بورهان شێخ ڕەئوف: گێڕانەوەى ئەرشیفەکانى بەعس لە ئەمریکاوە بۆ عێراق.

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

لە 31 ئابى 2020 حکومەتى عێراق ( 48 ) تۆن دۆکۆمینت و ئەرشیفى حزبی بەعس و حکومەتى عێراق وەرگرتەوە لە حکومەتى ئەمریکا کە بە گوێرەى ڕێککەوتنێکى پێشووتر لە نێوانیان واشنتۆن و بەغدادا واژۆ کرابوو.
ئەوەى ڕوونە لە دواى پرۆسەى ئازادى عێراق یان داگیرکردنى لەلایەن ئەمریکاوە ساڵى 2003، هێزەکانى سوپاى ئەمریکا دەستیانگرت بە سەر زیاتر لە پێنج ملیۆن لاپەڕە لە دۆکۆمینت و نامەى نێردارو و وەڵام لە نێوان سەرکردایەتى هەرێمى عێراقى حزبى بەعس فەرمانڕەوا ( 1968-2003 ) و دامودەزگاکانى دەوڵەتى عێراق، کە پەیوەندى یان بە کاروبارى کارگێڕى و ئەو ڕاپۆرتانەوە هەیە کە ئەندامەکانى حزبی بەعس لە سەر هاوڵاتیان و دراوسێ و خزم و کەسوکارى خۆیان نووسیویانە، کە تۆمەتباریان دەکەن بەوەى کە ڕەخنەیان لە سەدام حسێنى سەرۆکى ڕژێمى پێشوو گرتووە، یان لەسەر سەربازەکانى سوپاى عێراق کە تۆمەتباریان دەکەن بە خیانەت کاتێک کە بە دیل گیراون لە جەنگى هەشت ساڵەى عێراق و ئێراندا و زۆر بابەتى تریش.
هەرچەندە حکومەتى عێراق دواى وەرگرتنەوەى ئەو دۆکۆمینتانە کە ئەرشیفى سەرکردایەتى حزبى بەعسە، یەکسەر لە شوێنێکى نهێنى هەڵى گرتن، نیازیشیان نیە ناوەڕۆکى ئەو دۆکۆمینتانە بۆ خەڵکى عێراق ئاشکرا بکەن لە ئێستادا یان بیانخانە ڕوو تاوەکو خاوەن پەیوەندى و توێژەران و ناوەندەکانى لێکۆڵینەوەى مێژوویى کەڵکى لێ وەربگرن، ئیتر لە بەرئەوەى بێت ڕووداوەکان کاتێکى زۆریان بەسەردا تێ نەپەڕیووە هێشتا، بەشێکى زۆر ئەو کارەکتەرانە لەوەیە تا ئێستا لە ژیاندا مابن و ئاشتەوایى کۆمەڵایەتى بخاتە مەترسیەوە.

گرنگى ئەو ئەرشیفە
لە کاتى سەردانەکەى ئەم دواییە ى مستەفا کازمى سەرۆک وەزیرانى عێراق بۆ ئەمریکا دواى ئەو پێشوازییە گەرمەى کە لێ ى کرا، بە شى سێ یەمى ئەرشیفى عێراقى ڕادەستکرا کە پێشتر ئاماژەم پێ دا، بەشەکانى تر پێشتر وەرگیرابووە وە لەلایەن عێراقەوە بەشى یەکەم دۆسیەى حکومەت و هەواڵگرى بوو، بەشى دووەم دۆسیەى کورد بوو، دۆسیەى سێیەم و کۆتاییش ئەم دۆسێە بوو کە کازمى وەرى گرتەوە گرنگترینى دۆسیە و بابەتە هەستیارەکان بوو لە بەر ئەوەى تەواوى کۆنووسى کۆبوونەوە ناوخۆییە تایبەتەکانى سەرکردایەتى (قوترى ) هەرێمایەتى حزبى بەعسى لە خۆگرتووە، جگە لە ناوەى سەرکردەکانى حزب و ئەو نووسراو موراسەلاتانەى کە لە نێوان سەرکردایەتى حزبى بەعس و دامودەزگا داپڵۆسێنەرەکانى ئاسایش و هەواڵگرى لەوکاتەدا کراوە، جگە لەو پرۆسەى چاودێرى و سانسۆرەى کە حزبى ناوبراو بەرامبەر بە هێزە ئۆپۆزەسیۆنەکانى عێراق بە هەموو پێکهاتەکانیەوە ئەنجامى داوە، کە بەشێگى زۆر ى ئەوانە فەرمانڕەواى عێراقن ئەمێستا، هەروەها ناوى هەموو ئەو کەسانەشى تێدایە کە دامودەزگاکانى بەعس بەکارى هێناون بۆ سیخوڕى و سانسۆرى گەلى عێراق.
هەربۆیە ئێستا بەشێکى زۆرى عێراقیەکان خوازیارن ئەو دۆسیانە ببینن بۆ ئەوەى چارەنووسى کەسوکارە بێ سەرو شوێنەکانیان بزانن جگە لە چارەنووسى کوەیتیەکان کە لە کاتى داگیرکردنى کوەیتدا شوێن بزر کران ساڵى 1990.

کازمى و ئەرشیفەکە
بە و پێیەى مستەفا کازمى لە دامەزراوەى زاکیرەى عێراقى کە لە ساڵى 2003 لە ئەمریکا دامەزراوە بۆ دۆکۆمینت کردنى سەردەمى فەرمانڕەواى بەعس پێشتر کارى کردووە، زۆربەى هەرەزۆرى ئەو دۆسیانەى بینیووە و سوودى لێ وەرگرتووە بە تایبەتى لەوکاتەى سەرۆکى دەزگاى هەواڵگرى عێراق بوو پێش ئەوەى ببێت بە سەرۆک وەزیرانى عێراق، هەرچەندە واڕاگەیەنرا کە ڕادەستکردنەوەى ئەو دۆکۆمینتانە لەکاتى سەردانەکەى کازمى بۆ واشنتۆن پەیوەندى بە هۆکارى تەکنیکیەوە هەبووە نەک سیاسى ورد، لەبەرئەوەى لایەنى ئەمریکى لێکتێگەیشتنى پێشترى لە گەڵ لایەنى عێراقى هەبووە سەبارەت بەم دۆسیانە.
بەڵام لە عێراق بە پێچەوانەوە ى لێدوانەکانى ئەمریکا خوێندنەوەى بۆ دەکرێت کە ئەمە نیاز پاکى نیەو، کازمى هەوڵدەدات کە خۆى ناوەڕۆک و وردەکارى دۆسیەکان دەزانێت دژى هەندێک کەسایەتى و لایەن لە هەڵبژاردنە پێشوەختەکەى عێراقدا بەکارى بهێنێت و بە تایبەتى زۆر لایەن و کەسایەتى و پیاوى ئاینى و مەزهەبی و سەرۆک خێڵ و تەنانەت میدیاکاریش هەن کە کاریان بۆ دامودەزگا جاسوسى و داپڵۆسێنەرەکانى ڕژێمى بەعس کردووە و ئێستا لەسەر شانۆى سیاسەتى عێراق ژمارەى دیارن و لە پێشەوەن خۆیان وا نمایش دەکەن کە دژى ڕژێمى پێشوو و سیستمى دکتاتۆرى بوون.
لە کۆتاییدا ماڵپەڕو ناوەندەکانى نزیک لە بەعس لە گرنگى ئەم دۆکۆمینتانە کەم دەکەنەوەو دەبێژن ئێمە حزبى فەرمانڕەوا بووین و بە ئاشکرا کارمان کردووە، نەک کارى نهێنى ئەو ئەرشیفى دەوڵەت و حکومەتە.