هێزە سەربازیە سیبەرەکەی پشتەوەی ئەردوگان، بناسە!

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ئامادەکردن و  نوسینی: پشکۆ ئەمین

کارخانەی سادات ئائیس Sadat A.Ş کە لە لاپەرەکەی خۆیدا واخۆی دەناسێنێت، لە رووی سەربازی و سیاسی و ئاسایش و ئامادەکردنی سەربازیەوە خزمەت پیشکەش بە وڵاتانی ئیسلامی و موسلمانان دەکات!
دەوترێت سادات لە 28/02/2012 دا لەلایەن 23 ئەفسەرو شارەزای سەربازی تورکی ئیسلامی خانەنشینەوە، بە سەرۆکایەتی Adnan Tanriverdi عەدنان تانریڤیردی کە جەنراڵێکی سەربازی و ئیسلامی ناسراوی ناو سوپای تورکیا بوو دروستکرا. تاریڤیردی لە سالی 1997 پاش کودەتای سەربازیەکەی ئەوسا، بەهۆی تووندرەوی ئیسلامیانەیەوە لە سوپا دەرکرا،
تانیڤیردی ساداتی دروستکرد، وەک شەریکەیەکی تایبەتی بازرگانی ناو نوسیکردووە، دەستمایەی ئەم شەریکەیە لە 2016 دا بە 880.000 لیرەی تورکی خەمڵێنراوە کەدەستمایەکەی زۆرکەمە هیچ نیە.
کاتێک رۆژنامەنوسێک پرسیاری لە وتەبیژی کارگەی چەکدارەکان کرد کە ئایا راهێنان بۆ شەری پارتیزانی دەکەن، لە وەلامدا دەڵێت: نا ئێمە هیچ پەیوەندیەکمان بە دەوڵەتەوە نیە.
دەوترێت ئامانجی سادات بەهێزکردن و پاریزگارکردن لەئاسایشی نێوان وڵاتە ئیسلامیەکانە، تا بگاتە ئەو ئاستە بەرزەی بتوانێت خۆی راگرێت دژی دەوڵەتە زلهێزەکان بە تایبەتی ولاتە یەکگرتوەکانی ئەمریکاو وڵاتانی ئیمپریالیسمی ئەوروپی، (خاچ پەرستانی ئەوروپی )، شارەزایان و چاودیریکەران لە سەرەتادا، ساداتیان بەمەترسی نەدەزانی تا بە ئاشکرا رووی خۆی دەرخست.
ئێستا دەوتریت کە سادات نزیکەی 40.000 چەکداری ئیسلامی توندرەوی کۆکردۆتەوە، لەژێر فەرماندەی ئەردوگاندان لەکوێ بیەوێت، لەوێ شەر دەکەن!
ئەردوگان نایەوێت ژیانی سەربازە تورکەکان بخاتە مەترسیەوە، بۆیە لەگەڵ ساداتدا چەکێکی تازەی دۆزیەوە تا بیاندات بەکوشت و شەریان پێبکات لەپێناو بەرژەوەندیەکانی خۆیدا. ئەم چەکە سەربازەکانی ئیسلامن و لەژێر چەتری ئیسلامدا بە چەندین گرووپ لە سوریادا کۆبونەتەوە، ئەردوگان ئەمانەی تێکەڵ بە سادات کرد، ئێستا لە شەرەکانی سوریاو لیبیادا دەیاندات بەکووشت.
تورکیا پێشینەی مێژوویان هەیە بۆ دروستکردنی گرووپی چەکدار و بەکرێگیراو، لەسەردەمی پیش جەنگی جیهانی یەکەم سەردەمی سوڵتان عەبدولحەمیدا، تورکیا سوارەی حەمیدیەیان دروستکرد و شان بە شانی سوپای تورکیا شەریان پێدەکردن. زۆرجار سوارەی حەمیدیە دەنێرران بۆ ئاژاوەنانەوە و تاڵانکردن و کوژاندنەوەی شۆرش و یاخیبوون و ئەو راپەرینانەی لە دژی دەسەلاتی عوسمانلی دروستدەبوون.
ئێستاش کۆکردنەوەی سەربازانی سێبەر یان پشتی پەردە وەک سوارەی حەمیدیەو سوارەی سوکی عەشیرەتە کوردیەکان وان. بەلام ئەردۆگان دەرسی لەوان وەرگرتوەو بەشێوەیەکی تازەتر رێکی خستوون و خۆی ناکاتە خاوەنیان و هەرکاتێکیش بیەوێت خۆی بێبەری دەکات لییان.
ئەردوگان ئەمانەی وەک چەکدارە بەکرێگیراوەکانی Wagner gruppe فاغنەری پۆتین،کە لە لیبیاو سوریادا بۆ پارە شەردەکەن، یان چەکدارەکانی Blackwater بلاک وتەریی لەساڵێ 2003 وە لە ئەمریکاوە هێنران بۆ پاریزگاریکردن لە بەرژەوەندیەکانی ئەمریکا و شەری سەدام و لە زوربەی شەرە سەختەکاندا شان بە شانی سوپای ئەمریکا شەریان دەکرد و خەڵکیان دەپارست و دەکوشت شوێنە گرنگەکانیان دەپاراست،
لەسالی 2016 وە هەرپاش کودەتا سەربازیەکەی تورکیا، دروستکەرەکەی سادات عەدنان تانریڤیردی بەبریارێکی رەسمی کرایە راوێژکاری سەربازی ئەردوگان. هەرلەو کاتەدا ئەو سەربازانەی لە سوپای تورکیا بەهۆی کودەتاوە دەرکرابوون، بۆ پارە پەیداکردن چووبەنە لای عەدنان، لە سەر داواکاریی عەدنان لەلایەن ئەردوگانەوە گەرێنرانەوە ناو سوپا. کارگەی سادات دەیانوت ئێمە سەربەخۆین و هیچ پەیوەندیەکمان بە دەوڵەتەوە نیە، ئێستا ئاشکرایە و دەزانرێت سادات سوپای سێبەرو پشتەوەی ئەردوگانە. دەوترێت کاتێک ئەم بریارە دەرچوو هەندێک رۆژنامەنوس لە رۆژنامەکانیاندا دژی ئەم بریارە وەستانەوە، دەسەڵات هەموویانی دایە دادگاو بە تۆمەتی پشتگیریکردنی گوڵەن دەستگیریکردن و رۆژنامەکانیش داخران.
چەکدارانی سادات راهێنان لەسەر هەموو ئەم کرانە دەکەن و رادەهێنرێن، هیرش بردن، تەوق کردن،کەمیندانان و شکاندنی کەمین و پوچەڵکردنەوەی بۆمب و رزگارکردنی رفێنراوان و پەلاماردان و تەقاندنەوە و فراندن، کوشتنی بی بەزەیانەی خەڵک، جگە لە دەرسی ئیسلامی و شتنەوەی مێشک بە رق و کوشتن لە پێناو بەهەشت و حۆریدا.
رۆژنامەی ڤیلتی ئەڵمانی دەڵێت: کە سەرکەوتنەکانی بلاک وتەر لە عیراق بوونە هۆی ئەوەی کە هەندێک جەنراڵی تورکی و تانریڤیردی داوا لە ئەردوگان بکەن تا بیربکاتەوە لە بەهێزکردن و پاڵپشتیکردنی سادات بۆ هەندێک کاری تایبەت لە دەرەوەو ناوەوەی تورکیادا، شەریکەی سادات خۆی بەجێگرەوەی بلاک وتەری دژە ئیسلام دادەنیت و، دەڵێت: ئامانجی کارەکانمان پاڵپشتی وڵاتانی ئیسلامیە دژی ئیمپریالیزمی خاچ پەرستان، لە لاپەرەکانیاندا شیعارات و هیتافاتی ئیسلامیانەو داواکردن لە پیاوە ئازاکانی ئیسلام بۆ جیهاد و پالپشتیکردنی سادات و هاتنە ریزەکانی دەبینرێت. داوا دەکەن کە دژی ئەوروپاو ئەمریکا لە ساداتدا کاربکەن!
دەوترێت کە سادات لەساڵانی 2012 دا چەند سەربازگەیەکی سەربازی بۆ راهێنانی سەربازی لە لێوارەکانی دەریای مەرمەرەدا دانا بۆ راهێنان کردن بە جیهادیە سوریەکان و سەربازە هەڵاتوە سونەکانی عەرەب کە دژی بەشار ئەسەد بوون و پەیوەندیان لە گەل سوپای سوریای ئازادا دروستکرد، هەروەها میلیشیا تورکومانە تیرۆرستەکانیش راهینانیان لە لایەن ساداتەوە پێکراوە و چەکیان لە دەوڵەتی تورکیا وەرگرتوە. لەسالی 2016 دا بەشێک لەم سەربازە راهێنراوانەی سادات، بەشادار بوون لە لێدان و سەرکوتکردنی کودەتاچیەکانی دژی ئەردوگاندا، کە بەشێک لە سوپای تورکیا پێی هەستان.
مایکل رۆبین لە وتاریکدا دەڵێت: خەلکی تورکیا بە چاوی خۆیان دیویانە کە چەکدارەکانی سادت بەشیوەیەکی هەرەمەکیانە تەقەیان لەدژە خۆپیشاندەرەکان کردوە لە کاتی کودەتاکەدا، ئەمە ئەوە دەگەیەنێت کە سادات چەکداری راستەوخۆی ئوردۆگانین.
رۆبن دەڵێت عەلی رەزا ئوزتورکی پەرلەمەنتاری پارتی گەلی کۆماری جەهەپە لە پەرلەمان دەپرسێت، ئایا سادات راهێنان بە چەکدارەکانی دەوڵەتی ئیسلامی (داعش ) دەکات ؟
هەروەها ئوزتورک دەپرسێت، ئایا رێگە نەدان بەچوونی پەرلەمەنتاران بۆ سەربازگەی هاتای، پەیوەندی بە بوونی داعشەوە هەیە لەوێ؟
ئەم پرسیارەنە هەمووی بێ وەڵام مانەوە!
رووسیا پێش رێکەوتنی لەگەڵ ئەردوگاندا راپۆرتێکی تێروتەسەلی لەسەر سادات و دەوری سادات لەهاوکاریکردنی تێرۆرستانی( قاعیدەو نەصرەو داعش) دایە نەتەوەیەکگرتوەکان، وە باسی لە هاوکاریکردنی سادات کرد بۆ تیرۆرستانی شیشان و تاجیکستان و کازاخستان، دەڵێت لە %25 ئەوانەی چوونەتە سوریاو عێراق بۆهاوکاریی داعش لە ریگەی سادتەوە چوون و لە سەفارەتەکانی تورکیا پەسپۆرتی تازە و فیزەیان وەرگرتوە!
دەوترێت ئەو شەرانەی لەکوردستان دەکرێت، ئەم چەکدارانەی سادات دەیکەن و بەشدارن تیایدا کە ژن و منداڵی کورد دەکوژن، خەڵک سەردەبرن! ئەم چەکدارانە بەوە دەناسرێنەوە کە بەشێکی زۆریان ریشدارن و هەڵس و کەوتی جیهادیانە و کاری تیرۆرستانە ئەنجام دەدەن.
مایکڵ رۆبین دەڵێت: میدیاکانی تورکیا لە 9 تەمووزی 2016دا باسیان لەهەڵواسینی 34گوندنشینی کورد دەکرد لە ناوچەی (لیجە)ی Region Lice سەر بەئامەد. وەک دەوترێت، ئەفسەرێک رێگربوە لە ئەنجامدانی ئەمکارە، ئەم هەواڵە لە کاتی خۆیدا بەخێرایی لە رۆژنامەکانی تورکیادا بڵاو کرایەوەو، هەر بەزوویش لابراو سڕرایەوە.
مایکل رۆبین دەڵێت: لە رۆژی 22/03/2017 دا ئەردوگان رایگەیاند، گەر ئەوروپیەکان لە سەر دژایەتی تورکیاو ئەم هەڵوێستە دوژمنکارانەیان بەردوامبن ئەوا بەبێ ترس ناتوانین بەشەقامەکاندا بسورێنەوە، هەر بۆ رۆژی دوای تێرۆرستێک پەلاماری کۆمەڵێک گەشتیاریدا لەبەردەم پەرلەمانی بەریتانیدا، جگە لە فراندن و کوشتنی هەندێک ئۆپزسێۆنەکانی تورکیا لە مالیزیاو بۆسنیاو کرواتیاو ئەوروپا.
لەسالی2017 دا مایکل روبنی شارەزای کاروباری رۆژهەڵاتی ناوەراست و تورکیا و رۆژنامەنوس و مامۆستای دانیژگا، لە زەنگە مەترسیدارەکەیدا وتی: سادات لە وڵاتانی ئەوروپا وەک ئەڵمانیاو نەمساو بەلجیکاو سوێدو فەرەنسا، سەدان گەنجی زۆریی ئیسلامیان بە پەساپۆرتی تورکی ناردە سوریا تا لەگەڵ رێکخراوە تیرۆرستیەکاندا، دژی ئەسەد بجەنگن، ئەمانە هەموی بە هاوکاری تورکیا دەکرێت و پەساپۆرتی تورکیان پێدەدرێت.
روبن دەڵێت: سادات خواستەکانی ئەردوگان جێ بەجێدەکات، هەروەک چۆن سوپای پاسدارانی ئێرانی لە ژێر چاودێری و فەرمانی سەرکردایەتی عەلی خامنەیدایە ئەمانیش بەهەمان شێوە لەژێر فەرمانی ئەردوگاندان و لە دەرەوەو ناوەوە تورکیا کاریی تیرۆرستیانە ئەنجام دەدەن.
رۆبن دەڵێت: ئەردوگان دەتوانیت خۆی لەکردەوەی ناپەسندو نابەجێی سادات بەدوربگریت و خۆی لێبدزیتەوەو لەسەر خۆی لایدات، لەژیر ناوی ئەم شەریکەیەدا کە شەریکەیەکی تایبەتەو خاوەنەکەی عەدنان تانریڤیردیە نەک حوکمەت!

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت