بورهان شێخ ڕەئوف: ئابورى عێراق لەبەردەم مەترسى داڕماندایە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ڕۆژى 7- 9- 2020 لە دانیشتنێگى گەرم و گوڕدا کە وەزیرى دارایى عێراق و گەورە کاربەدەستانى وەزارەتەکەى و لیژنەى دارایى ئەنجومەنى نوێنەران، بە ئامادەبوونى سەرۆک وەزیران و سەرۆکى ئەنجومەنى نوێنەران، گفتوگۆ و دەمەقاڵەیەگى توند لە نێوان وەزیرى دارایى و سەرۆکى لیژنەى دارایى پەرلەمان هاتە کایەوە دەربارەى سیاسەتى دارایى حکومەت. کاتێک وەزیرى دارایى داواى لە پەرلەمان کرد کە ڕەزامەندى دەرببڕن بۆ ئەوەى قەرزى تازە بکەن بۆ ئەوەى پارەى مووچە و شایستە داراییەکانى ترو بوودجەى بەگەڕخستنى حکەمەتى پێ دابین بکەن.
لە بەرامبەر ئەم داخوازییەى حکومەتیشدا نوێنەران خوازیارى ڕوونکردنەوەى ئەو هەنگاوانە بوون کە وەزارەتى دارایى دەى گرێتەبەر بۆ کەمکردنەوەى خەرجى و زیادکردنى داهات و پڕکردنەوەى کورتهێنان. لەدواییدا گفتوگۆکان گەیشتنە توندى و قسەى زبرو ڕەق و تۆمەتبارکردنى یەکدى کە لە زۆرێک لە کەناڵەکانى ڕاگەیاندنەوە پەخشکرا وەکو کەرەسەیەکى خاوى جێ سەرنج و سوڕمان، بەڵام بابەتە سەرەکى و گرنگەکە لە بیرکرا کە قەیرانى ئابورییە.
هەر دواى ئەم دانیشتنە وەزیرى دارایى بە هاوڕێیەتى وەزیرى پلاندانان ڕوبەڕوى دانیشتنێکى ئەنجومەنى نوێنەران بوونەوە کە ئەندامێکى لیژنەى دارایى ( محەمەد ئەلدوراجى ) پرسیارێکى زارەکى کردبوو لەسەر ئەو فاکتەرانە چین کە تائێستا حکومەت وەرقەى ڕیفۆم و چاکسازى پێشکەش نەکردووە کە دەبوو دواى دەرچوونى یاساى قەرزکردنى ناوخۆیى و دەرەکى لە 24/6/2020 کە مادەى (7) یاساکە دەڵێت پێویستە حکومەت لە ماوەى شەست ڕۆژدا پڕۆگرامێکى چاکسازى ئابورى و دارایى پێشکەشى پەرلەمان بکات.
لە وەڵامدا وەزیرى دارایى وتى یاساکە ئامادە دەبێت بۆ نیوەى مانگى تشرینى یەکەم، وتى زیاتر لە چل شارەزا کارى تێدا دەکەن، هەروەها زیاتر وتى پرۆسەى ڕیفۆرمى ئابورى پێویستى بە پێنج ساڵ زیاتر هەیە بۆ ڕاست کردنەوەى.

پڕکردنەوەى کورتهێنان لە بودجەدا
حکومەت لە قۆناغى پێشوودا دەستى بۆ ئاسانترین کارت برد بۆ پڕکردنەوەى کورتهێنان ئەویش قەرزى ناوخۆیى و دەرەکى بوو، لە بەرئەوەى ئەرکى سەرشانى بودجەکە قورس بوو بە قەرز و سوودەکانى، بۆیە ئەو بودجەیەى کە بۆ 2020 ئامادەکرابوو (دە) تریلیۆن دینارى تێدا بوو بۆ دانەوەى قەرز و سوودەکانى، هەر لەبەر ئەوەشە لە بودجەدا ئەو بڕگە جێگیر دەکرێت، چونکە حکومەت دەزانێت نوێنەران قایل نابن بە قەرزکردنى نوێ، بەڵکو بە بودجە کە دەنگ دەدەن، کە ئەمەش دوا هەڵبژاردەیە کە حکومەت کورتهێنانى پێ پڕ بکاتەوە و ئەگەر پەرلەمان بەم تەمویلە ڕازى نەبێت ئەوا حکومەت ناتوانێت مووچەى کارمەندانى بدات لە کۆتایى ئەم مانگەدا ، ئەوا سیستەم و حکومەت لە مەترسى داڕمانى تەواودان.
