نەوزادى موهەندیس: نەوت و زێڕ و دۆلار، سێ کوچکەی گرنگ و کاریگەر لەسەر ئابورى جیهان!

کلیک بکەرە سەر وێنەی نوسەر دەگەیت بە ئەرشیڤەکەی

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

سێ پێکهاتەی جیاواز کاریگەری گەورە دەکەنە سەر ئاستی داهات و بازاڕ و نرخەکانی کەلوپەل و پێداویستیەکانی ژیانی ڕۆژانەی تاک و کۆمەڵگا و وڵاتان.کە برییتین لە:
1- نەوت: سامانێکی سروشتیە و تائێستا سەرچاوەی یەکەمی وزەیە لە جیهاندا و پێکهاتەیەکی هایدرۆکاربۆنیە و سەرچاوە و کەرەسەی خاوی زۆرێک لە پێداویستی و کاڵاکانی ڕۆژانەی مرۆڤەکانە. ڕۆڵی گەورە و کاریگەری هەیە لە بازاڕ و لەسەر نرخەکان و هەژاری و دەوڵەمەندی و پێشکەوتن و دواکەوتنی کۆمەڵگاکان. هاوشان غازی سروشتیش گرنگیەکی گەورەی هەیە لە پاڵ نەوتی خاودا.
2- زێڕ: کانزایەکی گرانبەهایە و لەسروشتدا دەستدەکەوێت و پاڵپشت و داپۆشەری نرخی دراوە کاغەزیەکانە لە بانک و ڕێکخراوە داراییەکانی جیهانیدا و متمانەی زۆرە و لەکاتی تەنگانە و هەڵاوسان و نزمبونەوەی نرخی دراوەکاندا هەمووان ڕووی تێدەکەن و دەیکڕن و هەڵیدەگرن. و ئەمیش کاریگەری گەورەی هەیە لەسەر بازاڕ و بازرگانی و نرخی کاڵاکان لە جیهاندا.
3- دۆلار: دراوێکی کاغەزی جیهانیە و بە ڕەسمیش دراوی وڵاتە یەکگرتوەکانی ئەمریکایە و بەهۆی بەهێزی و دەوڵەمەندی ئابورى ئەمریکاوە و هەژموونی بەسەر جیهاندا بۆتە دراوێکی جیهانی و زۆربەی مامەڵە بازرگانیەکانی جیهان بە دۆلار دەکرێت و کاریگەری گەورەی هەیە لەسەر بازاڕ و نرخەکان و ئابوری و بازرگانی جیهانی. بەڵام هەندێک جار دەکەوێتە ژێر هەژموونی دراوە بەهێزەکانی ترەوە وەک ( یوانی چینی و یەنی یابانی و یۆرۆی ئەوروپی و جونەیهی ئستەڕلینی بەریتانی) ەوە.

* پەیوەندییەکانی ئەم 3 کوچکەیە بەیەکەوە:
1- پەیوەندی نەوت و زێڕ:
پەیوەندیەکی ڕاستەوانەیە و هەرکات نرخی نەوتی خاو بەرزبۆوە ئەوا نرخی زێڕیش بەرزدەبێتەوە و بە پێچەوانەشەوە. چونکە هەرکات نرخی نەوت بەرزبۆوە داهاتی نەتەوەیی بەرزدەبێتەوە و خەڵکی خۆشگوزەران دەبن و ڕوودەکەنە کڕینی زێڕ و هەڵگرتنی و بەمەش نرخەکانی نەوت و زێڕ لە بازاڕەکاندا بەرز دەبنەوە. لەهەمان کاتیشدا هەردووکیان پەوەندیان هەیە بەنرخی دۆلارەوە.
2- پەیوەندی زێڕ و دۆلار:
پەوەندیەکی پێچەوانەیە و هەرکات نرخی زێڕ بەرزبۆوە نرخی دۆلار دادەبەزێت و بە پێچەوانەشەوە. لەبەر ئەوەی زێڕ یەکێکە لە ئامڕازەکانی ئەمان و پاراستن دژی هەر مەترسیەک لە گۆڕانی تێکڕای نرخی دراوەکاندا،هەربۆیە وەبەرهێنەکانی بواری بازاڕی دراوەکان، دەتوانن زێڕ بکڕن بۆ داپۆشینی مەترسیەکانی دابەزینی نرخی دۆلار.
3- پەیوەندی نەوت و دۆلار:
پەیوەندیەکی پێچەوانەیە،واتە هەرکات نرخی نەوت بەرزبۆوە ئەوا نرخی دۆلار دادەبەزێت و بە پێچەوانەشەوە.ئەم پەیوەندیە پەیوەندیەکی ئاڵۆزە.بەهۆی بەرزبونەوەی خەرجی هاوردەکردنی نەوتی ئەمریکی لەلایەک و لەلایەکی تریشەوە بەهۆی بەرزبونەوەی کورتهێنان لە بودجەی دانەوەکاندا،ئەم بەرزو نزمیە ڕوودەدات لەنرخی نەوت و دۆلاردا.
بەم شێوەیە ئەم 3 کوچکەیە ڕۆڵی گەورە و کاریگەر دەگێڕن لەسەر ئابوری جیهان و بەتایبەتی نەوت و زێڕ وەکو دوو مادەی گرنگ کە گەشە و ئاستی ئابوری وڵاتانیان پێدەپێورێت.

* جا بۆئەوەی پەیوەندی نرخەکانی نەوت بە دۆلارەوە نەمێنێت، دەکرێت:
1- نرخەکانی نەوت بە غەیری دۆلار دیاربکرێت.
2- دەبێت ئەمریکا پشت نەبەستێتە سەر نەوت بە تەواوەتی.

* هۆکارەکانی دابەزینی نرخی دۆلار لەم کاتەدا:
1- پاشەکشەی ئابوری ئەمریکا و تووشبوونی بە شڵەژانێکی ئابوری.
2- زۆربوونی خەرجیە حکومیەکانی دامودەزگاکانی ئەمریکا.
3- شکستهێنانی لە دۆزینەوەی چارەسەری پەتاى کۆڕۆنا و نەتوانینی کۆنتڕۆڵکردن و دیارنەبوونی کاتی کۆنتڕۆرڵکردنیشی.
*هۆکاری بەرزبونەوەی نرخەکانی نەوت و زێڕ لەم کاتەدا چییە؟

گەلێک هۆکار کاریگەریان هەیە لەوانەش:
1- جەنگی تەکنەلۆجیا و بازرگانی نێوان چین و ئەمریکا.
2- ململانێ سیاسی و ئابوریەکان لە جیهاندا.
3- ڕێکنەکەوتنی وڵاتانی بەرهەمهێنی نەوت لە ناو خۆیاندا لەسەر بڕی بەرهەم و نرخەکان.
4- گەشە یان ڕاوەستانی ئابوری جیهانی.
5- بڵاوبونەوەی پەتای کۆڕۆنا لە جیهاندا.
* بۆیە گرنگە وڵاتان و حکومەتەکانی جیهان،هەمیشە ئەم هاوکێشە و پەیوەندیانەی نەوت و زێڕ و دۆلار لەبەرچاوبگرن و پلانەکانیان لەسەر بنەمای ئەم پەیوەندیانە دابڕێژن و دووربین بن و پێشبینی ئاڵوگۆڕەکانی بازاڕ بکەن و باش خوێندنەوە بکەن بۆ گۆڕانکاری و هاوکێشە ئابوریەکان و جەنگ و ململانێکان، و هەر لەخۆوە و بەبێ‌ پلان دەست نەبەن بۆ بازاڕ و ئابوری و کڕین و فرۆشتن و دەرهێنانى نەوت و غازی سروشتی وڵاتەکانیان. چونکە وەک ئاشکرایە نەوت لە ئێستادا شادەماری زۆرێک لە ئابوری و بازاڕ و گەشە و پێشکەوتن و داهێنانەکانی جیهانە و ناکرێت بە سەرکێشی و بێئاگاداری و شارەزایی دەستی بۆببرێت، چونکە ئەوکات خۆت دەبیتە سووتەمەنی و زیانی گەورەت پێدەگات.
بەداخیشەوە زۆربەی وڵاتانی بەرهەمهێنی نەوت لەناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدایە بە عێراق و هەرێمی کوردستانیشەوە و هەموانیشیان نەزان و نەشارەزان لە هاوکێشە ئاڵۆزەکەی ئابوری و بازاڕەکانی جیهان ،هەربۆیە لەبەردەم بچوکترین شڵەژانی ئابوریدا چۆکدادەن و تووشی قەیرانی توندی دارایی و ئابوری دەبنەوە و خۆشیان و میلەتەکانیشان تووشی برسێتی و نەهامەتی و بێکاری و گەندەڵی و بێ‌ مووچەیى دەکەن و دەیان ساڵ دەیانگێڕنەوە بۆ دواوە و خۆشی و خۆشگوزەرانیان لێ‌ حەرام دەکەن و تەنها و تەنها بۆ بەرژەوەندى خۆیان و دەستوپێوەند و بنەماڵە حومکڕانەکانیان کاردەکەن.
بەم شێوەیەش سەروەری و شکۆی نەتەوە و نیشتیمانەکانیان کردۆتە قوربانی چاوچنۆکی و حەز و غەریزە نەگریسەکانیان لەکەڵەکەکردنی سەروەت و سامان و دزین و بەهەدەردانی توانا مادی و مرۆییەکانی گەل و کۆمەڵگاکانیان و هەربۆیە هەمیشە کۆمەڵگایەکی بەرخۆر و بێ‌بەرهەم و دواکەوتوو بەرهەم دێنن و بۆخۆشیان هەمیشە دواکەوتوو و پاشکەوتەى کۆمپانیا و ڕێکخراو و وڵاتە پێشکەوتوو زلهێزەکانی ئابورین لە جیهاندا.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت