بورهان شێخ ڕەئوف: دۆخى هەستیارى سعودیە لەبارە بۆ ئەوەى هەنگاوەکەى ئیمارات بهاوێ لەگەڵ ئیسرائیلدا؟

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ئەوەى ئێستا باسى ڕۆژەڤەو میدیاکانى ئیسرائیلیش باسى گەرمى لێوەدەکەن، بابەتى ڕێککەوتنى فەرمى و ئاشتى نێوان عەرەبستانى سعودیەو دەوڵەتى ئیسرائیلە، لە دواى ڕێککەوتنەکەى نێوان دەوڵەتى ئیمارات و ئیسرائیل.
هەرچەندە ئیمارات دۆست و هاوپەیمانى نزیک و پلە یەکى عەرەبستانى سعودیە لە نێو وڵاتانى کەنداو و جیهانى عەرەبیشدا، زۆرێک لەو باوەڕەدان کە ئەم ڕێککەوتنە سەرەتاو ڕێ خۆشکەرە بۆ ڕێککەوتنى عەرەبستان و ئیسرائیل، لە هەمانکاتدا ڕۆڵ و کاریگەرى ناڕاستەوخۆى دەبێت بۆ زیاتر فراوان بوونى هەماهەنگى و پەیوەندییەکانیان، لە کاتێکیشدا کە سعودیە زۆر پێویستى بە وەبەرهێنانى دەرەکیە بۆ ئەو بەرنامە ئیستراتیجیەى کە شازادەى جێنیشین موحومەد بن سەلمان دایناوە بۆ گۆڕانکارى ئابورى ڕیشەیى لە ئایندەدا 2030.

بەربەستەکانى ئەم پرۆسە
بەڵام ئەوەى جێ ى ڕامان و سەرنجە تا ئێستا عەرەبستانى سعودیە کە خاوەنى زەبەلاحترین ئابورى جیهانى عەربیە، بێدەنگى هەڵبژاردووە لە مەڕ ڕێککەوتنى مێژوویى ئەبو زەبى و تەلئەبیب، ئەوەش بۆ ئەوە دۆخە هەستیارو ئاینیە دەگەڕێتەوە کە عەرەبستانى سعودیە لە سەر ئاستى جیهانى ئیسلامى و عەرەبى هەیەتى ئەویش بوونى مەزارى پەیامبەرى ئیسلام ( موحومەد ) د .خ کە قیبلەى هەموو موسڵمانانەو پادشاى وڵاتیش ساڵانێکە نازناوى ( خادم الحرمین الشریفین ) هەڵگرتووە لە سەردەمى مەلیک فەهدەوە، هەموو ئەوانە بەربەست و کۆسپى گەورەن بۆ هەر لەیەک نزیک بوونەوەیەکى ئاشکرا لە نێوان ریاز و تەلئەبیب، هەرئەوەش وایکردووە کە هەندێک لە کاربەدەستانى عەرەبستان ئاماژەیان پێداوە بەم نزیکانە بەستنى پەیوەندى فەرمى لە گەڵ ئیسرائیلدا لە ئارادا نیە، جگە لەوانەش فەلەستینیەکان هەر ڕێککەوتنێکى وڵاتانى عەرەبى بە تایبەتى تر سعودیە لە گەڵ ئیسرائیل بە خیانەتى گەورە لە کێشەکەیان دەزانن.
لەلایەکى ترەوە پەیوەندى نهێنى و ژێربەژێر ساڵانێکە لە نێوان ئیسرائیل و زۆرێک لە وڵاتانى عەرەبى و ئیسلامیدا هەیە، بە تایبەتى عەرەبستانى سعودیە کە هەماهەنگى یان هەبووە لە بوارى هەواڵگرى و دواتر پەرەیان پێداوە بوارەکانى ڕاهێنانى سەربازى و توێژینەوەو پێشخستن و دەستپێشخەرى و وەبەرهێنانى گرتۆتەوە بە گوێرەى ڕاپۆرتى پێگەى Responsible Statecraft ئەمریکى. پێدەچێت لە ئێستادا عەرەبستان هانى وڵاتانى تر کەنداو بدات بۆ ئاساییکردنەوەى پەیوەندییەکانییان لە گەل َ ئیسرائیل بە تایبەتى شانشینى بەحرێن.

ئێران و نزیک بوونەوەى ئیسرائیل و وڵاتانى کەنداو
ململانێ و دوژمنایەتى و ڕق و کینەى نێوان وڵاتانى کەنداو و ئێران لەلایەک، ململانێ ى نێوان ئیسرائیل و ئێران لەلایەکى ترەوە هۆکارى ڕاستەوخۆن بۆ نزیک بوونەوەى زیاترى عەرەبەکانى کەنداو و ئیسرائیل بە تایبەتى بەرامبەر دەستوەردانەکانى ئێران لە ناوچەکەو بەرنامەى ئەتۆمى ئێران.

پڕۆژەى (نیوم 2030 )
فاکتەرێکى بەهێز کە لە عەرەبستان دەخوازێت بە تایبەتى شازادەى جێنیشین موحومەد بن سەلمان کە بەرەو ئاساییکردنەوە لە گەڵ دەوڵەتى ئیسرائیل هەنگاو بنێت ئەو پڕۆژە و پلانە زل و قەبەیە بەناوى نیوم یان بینینى سعودیە دواى 2030 کە تێچووەکەى 500 ملیار دۆلارە لە ڕۆژئاواى عەرەبستان و لە کەنارەکانى دەریاى سور کە نزیکە لە بەندەرەکانى عەقەبەى ئوردن و ئیلاتى ئیسرائیل، شارەزایانى ئەو بوارە لەو بڕوایەدان کە ئیسرائیل ڕۆڵى کارای دەبێت لە بوارەکانى پیشەسازى و تەکنۆلۆجیا و ئاسایشى سیبریانى، سەرەڕاى ئەوانەش پڕۆژەیەکى وا قەبە و گرنگ پێویستى بە هەماهەنگى و ئاشتى لە گەڵ ئیسرائیل هەیە بە تایبەتى کە ناوچەیەکى گەشتیاریش دەبێت بۆ ڕاکێشانى گەشتیاران لە ئیسرائیل و هەمو جیهانەوە.

فشارەکانى ترەمپ و کۆشنەرى زاواى
لە ئێستادا ترەمپ بەرەو خولى دووەمى خۆکاندید کردنە بۆ هەڵبژاردنى سەرۆکایەتى لە 3/11/2020 پێویستى زۆرى بە لۆبى جولەکەى ئەمریکا و ئیسرائیلە بۆ هەڵمەتى بانگەشە، بەتایبەتى لە کاتى تیرۆرکردنى ڕۆژنامەنووسى سعودى جەمال خاشقچى لە کونسڵخانەى سعودیە ساڵى (2018) لە ئەستەنبوڵ کە موحومەد بن سەلمان تۆمەتبار دەکرێت، ترەمپ یارمەتى زۆرى شازادە موحەمەدى دا بۆ دەربازبوون لەو کێشە بۆیە هەموو تواناکانیان دەخەنە گەڕ بۆ ئەو مەبەستە سعودیەش هەمان هەنگاوى ئیمارات بهاوێ.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت