سەرکۆ یونس: فرۆشتنی دۆلار لەبازاڕی کراوەدا.

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

یەکێک لەبڕیارە باشەکانی وەزارەتی دارایی و ئابوری حکومەتی هەرێم فرۆشتنی دۆلارە لەبازاڕی کراوەدا بەشێوەی ئاشکرا. ئەم بڕیارە هەرچەندە دەبووایە زووتر دەربکرایە، بەڵام ئێستاش درەنگ نەبووە.
بازاڕی کراوە یەكێکە لەئامڕازەکانی دارایی و نەختینەیی بانکی ناوەندی لەزۆرێک وڵاتاندا کاری پێ دەکرێت و حکومەت لەم ڕێگەیەوە دەتوانێت ئامانجە دارایی و نەختینەییەکانی بەدی بهێنێت بەمەرجێک شەفافیەتی تێدا بێت و خستنەڕووی دراوەکان و چۆنیەتی فرۆشتن و ژمارە و ناوونیشانی هەموو ئەو بانک و کۆمپانیاو دەستانەی کە لەبازاڕەکەدا مامەڵە دەکەن بەیاسایی تۆمارکرا بن و مۆڵەتی فەرمیان هەبێت.
بڕیاری فرۆشتنی دۆلاری وەزارەتی دارایی پێویستە دۆلاری نەوتیش بگرێتەوە، چونکە لەلایەک بڕەکەی گەورەترە و لەلایەکی ترەوە هەنگاوێکە بۆ شەفاف بوونی ئەم بوارە و پێمان وایە سەرکەوتنێکە بەسەر تۆڕی گەندەڵکاران و قۆرخکاراندا کەچەندین ساڵە لەم بوارەدا قازانجی باشیان کردوە و زەرەریان لە دارایی گشتی داوە، کە بەدەیان ملیار دینار دەخەمڵێنرێت.
گریمان وەزارەتی دارایی مانگانە بری (300- 350)ملیۆن دۆلار بفرۆشێت، ئەوا بەنرخی ڕۆژی دۆلار بەشێوازی ئاشکرا و کێبڕکێ ی لایەنەکان نزیکەی (10)ملیار دینار مانگانە بۆ داهاتی گشتی دەگەڕێتەوە.
ئەم بڕیارە لەپێناو نەهێشتنی قۆرخکاری و دەست بەسەردانەگرتن و ڕەخساندنی کێبڕکێ ی کۆمپانیاو بانکەبازرگانییەکان و سەرئەنجام زیادکردنی داهاتی گشتی گرنگە و جێگای ئومێدە لەکاتێکدا دارایی هەرێم بەدەست نەبوونی داهاتەوە دەناڵێنێت و لەئێستادا تەنانەت پارەی بەردەست نی یە بۆ مووچەی مانگی چواری مووچەخۆران و بەپێ ی ڕاگەیەندراوێک تەنها (100)ملیار دینار بەردەستە لەکاتێکدا کۆی مووچەی مانگانەی مووچەخۆران بە لێبڕینی (21%)وە نزیکەی (700) ملیار دینارە.
یەکێکی تر لە باشیەکانی ئەم شێوازی فرۆشتنە جێگیربوون و سەقامگیربوونی نرخی دۆلارە لەبازارەکاندا و ئەمەش کاریگەری هەیە لەسەر مامەڵەی بازرگانی ڕۆژانە. هەروەها خستنەڕووی دۆلار جێگیر دەبێت و نرخی ئاڵوگۆر جێگیر دەبێت و تاڕادەیەک کاریگەری هەیە لەسەرهەڵاوسانی بازاڕ.
گرنگە گۆڕینەوەی دۆلارەکانی حکومەت بەشێوەی ئەلیکترۆنی ئەنجام بدرێت بۆئەوەی لەمەترسی دیارنەمان بپارێزرێت جێگای وەبیرهێنانەوەیە لەماوەی پێشوودا بڕی (2) ملیار دینار بەنایاسایی مامەڵەی گۆڕینەوەی پێ کرا….
بەو هیوایەیی ئەم پرۆسەیە ئاستەنگ و بەربەستی بۆ دروست نەکرێت و پاشان وەزارەتی دارایی مانگانە ڕاپۆرتی تایبەت بڵاوبکاتەوە تا خەڵک و لایەنەکان ئاگادار بن.
ئابوریناس