عیماد عه‌لی: ئه‌مه‌یه‌ په‌یامه‌كانی كازمی بۆ سه‌رانی هه‌رێم.

كازمیه‌ك كه‌ تا ئه‌مڕۆش هیچ ڕۆڵێكی ئه‌وتۆی له‌ نزیكبونه‌وه‌ی هه‌رێم و به‌غدا نه‌بینیبێت و چاوه‌ڕێی ده‌رئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنه‌ پێشوه‌خته‌كه‌ی عیراق بكات بۆ بڕیاری جدی و مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ پرسه‌ هه‌ستیاره‌كاندا. ئێستا وا سه‌ردانی هه‌رێم ده‌كات و به‌كرده‌وه‌ له‌ شێوه‌ی هاتن و سه‌ردانه‌كانی له‌ نێوخۆی هه‌رێم و كۆبونه‌وه‌ و راوبۆچونه‌كانی، كۆمه‌ڵێك په‌یامی ئاشكرا ده‌دات به‌ گوێی سه‌رانی ده‌سه‌ڵاتی هه‌رێمدا. گه‌ر په‌یوه‌ندی كه‌سی كازمی و هه‌ندێك له‌ سه‌ركرده‌كانی هه‌رێم رۆڵی خۆی له‌ یه‌كلایی كردنه‌وه‌ی هه‌ڵوێستیان له‌ كاتی دیاریكردنی كازمی بۆ سه‌رۆك وه‌زیران بینی، به‌ڵام دواتر ده‌ركه‌وت كه‌ كازمیش ئه‌و جیاوازیه‌ی نیه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌وانه‌ی پێشووی خۆی و بۆ ده‌سه‌ڵاتی هه‌رێم روون بووه‌وه‌ ئه‌وه‌ی له‌ سه‌ر كورسی نه‌بێت جیاوازه‌ له‌و كاته‌ی له‌ژێر به‌رپریارێتی ده‌وڵه‌تدا بێت ( كه‌ ئه‌مه‌ له‌ ره‌فتار و سیاسه‌تی سه‌رانی كوردستان بوونی نیه‌، واته‌ په‌یوه‌ندی كه‌سی و ره‌سمی لێك جیاناكه‌نه‌وه‌ و كاتێك له‌ حزبدا بن وه‌كو ئه‌وه‌ ره‌فتار ده‌كه‌ن كه‌ له‌ ده‌سه‌ڵاتدان و هاوشێوه‌ی به‌رپرسی پۆستێكی حكومه‌تی بن)، هیچ جیاوازیه‌ك له‌ نێوان پۆستی حزبی و حكومی و به‌رژه‌وه‌ندی گشتی هه‌رێم و حزبی و كه‌سی ناكه‌ن. به‌ڵام كازمی بۆ ده‌رسختن كه‌ ئه‌و كه‌سه‌ نیه‌ كه‌ په‌وه‌ندی كه‌سی و میژووی كه‌سی خۆی كاریگه‌ری له‌سه‌ر ره‌فتاره‌ سیاسیه‌كانی هه‌بێت.
ئه‌گه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه‌ سه‌رانی هه‌رێم به‌ هاتنی كازمی له‌ خۆشیا شاگه‌شكه‌بوون، به‌ڵام دواتر زانیان كه‌ مامه‌ڵه‌ی به‌و شێوه‌یه‌ی ئه‌مان نیه‌ و له‌كاتی بوون به‌ سه‌رۆك وه‌زیران زۆر جیاوازتره‌ له‌و كاته‌ی هاوڕیی كه‌سی ئه‌مان بووه‌ و مامه‌ڵه‌ی به‌رپرسانه‌ی له‌به‌رچاوگرتنی كۆمه‌ڵێك بنه‌مای بنه‌ڕه‌تی ده‌وڵه‌تی گشتی تێدایه‌ و فشاری گشتی هه‌مه‌ڕه‌نگ و به‌رژه‌وه‌ندی عیراقی له‌به‌رچاوه‌ و شته‌ بنه‌ڕه‌تیه‌ ده‌وڵه‌تیه‌كان به‌ هاوڕێیه‌تیه‌كی سه‌ره‌ڕێی و قۆناغێكی كه‌سی خۆی، به‌ به‌رپرسیارێتی راسته‌قینه‌ی كه‌سی ده‌وڵه‌تی ناگۆڕێته‌وه‌. دواتر كه‌ ده‌سه‌ڵاتی هه‌ریم ئه‌مه‌یان بۆ ده‌ركه‌وت، له‌به‌ر باری ناهه‌مواری خۆیان كه‌وتنه‌ نه‌رمه‌ گله‌یی و ره‌خنه‌ی سوك له‌مه‌ڕ هه‌ڵوێست و بۆچون و ره‌فتاره‌كانی له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاتدارانی هه‌رێم نه‌ك له‌گه‌ڵ هه‌رێم و گه‌لی كوردستان. واته‌ له‌ فریادره‌سی قه‌یرانی قووڵی هه‌رێمه‌وه‌ گۆڕا بۆ كه‌سێكی ئاسایی هاوشێوه‌ی ئه‌وانه‌ی پێش خۆی و هیچ جیاوازیه‌كی نه‌بوو له‌گه‌ڵ عه‌بادی و مالكی له‌ بۆچون و ره‌فتار و مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ پرسه‌كان و به‌ تایبه‌تی په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ سه‌رانی هه‌رێم و ده‌سه‌ڵاته‌ حزبیه‌كه‌ی، ئه‌وه‌ی ده‌رخست كه‌ ده‌سه‌ڵاتی ده‌وڵه‌تی عیراق به‌پرسیارێتی قورسی خستۆته‌ سه‌ر و گرنگی به‌ دوا ڕۆژی ده‌دات و نایكاته‌ قوربانی هاورێیه‌تی و ناسیاوی كه‌سیی خۆی.
ئه‌مڕۆ ده‌ركه‌وت كه‌ كازمی چیی ده‌وێت و هه‌ڵویستی چۆنه‌، ئه‌مڕۆ له‌ به‌رنامه‌ی سه‌ردانه‌كه‌ی و ئه‌و جێگایانه‌ی سه‌ردانی ده‌كات كۆمه‌ڵێك په‌یامی گه‌یانده‌ ده‌سه‌ڵاتی هه‌رێم، ئه‌گه‌ر لێی تێبگه‌ن و به‌رده‌وام نه‌بن له‌ بیركردنه‌وه‌ له‌سه‌ر بنه‌مای به‌رژه‌وه‌ندی كه‌سی و ره‌فتار له‌سه‌ر میزاجی شه‌خسی خۆیان نه‌كه‌ن و به‌رژه‌وه‌ندی كه‌سی حزبی و تێكه‌ڵ به‌ به‌رپرسیارێتی ده‌سه‌ڵاتداری هه‌رێم نه‌كه‌ن و هاوڕێیه‌تیه‌ كه‌سیه‌كان له‌گه‌ڵ به‌رژه‌وه‌نده‌یه‌ ره‌سمی و ده‌وڵه‌تیه‌كان تێكه‌ڵ نه‌كه‌ن (باوه‌ڕ ناكه‌م ئه‌وه‌ بكه‌ن). ئه‌و په‌یامانه‌ش له‌مانه‌دا خۆی ده‌بینێته‌وه‌:
1- سه‌ردانی ده‌روازه‌ سنوریه‌كانی هه‌رێم له‌ پاش هه‌وڵدانی بۆ ده‌ستگرتنه‌سه‌ر ده‌روازه‌ سنوریه‌كانی عیراق و گه‌ڕانه‌وه‌ی داهاته‌كه‌ی بۆ ده‌وڵه‌ت و ده‌رهێنانی له‌ده‌ست میلیشیا حزبیه‌كان و كه‌سایه‌تیه‌ حزبیه‌ چه‌كداره‌كان، ئه‌وه‌ ده‌گه‌ینێت كه‌ هه‌یبه‌تی ده‌وڵه‌ت له‌ پێش هه‌موو به‌رژه‌وه‌ندی و په‌یوه‌ندیه‌كه‌ و ده‌روازه‌ سنوریه‌كانی هه‌رێمیش هاوشێوه‌ی ده‌روازه‌كانی دیكه‌ی عیراقه‌ بۆ ئه‌و.
2- سه‌ردانی ئه‌و شوێنانه‌ی كه‌ رژێمی توركیا بۆمبارانی كردوون په‌یامێكی دیكه‌یه‌ كه‌ په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ ده‌رودراوسێ ئه‌ركی ناوه‌ندی ده‌وڵه‌ته‌ و په‌یوه‌ندیه‌لابه‌لا حزبیه‌كان هیچ به‌هایه‌كی نیه‌ بۆ ده‌ڵه‌ت و چاوپۆشی لێناكرێت.
3- سه‌ردانی هه‌ر سێ پارێزگاكه‌ به‌داخه‌وه‌ له‌ ناوه‌خنی خۆیدا ئه‌وه‌ پیشان ده‌دات كه‌ مامه‌ڵه‌ی كازمی له‌گه‌ڵ هه‌رێم هاوشێوه‌ی مامه‌ڵه‌كردنیه‌تی له‌گه‌ڵ پارێزگاكانی ناوه‌ڕاست وخواروی عیراق، واته‌ هه‌وڵێر وسلێمانی و دهۆك هاوشێوه‌ی به‌سره‌ و رومادی و نه‌جه‌فه‌ بۆ ئه‌و و وه‌كو سه‌رۆك وه‌زیره‌كانی پێشو نیه‌ كه‌ وه‌كو ده‌وله‌ت ته‌نها سه‌ردانی پایته‌ختی هه‌رێمی كوردستان بكات.
4- ده‌یه‌وێت ئه‌وه‌ به‌ شه‌قام بگه‌یه‌نێت كه‌ سه‌رجه‌م پارێزگاكانی هه‌رێم له‌چاو ئه‌ودا یه‌كسانن و ئه‌مه‌ش په‌یام و واتایه‌كی تایبه‌تی خۆی هه‌یه‌ بۆ هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خته‌ی داهاتوو.
5- ده‌یه‌وێت له‌م سه‌ردانه‌ راوبۆچون و پێشوازی خه‌ڵك بزانێت و راوبۆچونی ئه‌وان بپێوێت واته‌ ( جس نبضی) خه‌ڵكی كورستان بكات و له‌سه‌ر ده‌رئه‌نجامی ئه‌و كارو مه‌به‌سته‌ هه‌نگاوه‌كانی خۆی له‌ هه‌ڵبژاردنی داهاتودا بنێت.
بۆیه‌، ده‌بێت سه‌رانی هه‌رێم له‌م په‌یامانه‌ تێبگه‌ن و بزانن كه‌ كازمی هاوشێوه‌ی مالكی و عه‌بادی نیه‌ و به‌ڵكو هه‌نگاوه‌كانی له‌ خودی به‌رژه‌وه‌ندی كه‌سی و حزبی ئه‌وان ده‌دات و به‌داخه‌وه‌ له‌ دواجاردا به‌ قورسی له‌سه‌ر هه‌رێم و پێگه‌كه‌ی و ئه‌و هه‌ژمونه‌ی ده‌كه‌وێت و ئه‌و جێگه‌یه‌ی نامێنت كه‌ بۆ سی ساڵه‌ له‌سه‌ر حسابی ژیان و گوزه‌رانی خه‌ڵك په‌یدای كردووه‌. به‌ڵێ ده‌بێت سه‌رانی هه‌رێم به‌م په‌یامه‌ ئاشكراو راسته‌وخۆ و روونانه‌ی كازمی تێبگه‌ن كه‌ ئامانجی دوورمه‌ودا و ستراتیجی خۆی هه‌یه‌ و زۆر جیاوازه‌ له‌ وانه‌ی پێشوو، بوڵام ئه‌وه‌ی له‌ به‌رژه‌وه‌ندی ئه‌وان ده‌دات و گه‌لی كوردستانیش له‌ لایه‌كه‌وه‌ ئه‌گه‌ر به‌ سوككردنی چڕنوكی ئه‌م به‌رپرسانه‌ی هه‌رێم قازانج بكات به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ بۆ ئامانجه‌ گه‌وره‌كه‌ گه‌وره‌ترین زه‌ره‌ر ده‌كات و سه‌رانی هه‌رێمیش جگه‌ له‌ قوتاربونی خۆیان له‌م قه‌یرانانه نه‌بێت ئه‌گینا بۆ نه‌مانی هه‌لی به‌دیهێنانی ئاواته‌كانی گه‌لی كوردستان مێشیش میوانیان نیه‌.

Este sitio web utiliza cookies para que usted tenga la mejor experiencia de usuario. Si continúa navegando está dando su consentimiento para la aceptación de las mencionadas cookies y la aceptación de nuestra política de cookies, pinche el enlace para mayor información.plugin cookies

ACEPTAR
Aviso de cookies