عیماد عه‌لی: ئه‌مه‌ پرساندن ـە‌ یان ترساندن‌!

جارێك وشه‌ی (پرساندن) له‌ جیاتی ( المساءلة)ی عه‌ره‌بی خۆی له‌ خۆیدا زۆر قسه‌ هه‌ڵده‌گرێت و وه‌رگیڕانێكی وشكی په‌تی وشه‌كه‌یه‌ نه‌ك واتا و ناوه‌ڕۆكه‌كه‌ی، ئینجا دێینه‌ سه‌ر تازه‌ به‌تازه‌ به‌كارهێنانی ئه‌م وشه‌یه‌ له‌ لایه‌ن كۆمه‌ڵێك په‌رله‌مانتاره‌وه‌، نه‌ك بۆ شوێن و مه‌به‌ستی تایبه‌تی خۆی، به‌ڵكو بۆ موزایه‌ده‌ و ئامانجی ته‌سكی حزبی و كه‌سیی بێ به‌رهه‌م.
بێگومان یه‌كێك له‌ ئه‌ركه‌ سه‌ره‌كیه‌كانی په‌رله‌مان بانگ كردنی ده‌سه‌ڵاتی جێبه‌جێكردن و داوای روونكردنه‌وه‌ و ئاشكراكاریه‌ له‌ هه‌ر بابه‌تێك په‌یوه‌ندی به‌ ئه‌ركه‌ گتیه‌كانی تایبه‌ت به‌ خه‌ڵك و ئاینده‌ و چاره‌نوسی هه‌مووانه‌وه‌ بێت، له‌وێدا به‌رپرسان هه‌ڵگری به‌رپرسیارێتی هه‌ر كه‌مو كورتیه‌ك ده‌بن له‌و كاره‌دا.
كه‌ ئه‌ركی سه‌ره‌كی په‌رله‌مان یاسادانان و چاودێری و به‌دواداچون و روونكردنه‌وه‌ی هه‌ر بابه‌تێك بێت كه‌ به‌هه‌ر شێوه‌یه‌ك ئه‌گه‌ر كاری رۆژانه‌ی ساكاری حكومه‌تیش بێت یان ئاڵۆزی له‌ خۆ بگرێت یان گومانی لێبكرێت یان بواری هه‌ڵه‌ و گه‌نده‌ڵی تێدا بێت یان كاری جێبه‌جێكردنی خاڵه‌كانی به‌رنامه‌ی كابینه‌كه‌ بێت به‌گشتی، ئه‌گه‌ر ماوه‌یه‌كیشی به‌سه‌ردا رۆیشتبیت و زۆر شت به‌ حه‌شاردراوی كرابێت و خه‌ڵكی لێ ئاگادار نه‌كرابێته‌وه‌ و راپۆرتی هه‌فتانه‌ و مانگانه‌ و ته‌نانه‌ت ساڵانه‌ش له‌ باره‌یه‌وه‌ ده‌رنه‌خرابێت و نه‌بوبیته‌ كاروره‌فتاری ئاسایی ده‌سه‌ڵاتی هه‌رێمی كوردستان. ئه‌وه‌ی زۆر زه‌روریه‌ له‌به‌رده‌م خه‌ڵك به‌ ئاشكرا بكرێت، یان ئه‌وه‌ی هه‌ر شتێك پێویست بێت به‌ نهێنی بكرێت و خه‌ڵكی تایبه‌تی به‌رپرسو نهێنیپارێز ئاگاداری بن و ناوه‌رۆكه‌كه‌ی بخرێته‌ به‌رده‌ستیان، وه‌كو رێكه‌وتنی چاره‌نوسساز كه‌ خاڵی نهێنیی پێویستی تێدا بێت و ده‌رخستنی بۆ خه‌ڵك به‌گشتی ئه‌گه‌ری زه‌ره‌ر و زیان به‌ كۆی گشتی به‌رژه‌وه‌ندی خه‌ڵك و وڵات بگه‌یه‌نێت، به‌و شێوه‌یه‌ش بێت ده‌بێت به‌ پێی یاسا په‌رله‌مانی راسته‌قینه‌ی خاوه‌ن ده‌سه‌ڵات و پارێزه‌ری به‌رژه‌وه‌ندی گشتی وه‌كو ده‌سه‌ڵاتی یه‌كه‌م و له‌سه‌رووی هه‌موو ده‌سه‌ڵاته‌كانه‌وه‌ له‌ سیستمی په‌رله‌مانی راسته‌قینه‌ ( نه‌ك وه‌كو سیستمی حوكمڕانی حزبیی رووت و قووت به‌ناوی په‌رله‌مانیه‌وه‌، هاوشێوه‌ی ئه‌مه‌ی خۆمان له‌ هه‌رێمی كوردستان) لێی ئاگادار بێت.
له‌ هه‌رێمی كوردستان ئه‌و ئه‌ركه‌ واته‌ (پرساندن به‌ قه‌وڵی ئه‌و په‌رله‌مانتارانه‌) تا ئێستا جێبه‌جێ نه‌كراوه‌ . ئه‌گه‌ر له‌ وڵاتان ئه‌مه‌ ئه‌وه‌نده‌ ئاسان و ئاساییه‌ و به‌ ساده‌یی ده‌كرێت، كه‌ بۆته‌ عورف و دابو نه‌ریتی ده‌سه‌لاته‌كانیان، كه‌چی له‌ كوردستان تا ئێستا شتێكی وا نه‌كراوه‌ و ته‌نانه‌ت له‌ زانینی زانیاری كاری رۆژانه‌ی ئاساییش پرسیار له‌ ده‌سه‌لات نه‌كراوه‌. ئه‌گه‌ر رۆژێك سه‌رۆك وه‌زیران به‌ میزاجی خۆی و به‌ داواكاری خۆی هاتبێت وه‌ك میوانداری بووه‌ و ته‌نانه‌ت بواری ئه‌وه‌ی نه‌ره‌خساندوه‌ پرسیار له‌ ئاساییترین شتدا بكرێت و زۆر جار به‌رپرس كه‌ ده‌بێت به‌رپرس بێت له‌به‌رده‌م په‌رله‌مان به‌خۆی چاوسوركردنه‌وه‌ی له‌به‌رامبه‌ر په‌رله‌مانتاری به‌كار هێناوه‌ . له‌بیرمانه‌ سه‌رۆك وه‌زیرانی كابینه‌ی پێشو چۆن خۆی سوركرده‌وه‌ له‌ به‌رامبه‌ر سه‌رۆكی فراكسیۆنێك و به‌ لوت به‌رزیه‌كه‌وه‌ وتی ده‌بێت فێری چۆنێتی پرییاركردن بن له‌ به‌رپرسان وو ئه‌وجا قسه‌ بكه‌ن، كه‌ ئه‌مه‌ له‌ هیچ وڵاتێكی دونیا نه‌بووه‌ ، تۆیه‌ك په‌رله‌مان هه‌ڵت بژێرێت و تۆ به‌رپرسیار بێت له‌به‌رده‌می و تۆ بێیت ده‌رسیان پێ بده‌یت له‌ ئه‌ركه‌كانیان، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی له‌ وڵاتان په‌رله‌مان سه‌رۆك وه‌زیران و وه‌زیره‌كان هه‌ڵده‌بژێرێت كه‌چی له‌ كوردستان به‌ فه‌رمانی حزبه‌كان به‌ ئه‌نداماانی په‌رله‌مانه‌كانیان وه‌زیر و سه‌رۆك وه‌زیرانی كوردستان دیاری ده‌كه‌ن نه‌ك به‌ ئازادیی خۆیان هه‌ڵیببژێرن.
لێره‌ تا ئێستا ئه‌لفو بێی په‌رله‌مانتاری جێبه‌جێ نه‌كراوه‌ و ئه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی هه‌یه‌ حزبه‌ به‌ناوی په‌رله‌مان و حكومه‌ته‌وه‌، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ئه‌و ئه‌ركه‌ سه‌ره‌كیه‌ی په‌رله‌مان دكرێته‌ ئامرازی ده‌ستی حزبه‌كان وه‌ك فشاری حزبی به‌كار دێت نه‌ك كار و ئه‌ركی ئاسایی ئه‌ندامانی په‌رله‌مان. بۆیه‌ كه‌ تۆیه‌ك نه‌توانی به‌ شێوه‌یه‌كی ئاسایی رۆڵی خۆت بگێڕیت، چۆن ده‌توانیت سه‌رۆك وه‌زیران بهێنیت بۆ به‌رده‌م په‌ره‌لمان و لێپرسینه‌وه‌ (محاسبة) ی بكه‌یت یان داوای روون كردنه‌وه‌ و( مساءلة)ی بكه‌یت، كه‌ تۆیه‌ك تا ئێستا به‌ هه‌زار حاڵ له‌ كابینه‌كانی پێشوو ته‌نها میواندار( ضیافة)ی سه‌رۆك وه‌زیرانت كردووه‌ و ته‌نانه‌ت له‌ دوای داواكری خۆی نه‌ك تۆ، هه‌رچه‌ند هه‌ڵه‌ و كه‌موكورتی و گه‌نده‌ڵیش له‌ كابینه‌كه‌ی هه‌بوبێت كه‌چی به‌ قه‌دری خۆی و به‌ به‌رزكی بانان به‌ هه‌ڵوێستی زاڵیتی و موسه‌یته‌ری له‌و میوانداریه‌ ده‌رچووه‌ و خاڵێكی سه‌لبی له‌سه‌ر نه‌سه‌لمێنراوه‌، تۆی ئه‌ندام په‌رله‌مان و سه‌رۆكایه‌تیه‌كه‌شت به‌ مه‌منونی وقه‌رزاری لێی ده‌رچوبن و هیچ زانیاریه‌كیشت له‌سه‌ر بابه‌ته‌ هه‌ستیاره‌كان ده‌ست نه‌كه‌وتبێت و زیاتر بوارتان بۆ گه‌نده‌ڵی كابینه‌كه‌ فه‌راهه‌م كردبێت، رێگه‌كه‌ی بۆ فراوانتر كرابێت و به‌ ئازادی هه‌موو كارێكی كردبێت، كه‌ ده‌بێت به‌ بێ تۆی په‌رله‌مان هیچ هه‌نگاوێكی له‌وباره‌وه‌ نه‌نابێت. ده‌بێت هه‌ر رێكه‌وتنكی گه‌وره‌ و گرنگ و چاره‌نوسساز و په‌یوه‌ست به‌به‌رژه‌وه‌ندی دوارۆژی میله‌ته‌وه‌ به‌ نه‌شته‌رگه‌ری په‌رله‌مان و به‌ گفتوگۆی فراوان و تێروته‌سه‌ل و ده‌رچون به‌ ده‌ره‌ئه‌نجامی رازیبونی زۆرینه‌ بێت و ئه‌وسا رێگه‌ بدرێت ده‌سه‌ڵاتی جێبه‌جێ كردن ئیمزای یكات، كه‌چی رێكه‌وتنی گه‌وره‌ی چاره‌نوسسازی په‌یوه‌ست به‌ئاینده‌ی ده‌یان نه‌وه‌ی ئه‌م میله‌ته‌ ئه‌مه‌ چه‌ندین ساڵه‌ به‌ نهێنی ئیمزا كراوه‌ و بۆ كه‌س نیه‌ به‌ ئاشكرا بزانێت به‌نده‌كانی چۆن و چین و بۆ چی بۆ په‌نجا ساڵه‌ و، به‌سه‌ر خوله‌كانی په‌رله‌مانیشدا تێپه‌ڕیوه‌ و دیزه‌به‌ده‌رخونه‌یان كراوه‌ و تا ئێسا نه‌بۆته‌ بابه‌تی گفتوگۆی په‌رله‌مان. بۆیه‌ له‌م باره‌وه‌ بوون و نه‌بوونی په‌رله‌مان هیچ ناگۆڕێت كه‌ نزیكی ئه‌و ئه‌ركه‌ ستراتیجیانه‌ نه‌كه‌وتبێته‌وه‌ و نه‌وێریت خۆی له‌قه‌ره‌ی شتی له‌م چۆره‌ بدات، ئه‌دی پرساندن و ترساندنی چی كاكی په‌رله‌مانتاری حزبی رووت ؟
بۆیه‌ ئه‌وه‌ی ئێستا بۆ به‌ده‌ستهێنانی چه‌ندین ده‌نگ و زیادبونی جه‌ماوه‌ریی حزبی و كه‌سی و كپكردنی خه‌ڵكی ناڕازی باس له‌ ( پرساندن)ی سه‌رۆك وه‌زیران و كابینه‌كه‌ی له‌ په‌رله‌مان ده‌كرێت، جگه‌ له‌ چه‌واشه‌كاری هیچ شتێكی تر نیه‌، واته‌ ئه‌م نیاز و كاره‌ی ئه‌و چه‌ند ئه‌ندام په‌رله‌مانه‌ نه‌ پرساندنه‌ و نه‌ش ترساندنه‌.
له‌رووی زمانه‌كشه‌وه‌، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی زمانی ده‌وڵه‌مه‌ندی كوردی زۆر وشه‌ هه‌یه‌ بۆ بانگ كردنی كابینه‌ و داوای روون كردنه‌وه‌ له‌سه‌ر بابه‌ته‌كان و وه‌ڵامی پرسیاره‌كان. به‌هیوام وشه‌ی (پرساندن)یش به‌ هه‌ڵه‌ نه‌خرێته‌ فه‌رهه‌نگی سه‌قه‌تی سیاسی كوردستانه‌وه‌ . كه‌ ئه‌م بانگ كردنه‌ش بۆ روونكردنه‌وه‌ی چۆنێتی جێبه‌جێ كردنی ئه‌ركه‌كان و ئه‌وه‌ی له‌ ئه‌ستۆی به‌رپرس بێت بانگكردنیشی بۆ روون كردنه‌وه‌ی ئه‌وه‌یو پێیهه‌ڵساوه‌، ده‌كریت پێی بوترێت پرسیار كردن بۆ ده‌رخستنی ( ئه‌ستۆ روونی)،،،، واته‌ مساءلة له‌ پێناو (توضیح الذمة)، واته‌ بانگكردنی ئه‌ندامانی كابینه‌ بۆ (ئه‌ستۆروونی)و ئه‌ستۆ پاكی له‌ جوانی و باشی و پاكی جێبه‌جێكردنی ئه‌ركه‌كانیان.
بۆیه‌، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی تا آێستا بۆ چه‌ندین جاره‌ له‌دووره‌وه‌ و بۆ مه‌به‌ستی جیاواز باس له‌ (پرساندن) ده‌كرێت و به‌رپرسان و حكومه‌تیش مێشیش میوانیان نیه، لێره‌وه‌ ده‌كرێت بڵێین ئه‌م له‌ دووره‌وه‌ یاریكردنه‌ ئیعلامیه‌ی نوێنه‌رانی حزبه‌كان له‌ په‌رله‌مان هه‌وڵێكی نه‌زۆكی (ترساندن)ه‌ نه‌ك (پرساندن).‌

Este sitio web utiliza cookies para que usted tenga la mejor experiencia de usuario. Si continúa navegando está dando su consentimiento para la aceptación de las mencionadas cookies y la aceptación de nuestra política de cookies, pinche el enlace para mayor información.plugin cookies

ACEPTAR
Aviso de cookies