ئێستا حکومەت بە ئاشکرا باسى دەکات و پێشتریش مستەفا کازمى سەرۆک وەزیران لە سەردانەکەیدا بۆ بەسرە وتى 7 ملیار دۆلارمان پێویستە بۆ مووچە کەچى حکومەت تەنها بایى 3 ملیار دۆلار نەوت دەفرۆشێت، کەواتە 4ملیار دۆلار کورتهێنان هەیە، لە بەرئەوە لە سەر سەرۆک وەزیرانە کە فشار بکات لە وەزیرەکانى کە هەموو یان هەوڵەکانیان بخەنە گەڕ بۆ ئەوەى کورتهێنانەکانیان پڕ بکەنەوە لە ڕێگەى کەمکردنەوەى خەرجى و زیادکردنى داهات، لە کاتێکدا وەزارەتەکانى پیشەسازى کارەبا و کارەباو کشتوکاڵ دەتوانن دەیان ملیار دۆلار داهاتەکانیان زیاد بکەن ئەگەر بەبەرنامەوپلانێکى تۆکمە و یەکگرتوو زانستیانە کارەکانیان ئەنجام بدەن.

وەرقەى ڕیفۆرمى دارایى
بەربەست و کۆسپى گەورەهەن لە بەردەم هەر هەنگاوێکى چاکسازى چ لەلایەن حکومەتەوە بێت یان خودى ئەنجومەنى نوێنەران بۆ بەرگرتن لە فیڕۆدانى ماڵى گشتى ، لەلایەن ئەو هێزو قەوارەسیاسیانەوە کە دەخوازن پارێزگارى لە پێگەکانیان بکەن لە هەڵبژاردنى داهاتودا لە دەستى نەدەن چ لە وەزارەت و دامودەزگا حکومیەکاندا بێت.
لە کۆتاییدا بێگومان دۆخى دارایى عێراق لە داڕوخانێکى بەردەوام و مەترسیداردایە بە هۆى نەفەقاتى زۆرى حکومەت و ئەو نەزیف و خوێن ڕشتنە لە جەستەى شەکەتى حکومەت و نەبوون و کەمى و لاوازى داهات و شکستهێنانى حکومەت لە ڕاکێشانى وەبەرهێنەرانى ناوخۆیى و دەرەکى و هەروەها شکست هێنان لە ڕەخساندنى زەمینەى لەبار بۆ گەشەکردنى بازاڕى کارو بەرهەم هێنان.
لەوانەش خراپتر و سامناکتر حکومەت دەستى بۆ چارەسەرى ئاسان و کورت مەوداو پینەو پەڕۆ بردووە لە چەشنى قەرزى ناوخۆ و دەرەکى لە سەر حسابى نەوەکانى داهاتوو، کە ئەوەش ئایندەى وڵات دەخاتە مەترسیەوەو وادەکات کە لە ئاسۆەوە هیچ هیوایەک بۆ دواڕۆژ دەرنەکەوێت، بۆیە دۆخەکە گەر وابڕوات ئەوا بودجەى 2021 بارى زۆر قورس دەبێت بە قەرز سووەکانى کە ئەمەش زەنگێکى مەترسیدارە عێراق بەرەو لێوارى داڕمانى ئابورى دەبات، لە کاتێکدا قەرزى دەرەکى عێراق ئێستا 133 ملیار دۆلارە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت