هۆشیار جەمال: ڕانانێک بۆ ڕۆمانی کتێبفرۆش.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ڕۆمانی کتێبفرۆش بەرهەمی ڕۆماننووس”سابیر ڕەشید”ە کە یەکێکە لە ڕۆشنبیرە دیارەکانی شاری هەولێر و ساڵانێکە لە ناو دوونیای نوسیندا سەرقاڵە. ئەم بەرهەمەی نووسەر کە لە دووتوێی ( 255 )لاپەرەدا نووسیوە، لە ساڵی 2020 چاپکراوە و یەکێکە لە بەرهەمە هەرە جوانەکانی، کە بە زمانێکی سادە ڕۆمانێکی گرنگی نووسیوە ئاوێنەی ڕووداوە مێژوویەکانی شاری هەولێرە لە ژێر دەسەڵاتی حیزبی بەعسدا.
ئەم ڕۆمانە باس لە سەختیەکانی ژیانی کتێب فرۆشەکانی شار دەکات کە چۆن بەهۆی فرۆشتنی کتێبی قاچاخ و هێنانی کتێب و بڵاوکراوەکانی شۆرش زۆرجار تا ژیانی خۆیان کردۆتە مەترسیەوە. تەنانەت پاڵەوانی ڕۆمانەکە کە شاعیر و کتێبفرۆش ئومێد ڕەش پۆشە، بە تۆمەتی فرۆشتنی کتێبی قاچاخ زیندانی دەکرێت و پیاوەتی لەدەست دەدات.
ئومێد ڕەشپۆش کە پاڵەوانی ڕۆمانەکەیە، کەسێکی ڕۆشنبیرە و سەردانی بەغداد دەکات بۆ هێنانی کتێبی نوێ بۆ دوکانی کتێبفرۆشیەکەی هەر لەوێ کاتێک لە یەکێک لە یانە شەوانیەکان دەمێنێتەوە کچێک دەناسێت و پاشان لە پێناو ڕزگارکردنی ئەم کچە کە ناوی خاتوونە لە تاوان و گەڕانەوەی بۆ ژیانی ئاسایی وەک هەر مرۆڤێک بژی و لەماڵێكی ئارامدابێت، لە جیاتی ئەوەی جەستەی هەر ڕۆژەی لە بەردەستی کەسێکدا بێت.
ئومێد هەموو خەیاڵات و ڕابردووی ئەو کەسە و دابونەرتەکان تێکدەشكێنێت و دەیکاتە هاوسەری خۆی و چەندین ساڵ بە یەکەوە دەژین، بەڵام پاش ئەوەی ئومێد لە پیاوەتی ئەکەوێ لەژێر ئەشکەنجەی دەزگا سەرکوتکەرەکانی بەعسدا، ئەم ژنە هەموو ئەم چاکەی بیر ئەچێتەوە لێی جیا دەبێتەوە لە پێناو شوکردن بە کوڕێک کە تەمەنی زۆر لەو کەمترە.
ئەوەی بۆ من وەک خوێنەر گرنگ بوو لە ناو ڕۆمانی کوردیدا کە نووسەران هەردەم لە ڕەگەزی مێیەنەیان وەک فریشتە یاخود قوربانی ڕوانیووە. بەڵام ئەم ڕۆمانە ئەم بابەتەی تێکشکاندووە لێرە چیتر ڕەگەزی مێ ئەو بەخشندە و فریشتەیە نیە کە نووسەرانی تر وێنایان کردوە، بەڵکو کەسێكە کە چاکیی ڕێز و خۆشەویستی پیاوێک ئەکاتە قوربانی ویستەکانی خۆی. لە کۆتاییدا ئەم کارەی دەبێتە هۆی خۆکوشتنی پاڵەوانی ڕۆمانەکە، چونکە لەناو دۆخێکی سەختی دەروونیدا دەژی دوای ئەم ڕووداوە.
“چیاد ” کارەکتەرێکی تری ڕۆمانەکەیە کە کار بۆ دەزگاکانی ئەمن دەکات و خۆی وەک ڕۆشنبیر دەناسێنێت لە ناو کتێب فرۆشەکان هەربۆیە خۆی دەکات بە هاوڕێی ئومێد ڕەش پۆشی کتێبفرۆش و زۆرخۆی لێ نزیکدەکاتەوە، بەڵام کاتێک بە ئاگادێتەوە کە تەواو کەوتۆتە ژێر کاریگەری هزری ئومێدەوە کتێب بەتەواوی ژیانی گۆڕیوە هەر بۆیە کاتێک دەزگا ئەمنیەکانی بەعس داوای لێدەکەن ئومێد بکوژێت ئەو ناتوانێت و توشی تێکچوونی باری دەروونی دەبێت هەربۆیە لە جیاتی کوشتنی ئەو خۆی دەکوژێت و یاداشتەکانی بۆ ئومێد جێدەهێڵێت. لێرەوە تێدەگەین کە کتێب چەند کاریگەری لەسەر هزر و دەروونی مرۆڤ هەیە کە بە تێپەڕبوونی کات دەتوانێت مرۆڤێکی جیاواز دروستبکات جیاواز لە پەروەردەی خێزانی، هرزی خێڵەکی و… هتد.

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت