كەمال محەمەد: سلێمانی شاری شاران ،شاری شۆڕش و بریسكە ڕۆشنبیرییەكان.

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

سلێمانی لە سەرو ئەو وانانەوە دێت كە پێویستە لە ڕابردوەوە فێری ببین كە چۆن بەدەستهێنانی بەرهەمی زانستی و ڕۆشنبیرییەكی خاوەن ماهییەتی شۆڕشگێری كردوە بە گرنگییەكی ژیانی و پێویستییەكی دەست بەرلێنەدراوی خۆیەوە، سلێمانی ئەو شارەی كە گەڕانەوە بۆ مێژووەكەی فێركەرو ئەزمون بەخشتر ئەبێت بۆ ئێمەو نەوەكانی داهاتوش هەر لەبەر ئەم هۆكارەشە كە پێی دەڵێین شاری ڕۆشنبیری، سەرباری سەرجەم هەوڵەكانی سوین و پوكانەوەو لەناوبردنی ئەم شارە، بەڵام بە سیفەتی سروشتی رۆشنبیری و شۆڕشگێڕیەكەی هەمیشە بەردەوامی بە هەبونی خۆی داوە لە چەسپاندنی ماناو ناوەرۆكی خودی سیاسەت و هونەر و ئازادی، هەرچی خودی ئازادی و پێكەوە ژیانە نزیكایەتی لە حەقیقەتێك دێنێتەوە یاد، بەهۆی ئەم فاكتەرانەیە كە دەڵێین بەدرێژایی مێژووی سلێمانی مەیلی زاڵ بەرخودان بوە نەوەك ملكەچكردن و هەردەم هێزی ڕۆڵ بینینی هەبوە لە سیاسەت و شۆڕشە یەك لە دوایەكەكانداو هەمیشە دۆخێكی نەرێنی هیواشكێنی بۆ دوژمنان و ئەوانەش دروست كردوە كە چاویان بەم شارەدا هەڵنەهاتوە.
هۆكاری ئاماژەدانم بەو كورتە مێژوییەی سلێمانی ئەوەیە كە سەرباری ئەوەی ئەم شارە میراسێكی هێژاو بەهاداری بۆ بە جێ هێشتوین، بەڵام بە پێی پێویست ئاوڕ لەم شارە نەدراوەتەوەو دەسەڵاتی سیاسی و حكومڕانی تیایدا بەسەر چەندین بەرپرسی دەست ڕۆییشتو دابەش بوە بوە بە جێگای دەیان تۆڕی بازرگانی لەدەرەوەی یاساورێساكان، بێ گومان ناوەندەكانی دەسەڵات و حیزب بەرژەوەندییەكانیان لەگەڵ ئەو تۆڕانەدایەكە ئەرك و ئامانجیان پڕكردنی گیرفانی بەرپرس و زیاتر تاڵانكاری سامانی سروشتی ئەم هەرێمەیە .بێ گومان وەك چۆن نەوت بە درێژایی دەسەڵاتی كوردی بوە بە نەفرەت بۆ هاوڵاتیانی ئێستاش دەسەڵات لەرێگەی گردو پێدەشتەكانی ئەم شارەو نەهێشتنی سروشتی سەوزاییەوە لەهەوڵی دروستكردن و زیاتر كردنی نەفرەتێكی دیكەیە بۆ هاوڵاتیانی،ئەوەی بەرامبەر بە سلێمانی ئەكرێت و بێ دەنگ بونی لێی واتای بەردەوامیدان و كارئاسانییەكی زیاترە بۆ دەسەڵاتێكی كلیپتۆكراتی كە بەناوی موزایەدەی كوردایەتییەوە هەمیشە لەهەوڵی پێگە سیاسی و بازرگانییەكانی خۆیاندان.
پێویستە لەبیری نەكەین ئەگەر شۆڕشی رۆشنبیری و زهنییەت ڕونەدات ئەوا هیچ شۆڕشێكی كۆمەڵایەتی رو نادات ،بێ گومان لە شۆڕشەكانی كوردستانیشدا سلێمانی بە مەیدانی شۆڕشی ڕۆشنبیری و زهنییەت دائەنرێ كە چۆن لە میانەی هەوڵە ڕەسەن و خەیاڵەكانی ئەڵتەرناتیڤیبونەوە بەهای ژیانێكی ئەخلاقی و ئەستاتیكا و دەستكەوتێكی زهنی دروست بكات، بۆ ئەوەی ئەو دەستكەوتە لە زهنییەت و ژیان بكاتە پراكتیكی بەرەو پێشچونی خۆی، بەڵام ئەوەی ئێستا لەم شارەی شۆڕش و بریسكە ڕۆشنبیرە بەدی ئەكرێ پێچەوانەی ئامانجە مێژوییەكەیەتی كە ڕوبەروی قوتدەری حەقیقەت و چاوبرسییەكانی بەكاربردنی سەرمایە و سروشتەكەی و فاكتەرەكانی قازانجپەرەستی كەسانی دەست ڕۆییشتوی حیزبەكان بونەتەوە.
ئێستا لەروی حەقیقەتەوە سلێمانی بوە بە شاری خەیاڵەكانی هاوڵاتیانی و شاری بەكاربردنی بەرپرسەكانی، ناوهێنانی ئەم شارەش بە پایتەختی ڕۆشنبیری لەلایەن دەسەڵات و حیزبەكانەوەتەنها خەیاڵێكە كە خەڵك و نوخبە ڕۆشنبیرەكەی پێ خۆشنود ئەكرێ، چونكە واقیع و كردەكانیان لەگەڵ وتارو دروشمەكانیان ئێجگار جیاواز و لێك دورن، لێرەدا ئەو پرسیارەی بایەخدار ئەبێت ئەوەیەكێ بەرپرسی بەتاڵان بردن دژە ئاوەزای مێژوی ئەو شارەیە، لێكۆڵینەوەو گەڕان بەدوای ئەم پرسیارە ئەو وەڵامەمان بۆ ئەخاتە ڕوو كە دەسەڵاتە كلیپتۆكراتییە و ئەو هێزانەشی كەبەشدارن لە حكومەتی خۆجێیدا بەپرسن بەپێی قەبارەی دەسەڵاتیان ،بۆیە هەربێ دەنگی و خۆ لادانیان لەبەرپرسیارێتی بەمانای هاوبەشێتیان دێت لەو چەپۆكە توندانەی پاوانەكانی سەرمایەو دەسەڵات كە بەسەر سلێمانیدا ئەهێنن.