سەرکۆ یونس:گەشتوگوزار بەڕەڵـــــایی نیە، داهــــــاتـــــە.

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

کەرتی گەشتوگوزار لەزۆربەی ئابوری وڵاتانی جیهاندا بەیەکێک لە پایەکانی ئابوری نەتەوە دادەنرێت وبەشداری کارای هەیە لە بەدەستهێنانی داهات و بزوێنەری گەشەپێدانی بەردەوامە بۆ ئابوری وڵاتان نمونەی ئەو وڵاتانەی کە زیاتر پشت بە داهاتی گەشتوگوزار دەبەستن زۆرن لەوانە سویسرا و کەنەدا وتورکیا و ئیتالیا و ئیسپانیا و ئیماراتی عەرەبی و یۆنان و فەرەنسا،لەساڵی (2019) لە ئیسپانیا گەشتوگوزار بەڕێژەی (14.2%) بەشداری ئابوری نەتەوەیی کردوە و لە وڵاتانی تریش ئەم کەرتە گرنگە بەڕێژەی جیاواز بەشداری دەکات.
ڕۆژی (27 -9)ی هەموو ساڵێک بەڕۆژی جیهانی گەشتوگوزار لەلایەن نەتەوەیەکگرتوەکانەوە دانراوە لەگەڵ سەرهەڵدانی ڤایرۆسی کۆرۆنا کەرتی گەشتوگوزار یەکێک بوو لەو کەرتانەی کە زۆرترین زیانی بەرکەوتوە ئەمەش دەرەئەنجانی بەربەستەکانی قەدەغەی هاتوچۆی ناوخۆیی ودەرەکی و کەمبونەوەی لەناکاوی خواستی بەکاربەران لەسەر گەشتکردن و ئەمەش بوو بەهۆی زەرەروزیانی ئابوری و لەدەستدانی سەدان هەلی کارو بێکار بونی ڕێژەیەکی بەرچاو لەپێنج مانگی یەکەمی ساڵی (2020) زیانەکانی گەشتوگوزار نزیکەی(320)ملیار دۆلار بووە و ڕێژەی (56%) ژمارەی گەشتیارانی جیهان کەمی کردوە.
بەپێ ی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی گەشتوگوزاری جیهانی سەر بە نەتەوەیەکگرتوەکان ژنان و گەنجان لەکەرتی گەشتوگوزار زۆرترین چین وتوێژن کە بەرشاڵاوی لەدەستدانی کارەکانیان بوونەتەوە بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە،لەهەمان کاتدا ئابوری ئەو وڵاتانەی کە زیاتر پشتیان بە داهاتی کەرتی گەشتیارییەوە دەبەست زۆرترین زیانیان بەرکەوتوە و داهاتی گشتیان توشی کەمبونەوە بوون.
بەپێ ی هەمان ڕاپۆرت بەهۆی ئەم ڤایرۆسەوە ڕێژەی (90%) شوێنە کلتوریەگەشتیاریەکانی جیهان داخراون لەئێستادا سوودیان لێ نابینێریت و بەمەش مەترسی بۆ سەر سەدان شوێنی کلتوری و ڕۆشنبیری مرۆڤایەتی دروست دەبێت.

لەڕاپۆرتی رێکخراوی گەشتوگوزاری جیهانیدا هاتووە لە دەرئەنجامی کاریگەریەکانی ڤایرۆسی کۆڤید-19 وە لەنێوان (100 بۆ 120) ملیۆن کاری گەشتیاری ڕاستەوخۆ لەژێر مەترسی لەدەستداندان.
بەپێ ی ڕاپۆرتەکان هەریەکە لە(ئوستورالیاو چین و مالیزیاە مەکسیک و کۆریای باشور) زۆرترین زیانیان بەرکەوتوە کەبەچەندین ملیار دۆلار دەخەمڵێنرێت وپاشان هێڵەکانی گواستنەوەی ئاسمانی و گازینۆکان و هاتوچۆی دەریایی و چێشتخانەومیوانخانەکان زیانی گەورەیان بەرکەوتوە.
هەرێمی کوردستان لە چەند ساڵی ڕابردودا تاڕادەیەکی زۆر باش سوودی لەم کەرتە گرنگە بینیوە و خۆشبەختانە زۆربەی ڕەگەزەکانی بواری گەشتیاری تێدا هەیە سەرەڕای کەمو کوڕییەکان بەڵام هەرچۆنێک بێت توانرا کوردستان وەک هەرێمێکی گەشتیاری لە ناوچەکە بناسرێت و ژمارەی گەشتیارانی بیانی و ناوخۆی عێراق گەواهیدەری ئەم ڕاستیەیە کە لە ساڵانی ڕابردودا بەسەدان هەزار گەشتیار ڕوویان کردوەتە ناوچە گەشتیاریەکان و ئوتێل و میوانخانەکانی شاروشارۆچکەکانی کوردستان.لەهەندێ ساڵدا بەپێ ی ئامارەکانی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێم ئومێد بەخش بوون و ئەمەش بووە بەسەرچاوەیەکی باشی داهات بۆ حکومەت و کەرتی تایبەت هەتا پێش سەرهەڵدانی ڤایرۆسی کۆرۆنا لەساڵی( ٢٠١٨) نزیکەی (3)ملیۆن گەشتیار هاتونەتە هەرێمەوە لەم ڕێژەیە (%80)ی لەناوخۆی عێراقەوە بوە و ڕێژەی (%20)ی گەشتیاری بیانی بوون بەداخەوە سەرهەڵدانی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە(2020)دا کاریگەری ڕاستەوخۆی کردوەتە سەر ئەم کەرتە گرنگەی ئابوری هەرێم و بەشێوەیەک نزیک ببوویەوە لە داڕمانی تەواو خۆشبەختانە لەماوەی پێشوودا حکومەت بڕیاری کردنەوەی سەرجەم ناوچەگەشتیارییەکانی دا و ووردە ووردە ئەم کەرتە خەریکە دەبوژێتەوە و جموجوڵی گەشتیاری ناوخۆیی پەرەی سەندوەتەوە و ڕۆژانە بەدەیان ئۆتۆمۆبیلی گروپەکانی گەشتیاران دەبینین لەڕێگاوبانەکان.
ئەوەی جێگای سەرنجە بەداخەوە بەشێکی خەڵک و هەندێ لایەنی سیاسی بەرەو پێشچوون و گەشەسەندنی کەرتی گەشتیاری بە شتێکی خراپی دەزانن بۆ سەر کۆمەڵگا بەگشتی و چینی لاوان بە تایبەتی تەنانەت هەندێ کەس و لایەن بەبێ ئەخلاقی ناودەبەن ئەمەش بەهۆی نەبوونی هۆشیارییە لە گرنگی ئەم کەرتە بۆ داهات و ئابوری وڵات و بە خراپ سەیر کردنی بەوەی بەرەو پێش بردنی گەشتوگوزار بە بەرەڵای و خراپە ئەژمار دەکەن لەسەر کۆمەڵانی خەڵک.هەر لەبەرئەمە پێویستە لایەنە پەیوەندیدارەکان کۆمەڵێک هەنگاو بنێت بۆ ئاسایکردنەوەی دۆخەکە و گرنگیدانی زیاتر بەم کەرتە نیشتیمانییە بدرێت ئەویش بەجێ بەجێ کردنی ئەم هەنگاوانەی خوارەوە.
1_ هۆشیارکردنەوەی هاونیشتیمانیان بەوەی کە تێ بگەین گەشتوگوزار داهات پەیدا دەکات و دەبێتە سەرچاوەیەکی گرنگ بۆ ڕێژەیەکی بەرچاوی هاوڵاتیان بەگشتی و دانیشتوانی ناوچەگەشتیارییەکان بەتایبەتی.
2- برەودان بە گەشتوگوزار دەبێتە هۆی ڕەخساندنی هەلی کار بۆ گەنجانی خاوەن بڕوانامەی بێکاری هەرێم کەلەئێستادا رێژەی بێکاری لەئاستێکی مەترسیداردایە.
3- پێویستە لایەنەپەیوەندیدارەکان گرنگی زیاتر بدەن بەم کەرتە ئەویش بەکردنەوەی ئامادەیی گەشتوگوزار یان بەشێک لە پەیمانگاو زانکۆکان لەو شارانەی کە گەشتیاری تێدا بوونی هەیە و ئەمەش بەمەبەستی پێگەیاندنی کادری گەشتیاری خاوەن بڕوانامە.
4- پێویستە حکومەت بەتایبەتی وەزارەتی ناوخۆ هێزێکی تایبەت ئامادە بکات بۆ ڕاگرتن وپاراستن و ئارامی ناوچە گەشتیارییەکان کە ڕاهێنانی باش و سەردەمیانەیان پێ کرا بێت و لەژێر ناوی (پۆلیسی گەشتیاری) دا کاروفەرمانەکانیان جێ بەجێ بکەن.
5_ پێویستە یاسایەکی تایبەت لەپەرلەمانی کوردستانەوە دەربچێت کە ئەم کەرتە گرنگە ڕێکبخات و بەیەکێک لەسەرچاوەکانی داهات ئەژمار بكرێت ئەو داهاتەی بەدەست دێت وەک باج دابنرێت و یان بچێتەوە وەزارەتی دارایی یان لەخزمەت شوێنە گەشتیارییەکاندا بێت.
6_ پێویستە وەزارەت و دامودەزگاکانی تری حکومەت بەچاوێکی گرنگەوە لە گەشتوگوزار بڕوانن و هاوکار بن لەبەرەوپێش بردن و گەشەپێدانی ئەم کەرتە و هەموو ئاسانکارییەک بکەن بۆ برەوسەندن و بەرەوپێش چوونی گەشتوگوزار، بەتایبەت لەئێستادا کە حکومەت بەدەست کەمی داهاتەوە دەناڵێنێت و تەنانەت توانای پێدانی مووچەی فەرمانبەرانی نەماوە بۆیە گرنگە حکومەت هەموو ئاسانکارییەک بکات و ڕێگرییەکان نەهێڵێت .

*ئابوریناس