر ڕێکەوتنەکە بچێتە بواری جێ بەجێکردنەوە واتە لە (%50) ی داهاتی خاڵە سنورییەکان بدرێت بە ناوەند.
ئەنجومەنی وەزیران بڕیاری داوە بۆ لەمەولا بەپێ ی میکانزمی خۆگونجاندن لەگەڵ دۆخی دارایی و بەشێوەی دادپەروەرانە مووچە دابەش بکات و بەپێ ی ئەو داهاتەی دەست دەکەوێت مووچە دەدات واتە مەرج نی یە هەموو مانگێک لەکاتی خۆی و بەم شێوازە بدرێت و هەموو ئەمانە مەترسین لەبەردەم مووچەی مانگەکانی تری مووچەخۆران کەسەرەڕای ئەوەی لەساڵی دارایی (2020) دا تەنها مووچەی سێ مانگ دراوە بەم مووچەیەوە و دوو مانگی بە لێبڕینی (%21) ەکەوە دراوە!
نازانرێت حکومەتی هەرێم بۆ پڕکردنەوەی ئەم کورتهێنانە چ ڕێگاچارەیەک دەگرێتە بەر ئایا قەرزی دەرەکی یان ناوخۆیی بۆ دەکات یان هەر بەم شێوەیە بەردەوام دەبێت تا کۆتایی ساڵی دارایی(2020) و دوای ئەوە ڕێکەوتنێکی تر لەگەڵ ناوەند دەکات یان چاوەڕێ یە نرخی بەرمیلی نەوت بەرزببێتەوە تا بتوانێت بۆشایی کورتهێنانەکە پڕبکاتەوە..
یەكێک لەبژاردەکانی چارەسەر دەکرێت یاسای چاکسازی بەتەواوی بەندو خاڵەکانیەوە جێ بەجێ بکرێت تاڕادەیەک ڕێژەیەک لە خەرجییەکان کەم دەبێتەوە ئەمەش بۆ کورتهێنانە باشترە و چارەسەرێکی ناوخۆیی دەدات بە حکومەتی هەرێم.
بەڵام خەم و گرفت و پرسیاری سەرەکی مووچەخۆران ئەوەیە ئایا تاکەی ئەم لێبڕینە بەردەوام دەبێت و ئایا سی ڕۆژ جارێک دەدرێت و هەروەها دیاری نەکراوە ئەم بڕی لێبڕینە دەبێتە پاشەوکەت یان نا. ؟!
بەئومێدی ئەوەی مووچەخۆران و فەرمانبەران لە بێ هیوایی و بێ متمانەیدا نەبن بە داهاتوو و بەحکومەتی هەرێم.

  • * ئابوریناس
ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت