زەبەنگ بەهادین: کازمی شەیتانە یا فریشتەیە لای دەسەڵاتی کوردی.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

کازمی رزگار کەری دەسەڵاتی کوردییە یان سەرکوتکەریانە، دەسەڵاتی کوردی لەسەرەتای بەرێوەبردنی ووڵاتەوە تا ئێستا نەزانانە مامەڵەی سیاسی کردوە لە پەیوەندیەکانیدا، ئەم نەزانیە بنەچەکەی تەنها بۆ مانەوەی خۆیان و خۆ قەبەکردن بووە، بە تایبەت هەڵسو کەوتی سیاسی و رێکەوتنە ستراتیژیەکانی لەگەڵ بەغداد، وەک بریمەر لە یاداشتەکانیدا نیشانەی پێدا بوو خەمی سەرکردە کوردەکان هەر لە سەرەتاوە تەنها پارە بووە.
لە سەرەتای پاڵاوتنی کازمی یەوە دەسەڵاتی سیاسی کورد ئەم پیاوەیان بە کەسێکی ناشارەزا و بێتوانا پێناسە کرد، بە دروشمی شەیتان و دوژمنی کورد بەرەنگاری بونەوە، ئەوەی کێشە بوو بۆ حیزبەکانی کوردوستان ئەو نەنگی و بەرەنگاریەی کازمی بوو کە ئەمان مەزەندەیان نەدەکرد بەو شێوەیە روو بە روویان بوەستێتەوە، پارتی دیموکراتی کوردوستان کە ترۆپکی دەسەڵاتی لە دەستدایە وا خۆی توند کردەوە کە گوایە بە هیچ شێوەیەک دەستەمۆی کازمی نابن، تەنانەت بۆ دانوستانەکانیشیان سەرۆکی حکومەتەکە بە هیچ شێوەیەک بەشداری نەکرد بە پێچەوانەوە ئەمان هەمیشە کازمیان بە نەیار و رێگر ناوزەند دەکرد، بانگەشەی ئەوەیان دەکرد ئەوەی داوای مووچە لە بەغداد بکات خۆ فرۆشە و عێراقچێتی دەکات، تا لە کۆتادا سەرۆکی حکومەت خۆی ناچار بوو پەیوەندی بە کازمییەوە بکات و سەرۆکی هەرێمیش کە لە هەمان حیزبە لە بەغدادەوە هاوار بکات و بڵێ شانازی بە عێراق بوونی خۆمانەوە دەکەین.
ئەمە کرۆکی راستەقینەی دەسەڵاتی کوردییە دوو فاقی و دوو رووی بە جۆرێک نە لە ناوخۆ نە لە دەرەوە هیچ متمانەیەکیان نەماوە، ئێستاش دەبێت هەموو گوێزەکانیان بخەنە بەردەم کازمی و چۆک دانەوێنن، ئەو کازمییەی دوێنێ دوژمن بوو ئەمرۆ دۆست و ئەحبابە. ئێستا کازمی بۆتە فریاد رەس و فەرشی سووری بۆ دادەخەن وەک ئەوەی هەنگوینیان لە دارا دۆزبێتەوە لە خۆشیا نازانن چی بکەن.
ئەو بەرنامەیەی کازمی بە نیازی جێ بە جێکردنێتی جۆرێکە لە بە جاشکردن و خستنە ژێر رکێفی حیزبەکانی کوردوستان، کە رەنگە ئەمە لای حیزبی کوردی کارێکی گران نەبێت لەبەر ئەوەی ئەو پاشا گەردانییە و ئەو نۆکەرییەی بۆ تورکیاو ئێرانی دەکەن رایهێناون لەسەر پاشکۆی و دەستەمۆ بوون، ئێستا تەنها ئەوە ماوە کە کازمی گەیشت گۆرانی زێرە زێرە ی بۆ لێبدەن و پێی بڵێن خوا سەرۆکمان بپارێزێت.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت