رەزا شـوان: دوو نەخۆش دەیانەوێ چارەسەری نەخۆشی سێیەم بکەن.

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

مینێکی ئێرانی بە تەنگەی عـێراقەوەیە، کە ناوی حەشدی شەعـبی یە.
نازانرێت ئایا شتێک لە لوبنان دا دەمێنێتەوە، دوای ئەوەی کە ئێران وێـرانی کرد.
تورکیا هەناسە بـڕکێیەتی بە دوای خەیـاڵپڵاوی سەرۆکەکەیدا، کە پێی وایە داهاتووی ناوچەکە لە بیری ئیخوانەکـان دایە.
ئێران پێویستی بەوە هەیە، کە بگەڕێتەوە بۆ دەوڵەتێکی ئاسایی. ئەوەی لەسەر ئێران جـێبەجێ بکرێ.. پێویستە لەسەر تورکیاش جـبەجێ بکرێ.
دوو نەخۆش ناتوانن چارەسەری نەخۆشی سێیەم بکەن. لەوە زیاتریان پێ ناکرێت کە نەخۆشییەکانیان بۆی بگوازنەوە. ئێران نەخۆشە، بەر لە هەموو شتێک رەتی دەکاتەوە کە ببێت بە وڵاتێکی ئاسایی و دان بە نەخۆشییە هەمەجۆرەکانیدا بنێ کە تووشی بوونە.
دەشێ دانانێکی لەم شێوەیە، ببێت، بە هەنگاوێکی باشی یەکەم لە رێی چارەسەرکردنی راستەوخۆدا، کە تا ئێستا کۆماری ئیسلامی بە ملهـوڕی و کەلەڕەقی رەتی دەکاتەوە.
تورکیاش رێی ئێرانی گرتـۆتە بەر، لە میانەی راکردنی بە دوای خەیـاڵی پووچـدا، کە ئەقـڵي کەسێکی وەک رەجەب تەیب ئەردۆگان دروستی دەکـا، بە داخاوە کە پێی وایە ئایندەی ناوچەکە لە بیری دواکەوتوو و کۆنەپەرستیی (اخوان المسلمین) دایە.
ئەردۆگان لەو بڕوایە دایە، ئایدۆلۆژیای (اخوان المسلمین) رێخۆشکەرە بۆ گەڕانەوەی شکۆداری دەوڵەتی عوسمانی. نازانی کە ئەم بیرۆکەیە، کورتـرین رێگایە بۆ گۆڕینی تورکیا بۆ دەوڵەتێکی دواکەوتـووی داخـراو. لە جیاتی ئەوەی کە ببێت بە دەوڵەتێکی نموونەیی و هەموو ناوچـەکە چـاوی لێـبکەن.
ئەم دوو نەخۆشە، ئێران و تورکیا، ناتوانن هیچ چارەسەرێک پێشکەش بە نەخۆشی سێیەم بکەن، ئەویش لوبنان و سوریا و عـێراقـن، تەنیا ئوردن نەبێت، کە سەرەڕای ئەو هەموو کێشە ئابوورییانەی کە هەیەتی، لە دەرەوەی بازنەی نەخۆشی دایە. دوای ئەوەی کە لە ساڵی 1988 دا، لە رۆژانێکی هـاوشێوەی ئەمڕۆدا، ژیـرانە لەگەڵ راستییە تازەکانی ناوچەکەدا مامەڵەی کرد. زوو شای ئوردن خۆی دوورخستەوە، شا حوسین بڕیارێکی دەرکرد، کە هیچ پەیوەندییەکی بە بەرەی رۆژئاوا (الضفة الغربیە) ی فەلەستین، نامێنێ و لە ئوردن جیای کردەوە. کە ئیسرائیل لە ساڵی 1967 دا داگیری کرد. نەیـویست ببێت بە دیلێکی راستەوخۆی ملمانێی نێوان فەلەستین و ئیسرائیـل، کە زانییان ئەم کێشەیە، بەم نـزیکانە چـارەسەر ناکـرێ.
ئێرانی نەخۆش چی لە عـێراق و سوریا و لوبنان کرد. کە هەموویان دەوڵەتی نەخۆشن؟ هەموو ئەوەی کە کردی و هـێشتاش لەعـێراقـدا هەر دەیکا. لەو کاتـەوە کە ئەمریکییەکان، لە سەردەمی جـۆرج بۆشی کوڕدا، لە ساڵی 2003 دا، لەسەر سینییەکی زیـوینـدا دایـان بە دەست ئێرانەوە. کە بریتییە لە ورووژانـدنی رەمـەکی مەزهەبی. لەو بڕوایەدا بوو، کە رەمەکی مەزهەبی پێگەیەکی ئاینی هەمیشەیی بۆ دابین دەکات لەم وڵاتـە سەرەکییەی ناوچەکەدا، وەک قـووڵییەکی گرنگ بۆ دەوڵەتاـنی کەنـداو دەمێنـێتەوە.
ئێـران گـرەوەی لەسەر ئەوە کرد، کە عـێراق بکات بە پاشکـۆی خـۆی، لە رێی میلیشیاکانەوە، کە لە (الحشد الشعـبي) ی پێکهاتووە، لە هـاوشێوەی (الحرس الثـوري: پاسدارانی شۆڕش) لێی دەڕوانن. کە لە ئێراندا بە راستی کۆنترۆڵی دەسەڵاتیان کردووە.
حەشدی شەعـبی، کۆمەڵێک میلیشیای ئاینین، کە سەرکردەکانیان فەرمان لە ئێرانـەوە وەردەگرن و بەرژەوەنـدی و داخوازییەکانی جـێبەجێ دەکەن و دەپارێـزن. ئێران لەو قەناعەتەش دایە، کە ئەمە بەس نییە بۆ دەستگـرتن بەسەر عـێراق و شیعەی عەرەبی عـێراقـدا، کە لە دژی راپەڕین و خۆپێشاندانی ناڕەزایی سازدەکەن، لە دژی پرۆژەکەشی کە هیچ ئاسۆیەکی دیاریکراوی نییە. بەڵەگەش (مستەفـا کازمی) کە لە پێگەی سەرۆک وەزیرانی عـێراق دایە. ئەگەرچی ئەم پیاوە بەربەرەکانی ئێران ناکا و بە هەنـدێ رێگا و کەناڵەوە، پەیوەنـدی لە گەڵیانـدا هـەیە. بە دڵنیاییەوە کە کارەکان بۆ پەرپرسانی ئێران بگەڕێنەوە و پێیان بکـرایە، مستەفـا کـازمی لەو پێگەیەی ئێستای نەدەبـوو.
عێـراقی نەخۆش دەیەوێ نەخۆشییەکەی چارەسەر بکا. بەر لە هەموو شتێک دەزانێ کە نەخۆشە، دەشزانێ کە یەکەمین هەنگاو، هەنگاو و بە هەنگاو گەڕانەوەی بوونی و دامەزراوە عێراقـییەکانە. بێ ئەوەی پەنا بۆ توندوتیژی بەرێت لەگەڵ حەشدی شەعبی، کە لەوە زیـاتر نییە، کە میـنێکی ئـێرانییە بە تەنگـەی عـێراقـەوە.
عـێراق هەنـدێ ئومیدی هـەیە.. بابـزانین ئایـا لەسەر زەوی راستـیدا دێتەدی، ئەویش ئەرێنییەکانی دوای هەڵـبژاردنە دەستوورییەکانە، کە بڕیـار وایە لە مانگی (یـۆنیـۆ) ی 2021 دا بکریت. ئایا ئەو کـاتە دەکـرێ عـێراق بگەڕێتەوە و لەو نەخـۆشیـیانە رزگـاری ببێت، کە لە ئێرانـەوە بـۆی گوازراوەتەوە. کە هەریەکە لە بەڕێـوەبەڕێتی جۆرج بۆشی کوڕ و بـاراک ئۆبـاما بەشدارییان لە بڵاوکردنەوەیـدا کرد.
لە عـێراقـدا، بیرۆکەی رزگاربوون لە چەکدارنی میلیشیایی و مەزهەبی، لە بەرژەوەندی چەکـداری دەوڵەتی دا، لە پەرە سەنـدن دایـە.
سـوریا و لوبنـان نوقـمی نەخۆشییەکانیان بـوونە، کە لە لایـەن ئێرانـەوە تێر خـۆراک دەکـرێن، لە میانـەی سیاسەتێک بـۆ لەنـاوبـردنی یەکجـاری ئەم دوو دەوڵـەتە. ئێران پشتگیری لە مانەوەی رژێـمی کەمایەتی مایەپـووچی سوریا دەکا. کە بە هیچ کلۆجێک داهـاتووی نییە، تەنها ئەوە نەبێت کە بە یەکجاری هەڵـبوەشێنرێتـەوە.
لە لوبنان دا، دەوڵەتێک نییە کە لە ژیانـدا بوونی هەبێ. ئێران سوورە لەسەر ئەوەی، وەکو وەرقەیەک بۆ رووبەڕووبوونەوەی دەسەڵاتی ئێستای ئەمریکا بەکاری بهێنێت.
بارودۆخی لوبناـن لە ئاستێکی خـراپ دایـە. تا ئەو رادەیـەی کە لە سەرۆک کۆمـاری لوبنـان (میشال عـۆن) یان پرسی، وڵات بەرەو کوێ دەچـێت؟ وتی:”بێگومـان بەرەو دۆزەخ دەچـین” لە راستـیدا دامەزراوەکانی دەوڵـەتی لوبنان لاواز و بێ دەسەڵاتـن.
نازانرێت ئایا لە لوبناندا شتێک دەمێنێت. دوای ئەوەی کە ئێران وێرانه کرد. ئێران لەو بڕوایە دایە بە دەستهـێنانی سەرکەوتن بەسەر لوبنانـدا، بەسەر ئەم وڵاتـە بچووکـەدا، دەیخاتە دۆخ و هەڵـوێستێکی باشترەوە، لە هەر گـفتوگـۆیەک لەگـەڵ ئەمریکـا دا.
ئەی دەربـارەی نەخـۆشی ئێستای تورکیا؟ ئەم نەخـۆشە لەو بـڕوایە دایـە، کە رۆڵی داهـاتووی لە ناوچەکەدا دەبێت، دەـتوانێت سوود لە نەخۆشییەکانی دەوڵەتـانی تر وەربگرێ. کێشەی ئەم نەخۆشە، کە بوونی لە سوریادا بە لاوە بنێین، نەیتوانیوە کە پەیوەندییەکی ئاسایی لەگەڵ هیچ لایەنێکی ناوچەیی دا بنیات بنێ. نازانێ کە دەبێت لە چی سنوورێکـدا دەبێ لێی بوەستێ. لەوانەیە کێشەی سەرەکی ئەوەبێ، نـازانێ کە ئەزموونێکئ سەرکەوتووی نییە، تا پێشکەشی دەوڵەتانی تری بکا. ئەردۆگان چوو بۆ لیبیا، دەتـوانێ چی پێشکەش بکا..؟ تورکیا چی رۆڵـێکی لە لیبیادا هـەیە..؟ لەو رۆڵە زیاتر کە لیبییەکان و ناوچەکانی لیبیای لە یەکتری دابڕین و یارمەتی رێکخراوە چەکدارە تونـدڕەوە بەکرێگـیراوکان بـدا؟
تورکیا لە جیاتی ئەوەی کە ببێ بە هاوسێیەکی باشی یۆنـان و قوبـرس، کەچی گێچەڵ بەم دوو دەوڵتە بێوەی و ئارامە دەکا، کە بەرپرسەکانیان لە پێناوی داهاتوویەکی باشتر بۆ گەلەکانیان، لە چوارچێوەی یەکـێتی ئەوروپاـدا هەوڵـدەدەن.
یەکێتی ئەوروپا، یارمەتی یۆنان و تورکیای دا، بۆ ئەوەی کە کێشەی قووڵی ئابووریان تێپەڕێنن. بەڵام تورکیا بێ ئەمەک دەچوو، رەتی دەکاتەوە کە بە دروستی رەفـتار بکا. لە جیاتی ئەوەی کە لە زۆر بواری جیاوازدا، سوودیان لێ وەربگرێ. کەچی پەنای بۆ گێچەڵکردن و ئـاژاوە نانەوە ورووژانـدن و سازش نەـکردن بـردووە.
دەکـرێ (ئایـا سۆفـیا) بکرێتە مزگەوتێکی تری ئیستانبوڵ. کە (ئایـا سۆفـیا) کاتـەدرائی بوو دوایش کرا بە مۆزەخانە.. بەڵام لە دوای ئەمە چی تر؟ لە ورووژاندنی ئەم هەستە چی سوودێکی ئاینی وەردەگرێ لە لای هەندێ خەڵکی سادەی تورکیا نەبێ ؟ لە هەموو ئەمانە گرنگـتر.. تاکـەی ئەمە درێـژەی دەبێـت؟
ئایا رەجەب تەیب ئەردۆگان لەو بـڕوایە دایە، کە ئەو هـەل و کاتـانە بۆ گەڕانەوەی متمانە بە پارەی تورکی (لیرە) دەقـۆزێتەوە. کە رۆژ لە دوای رۆژ لە دابەزین دایە.
دوو نەخـۆش ناتـوانن نەخـۆشی سێـیەم چارەسەر بکـەن. دەبێ هەر نەخـۆشێ یەکەم جار چارەسەری نەخـۆشییەکانی خۆی بکـا.
ئێران پێویستی بەوە هەیە، کە بگەڕێتەوە بۆ دەوڵەتێکی ئاسایی. ئەوەی لەسەر ئێران پێویستە، هەر ئەوەش لەسەر تورکیا پێـویستە.
نەخـۆش نەخـۆشی پێ چارەسەر ناکـرێت. ئەوپـەری کە بتوانێـت بیکات، ئەوەیـە کە نەخۆشییەکان بگوازێتەوە. ئەمە ئەوەیە کە ئێران دەیکا.. ئەمە ئەوەیە کە تورکیا لە ناوچەکەدا دەیکا.
(*) ئەم بابـەتە لە نووسینی، نووسـەر (خـیرالـلە خـیرالـلە) یە. کە رۆژی چـوارشەممە، رێکەوتی (23/سێپتەمبەر/ 2020) لە سایتی (میدل ایست اونلاین) دا بڵاوی کردۆتەوە. لە زمانی عـەرەبییەوە وەرمگـێڕاوە بۆ کوردی.